قوتابخانە سینەماییەکان دۆگما ٩٥
قوتابخانە سینەماییەکان دۆگما ٩٥ ‌ 8/9/2017
و: ((شوان عەباس بەدری))
هەڵبەت قوتابخانه‌ی دۆگما95 بە هۆی یاسا و ڕێسا سەختەکانی زیاتر لە بزووتنەوە یا جووڵانەوەیەکەوە نزیکە تا قوتابخانه‌ و لە ڕاستیشدا هەر بە بزووتنەوەی دۆگما 95 ناسراو، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک قوتابخانه‌یه‌کی سینەمایی ناسێنراوە ئێمەش هەر وەک قوتابخانه‌ێکی سینەمایی باسی دەکەین.
پێویستە لە کاتی ڕاڤە و ناساندنی قوتابخانه‌ە سینەماییەکان ئەو ڕاستییە لە یاد نەکەین ڕیشەی گشت قوتابخانه‌ەکان لە سەرچاوە هونەرییەکانی دیکەوە سەرچاوەیان گرتووەو بەرهەمی بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەردەمی خۆیانن و هەروەها هەر وەک قوتابخانه‌ە هونەرییەکانی دیکە خاوەنی  سەرەتا و لووتکە و هەڵخزان و دووبارە هەستانەوەن.
ئێستا با بێینە سەر باسەکەمان و بپرسین دۆگما95 چییە ؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1950 کۆمەڵە نووسەرێکی گۆڤاری(کایە دو سینەما) وەک : فرانسوا ترۆڤۆ و کلۆد شایرل و جۆن لۆک گۆدار ، کە لە ژێر دەستی ئەندرێ بازۆن ڕەخنە گری دیاری سینەما کاریان دەکرد شۆڕشێکیان لە پیشەسازی سینەمای فەڕەنسیدا خووڵقاند و تەواوی یاسا و ڕێسا لەمپەرئاساکانی سیستمی ستۆدیۆیی سینەمای فەڕەنسایان تێکشکاند و دواتر ئەم شۆڕشە هونەرییە بە شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕەنسا ناسێنرا و کاریگەرییەکانی پەلی هاویشت بۆ سەر پیشەسازی سینەمایی ووڵاتانی دیکەش.
هەر لە ساڵی 1995 کۆمەڵە دەرهێنەرێکی دانیمارکی کە یاسا و ڕێسا کڵیشەییەکانی سینەمایان بە بەربەستێک دەزانی لە بەرامبەر نمایشی چیرۆک و گەیاندنی درووستی تیۆری و فکریان ،هەربۆیە وەک پێشەنگەکانی شەپۆلی نوێی فەرەنسا هەستان بە خولقاندنی ئەزموونێکی ناوازە و ئانارشایستی و کۆمەڵە هێڵکارییەکی تازەیان داهێناو بەو جۆرە توانیان گشت یاسا کلاسیکی و ئاکادیمییەکانی پێش خۆیان تێکبشکێنن.
ئەو کۆمەڵە دەرهێنەرەش بریتی بوون لە : تۆماس ڤینتێربێرگ ، لارۆس فۆن، کریستین لۆرینگ و سۆرن یاکوبسن و دواتر ڕێبازەکەیان بە جووڵانەوەی دۆگما95 (DOGME 95 ( ناوی دەرکرد.
لاڕۆس فۆن و ڤینتێربێرگ مانەفێستێکی 10 خاڵیان نووسی و ئەو مەنەفێستەش هەموو دەرهێنەرەکانی سەر بەو بزووتنەوەیەی ناچار دەکرد پابەندی خاڵەکانی نێو مانەفێستەکە بن.
ئەم مەنەفێستەش کە تەنها لە ماوەی 45 خولەکدا لە شاری کۆپنهاگن نووسرابوو لە ژێر ناوی (پەیمانی پاکی) چاپ و بڵاوکرایەوە.
ناوەڕۆکی مانەفێستەکە بریتییە لە :
( من سوێند دەخۆم پابەندی گشت خاڵەکانی نێو ئەم مانەفێستە بم کە لە لایەن جووڵانەوەی دۆگما 95 ەوە دەستنیشان کراوە، خاڵەکانیش بریتیین لە :
1- دەبێت فیلم لە لۆکەیشنێکی سرووشتی و ڕاستەقینەدا کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجام بدرێت و نابێت دیکۆر یان خود هەر شتێکی زیادە ی دیکە لە کاتی بەرهەم هێنانی فیلمەکە بە کار بهێنرێت.
**لە کاتی وێنەگرتندا گەر پێویستییەک هاتە پێشەوە کە پەیوەندی بە سیناریۆی فیلمەکەوە هەیە نابێت ئەو کەل و پەل و پێداویستییە بهێنرێتە شوێنی وێنەگرتنەکە بەڵکو لە جیاتی ئەوە دەبێت کاری وێنەگرتنەکە بگوازڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی پێداویستییەکەی لێیە.  
2- دەبێت کاری  دەنگ هاوزەمان لە گەڵ کاری وێنەگرتنەکە ئەنجام بدرێت ، نابێت دەنگ و رەنگ لە یەکتر جیا بکرێتەوە واتە نابێت دیالۆکەکان و هەر جۆرە دەنگێکی دیکە پێش یان خود دوای ئەنجام دانی کاری وێنەگرتنەکە ئەنجام بدرێت. 
3- دەرهێنەر مافی بە کار هێنانی 3پایە و هەر جۆرە ئامێڕێکی جووڵەی کامێرای نییە و لە ماوەی کاری وێنەگرتنەکە کامێراکە دەبێت بە دەستی کامێرامانەکەوە بێت و کامێرامانەکە مافی ئەوەی هەیە بۆ بەرەو پێش چوونی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە کامێراکە بە پێی پێویست بجوڵێنێت و بە کار بهێنێت.
4- فیلمەکە دەبێت ڕەنگی بێت و بە کار هێنانی ڕووناکی و ڕووناکی زیادە بۆ جوانکاری قەدەغەیە.
** گەر کەمی ڕووناکی بووە هۆکاری ڕاگرتنی کاری وێنەگرتن ئەوا دەبێت کار کردن لەو گرتەیە بۆ کاتێکی تر ڕابگیرێت یان تەنیا گڵۆپێکی بچووک بە کامیراکەوە ببەسترێت.
5- بە کار هێنانی ئیفکت و هەر جۆرە فیلتەرێکی دیکە چ بۆ پەنجەرە و چ بۆ لێنزی کامێراکە قەدەغەیە.
6- نابێت لە فیلمەکەدا دیمەنگەلێکی وەک (( کووشتن و چەک و پێکدادانی دەستکرد و هتد .... )) نمایش بکرێت و بە کار هێنانی ئەو گرتانە لە نێو فیلمەکەدا بە هەموو جۆرێ قەدەغەیە.
7- بە کار هێنان و نمایشی ئەو ئامێر و کەرەستانەی لە گەڵ سەردەم و کاتی ئێستامان ناگوونجێ قەدەغەیە ، ڕووداوەکانی نێو فیلمەکە دەبێت لە کاتی ئێستا و سەردەمی خۆماندا ڕووبدەن و پەیوەندی بە کەشی کۆمەڵایەتی چواردەورمانەوە هەبێت.
8-نابێ فیلمی دۆگمایی سەر بە ژانرەکانی (( وێسترن و مێژوویی و نهێنی ئاسا و ئەکشن و هتد ..... )) بن ، چونکە چیرۆکی زۆربەی ئەو جۆرە فیلمانە پێشبینی کراوە.
9- دەتوانرێت هەموو جۆرە خامێکی ( نیگەتینڤی و ڤیدیۆیی)) بۆ کارە بەرهەمهێنانی فیلمەکە بە کار بهێنرێت بەڵام لە کاتی پەخشکردنیدا تەنها دەبێت لە سەر فیلمێکی 35 ملم ئاسایی نمایش بکرێت.
** بە کار هێنانی پەردەی پان بۆ نمایشی فیلمەکە قەدەغەیە و هەروەها نابێت ماوەی فیلمەکە لە (1:1:33))یەک  کاتژمێر ویەک  خولەک و سی و سێ چرکە کەمتر بێت.
10- نابێ دەرهێنەر ناوی خۆی لە تیتراژی فیلمەکەدا بنووسێت.
لە کۆتاییشدا من وەک دەرهێنەرێک سوێند دەخۆم چاوپۆشی لە گشت خولیا تایبەتەکانی خۆم بکەم ، لەمەو بەدوا ئیتر من هونەرمەند نیم ، ڕایدەگەیەنم ساتەوەخت و ئیرتیجال دوو هۆکارە گرنگەکەی بەرهەم هێنانی فیلمن و مەبەستی کۆتایی و سەرەکی من لە ڕێگەی ئەکتەر و گرتەکانەوە  نمایشی ڕاستییەکان و ووشیار کردنەوەی خەڵکییە .
من سوێند دەخۆم پەیڕەوی لە گشت ئەو خاڵ و مەرجانە بکەم و هەر لەبەر ئەوەش پەیمانی پاکیم بەستووە.
کۆپنهاگن / دووشەمە 13 ئازاری 1995
لە لایەک بزووتنەوەی دۆگما 95 
تۆماس ڤینتێربێرگ - لارۆس فۆن 
                             
فلمی دۆگما دەبێت فیلمێکی درێژ بێت 
یەکێ لەو یاسایانەی کە بەشێ نییە لە مەنەفێستە 10 خاڵییەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرهێنەرانی سەر بەو قوتابخانه‌یه‌ ناچار دەکات پابەندی بن بریتیە لەوەی فیلمی دۆگمایی دەبێت فیلمێکی درێژ بێت.
هۆکاری ئەم بڕیاڕەش لە لایەن بونیاتنەرانی ئەو قوتابخانه‌ە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەو جۆرە ڕێگە لە بەرهەم هێنانی کورتە فیلم لە لایەن دەرهێنەرە بێ ئەزموون و کەم ئەزموونەکانی دیکە بگرن ، واتە رێگرتن لەو دەرهێنەرانەی بە هۆی کەمی زانیاری و نەزانیان لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم و کاری دەرهێناندا میتۆدی دۆگما 95 بە ڕێگە چارەیەکی گوونجاو دەزانن بۆ پەردەپۆش کردنی هەڵە و کەم و کوڕییەکانی ناو فیلمەکانیان.
دەرهێنەرێکی دۆگمایی پابەندی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی ئاکادمیک نییە و هەر لە بەر ئەمە ش هه ست بە هیچ جۆرە لەمپەر و بەربەستێک ناکات و گرنگتر لەوەش ئەوە ئەکتەرەکانی نێو فیلمە دۆگماییەکانن بە هۆی بە کار نەهێنانی ڕووناکی بە تین و جل و بەرگی تایبەت و لۆکەیشنە دەستکردە لەمپەرئاساکانەوە  دەتوانن  ئازادانە هات و چۆ بکەن و هەموو ووزە و تینیان بۆ بەرجەستە کردنی کەسایەتی و  ڕۆڵەکانیان بە کار بهێنن .
باسکردن و ڕەخنەگرتن لە بابەتە کۆمەڵایەتییە هەنۆکییەکانیان هۆکاری سەرەکی ناساندن و بە لووتکە گەیاندنی قوتابخانه‌ی دۆگما 95 بوون لە دانیمارک .
فیلمی جەژن ی ڤیتێنبێرگ و گێلەکان ی لارۆس یەکێکن لەو فیلمانەی باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی و بەشێک لە فەرهەنگی دارزاوی دانیمارک دەکەن کە چۆن و بە چ جۆرێ ئاوێتەی ژیانی خەڵک بوون و لە هەمان کاتیشدا خەلکی لە ناویاندا نغرۆ بوون و خۆیان لە پشت ئەو داڕزاوییە فەرهەنگییە شاردۆتەوە.
بە لاڕێ نەبردنی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان و نمایشی ڕووی ڕاستەقینەی کەسایەتییەکانی چواردەورمان کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە پێک دەهێنن و هەروەها سادەیی و پێکهاتە نائاساییەکانی ئەم جۆرە فیلمانە دەبنە هۆکارێک تا بینەر هەر وەک ئاوێنەیەک سیمای ناشیرینی کۆمەڵگە و ناشیرینی فەرهەنگە داڕزاوەکەی خۆی بە ئاشکرا ببینێت.
هەر لەبەر ئەمەش بونیاتنەرانی قوتابخانه‌ەکە پێداگری دەکەن فیلمی دۆگمایی دەبێت زادەی کات و سات و ژینگەی دەوروبەرمان بێت و باس لە بابەتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ووڵاتی بەرهەم هێنی فیلمەکە بکات، هەر لە بەر ئەمەش بینەری ووڵاتی بەرهەم هێنی فیلمەکان زیاتر لە بینەری ووڵاتانی دیکە دەکەونە ژێر کاریگەری فیلمە دۆگماییەکان.
تا ئێستا 31 فیلمی دۆگمایی لە چەند ووڵاتێکی وەک : ئەمریکا و ئەرجەنتین و کۆریای باشوور بەرهەم هێنراوە و دانیمارکیش وەک ووڵاتی دایکی ئەو قوتابخانه‌ە پشکی شێری بەر ئەکەوێ.
جگە لەو دوو فیلمەی لە سەرەوە باسمان کرد بەشێک لە گرنگترین فیلمەکانی سەر بەو قوتابخانه‌ە بریتین لە : میفۆنە ، ئیتاڵی بۆ فێرخوازە سەرەتاییەکان ، مرۆڤی ڕاستەقینە ، شا زیندووە ، چیرۆکی عاشقانە .


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP