فه‌رهاد چۆمانی: ئه‌وه‌ ته‌نیا سیاسه‌ت نییه‌ كه‌ شكۆی ئه‌ده‌بی شكاندووه‌
فه‌رهاد چۆمانی: ئه‌وه‌ ته‌نیا سیاسه‌ت نییه‌ كه‌ شكۆی ئه‌ده‌بی شكاندووه‌ ‌ 10/8/2017
فه‌رهاد چۆمانی وه‌ك نه‌ریتی هه‌میشه‌یی خۆی هه‌ر جارێك چیرۆكێكی تازه‌ ده‌نووسێت له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی بۆ منی ده‌نێرێت، ئه‌مجاره‌ش دوای ته‌واو بوونی رۆمانی «قیژه‌» هه‌ر وای كرد. من به‌ په‌له‌بووم بیخوێنمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ ئه‌و پرسیارانه‌م یاداشت كرد، كه‌ دواجار ئه‌م  گفتوگۆیه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ری كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی «په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن- ٢٠١٣» و رۆمانی «قیژه‌» كه‌ ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ له‌ سلێمانی چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.
دیداری: پێشه‌وا چۆمانی
*ئه‌م رۆمانه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ كام قۆناغی مێژوویی له‌ باشووری كوردستان؟ تۆپێت وایه‌ تاچه‌ند ئه‌ده‌ب ده‌توانێت رووداوه‌ مێژووییه‌ كان وێنابكاته‌وه‌، یان تۆ تاچه‌ند له‌م رۆمانه‌دا توانیوته‌ ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نیت كه‌ روویداوه‌؟
+سه‌ره‌تا پێمخۆشه‌ روانگه‌ی مێژووكردانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌م دوور بخه‌مه‌وه‌، كه‌ وا وێنابكرێت كه‌ من رۆمانێكی مێژووییم نووسیوه‌، یان چاوه‌ڕانی خوێنه‌رانم له‌ ئێستاوه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌دا ببرێت كه‌ له‌م رۆمانه‌دا به‌دوای رووداوه‌ مێژووییه‌كاندا بگه‌ڕێن و سه‌رنج و هۆشیان لای ئه‌وه‌ بێت باسی كام قۆناغی مێژووییه‌ و تاچه‌ند راسته‌ و تا چه‌ند دووره‌ له‌ راستینه‌ی مێژووییه‌وه‌. به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ چه‌نده‌ خه‌یاڵكردیش بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو و واقیع روونادات، هه‌رچ نه‌بێت پڕۆسه‌ی نووسین، خوێندنه‌وه‌ ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت. هیچ رۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو ناتوانێ پشت بكاته‌ مێژوو و وێنه‌ی رووداوه‌كانی خۆی له‌به‌ر وێنه‌ی رووداوه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤدا نه‌گرێته‌وه‌. نامه‌وێ بڵێم رۆمان لاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی واقیعه‌. به‌و مانایه‌ی كه‌ واقیع بكه‌ینه‌ ژیانی ریاڵ و نووسین و كتێبه‌كانیش بكه‌ینه‌ دونیایه‌كی خه‌یاڵكرد یان كۆپیكراو هه‌ندێكجاریش ئایدیالی. من وایده‌بینم له‌ گه‌ردوونی ژیان و بوونی مرۆڤدا واقیع هه‌ساره‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ و كتێبیش هه‌زاران هه‌ساره‌ی دیكه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ درێژایی مان و وبوونی هه‌ساره‌ی تازه‌ كه‌شف ده‌كات، خه‌یاڵی تازه‌، هیچ كتێبێك نییه‌ واقیعێكی تر نه‌بێت، من كاتێك رۆمانی «بارۆنی سه‌ر داره‌كان»ی ئیتاڵۆ كالڤینۆم خوێنده‌وه‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌م كرد ژیانی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر داره‌كانه‌. فراوانتر ده‌بینین، ده‌توانین به‌هۆی دره‌خته‌كانه‌وه‌ دوورتر سه‌فه‌ر بكه‌ین و زۆر وێنای دیكه‌. بۆیه‌ ناتوانین رۆمان بكه‌ینه‌ پاشكۆی مێژوو، ناتوانین وا وێنای رۆمان بكه‌ین ئه‌گه‌رێكی فۆكۆیاماییانه‌ دابنێین بڵێین مێژوو بوه‌ستێ، ئیتر رۆمانیش په‌كی ده‌كه‌وێت. له‌مه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌كه‌ت و ده‌ڵێم ئه‌م رۆمانه‌ ئاماژه‌ی روون و ئامانجگرتنی هیچ قۆناغێك نییه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی داهاتووی ژیانی ئێمه‌ی به‌ ئامانج گرتووه‌. من نه‌هاتووم هیچ رووداوێك بگه‌یه‌نم، من رۆژنامه‌نووسێك نیم له‌ كاتی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌دا رووداوێك روویدابێت و من بیگه‌یه‌نم، به‌شێك له‌و سه‌رده‌مه‌ی رووداوه‌كان تێیدا رووده‌ده‌ن من هێشتا له‌ دایك نه‌بووم، به‌ڵام له‌وێدا پێشمه‌رگه‌م، هه‌رگیز له‌ زیندان نه‌بووم، به‌ڵام به‌ درێژایی رۆمانه‌كه‌ ژنێكم و له‌ زیندانم، به‌داخه‌وه‌ من ناتوانم ته‌میره‌- ته‌مبووره‌ بژه‌نم، به‌ڵام ته‌مبوورێك چاره‌نووسی ژیانم ده‌گۆڕێت، راسته‌ رووداوه‌كان له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ چه‌خماخه‌ی ده‌ستپێكی رووداوه‌كانی دونیای نێو رۆمانه‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا نه‌ك هه‌ر ده‌یه‌كانی تری مێژووی ئێمه‌ له‌ ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان ده‌چن، به‌ڵكو ترسم هه‌یه‌ بڵێم داهاتووشمان خه‌ریكه‌ له‌و ده‌یه‌یه‌ ده‌چێت.
*رۆمانی «قیژه‌» یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینی تۆیه‌ وه‌ك رۆمان و پێشتر ئه‌زموونی وه‌رگێڕان و نووسینی چیرۆكت هه‌بووه‌، له‌ نێوان چیرۆك و رۆماندا كامیان ده‌توانێت ئاوێنه‌یه‌كی روونبینتربێت بۆ نووسه‌ر؟ كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه‌ ماندوو بێ حه‌سانه‌وه‌ن، بریندارو هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕێكی بێ ئاماندان، به‌رده‌وام راده‌كه‌ن، ده‌مه‌وێ بپرسم له‌كاتی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌دا پێویست نه‌بوو جارجار بوه‌ستیت و له‌ترسی پشووته‌نگی خۆت هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌یت؟
+من پێنج ساڵ زیاتره‌ سه‌رقاڵی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌م، سه‌ره‌تا ده‌ستنووسێك بوو به‌ تێمایه‌كی ساده‌وه‌، دواتر وازم لێهێنا و ته‌نیا له‌ خه‌یاڵ و نێو سه‌ری خۆمدا رووداوه‌كانم ده‌چنی، تا وایلێهات ده‌ستم به‌ نووسینی كرد، ئه‌و شێوازه‌ی رۆمانه‌كه‌م پێ نووسیوه‌ شێوازی  «فره‌ده‌نگیی»یه‌، هه‌ر كاركته‌ره‌ چیرۆكی خۆی ده‌گێڕیته‌وه‌ و دواتر هه‌موویان ده‌ڕژێنه‌وه‌ نێو هه‌مان حیكایه‌ت. ئه‌م شێوازه‌ تابڵێی ماندووكه‌ر بوو. هه‌ر كاره‌كته‌ره‌و پێویستی به‌وه‌بوو له‌دوای هه‌ر به‌شێك بۆ كاره‌كته‌رێكی تر كاژی ئه‌وه‌ی پێش خۆی له‌خۆم داماڵم و به‌هه‌ست و دونیابینی و بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه‌ خۆم باربێنم. له‌زۆر شوێن ده‌وه‌ستام. له‌ دوو شوێنی رۆمانه‌كه‌دا دووجار وه‌ستام و بڕیاری سه‌فه‌رمدا بۆ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له‌ زۆر شوێن پێویست بوو بۆ نووسینی به‌شێك چه‌ندین كتێب و سه‌رچاوه‌ و بیره‌وه‌ری بخوێنمه‌وه‌ و چه‌ند دیدارێك له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك بكه‌م. به‌گشتی وه‌ك خۆت گوتت پشووته‌نگ ده‌بووم. ئه‌گه‌ر راستگۆبم له‌گه‌ڵت هۆكاری ئه‌م پشووته‌نگیه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ڕاستی له‌هه‌ربه‌شێك من یه‌كێكیان بووم.
*رۆمانی كوردی ته‌نراوه‌ به‌ كاره‌كته‌ری ئه‌فسانه‌یی، به‌ڵام رۆمانی قیژه‌ چ جۆره‌ كاره‌كته‌رێك ته‌وزیف ده‌كات و كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و رۆمانه‌ كێن؟
+پێمخۆشه‌ ده‌ته‌وێ كاره‌كته‌ره‌كان بناسی، بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم ناسینیان هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌، هه‌ركاممان ده‌یان ئاگا، ده‌یان خوسره‌و و سوركێو، هه‌زاران خه‌زاڵ ده‌ناسین. سه‌ر به‌هه‌ر ماڵێكدا بكه‌ین هیوایه‌كی لێیه‌. له‌هه‌ر شارێك سه‌ركه‌وتێكی سۆله‌ هه‌یه‌. من بڕوام وایه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ سادانه‌ خۆیان ئه‌فسانه‌ن، فریشته‌یه‌كی باڵشكاون له‌نێو وێرانه‌یه‌كدا، زمانبه‌سته‌ن و چاوه‌ڕێن كه‌سێك ده‌نگیان بدات. من به‌ر له‌ نووسینی رۆمانه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌م ده‌ناسی. یان دروستتر بڵێم دوای ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌م، كه‌ ته‌واو زاده‌ی خه‌یاڵ و چنینی خۆمه‌ هه‌ستم ده‌كرد له‌ شوێنێك شێوه‌ی ئاگام كردووه‌، رۆژێك رێكه‌وتی سه‌ركه‌وتی سۆله‌، یان سوركێوم كردووه‌ و له‌به‌ریان رامكردووه‌. كه‌ رۆمانه‌كه‌م ته‌واو كرد و دووباره‌ ده‌مخوێنده‌وه‌ هه‌ستم ده‌كرد ژنێكی بێچاره‌ی وه‌ك خه‌زاڵم له‌ شوێنێك بینیوه‌ كه‌ به‌دوای كوڕه‌كه‌یدا گه‌ڕاوه‌ و خه‌ڵك به‌ سۆزانیان زانیوه‌. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم به‌ڕاستی له‌دونیای نووسینی مندا ئه‌وپرده‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو هه‌ساره‌یه‌دا، له‌نێوان واقیع و كتێبدا.
*پێمخۆشه‌ وێنه‌یه‌كم له‌باره‌ی رووداوه‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌وه‌ بۆ بكێشیت، ده‌مه‌وێ لێره‌دا سه‌ره‌داوێك بخه‌ینه‌ ده‌ستی خوێنه‌رانی رۆمانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن حیكایه‌ته‌كان له‌ كوێوه‌ بۆ كوێیان ده‌به‌ن؟
+رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌ له‌ ئێواره‌یه‌كی دره‌نگی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن، ئێواره‌یه‌كی سارد له‌ شارێكی سارددا، كه‌ له‌ خه‌یاڵی ئاگادا به‌رده‌وام به‌فری لێ ده‌بارێت، به‌فر له‌م رۆمانه‌دا ده‌شێ نه‌خۆشی ئاگا بێت، یان ته‌نیا چاوی ئه‌و و دركی ئه‌و بێت وابزانێت به‌رده‌وام به‌فر ده‌بارێت. ترسی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، ونبوونی خه‌زاڵی دایكی ئاگا تا كۆتایی رۆمانه‌كه‌،  سه‌ربورده‌كانی خوسره‌وی ته‌مبوورژه‌ن و سه‌فه‌ره‌ سه‌یره‌كه‌ی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نێو یارسانه‌كان  و سیحری ته‌مبوور و ئاینی یارسانی، كه‌ دیاره‌ شوێنێكی به‌رفره‌ی له‌ رۆمانه‌كه‌دا گرتووه‌. سوركێو كه‌ ده‌یه‌وێ به‌ پله‌كانی حزب و ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌وێت. خه‌زاڵ و حیكایه‌ته‌كانی ئه‌ڤینداربوون و شه‌وانه‌ڕۆژی زیندانیبوونی تا دوگیانی و شێتبوونی. هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌ره‌داوی بچووكن، له‌م رۆمانه‌دا هه‌ر كه‌س حیكایه‌تی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌، واته‌ به‌ ته‌كنیكی فره‌ده‌نگی نووسراوه‌ و ده‌شێ كه‌مێك بۆ خوێنه‌ر زه‌حمه‌ت بێت، به‌ڵام دواجار رایه‌ڵه‌ی سه‌رجه‌م رووداوه‌كان به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌. رۆمانێكه‌ ڕاسته‌ سه‌ربورده‌ی مێژووێكی نزیك ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام خاڵی نییه‌ له‌ ئاماژه‌ بۆ خۆبینینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كی ته‌ڵخی داهاتوودا كه‌ ته‌نیا رابردووی تێدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی خودی ناوی رۆمانه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئاوێنه‌ ته‌ڵخه‌ به‌ قیژه‌یه‌كی وڵاتداگر بشكێ و له‌ داهاتوودا به‌جۆرێكیتر، له‌ده‌ره‌وه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ساڵه‌ ره‌شه‌كانی ئه‌م ملیۆنان مرۆڤه‌ گیرخواردوه‌ بژین.
*له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا نابینین تێكستێكی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ نووسرابێت، هێنده‌ی له‌سه‌ر یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسینی تۆ خوێندمانه‌وه‌ كه‌ قه‌ڵه‌مێكی جیاوازو نوێیت، ده‌كرێت له‌ كوێدا هه‌ست به‌ جیاوازی تۆ بكه‌ین؟
+با بۆچوونی خۆمت پێ بڵێم، له‌ دۆخێكی وه‌ك ئێستادا، ره‌نگه‌ تێكستی گه‌وره‌ ئاسان و ده‌ستبه‌جێ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات و زه‌مه‌نێكی بوێ تا شوێنگه‌ و پێگه‌یه‌كی شیاو له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا، یان له‌ ئه‌ده‌بی هه‌ر گه‌لێك ده‌گرێ. من كه‌ رۆمانی قیژه‌م ده‌نووسی به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ چ شوێنێك ده‌گرێت، خه‌یاڵم لای ئه‌وه‌ بوو ده‌بێ چۆن بخوێنرێته‌وه‌. بۆ من خوێنه‌ران نزیكترین كه‌سن له‌ رۆحی تێكسته‌وه‌. ئه‌وه‌ خوێنه‌رانن ده‌توانن نووسین بۆ سه‌رده‌م و زه‌مه‌نێكی تر بگوازنه‌وه‌، خوێنه‌رانی ئێستا په‌یكی سه‌رده‌مێكی دیكه‌ن، ببینه‌ من زۆر دڵم به‌وه‌ خۆش ده‌بێت خوێنه‌رێك ده‌بینم دێ كتێبه‌كه‌م ده‌كڕێت، بۆ ئه‌وه‌ نا فرۆشی رۆمانه‌كه‌م زیاتر بێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ دڵخۆش ده‌بم و ئه‌وه‌ی لێ به‌دی ده‌كه‌م كه‌ هه‌ر خوێنه‌رێك كتێبێك ده‌باته‌ نێو دونیای خۆی و له‌ كونجێك وه‌ك توحفه‌یه‌كی به‌هادار هه‌ڵیده‌گرێت، ده‌یپارێزێت، به‌ پارێزه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و له‌گه‌ڵی ده‌ژی، له‌گه‌ڵ خۆشیدا ژیان به‌ وشه‌ و كاره‌كته‌ره‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌ ده‌دات. ساڵان تێده‌په‌ڕن و دانه‌یه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیشیان له‌نێو ده‌چن، به‌شێكی زۆریان ده‌مێنن. دووباره‌ و چه‌ند باره‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌ و ره‌خنه‌گران دیوی دیكه‌ی كه‌شف ده‌كه‌ن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌م له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كه‌ت كۆك بكه‌م ده‌یبه‌ستمه‌وه‌ به‌وه‌ی، خۆ ئه‌مه‌ ته‌نیا خوێنه‌ران نین كتێبه‌كه‌ ده‌پارێزن، ده‌بێ ده‌قێكی وا بنووسرێ بۆ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی ئه‌وه‌بێت زه‌مه‌ن تێپه‌ڕێنێت و بگاته‌ زه‌مین و سه‌رده‌می دیكه‌. ئه‌گه‌رچی ته‌واو هاوڕای ئه‌وه‌ش نه‌بم له‌گه‌ڵت كه‌ ئه‌ده‌ب له‌ پاشڤه‌چوون دایه‌، به‌ڵام له‌وه‌دا له‌ تێڕوانینی تۆ نزیك ده‌بمه‌وه‌، ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین وایكردووه‌ ئه‌ده‌ب بكه‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا ناشیرینی دۆخی شه‌ڕ و سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵكو بێقودره‌تی ئه‌دیبه‌كانیشمانه‌. سبه‌ی رۆژێ ناڵێ فڵان نووسه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌یران هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سیاسیی هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داعش هاتبوو تێكستێكی به‌رزی نه‌نووسی. نا من واده‌زانم ئاینده‌ له‌مساڵانه‌ی ئێمه‌ ده‌پێچێته‌وه‌ كه‌ بۆچی ژیار و فه‌رهه‌نگ و كولتوور هێنده‌ بێشه‌رمانه‌ خراونه‌ته‌ كونجی «پاشكۆی ئه‌ده‌بی» و «په‌راوێز»ی چالاكی و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌. من ته‌واو بڕوام به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ر قه‌یرانێك له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌شدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌ غیابی ژیاری و فه‌رهه‌نگی و كولتووره‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ ته‌نیا سیاسه‌ت نییه‌ شكۆی ئه‌ده‌بی شكاندووه‌، به‌ڵكو خودی ئه‌دیبه‌كانیشن كه‌ به‌رده‌وام له‌پشت هه‌ر دێڕێكیانه‌وه‌ ئامانجێكی دیكه‌یان هه‌یه‌، له‌ پشت هه‌ر كتێبێكه‌وه‌ ئامانجێكی تریان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ پێیبگه‌ن.  به‌ڵێ، بڕوام وایه‌ شكۆی ئه‌ده‌ب شكێنراوه‌، من تاوه‌كو ئێستا چه‌ند كتێبم چاپ كردووه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ بوایه‌م پاداشتی ماددی و مه‌عنه‌ویم زۆر زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وێڕای سه‌رزه‌نشت، خۆشم باجی زۆری مادیم داوه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی چاپ ببن. من كه‌ یه‌كه‌م كتێبم «په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن» بڵاوبووه‌وه‌ خه‌یاڵم له‌وه‌ نه‌كردبۆوه‌ وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانێكی دیكه‌.  ئێستا بووه‌ته‌ فارسی.. من بۆ قیژه‌ خه‌ونی گه‌وره‌ترم هه‌ن. چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كتێب دوای كتێب تینووتر ده‌بم بۆ نووسین. من له‌دوای هه‌ر كتێبێك هه‌ست به‌ به‌تاڵبوونه‌وه‌ ناكه‌م، وه‌ك زۆر كه‌س واده‌ڵێ، به‌ڵكو دوای هه‌ر كتێبێك هه‌ست ده‌كه‌م كانیله‌یه‌كی دیكه‌ی خه‌یاڵ له‌ ناخمدا ده‌ته‌قێ و حه‌جمین و هه‌دام ناهێڵێ..


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7398
24/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ سیمۆنا هالیپ خه‌ڵاتی پۆرشی برده‌وه‌ 24/10/2017
‌ میسی ئێران خه‌ونه‌كه‌ی‌ هێنایه‌دی 24/10/2017
زانست
‌ یه‌كه‌مین نموونه‌ی فڕۆكه‌ی وشكاوه‌كی كاره‌بایی له‌ ڕوسیا خرایه‌ڕوو 24/10/2017
‌ كه‌نگه‌ری خوێنمژ به‌رله‌ ملیۆنه‌ها ساڵ قڕبووه‌ 24/10/2017
‌ سوودی پشوویەكی كورت لە كاتی كاردا 23/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP