کوردبوون و ناسیۆنالیزم
کوردبوون و ناسیۆنالیزم ‌ 10/9/2017
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی 
به‌شی بیست و دوو
ـ بەشی چوارەم: تیۆرەکانی نەتەوەخوازی و  وێناکردنی کورد وەک نەتەوەیەکی خێڵەکی
« جیاوازی نێوان تیۆرە عەقڵی و تیۆری دروستەیی نەتەوە لە لایەکەوە ئەوەیە کە تیۆری عەقڵی وا سەیری  نەتەوە دەکات کە بوونەوەرێکی عەقڵییە و دەبێت لە واقیعدا بێتەبووە،بەڵام تیۆری دروستەیی وا سەیری نەتەوە دەکات  کە بوونەوەرێکی دروستەییە و لەلایەن کۆمەڵە ئەندازیارێکی کۆمەڵایەتییەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت و لە زەمینەیەکی شیاودا دروست دەکرێت(...) بۆیە ئەو نەتەوەخوازیانەی کە دەوڵەتیان نییە گەر بیر لە دروستکردنی دەوڵەت دەکەنەوە وەک ئەو ئەندازیارەیان لێدێت کە بەبێ بوونی پارچە زەوییەکی  گونجاو بیر لە دروستکردنی باڵەخانەیەک بکاتەوە... بەزاراوەکەی هۆبسباوم نەتەوخوازیی نادەوڵەتین،ناتوانن دەوڵەت دروست بکەن،چونکە لە بنچینەدا نەتەوەخوازی کاری دروستکردنی  دەوڵەت نییە و کاری دروستکردنی نەتەوەیە و جگە لەمەش ئەوەی کە نەتەوەخوازی دروستدەکات دەوڵەت خۆیەتی،بۆیە ناکرێت نەتەوەخوازی خۆی سەرقاڵ بکات بە بیرکردنەوەی لەوەی کە دەوڵەت دروست بکات».٣٥٩ـ٣٦٠
لێرەدا باس لە جیاوازی بنجی ئەم تیۆرە دەکات، کە بریتییە لەم هاوکێشەیە: تیۆری عەقڵی، نەتەوە بوونێکی عەقڵی هەیە. هەر بۆیە بۆتە پێشمەرج بۆ بوونە دەوڵەت. واتە نەتەوە هەیە، ئەوجا دەوڵەت دەبێت. بەڵام  بەرامبەر بەمە، تیۆرە دروستەییەکە، پێی وایە دەوڵەت دەبێت دروستکرێت و لە ڕێگەی نەتەوەخوازی دەوڵەتییەوە، ئەوجا دەرەتانی دروستکردنی نەتەوە دەسازێ. گەر لەبەر رۆشنایی ئەم تیۆرەدا، نموونە وەرگرین، وا کورد چونکە دەوڵەتی نییە، و بزووتنەوەکانی لە هەناوی دەوڵەتدا بەرپا نەبوون، لەبەرئەوە بزووتنەوە نەتەوەخوازییەکانی ساختە و نەزۆک و نابەکامن، ناگەنە ئامانجی دروستکردنی نەتەوە.

مەسەلەکەمان باشتر بۆ واڵا دەکات
«گەر بزووتنەوە کوردییەکانیش وەک ئەو بزوتنەوانەی کە ئامانجیان دروتکردنی نەتەوەیە لە پێناو دروستکردنی نەتەوەدا سەریان هەڵدابێ،ئەوە  تیۆرە عەقڵییەکە هیچ لێکدانەوەیەکی بۆیان نییە، بەڵام گەر ئەم بزوتنەوانە وەک ئەو بزوتنەوە نەتەوەخوازانە ئامانجیان دروستکردنی نەتەوە نەبێت و لەناو خۆیاندا هەڵگری ئامانجێکی عەقڵی بن،دەتوانن لە رێکەی تیۆرە عەقڵییەکەوە لێیان بکۆڵینەوە».٣٦٠
بەم دەقە د. عرفان، مەسەلەکەمان باشتر بۆ واڵا دەکات و پێی وایە، هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبەر ڕۆشنایی تیۆری دروستەیی و پێودانگی مۆدێرنیزم دا، لەسەر بزافی کوردی ئەنجام دراون، ناتەواون و ئامانج پێک نیین. ئاخر سەروەختێ کەسێ پێی وا بێت، مۆدێرنیزمە دایکی هەموو شتەکانە و لە پێش و پاشی ئەم بۆچوونەوە، نەتەوە و دەوڵەت و ئەو بابەتگەلە، چی دیکە نەبووە و نابێت، ئیدی ئەمە دەکاتە ئەوەی هەم تاک ڕەهەندانە لە جیهان  ڕوانین و هەمیش تێگەیشتنە لە ژیان. بۆیەکا لێکۆڵینەوە و کارە ئەنجام دراوەکان نابەکامن و هەر خەریکی کوتانەوە و جوێنەوەی چەند وشە و ڕستەیەکی پووچی بێ ناوەڕۆکی دوور لە باسەکەن.
نووسەر بە لایەوە گرنگە، بەرلەوەی ئەو بزاڤە نەتەوەخوازە کوردییانەمان پێ ئاشنا بکات، پێویستە گفتوگۆ لەسەر بۆچوونەکە بکرێ. گەر بێت و گەیشتینە ئەو ئاکامەی کە بزاڤە کوردییەکان هاوئامانجی بزووتنەوە نادەوڵەتییەکانی نەتەوەخوازانی تیۆرییە دروستەکەیە، ئەوسا دەتوانین قسە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەین، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە چما ئەو بزاڤانە نەیانتوانیوە نەتەوە دروست بکەن؟ کاتێکیش بەم دەرئەنجام ناگەین، دەبێت ئیستێک بکەین و  بەو بزاڤە کوردییانە  بچینەوە و پێناسێکی تر ببەخشین. نووسەر پێی وایە،گەیشتن،گەیشتن بەم چارەسەرە، ئەوا دەکرێ لە ڕێگای تیۆریە عەقڵییەکەوە، تیشکی ڕووناک کەرەوە بخەینە سەر باسەکە.

ناوی بە نەتەوە خێڵ دەربکات
«هەموو ئەو لیکۆڵینەوانەی کە لە بارەی ئەم بزوتنەوانەوە هەن لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونانە دەرنەچوون کە سەر بە تیۆرە دروستەییەکەن، ئەو لێکۆڵینەوانەش کە دەکەونە دەرەوەی تیۆرە دروستەییەکەوە یان لێکۆڵینەوەی مێژووین و حکایەتەکانی ئەم بزوتنەوانە دەگێڕنەوە یان لێکۆڵینەوەی ئایدۆلۆجین و ئامانجیان دروستکردنی ئایدیۆلۆجیایەکی نەتەوەخوازانەیە»٣٦٢
گەر ئەمە حاڵی لێکۆڵینەوەکان بێت لەسەر بزاڤی کوردی، وا هەر لەدەوری تیۆرییە دروستەییەکە و بۆچوونەکەی گێلنەردا کورد لە ناوەوە خێڵە و لە دەرەوە نەتەوەیە، گیرمان پێ دەخۆن. هەر ئەمەشە وای کردووە، کورد لە کۆنتێکسی گێڕانەوەی مێژوو و کایەی ئایدۆلۆژیدا، ناوی بە نەتەوە خێڵ دەربکات. بزاڤە کوردییەکان بە درێژایی ساڵانێکە،  بۆیە شکستیان هێناوە،چونکە شتێکیان هێناوەتە گۆڕێ،  نە خێڵە و نە نەتەوەیە، کەچی لە هەمان کاتدا هەردووکیانیشە. ئەم خاڵەش جارێکی تر ئەو تایبەتمەندێتییەی هەڵکەوتی کورد دەنوێنێ.
د. عرفان بە تێر و تەسەلی و لۆژیکئامێزانە،ئەم پرسە شەن و کەو دەکات و ژیرانە بۆچوونەکانی پێشکەش دەکات.

ـ خێڵ و دروستکردنی نەتەوە
ڕوانینی تیۆری دروستەیی لەسەر کورد، کە دەوڵەتی نییە و بزاڤەکان ساختە و نەزۆکن و ناتوانن نەتەوە دروست بکەن. ئەم تیۆرە تەنیا قسەیەکی لەسەر بزاڤە کوردییەکان، ئەوەیە بزاڤی خەیاڵی و نابەکامن. چونکە لەناو دەوڵەتی کوردیدا سەریان هەڵنەداوە و ناتوانن نەتەوە دروست بکەن. هەر هەوڵێک لەم سەرەڕێیەدا هیچی لێ شین نابێ. بۆیە وا باشە بزووتنەوە کوردییەکان ببن بە بەشێک لە هی تورک و عەرەب و فارس،کە دەوڵەتی داگیرکەر وەستاو و ئەندازیار و باڵادەستێتیانە، واتە تورکچێتی و عەرەبچێتی و فارسچێتی، جێی کوردایەتی بگرێتەوە و هەوڵ بدەم لەم دەروازە و کەناڵەوە کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن. هەڵبەت ئامانجەکانیش نادیار و ناڕۆشنن.
تیۆرە عەقڵییەکەش ناتوانێ شتێکمان لەبارەی ئەو نەتەوە نەتەوەخوازیانەوە پێ بڵێ، کە ئامانجی دروستکردنی نەتەوەیە. لێ لە ڕاستی و گەوهەردا هێندە هەیە، بزاڤی کوردایەتی لەوە تێگەیشتووە، کورد نەتەوەیە، بۆیە وەک ستراتیژی تێدەکۆشێ بۆ هیوا و ئامانجی بوونە دەوڵەت.
«لە لایەکەوە نەتەوەخوازیی هێزێکە لەناو پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵگای پیشەسازیدا وەک پێداویستییەکی ئەو کۆمەڵگایە سەر هەڵدەدات و کاری ئەوەیە بە کەلتورە پیشەییەکەی کۆمەڵگای پیشەسازی نەفی هەموو ئەو کەلتورە ناوچەییانە بکات کە کولتوری کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکەن».٣٦٤
وەک ئاماژەمان پێدا، ڕەچەتەی دروست بوونی نەتەوە گرێدراوە بە هەبوونی کۆمەڵگای پیشەسازییەوە. ئەمە گەوهەری تیۆرەکەی گێلنەرە. لەکاتێکدا پێش سەردەمی پیشەسازیش، نەتەوە هەر هەبووە و لە ئێستاش دا گەلێ نەتەوە هەن، نە گەیشتوونەتە، قۆناخی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی، کەچی نەتەوەشن، وەک کورد.

خاوەنی کولتورێکی میللی و زمانی خۆیەتی
«لە راستیدا ئەو کۆمەڵگا دروستکراوانەی کە گێلنەر بە نەتەوە ناویان دەبات،کۆمەڵگا پیشەسازییەکە نین و وەک خێڵەکانی ناو کۆمەڵگای کشتوکاڵی یەکە پێکهێنەرەکانی ناو کۆمەڵگای پیشەسازین، بۆیە دەبوایە گێلنەر بەراوردەکە لە نێوان دروستەی کۆمەڵگای کشتوکاڵی و دروستەی کۆمەڵگاکانی ناو دەوڵەتە مۆدێرنەکان  نەکات،بەڵکو بەراوردەکە لە نێوان دروستەی ئەو کۆمەڵگا ناوچەییانە و  دروستەی خێڵەکانی ناو کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا بکات. یان بەراوردەکە لە نێوان دروستەی کۆمەڵگا کشتوکاڵیە سەرو خێڵەکییەکە و کۆمەڵگا پیشەسازییە سەرو نەتەوەییەکەدا بکات، ئەوکات بەراووردەکەی دروست دەردەچوو».٣٧٢
باسمان لەوە کرد، کە خێڵ یەکەیەکە، لە یەکەکانی کۆمەڵگای کشتوکاڵی، خاوەنی کولتورێکی میللی و زمانی خۆیەتی، ئەمانە لەناو سیستەمەکەی خۆیاندا داوای یەک شوناسی و یەک کولتوری دەکەن. لێ هەر ئەم یەکانە، لە دەرەوەی خۆیاندا، بەرامبەر بە خێڵەکانی تر، پەیڕەوی لە سیستەمی خۆیان ناکەن، بەڵکو کار بە سیستەمی کۆمەڵگای سەرووخێڵەکییەکان دەکەن. ئەم سیستەمە لە بەرامبەر داوای یەک شوناسی و یەک کولتوریدا، داوای فرەییان لە هەردوو بوارەکەدا لێ دەکات.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP