چواردیوارییه‌كی بێ گڵۆپ
چواردیوارییه‌كی بێ گڵۆپ ‌ 31/8/2017
بێهزاد قادری/ مه‌ریوان
- باران چییه‌؟
- نازانیت بارانیش چییه‌؟
- نازانم!
- ئاوێكه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌بارێت.
- ئاسمان ئیدی چییه‌؟
- ئاسمان له‌سه‌ر سه‌رمانه‌، له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌.
به‌ سه‌رسووڕمانێكی سه‌یره‌وه‌ سه‌ری به‌رز كرده‌وه‌ و سه‌یری سه‌قفی چواردیوارییه‌كه‌ی كرد! ده‌می داچه‌قاندبوو و سپێنه‌ی چاوی كه‌وتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، ددانه‌كانی هه‌مووی ره‌ش و كرمۆڵ ببوون و ده‌ستی به‌رده‌وام به‌ قژه‌ درێژه‌كه‌یه‌وه‌ بوو و ده‌یخوراند. ئێسقانێكی رووت كه‌ ته‌نیا پێستێكی ره‌ش و قێزه‌ون و چڵكن دایپۆشیبوو، چوارمشقی دانیشتبوو و له‌ سه‌قفه‌كه‌ رامابوو! بۆگه‌نی له‌شی، رۆژه‌ڕێیه‌ك ده‌ڕۆیشت، وه‌ك بڵێی ساڵانێكه‌ ئاو به‌ر له‌شی نه‌كه‌وتبێت! له‌ڕو لاواز به‌ روخسارێكی تێكشكاوه‌وه‌ هه‌موو ئێسقانێكی چه‌ندین جار شكابوو و چه‌ندین جار جۆشی خواردبووه‌وه‌. له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌كی له‌شییه‌وه‌ جێی زه‌بر ده‌بینرا، ته‌نیا پاپۆشێكی دڕاوی له‌ پێدا بوو و جه‌سته‌ی لار و گێڕ، كه‌ ته‌نانه‌ت دڵی هیتله‌ریشی ده‌هێنایه‌ ته‌زین!
چواردیوارییه‌كی بێ په‌نجه‌ره‌ به‌ پانیی و درێژایی سێ به‌ چوار مه‌تر. دیوار و سه‌قفی ره‌ش، بێ گڵۆپ! ده‌رگایه‌كی ئاسن، كه‌ ته‌نیا رۆچنه‌یه‌كی چكۆله‌ی پێوه‌ بوو بۆ كلیل. تاریك و بێ رووناكایی، وه‌ك قووڵایی چایه‌كی بێبن! له‌ هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ گوو و پیسایی ده‌بینرا، فیچقه‌ی خوێنیش تا سه‌قفه‌ سێ مه‌ترییه‌كه‌ گه‌یشتبوو. رووت و قووت، بێ پێخه‌ف و سه‌رینێك، ته‌نیا دوو كاسه‌ی پیس‌ و پۆخڵی له‌ ته‌نیشت ده‌رگاكه‌یه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌ك خۆی ساڵانێك بوو ئاوی لێ نه‌كه‌وتبوو! هیچ كه‌س بۆ یه‌ك خوله‌كیش نه‌یده‌توانی له‌وێ خۆی راگیر بكات، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی جلێكی تایبه‌تی له‌ به‌ر بكردایه‌ و ده‌مامكی ئۆكسیژنیشی ببه‌ستایه‌، تاكو ته‌نانه‌ت له‌ هه‌واكه‌یشی هه‌ڵنه‌مژێت!
نینۆكه‌ درێژه‌كانی، وه‌ك كۆته‌ره‌ ره‌ق و ره‌ش و پته‌و، ببووه‌ به‌شێك له‌ گۆشتی له‌شی، كه‌ خۆی ده‌خوراند، خوێن له‌ پێستی ده‌تكا. خوێنێكی سه‌یر، كه‌ ته‌نیا سوور نه‌بوو! له‌ لای ملیه‌وه‌ ده‌عبا شۆڕ ده‌بووه‌وه‌ و به‌ په‌له‌ به‌ره‌و نێو قژی خۆیان هه‌ڵده‌كێشایه‌وه‌، له‌ خوێنی ئه‌و خۆیان تێر ده‌كرد و پیسییه‌كه‌یان ده‌برده‌وه‌ ژێر قژی. جار جار به‌ر قامكه‌كانی ده‌كه‌وتن و ده‌یخواردن.
كه‌ كه‌سێكی نوێی ده‌دی، چوار ده‌ست و پێ وه‌ك مه‌یموون هه‌ڵیده‌خسته‌وه‌ و هه‌ڵده‌زنا به‌ دیواردا و له‌ كونجێكدا ده‌وه‌ستایه‌وه‌ و ددانه‌كانی ده‌خسته‌ ده‌ره‌وه‌ و نینۆكه‌كانی به‌ واتای هێرشكردن به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و وه‌ك پشیله‌ خۆی گرژ ده‌كرده‌وه‌. جار جاریش ده‌یقیڕاند و ده‌یقیڕاند و گوێیه‌ك نه‌بوو بتوانێت یه‌ك خوله‌ك له‌و ده‌نگه‌دا خۆی رابگرێت، ده‌نگێكی ئازارده‌ر كه‌ تا مۆخی ئێسقان خۆی ده‌خزاند! 
دوای چه‌ندین مانگی بێتاقه‌تی، هێور ببووه‌وه‌ و ده‌نكه‌ ده‌نكه‌ وشه‌ی ده‌دركاند: (ده‌یپڕووكێنم.) كێی ده‌پڕووكاند؟ وه‌های ده‌گوت و به‌ دار و دیواردا نه‌ده‌وه‌ستا و ده‌یقیڕاند! چه‌ندین خوله‌ك قه‌ره‌ی نه‌ده‌كه‌وتن تاكو ماندوو ده‌بوو و له‌ هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ ده‌كه‌وت. 
جار جار ده‌یكرده‌ رسته‌ و ده‌یگوت: (ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌راز ده‌یتۆپێنم.) كێی ده‌گوت؟ وه‌های ده‌گوت و هه‌مدیسان هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ و قیڕاندن و خۆڕنین!
ده‌یگوت: (با قاپه‌كه‌ی بۆ پڕ بكه‌م له‌ گوو، ئه‌مڕۆ چێشتی نه‌خواردووه‌.)
ده‌یگوت: (گوو ومیز زۆری بۆ هێناوم و ئێستا ئه‌و ده‌عبایه‌یش تینوویه‌تی، با كاسه‌ ئاوه‌كه‌ی بۆ پڕ بكه‌م.)
ده‌یگوت: (ئه‌و به‌چكه‌ زۆڵه‌ ناتۆپێت! بزانم تاپڕه‌كه‌م كه‌ی بۆ دێنن.)
ده‌یگوت و ده‌یگوت و هه‌ڵیده‌خسته‌وه‌ و ده‌یقیڕاند و... ته‌نانه‌ت هیچی دیكه‌ی نه‌ده‌خوارد، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ پێش چاویدا كاسه‌كانیان بۆ پڕ ده‌كرد له‌ پیسایی! كه‌س خۆی بۆ ڕانه‌ده‌گیرا، ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ له‌ گووخواردنی ئه‌و، نه‌خۆشی خستبوون!
له‌و كاته‌وه‌ به‌و جۆره‌ دۆزیبوویانه‌وه‌، نه‌یانتوانیبوو له‌و ژووره‌ بیهێننه‌ ده‌ره‌وه‌، یان نه‌ختێك بیشۆرن. به‌و جه‌سته‌ له‌ڕو لاوازه‌ی، بۆ پێنج كه‌س راگیر نه‌ده‌كرا. جارێك كه‌ لێی ماندوو ببوون و ویستبوویان به‌ زۆر بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، چه‌ند په‌راسووی شكابوو و ڕانی له‌جێ چووبوو. هه‌موو دونیای ئه‌و ببووه‌ ئه‌و ژێرخانه‌ ته‌نگ و تاریكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو كاسه‌ بۆ خواردن! كه‌سی دیكه‌ له‌و خانووه‌ نه‌دۆزرایه‌وه‌. كاتێكیش ئه‌وێیان به‌جێده‌هێشت، ده‌رگاكه‌یان كراوه‌ ده‌هێڵایه‌وه‌ تاكو خۆی بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پێی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌رگاكه‌ نه‌ده‌خسته‌ ئه‌و دیوه‌وه‌! 
له‌و دیو ده‌رگاكه‌وه‌، رێڕه‌وێكی بچووك و پلیكانه‌یه‌ك هه‌بوو كه‌ ژێرخانه‌كه‌ و خانووه‌كه‌ی په‌یوه‌ند ده‌دایه‌ یه‌كه‌وه‌، له‌ نێو رێڕه‌وه‌كه‌ چه‌ند بزمارێك به‌ دیواره‌وه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌ر كام شتێك هه‌ڵواسراوبوو: زنجیر، قه‌یاسه‌، ئاسن و داری بزمار ‌رێژكراو و...، كه‌ به‌ هه‌موویانه‌وه‌ خوێن وشك‌ببووه‌وه‌ و پارچه‌ گۆشتی پێوه‌ ده‌بینرا!
رۆژه‌كان تێپه‌ڕین و هه‌ر رۆژێك و رسته‌یه‌ك و وشه‌یه‌كی نوێی ده‌دركاند، ئه‌و شتانه‌یشی دووپات ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پشت ده‌رگاكه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ گوێی. پرسیاری ده‌كرد و وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌، جنێوی ده‌دا و دوابه‌دوای هاواری به‌رز ده‌بووه‌وه‌!
رۆژه‌كان تێپه‌ڕین تا ئه‌و كاته‌ی سه‌ردانیان كرد و دیتیان له‌ ناوه‌ڕاستی چواردیوارییه‌ بێ گڵۆپه‌كه‌دا به‌ ده‌مدا كه‌وتووه‌ و خوێنێكی قێزه‌ون به‌ ده‌وریدا بڵاوه‌ی كردووه‌ و ده‌عبایه‌كی زۆریش گه‌مارۆیان داوه‌! كه‌ نزیكی بوونه‌وه‌، قه‌وانی فیشه‌كی تاپڕێك له‌سه‌ر پشتی دانرابوو!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP