* ئێمه‌ له ‌شاخ بووین، پانزه‌ ساڵ له‌ سه‌نگه‌ر بووین، به‌ڵام دانه‌بڕابوین له‌ هونه‌ر
مه‌لا به‌ختیار: * ئێمه‌ له ‌شاخ بووین، پانزه‌ ساڵ له‌ سه‌نگه‌ر بووین، به‌ڵام دانه‌بڕابوین له‌ هونه‌ر ‌ 3/10/2017
*ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌هاوكاریی‌‌و سپۆنسه‌ری‌ ده‌یان سه‌رمایه‌داری‌ نیتشمانپه‌روه‌ری‌ كوردپه‌روه‌ریی‌ هونه‌رپه‌روه‌ریی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چووه‌
ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ 1/10/2017، له‌ته‌لاری‌ هونه‌ر له‌شاری‌ سلێمانی‌‌و به‌دروشمی‌ كه‌لتورێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان، خولی‌ دووه‌می‌ فێستیڤاڵی‌ فیلمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ ده‌ستیپێكرد. 
له‌ده‌ستپێكیشدا، مه‌لا به‌ختیار، سه‌رۆكی‌ فێستیڤاڵ، وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو پاشان، خه‌ڵاتی‌ «كایا»ی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ی‌ به‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش به‌خشی‌، كه‌ نادر یه‌ڵدرم به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ به‌ڕێزیان وه‌ریگرت.
ئه‌مه‌ی‌ خواره‌وه‌ش، ده‌قی‌ وته‌ی‌ مه‌لا به‌ختیار، سه‌رۆكی‌ فێستیڤاڵی‌ فیلمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سێلمانییه‌:
فێستیڤاڵتان باش...
به‌دڵ، پیرۆزبایی‌ سازدانی‌ دووه‌مین فێستیڤاڵی‌ فیلمی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌‌و كوردستان ده‌كه‌م.
به‌خێرهاتنی‌ گه‌رمی‌ یه‌كه‌یه‌كه‌ی‌ میوانه‌كان ده‌كه‌ن، له‌هه‌رلایه‌كه‌وه‌ هاتوون، له‌گۆی‌ زه‌وی‌، هاتوون بۆ مه‌ڵبه‌ندێك، شارێك، پایته‌ختێك، كه‌ شایه‌نی‌ ئه‌وه‌یه‌، پێی‌ بوترێت پایته‌ختی‌ رووناكبیری‌. ببینن، ئه‌مه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌یه‌تی‌.
جێی‌ خۆیه‌تی‌، رۆژی‌ (26/9) واتا پێنج رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، سینه‌ماكارێكی‌ پابه‌ند به‌كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌‌و به‌دیموكراسی‌، به‌ئازادی‌ به‌شه‌كانی‌ كوردستان، له‌سه‌نگه‌ردا، ئه‌م سینه‌ماكاره‌ شۆڕشگێڕه‌ گیانی‌ به‌ختكرد، ئه‌ویش (مه‌مه‌ند ئاكسۆ)یه‌.
جێی‌ خۆیه‌تی‌ لێره‌ له‌فێستیڤاڵ، سڵاو بۆ كێله‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ بنێرین. كه‌ هه‌م له‌سه‌نگه‌ردا پێشمه‌رگه‌ بوو، هه‌م له‌به‌هره‌دا، سینه‌ماكاری‌ چاره‌نوسی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌یی‌‌و هونه‌ر بوو.
ئاماده‌بوان!
سوپاس بۆ ئه‌و پێشه‌كییه‌، كه‌ به‌نده‌یان به‌ئێوه‌ ناساند، كه‌ له‌خزمه‌تی‌ سازدانی‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا بووم. من له‌یه‌كه‌مین فێستیڤاڵدا وتم: «تازه‌ بناغه‌كه‌ دانرا، به‌ڵێنده‌ده‌م، كه‌ به‌رده‌وام له‌پشتیوانیاندا بم».
له‌ئێستاشه‌وه‌ ده‌ڵێم درۆ مه‌كه‌ن،! یه‌ك فلسی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیمان خه‌رج نه‌كردووه‌، هیچ كه‌سێك درۆ نه‌كات! هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌هاوكاریی‌‌و سپۆنسه‌ری‌ ده‌یان سه‌رمایه‌داری‌ نیتشمانپه‌روه‌ری‌ كوردپه‌روه‌ریی‌ هونه‌رپه‌روه‌ریی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چووه‌!
به‌نده‌، رووم له‌هه‌ر یه‌كێكیان نابێ‌، كه‌ ئیشم ئه‌وه‌بووه‌، نه‌یانوتووه‌ نا..! چونكه‌ وتمان: دووه‌مین فێستیڤاڵ به‌شكۆمه‌ندییه‌ك‌و به‌هره‌مه‌ندییه‌كی‌ تر ده‌سازێ‌. له‌كۆی‌ ده‌وربه‌ری‌ (50) سه‌رمایه‌داری‌ نیشتمانپه‌روه‌ر، ته‌نها یه‌كێكیان كه‌ نامه‌وێ‌ ناوی‌ بهێنم، چروك بوو! ئێستا ده‌زانێ‌ كێیه‌! چروك بوو به‌مانای‌ وشه‌! ئه‌وه‌ی‌ به‌خشی‌، بایی‌ ئه‌وه‌نه‌بوو، كه‌ خۆی‌ له‌شه‌وێكی‌ داوه‌ته‌ تایبه‌ته‌كانی‌ خۆی‌ سه‌رفی‌ ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌، بۆمان به‌جێهێشت. به‌ڵام باقییه‌كه‌ی‌ جێگه‌ی‌ شانازین.
ئاماده‌بوان!
راسته‌ ئێمه‌ سیاسین‌و له‌ناو حزبه‌كه‌شماندا كادری‌ سه‌ركردایه‌تین، كۆنگره‌كه‌ش شه‌ره‌فی‌ پله‌یه‌كی‌ پێداوین، به‌ڵام كاتێك ئه‌ركێكی‌ ئاوا روبه‌ڕومان ده‌بێته‌وه‌، پله‌و پایه‌ ده‌چێته‌ لاوه‌. خزمه‌تی‌ هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، وه‌رزش، رۆشنگه‌ری‌، دوور له‌عه‌قڵی‌ ته‌سكی‌ حزبایه‌تی‌، ئه‌میش ده‌بێ‌ به‌ ئه‌ركێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و دیموكراسی‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌ركانه‌ رانه‌په‌ڕێنین‌و ئێمه‌و مانان له‌خزمه‌تی‌ ئه‌م هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌دا نه‌بین، بێگومان ده‌بین به‌سیاسه‌ییه‌كی‌ وشك‌و برینگ! ئه‌وكاته‌ به‌سیاسه‌تی‌ وشك‌و برینگ، نه‌ك ناتوانین به‌هره‌كان بپشكوێنین‌و كاروانی‌ شارستانی‌ ‌و رۆشنگه‌ریی‌ گه‌شه‌ پێبده‌ین، به‌ڵكو زیانیش ده‌گه‌یه‌نین. هه‌ر خه‌ریكی‌ ته‌كه‌تول‌و فه‌یسبوك بازیی‌‌و شكاندنی‌ ئه‌م‌و ئه‌و ده‌بین، كه‌ ئه‌مانه‌ هیچ نرخێكیان نییه‌. هه‌ناسه‌یه‌كی‌ یه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌م هۆڵه‌، هه‌موو ئه‌و ئاژاوه‌گێڕیی‌‌و قسه‌ نابه‌جێیانه‌ ده‌هێنێ‌، كه‌ به‌ناوی‌ سیاسه‌ته‌وه‌ ده‌یكه‌ن‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌. سیاسه‌ت خه‌لاقییه‌ته‌، مۆڕاڵه‌، پابه‌ندبوونه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌لاقییه‌ت‌و مۆڕاڵی‌ نه‌بێ‌ له‌سیاسه‌تدا، بێگومان بازرگانی‌ سیاسه‌ته‌و ئاماده‌یه‌ بۆ بازرگانی‌ خۆی‌ هه‌موو شتێك بكات، به‌ڵام ئاماده‌نییه‌ بۆ ئه‌م بواره‌ پڕ له‌به‌هره‌و داهێنانه‌، ساتێكی‌ خۆی‌ ببه‌خشێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من كردووه‌مه‌، نه‌ك پێچه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌ت‌و ئه‌ركه‌كانی‌ سیاسه‌ت‌و پله‌وپایه‌كه‌مان نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوی‌ ئه‌ركی‌ به‌دیهێنانی‌ شارستانییه‌تی‌ سیاسه‌ته‌.
له‌كۆتایدا ده‌مه‌وێ‌ ته‌نها سه‌رگوزشته‌یه‌كی‌ دنیای‌ تێگه‌یشتنی‌ ئێمه‌ له‌سیاسه‌ت له‌شاخه‌وه‌ باس بكه‌م.
ئێمه‌ له‌شاخ بووین، پانزه‌ ساڵ له‌سه‌نگه‌ر بووین، به‌ڵام دانه‌بڕابوین له‌هونه‌ر، له‌شاخ شانۆگه‌ریمان هه‌بوو، پێشانگه‌مان هه‌بوو، ناوبه‌ناو كه‌ هونه‌رمه‌نده‌كان ده‌هاتن پێشانگه‌یان ده‌كردوه‌. له‌شاخ تیپی‌ شه‌هید كارزانمان هه‌بوو، گۆرانی‌‌و سروودمان هه‌بوو. ئێستا كه‌له‌پوری‌ سرووده‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستان، موچڕك به‌له‌شدا ده‌هێنن.
له‌شاخ له‌ساڵی‌ (1981) به‌دواوه‌، ڤیدیۆیه‌كیشمان په‌یدا كردوو، جار جار فیلمیشیمان بۆ كادره‌كان لێده‌دا، فیلمی‌ سیاسی‌. 
شه‌وێكیان له‌ماڵی‌ مام جه‌لال ده‌عوه‌ت بووین، فیلمی‌ عومه‌ر موختار ئیشی‌ كرد، فیلمی‌ عومه‌ر موختار، یۆڵ، زێت‌و كۆمه‌ڵی‌ له‌فیلمه‌ سیاسییه‌كانمان هه‌بوو. 
فیلمی‌ عومه‌ر موختار ئیشی‌ كرد‌و هه‌موومان دانیشتبوین، مام جه‌لال هۆڵێكی‌ بچوكی‌ هه‌بوو. عومه‌ر موختار پارتیزان بوو وه‌كو ئێمه‌، فیلمه‌كه‌شی‌ كه‌ ئه‌نتۆنی‌ كوین ته‌مسیلی‌ ده‌كات، فیلمێكی‌ تابڵێی‌ نایابه‌، له‌ گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕه‌كاندا مام جه‌لال زۆر ته‌فاعولی‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ فیلمه‌كه‌. عومه‌ر موختار سه‌ركرده‌ی‌ شۆڕشی‌ مقاوه‌مه‌تی‌ ئیتاڵیای‌ داگیركه‌ر بوو، ئیتاڵیای‌ فاشی‌ بوو، مام جه‌لال-یش رابه‌ری‌ گه‌وره‌مان بوو، له‌شاخ بووین، له‌شه‌ڕدا بووین.
له‌یه‌كێك له‌گرته‌كان، مام جه‌لال ته‌واو چووبووه‌ ناو گرته‌كانی‌ فیلمه‌كه‌وه‌و ببوو به‌ به‌شێك له‌پارتیزانه‌كان‌و له‌شه‌ڕه‌كان.
له‌یه‌كێك له‌شه‌ڕه‌كاندا ئیتاڵییه‌كان هێرش ده‌كه‌ن، پارتیزانه‌كان پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن، له‌پردێك ده‌په‌ڕنه‌وه‌، مام جه‌لال هاواری‌ كرد، وتی‌: ده‌ پرده‌كه‌ بته‌قێننه‌وه‌، ده‌ پرده‌كه‌ بته‌قێننه‌وه‌، خه‌ته‌ره‌. توابۆوه‌ له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی‌ گه‌لی‌ لیبیای‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌. بێگومان ئه‌و پرده‌ كه‌ نه‌ته‌قییه‌وه‌، هه‌ڵه‌یه‌ له‌پارتیزانیدا، كه‌ هێرشی‌ رێكخراوت بۆ دێت، ده‌بێ‌ رێگه‌كانی‌ هێرشی‌ دوژمن ببڕیت. له‌ فیلمه‌كه‌دا ئه‌و پرده‌ نه‌ته‌قێنرایه‌وه‌، بۆیه‌ سوپا چووه‌ ئه‌ودیو پرده‌كه‌و له‌و شه‌ڕه‌دا عومه‌ر موختاری‌ سه‌ركرده‌ی‌ لیبیا بگرن.
یه‌كێتیی‌ هه‌میشه‌ به‌دیدێكی‌ شارستانی‌ سه‌یری‌ دنیامان كردووه‌‌و سینه‌ماو هونه‌ر له‌لامان گرنگ بووه‌، یه‌ك هونه‌رمه‌ند نییه‌، هاتبێته‌ ریزی‌ ئێمه‌، رێزمان نه‌گرتبێت‌و خزمه‌تمان نه‌كردبێت. له‌شاریش هه‌روه‌ها.
ئێستا كه‌ به‌رده‌وامین، ئه‌ركمانه‌. زۆر سوپاس بۆ كۆمپانیای‌ مه‌ستی‌ فیلم، كه‌ ئه‌م شه‌ره‌فه‌یان به‌من به‌خشی‌ وه‌كو مه‌لا به‌ختیار، له‌خزمه‌تیاندا بم‌و ئه‌م جه‌معه‌ی‌ كه‌ ئێستا لێره‌یه‌‌و ئه‌و هه‌موو میوانه‌ ئازیزه‌ی‌ كه‌ لێره‌ن، ده‌یسه‌لمێنێ‌ كه‌ فێستیڤاڵ سه‌ركه‌وتووه‌.
دڵنیاتان ده‌كه‌م، هه‌تا كۆمپانیای‌ مه‌ستی‌ فیلم پێویستی‌ به‌ به‌نده‌ هه‌بێ‌، هه‌ر له‌خزمه‌تیاندام، چاوی‌ هه‌مووتان ماچ ده‌كه‌ین. به‌خێربێن هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ فلیمه‌كانیان ده‌رچووه‌و نمایش ده‌كرێن، بێگومان ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌لیژنه‌ی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌كه‌سی‌ تره‌وه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ فیلمه‌كانیان ده‌رنه‌چووه‌ زۆره‌، كه‌زیاتر له‌نۆ هه‌زار فیلم بۆ فێستیڤاڵ هاتووه‌. فێستیڤاڵیش دوا وێستگه‌ی‌ خزمه‌تی‌ داهێنان‌و نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌ئه‌زمونه‌كان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP