کوردبوون و ناسیۆنالیزم
کوردبوون و ناسیۆنالیزم ‌ 13/9/2017
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد،  لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی 
به‌شی بیست و چواره‌م
« خێل وەک زمانە سروشتییەکان و کەلتورە سروشتییەکان لە بوون و پەرەسەندنی خۆیدا پەیڕەوی لە سیستەمێکی سروشتی دەکات. چۆن زمانێکی سروشتی کە پەرەدەسێنێ دەبێت بە چەند زمانێکی جیاواز،خێڵیش کە پەرە دەسێنێ دەبێت بە چەند خێڵێکی جیاواز،بەهەمان شێوە کولتور و زمانی خێڵیش لە پەرەسەندنی پەیڕەوی لە هەمان سیستەمی سروشتی پەرەسەندن دەکەن. خێڵ و زمانی سروشتی و کولتوری میللی وەک مرۆڤ کە پەرەدەسینن ئەوەی لییان دەکەوێتەوە لە رووی جۆرەوە هەروەک خۆیانە،بەڵام لە رووی ژمارەوە جیاوازە».٣٨٦

لەپێناوی کولتوری هەرە باڵادا
کاتێ کار لەسەر سڕینەوەی کولتورە میللییەکان دەکرێت، داوای کولتورێکی سەراپاگیری فەرمی دەکەن. ئیدی هەموو دیاردە کولتووریی و زمانییەکان لەناو دەباو و دەیانخەسێنێ، لەپێناوی کولتوری هەرە باڵادا، کە دەوڵەتە دروستەییکەوە پێڕەو دەکرێ.
« زمانێک کە دەکرێت بە زمانێکی ستاندارد تەنها بەوە ناکرێت بە زمانێکی ستاندارد کە کۆمەڵە رێزمانووسێک رێزمانەکەی بنووسنەوە و قوتابخانە بۆ فێربوونی دروست بکەن،بەڵکو ئەم زمانە دەبێت بەردەوام چاودێری بکرێت و رێگە بگیرێت لەوەی کە جارێکی تر سروشتی بچێتەوە ناوی و رۆحی بە بەردا بکاتەوە و بیکاتەوە بە زمانێکی سروشتی» ٣٨٩.
 خێڵ و زمانی سروشتی و کولتووری میللی، وەک مرۆڤ، کە پەرەدەسێنن، ئەوەی لێیان دەکەوێتەوە لە رووی جۆرەوە هەر وەک خۆیانن، بەڵام لە رووی ژمارەوە جیاوازن. مرۆڤ،مرۆڤ دەخاتەوە و باڵندە،باڵندە هەڵدێنێ.ئەوەشی خێڵ لە یەکتر جیا دەکاتەوە، وەک  مرۆڤەکان و زمانەکان  چۆنایەتییەکەیە، نەک شتگەلێکی دیکە.
خێڵ و نەتەوە لەوەدا جیاوازن کە خێڵ سروشتی مرۆڤ دایهێناوە،بەڵام نەتەوە ویستی مرۆڤ دروستیکردووە.خێڵ بەبێ سروشتی مرۆیی بوونی نابێت و ناشتوانێت بمێنیتەوە،نەتەوەش بەبێ ویستی دروستکردنی مرۆیی نە دەتوانێت ببێت و نەدەتوانێت بمێنێتەوە.خێڵ و نەتەوە هەر یەکەیان یەکەی پێکهێنەری  دوو کۆمەڵگای سەرووناوچەیی جیاوازن و بەوەش کە یەکەی ناو پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایەن لەناو خۆیاندا پەیڕەوی لە یەکبوون دەکەن و لە دەرەوەی خۆیاندا پەیڕەوی لە جیاوازی دەکەن».٤٠١
مەحاڵە بتوانێ بۆ هەتا هەتایە خۆی ڕاگرێت
پرۆسەی گۆڕینی خەسڵەتێکی سروشتی و مێژوویی، بە شمەکێکی دەستکرد، چەند زەق و نالەبارە، هاوسات هێندە سەختە، ئەو دروستکراوە مەحاڵە بتوانێ بۆ هەتا هەتایە خۆی ڕاگرێت و بەردەوام بێت. وەک ئەوەی دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە نەتەوەی عێراق دروست بکات و تورکیا و ئێران و زۆر دەوڵەتی تریش، وەک ئەوەی دەوڵەتی عێراق ئەو ئامانجە بهێننە دی .هەر بۆیە د. عرفان وتەنی:
 مۆدێرنیزم لە ڕاوکردنی سروشتدا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و لەو شوێنەدا کە ویستوویەتی ڕاوی سروشت بکات لە شوێنێکی ترەوە سروشت ڕاوی ئەوی کردووە. 
«گەر نەتەوە لە ماددەی یەک خێڵ دروست بکرایە نەک لە مادەی چەند خێڵێک،ئەوە ئاستەنگ لەبەردەم دروستکردنەکەیدا دروست نەدەبوو،بەڵام لەبەرئەوەی بۆ دروستکردنی نەتەوە ماددەیەکی خاو پێویستە کە زیاترە لەو ماددە خاوەی کە سروشت خێڵی لێ دروست کردووە،ئەمە نەتەوەخوازی ناچار دەکات بۆ دروستکردنی نەتەوە،ماددەی نەتەوە لە چەند خێڵێکی  کەلتور جیاواز و زمان جیاواز وەرگرێت،ئەمەش وادەکات لەناو ماددە خاوەکەی نەتەوەدا ئاسەواری ئەو جیاوازییانە بمێنن کە سروشت خێڵەکانی پێ مۆرک کردووە و ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم ئەو یەککەلتوری و یەکزمانییەدا کە نەتەوەخوازی لەو مادەیەدا شێوەگیری دەکات.
کاتێک نەتەوەخوازی دەیەوێت بوونی نەتەوە لە رێگەی تاکە کەلتورێک و تاکە زمانێکەوە لەناو ماددەیەکدا شێوەگیر بکات،رووبەڕووی چەند هێزێکی بەرگریکەری جیاواز دەبێتەوە،ئەو هێزە جیاوازانەش پاشماوەی هەریەک لەو خێڵانەن کە بەو کەلتور و زمانە دەکرێن بە نەتەوە»٤٠١
نووسەر لێرەدا پرسیارێ دەورووژێنێ لەسەر نەتەوە، کە نەتەوەخوازەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا،نەتەوەی دروست  کردووە لە یەک هیولا، یەک خێڵ. لە دیدی نەتەوەخوازانەوە، هێزی عەقڵی کە فرەزمانی و فرە کولتورییە، ئاستەنگە لەبەردەم  پرۆسەی نەتەوەدا. هەر لەم ڕووەوەیە بیرمەندی نەتەوەخواز قسە لەسەر کۆمەڵگای کشتوکاڵی دەکات و بە دوو جۆر دابەشیان دەکات. کۆمەڵگای سروشتییە وەستاوەکان و پەرەسەندووەکان. نووسەر،لەسەر ئەم بابەتە نموونەی لۆژیکدار دەخاتە بەچاو و باس لە دیاردەی «غەریزەی زاڵبوون» دەکات. تا دەگاتە لای چەمکی ئیبن خەلدوون دەمارگیری/ عەسەبیەت.
ـ عەسەبە لە نێوان خێڵە پەرەسەندووەکان و خێڵە وەستاوەکان
«هیچ عەسەبەیەک بەبێ چالاکبوونی ئەم غەریزەی زاڵبوونە دروست نابێت،دروستەی عەسەبە لەگەڵ دروستەی خێڵی بەرایدا بەوە جیاوازە کە زاڵبوون مەرجی پەیوەندییە دروستەییەکانی ناو عەسەبەیە،بەڵام زاڵبوون مەرجی پەیوەندییە دروستەییەکانی ناو خێڵی بەرایی نییە».٤٠٥
 زاڵبوون بە ناوەڕۆک، واتە بوونە خاوەنی دەسەڵات و فەڕمانڕەوایەتی بەسەر خەڵکی دیکەدا. دوای کارابوونی فاکتی زاڵبوون، قەوارەی عەسەبە گەورەتر دەبێت لە خێڵ.چونکە پێکهاتەیەک یاخود زیاتر بە زۆرداری لە خۆیدا دەتوێنێتەوە یان بەخۆیەوە دەلکێنێ.
«کەواتە هیولای دروستبوونی عەسەبە گەورەترە لەو هیولایەی سروشت خێڵەکانی لێدروست دەکات،ئەمەش وا دەکات بەبێ بوونی چەند خێڵێک عەسەبە بوونی نەبێت. کاتێک هێزی زاڵبوونی ناو خێڵێک خۆی لە هیوالای چەند خێڵێکی جیاوازدا بەرجەستە دەکات،بە بوونە خێڵەکییەکەی خۆی تەنها نەفی بوونە خێڵەکییەکەی ئەوان ناکات،لەهەمان کاتدا بە بوونە زمانی و کەلتوورییەکەی خۆیشی نەفی کەلتور و زمانە جیاوازەکانیان دەکات و لەناو زمان و کەلتورەکەی  خۆیدا دەیانکاتەوە بەیەک».٤٠٥  
خێڵە بەراییەکان  بۆ دابینکردنی زیاتری پێداویستییەکانی ژیان و تێر و تەسەلکردنی ئەندامەکانی خۆی، حەزی بە هێزو هەژموون و بە بە دەسەڵاتدارتربوونی تێدا دروست بووە. لە غەریزەی زاڵبوونەوە، زەمینەی بۆ هیوا و ئاواتەکانی خۆی خۆش کردووە. ئیبن خەلدوون دەڵێت:
« خێڵە بەزیوەکان دەبێت زمان و کەلتوری ئاینی خێڵە زاڵەکانی ناو عەسەبە هەڵگرن.پرۆسەی دروستکردنی عەسەبە لە خێڵە سروشتییەکان هەمان پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەکانە،چونکە نەتەوەخوازیش لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەدا کولتور و زمانێک لە کولتور و زمانی کۆمەڵگا ناوچەییەکان بە پرۆسەی بەستانداربووندا دەبات و زاڵی دەکات بەسەر هەموو ئەو کۆمەڵگا ناوچەییانەدا کە نەتەوەکەیان  لێدرووست دەکات»٤٠٥ 
 کاتێک عەسەبەیەک زاڵ دەبێت
ئەمەش دیمەنێکی شەڕ و ململانێی نێوان بە هێز و بێ هێزە. هەڵبەت لەم میانەشدا هەمیشە هێزی براوە، مەرج و داواکارییەکانی خۆی دادەسەپێنێ، بەسەر دۆڕاودا.
« کاتێک عەسەبەیەک زاڵ دەبێت بەسەر خێڵێکدا و خێڵەکە دەهێنیتە ناو خۆیەوە،دروستەی کۆمەڵایەتی ئەو خێڵە تێدەشکێنێ و هەمان دروستەی کۆمەڵایەتی پێدەبەخشێت کە خۆی هەیەتی و بەمەش یەکبوونی ناوەکی خۆی دەپارێزێت.واتە عەسەبە بۆ پاراستنی یەکبوونی ناوەکی خۆی هەر خێڵێکی نوێ بێتە ناوییەوە دەبێت تێکی بشکێنێت و لەناوخۆیدا وەک بەشێک لە خۆی دروستی بکاتەوە و ئەو جیاوازیانەی تیا نەهێڵێت کە لە خۆی جیای دەکەنەوە. ئەم پرۆسەی تێکشکان و دروستکردنەوەیە هەمان ئەو پرۆسەیەیە کە نەتەوەخوازی لەسەر ئەتنیکە جیاوازەکانی ناو سنوووری دەوڵەتەکەی ئەنجامی دەدات و بەهۆیەوە دەیانکات بە بەشێک لە جەستەی نەتەوە».٤١١
ئەم هاوکێشەیە یاسای سەرکەوتن نەخشی کردووە و ئامانجیش لێی گرتنەدەستی دەسەڵاتە،لە لایەن هێزی براوەی زاڵەوە.لە پێناوی سڕینەوەی بەرەی بەرامبەری لاوازدا. بەواتایەکی تر زیادکردنی هۆکارێکە،وەک  هێز و توانایەکی زیاتر بۆ سەر ئەو هێزەی خۆی هەیەتی. لێرەشدا هێزە تازە دەست بەسەرداگیراوەکە، دەبێ لە خودی خۆیدا بتوێتەوە . دەنا سەرکەوتنی بە تەواوی ئەنجام نەداوە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7372
25/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵێوراوانی خه‌ڵاته‌كانی فیفا زه‌ بێسته‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی جام و نازناو دیاریی ده‌كرێن یان ئاستی هونه‌ری؟ 25/9/2017
‌ بارسێلۆنا بۆندی چه‌ند یاریزانێكی نوێ ده‌كاته‌وه‌ 24/9/2017
زانست
‌ پاسێكی كارەبایی ژمارەی پێوانەیی جیهانی تێكشكاند ئایندە بۆ ئۆتۆمبیلی كارەباییە 25/9/2017
‌ وریای سوپەر مەلاریا بن 25/9/2017
‌ دیزاینەرە گەورەكەی ئەپڵ 25/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP