خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ عه‌شقی هاجه‌ره‌
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ عه‌شقی هاجه‌ره‌ ‌ 10/8/2017
به‌رزان حامد

له‌م رۆژانه‌دا ئیدریس عه‌لی شاعیر، به‌رهه‌مێكی تری خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی كتێبخانه‌ی كوردی، به‌ڵام كارێكی جودا و ئه‌زموونێكی نوێ  له‌ نووسین كه‌ ده‌توانرێ بگوترێ  زیاد  له‌ هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی تر، فه‌زای رۆمان باڵی به‌سه‌ر دێڕ و  وشه‌ و گوزارشته‌كانیا كێشا بوو، ئه‌گه‌ر ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵ و خولیا  و ترس و نیگه‌رانیی كه‌ره‌سته‌ی ژانی له‌دایكبوونی تێكستێكی ئه‌ده‌بی بن،  ئه‌وا  زمان  و سیحری گێڕانه‌وه‌ و سه‌لیقه‌ی ورد و ئه‌زمونی نووسه‌ر خوێنه‌ر په‌لكێشی رووداوه‌ یه‌ك له‌ دوای  یه‌كه‌كان ده‌كات و به‌ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ ڕێگه‌ نادا مه‌گه‌زی بێزاری به‌ به‌رگوێی خوێنه‌ردا گیزه‌ی بێ و هه‌میشه‌ په‌پووله‌ی چاوه‌ڕوانی  له‌سه‌ر گوڵی  ڕووداوێكه‌وه‌ بۆ ناو باخی مه‌شهه‌دێك ئه‌فڕێ. 
له‌م  ده‌قه‌دا نووسه‌ر  وه‌ك  قاچاخچییه‌كی به‌ ئه‌زموون كه‌ گره‌نتی به‌ موسافیره‌كانی دابێ، به‌ تووله‌ڕێی باریك  و به‌ ناو حه‌قلی پڕ ترس و گومان  و به‌ قه‌دپاڵی سه‌ختی مه‌حاڵدا ئه‌تبا و  له‌پڕ له‌ نزیك ئینجانه‌ی پڕ گوڵی میهرێكی  (پوره‌ ئایشێی) دایكیدا داتئه‌نێ، به‌ناو  به‌رامه‌ی سمڵ  و مێخه‌ك  و شامپۆی یاسه‌مین  و ئاره‌قه‌ی بنباڵی ژناندا ئه‌تبا و له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ری (حامی به‌گ) به‌ته‌نیشت دڵی شكاوی (مه‌لا عه‌لی) قه‌یسه‌رییه‌وه‌، ته‌په‌ته‌پ دڵت ده‌ست  ئه‌كات به‌ لێدان.
 به‌ پیكابێكی سوور عه‌سرێكی دره‌نگان ئه‌تبا بۆ (پریس) و به‌قه‌د ده‌نكی ئه‌و هه‌نارانه‌ی به‌ داره‌كانیانه‌وه‌ن بیره‌وه‌ری مزر و مێخۆشت بیردێنێته‌وه‌، سه‌رت به‌ مزگه‌وته‌كه‌ی گونددا ئه‌كا و كه‌له‌ت له‌و ویردانه‌ پڕ ئه‌كات كه‌ (فه‌قێ عه‌لی) به‌ یادی (هاجه‌ره‌وه‌) خوێندونی، تینوت ئه‌كا به‌ئاوی گۆزه‌كه‌ی سه‌ر شانی..  به‌و لارو له‌نجه‌ی كه‌ وه‌ك تیر دڵی فه‌قێی پێ ئه‌پێكا، به‌و تاكه‌ هۆده‌ی كه‌ جاران كۆشكی دڵی (عه‌لی پاشا) و ئێستا وێرانه‌ و خامۆشه‌.
ئه‌م قاچاخچی خه‌یاڵه‌، جارێك بۆ (حه‌مامه‌كه‌ی موختار) و جارێك  ژێرزه‌مینه‌ شێداره‌كه‌ی كاتی بۆردوومان  و كاتێكی تر بۆ ناو به‌له‌می پڕ چێژی  ڕاوچیه‌كه‌ و جارجاریش  ژاوه‌ ژاو  و شه‌ڕی كۆڵان دێنێته‌ به‌ر دییه‌ت.

نووسه‌ر له‌ كوێی ئه‌م رۆمانه‌دا نییه‌؟
فلۆبیر كه‌ رۆماننووسێكی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسایه‌ ده‌ڵێت: رۆماننووس ده‌بێ له‌ هه‌موو شوێنێكی رۆمانه‌كه‌یدا ئاماده‌یی هه‌بێت،  به‌ڵام نابێ  له‌ هیچ شوێنێكی  رۆمانه‌كه‌یدا ده‌ركه‌وێت. ئه‌وه‌ی له‌ عه‌شقی هاجه‌ره‌ دا دێڕ به‌دێڕ ده‌رئه‌كه‌وێت  دڵی شكا و  و رۆحی شه‌كه‌تی پیاوێكه‌ كه‌ ناوی فه‌قێ عه‌لییه‌، پیاوێك كه‌ تووشی ده‌ردێكی كوشنده‌ هاتووه‌( ده‌ردی بێده‌نگی ) ئه‌گه‌ر ئه‌ركی رۆمان  وروژاندنی پرسیار بێت ده‌بێ بپرسین ئه‌وه‌ چ ده‌ردێكه‌ بوونه‌وه‌رێكی وه‌ك مرۆڤ له‌ ئێواره‌یه‌كی سارد و تاریكدا لاڵ و پاڵ ئه‌كات؟  ئه‌بێ بۆچی حوكمی ئاین  و كلتور و دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا نه‌قشیان له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی مرۆڤدا هێنده‌ به‌‌هێز بێ ئه‌وان  ڕه‌نگڕێژی ژیانی بكه‌ن بۆئه‌به‌د. ئیتر كاتێك ئه‌زانێت به‌ چه‌كی سووك شه‌ڕی ئه‌و هه‌موو به‌ره‌ی جه‌نگه‌ی پێناكرێت،  ناچار  وه‌ك سه‌ربازێكی بریندار، به‌ڵام  بریندار به‌ ڕۆح نه‌ك جه‌سته‌  سه‌یری ئه‌و گێژه‌ڵۆكه‌ ئه‌كات كه‌ گه‌رد و غوباره‌كه‌ی هه‌زارانی وه‌ك ئه‌میان داپۆشیوه‌ و فڕێیداونه‌ته‌ ناو چاڵه‌ قووڵه‌كانی له‌بیرچونه‌وه‌وه‌، ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كاره‌كته‌ری باوك ته‌نها بێده‌نگیه‌ك نه‌بوو كه‌ وه‌ك چه‌خماخه‌ی هه‌ورێكی به‌هاره‌ بێت و بڕوا و بڵاچه‌یه‌ك بدات.. .نا .. ئه‌و بێده‌نگییه‌ مۆته‌كه‌یه‌ك بوو په‌ڕیبووه‌ سه‌ر شان و ملی هه‌موو خێزانه‌كه‌ و ئیشتیهای تریقه‌ی له‌سه‌ر سفره‌ی شادی تۆراندبوون، نووسه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ حزوره‌وه‌ له‌ دێڕ به‌دێڕی ئه‌م تێكسته‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانی له‌ جێیه‌كدا لێی غافڵ بیت، هێنده‌ راوچییانه‌ له‌ قۆناغی مناڵی و مێردمناڵیدا نێچیره‌كانی خۆی له‌ چیرۆكه‌ راسته‌قینه‌كانی (دێخاوه‌ر)دا راوكردووه‌، هه‌موو خه‌سڵه‌ت و وێنه‌ و روداو و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاره‌كته‌ره‌  نزیكه‌كانی  ژیانی  خستووه‌ته‌ ناو  قه‌ره‌وڵی  زهنی  و له‌م  رۆمانه‌دا ئامانجه‌كه‌ی پێ پێكاوه‌.

له‌ نێوان بایۆگرافی و چیرۆك و رۆماندا 
هه‌ر چه‌نده‌ نووسه‌ر ئه‌م ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌ی خۆی ناو ناوه‌ گێڕانه‌وه‌ و ده‌یه‌وێت  وه‌ك هه‌ر سیاسی و نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ به‌ڵام به‌ زمانی جودا و چیرۆكی جودا و ئه‌ندێشه‌ی جوداوه‌ بدوێت، به‌ڵام دواجار ئه‌م تێكسته‌ ده‌كرێ به‌ نزیكی له‌ رێسا و یاسا گه‌لێك كه‌ بوونه‌ته‌ مۆرك بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (بایۆگرافی، بیره‌وه‌ری، چێرۆك، رۆمان ) بخرێته‌ به‌ر گه‌نگه‌شه‌ و قسه‌ و باس، به‌ گوێره‌ی بۆچوونی ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی (فلیپ لوجون) سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی بایۆگرافی كه‌ بریتین له‌ (نووسه‌ر و گێڕه‌ره‌وه‌ و كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی) پێویسته‌ یه‌كبن، واته‌ هه‌رسێكیان یه‌ك كه‌سایه‌تی بن به‌ڵام له‌م تێكسته‌ی به‌رده‌ستماندا كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی هه‌موو كه‌سێكه‌ جگه‌ له‌نووسه‌ر خۆی، نووسه‌ر خۆی گێڕه‌وه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌ندێك جار (دێخاوه‌ر ) و خاڵی باوكی  و دواجار و بۆ به‌شی كۆتایش كتێبفرۆشه‌كه‌ن كه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌ كه‌سایه‌تی ئاسایی  و ناسراون و به‌رهه‌می خه‌یاڵ و كه‌سایه‌تی داتاشراونین، به‌ڵام كاتێك ده‌سكاری چاره‌نووسی ژیان و مردنی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌كرێت، ئیتر له‌ قاڵبی بایۆگرافیا  ناوه‌ستێ، چونكه‌ هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك لقی دره‌ختێكه‌ كه‌ ره‌گه‌كه‌ی ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر مێژوو، چ مێژووی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و گروپێك بێت، یان كه‌سایه‌تی و خێزان  و بنه‌ماڵه‌یه‌ك، بۆیه‌ من وای ده‌بینم  ده‌كرێت  و ده‌گونجێ نووسه‌ر له‌ نووسینه‌وه‌ی بایۆگرافیای خۆیدا ئه‌و رووداوانه‌ تۆمار بكات كه‌  لای ئه‌و كاریگه‌رییان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت خۆی له‌ رووداوه‌  سیاسه‌كان و وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌كانیش ببوورێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ ده‌سكاری چاره‌نووسی كاره‌كته‌ره‌كان بكات له‌ بایۆگرافی دا.
سه‌باره‌ت به‌ چیرۆكیش نووسه‌ر قوڵتر و ده‌سكراوه‌تر له‌م  تێكسته‌یدا هاتووه‌ته‌ ده‌نگ له‌ وه‌سفی كاره‌كته‌ره‌كاندا و له‌ ورده‌كارییه‌ زه‌وه‌نده‌كانیدا ئه‌وپه‌ڕی سه‌لیقه‌ی خۆی نیشانداوه‌ و زیاد له‌  قودره‌تی چیرۆك، توانای به‌ ده‌قه‌كه‌داوه‌، بۆیه‌ به‌ڕای من زیاتر له‌ ده‌روازه‌ی رۆمان نزیك بوه‌ته‌وه‌ و به‌ نه‌فه‌سی رۆمان ئه‌گه‌رچی كورتیش بێت خۆی نمایش ئه‌كات، ته‌وزیفكردنی ئه‌و خه‌یاڵه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ی كه‌ (فه‌قێ عه‌لی) خوێنی بووه‌  ئاو،  نیشانێكی جوانی ئه‌و ئیدۆمه‌ كوردییه‌ كه‌ بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ به‌كاردێ كه‌ڕه‌نج و ماندووبونێكی زۆر له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجێكی دیاریكراودا ده‌ده‌ن به‌ڵام نووسه‌ر ژیرانه‌ باوكی كردۆته‌ كاره‌كته‌رێكی ماندو و شه‌كه‌تی رێگه‌ی عه‌شقێكی ناكام، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك چۆن به‌ڵێنی به‌ (هاجه‌ره‌) دابوو، ئاواش پیاوه‌كه‌ی دراوسێیان بینی به‌ سه‌ر ستاره‌كه‌وه‌ ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌هید بوو، له‌بری خوێن ئاو له‌ له‌شی ده‌ڕۆیی، ئه‌مه‌یه‌  ئه‌و شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌ ت نیشانده‌دات  كه‌ دواجار به‌ ڕای من ده‌یه‌وێت  له‌ ویستگه‌یه‌ك بووه‌ستێ.
 یه‌كێك له‌ وه‌زیفه‌كانی  ڕۆمان كه‌شفكردنه‌، كه‌شفی حه‌قیه‌تێك كه‌ نووسه‌ر هێشتا پێی نه‌گه‌یشتووه‌ و دوای نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ له‌ بوونی خۆی ئه‌یه‌وێ پێی بگات، حه‌قیقه‌تی به‌ناكامبوونی ئه‌و عاشقانه‌ی خوێنیان ئه‌بێ به‌ ئاو و ناگه‌نه‌ مه‌عشوقه‌كانیان، حه‌قیقه‌تی ئه‌و ته‌ریقبونه‌وه‌ شه‌رمهێنه‌رانه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌و برا گه‌وره‌كه‌یانی له‌ مناڵیدا كوشت، حه‌قیقه‌تی جه‌سته‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌ حه‌مامه‌كه‌ بینیونی و تائێستاش له‌به‌ر چاوی  ون نه‌بوون، كه‌شفی ئه‌و ترس و له‌رز و نیگه‌رانییه‌ی باڵی به‌سه‌ر شاردا ئه‌گێڕا، دیمه‌نی شێواوی  ئه‌و ته‌رمه‌ی به‌ ئه‌سپوعه‌ره‌بانه‌كه‌ هێنرایه‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌ك، یان ئه‌و شه‌وانه‌ی به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ خۆیان ئه‌كرد به‌ ژێر زه‌مینه‌كه‌دا و هه‌شت ساڵی جه‌نگی هیچ و له‌ خۆڕا، نووسه‌ر ده‌یه‌وێ كه‌شفی زۆر حه‌قیقه‌ت بكات و دڵنیایه‌ پێی ناگات،  وه‌ك چۆن فه‌قێ عه‌لی به‌ هاجه‌ره‌ نه‌گه‌یشت، به‌ڵام هه‌ردووكیان ده‌یانزانی كۆدی ڕۆحیان له‌و شوێنه‌دا ئه‌كرێته‌وه‌ كه‌ دوو عاشق له‌مسه‌ری زه‌وی تا ئه‌وسه‌ری بۆیه‌كتری خوێنیان بووبێ به‌ ئاو و له‌ بری خوێن ئاو له‌ لاشه‌یان بڕوا. 

دواجار
ئه‌م تێكسته‌ له‌ پۆلێنی هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بیدا پۆلێن بكرێت، هیچ له‌ به‌ها و  جێژه‌كه‌ی بۆمنی خوێنه‌ر كه‌م ناكا ت و ئه‌بێته‌ به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌ گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یدا من گه‌شتی خۆمم كردووه‌ و نووسه‌ر منی له‌گه‌ڵ خۆی به‌ كۆڵانه‌ و كۆڵانی خه‌یاڵی 
خۆیدا گێڕاوه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP