په‌رواز ‌ حه‌مه‌ دۆستان‌ 1/5/2013
گۆرانی‌و مۆسیقا دۆستی به‌وه‌فای مرۆڤایه‌تین‌‌و رۆڵێكی پۆزه‌تیڤیان بینیوه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا. له‌سه‌رده‌می كویلایه‌تیدا، ره‌شپێسته‌كان گۆرانیان وتووه‌و به‌كۆتی قاچ‌و ده‌ستیان ‌مۆسیقایان لێداوه‌. له‌لادییه‌كانی لای خۆماندا، كاتی دروێنه‌ به‌ده‌م گه‌نم دره‌و كردنه‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ گه‌وره‌و بچووك گۆرانییان وتووه‌.
ئاشكرایه‌ ئاسه‌واری توندوتیژی له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ له‌سه‌رمان دیاره‌و به‌گشتی بڕوامان به‌خۆمان كه‌متره‌ كاتێك خۆمان به‌راورد ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ میلله‌تانی تردا. به‌ڵام  ره‌وه‌ندی كورد له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا بۆ جیهانیان سه‌لماندووه‌، كه‌ كورد میلله‌تێكی به‌تواناو زیره‌كه‌. له‌بواری مۆسیقادا گۆرانیبێژی وه‌ك دارینمان هه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ئه‌وروپادا ناسراوه‌، به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری جیهانیشدا. ئه‌وه‌ی راستی بێت هونه‌رمه‌ندانی تورك‌و عه‌ره‌ب له‌ئاستی جیهاندا نه‌ناسراون‌و كه‌سانی ده‌ركه‌وتووی وه‌ك دارینیان تیا نییه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌مساڵ سیدییه‌ نوێكه‌‌ی دارین پێنج جار له‌لیستی یه‌كه‌مدا بووه‌. له‌هه‌مووی گرنگتر كه‌سانی وه‌كو جیم بێنز، جاكی بۆیز، داڤید گامسۆن ئاوازو مۆسیقایان بۆ داناوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان بگریت ناودارێكی ناسراون له‌جیهانی مۆسیقادا.
په‌رواز یه‌كه‌م كورد نییه‌ كه‌ له‌كێبڕكێیه‌كدا به‌شداری كردووه‌، دیلباو و دیدی دوو كچه‌ كوردی ترن كه‌ چه‌ندین ساڵ له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا ناسراو بوون. ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانیبێژو مۆسیقاژه‌نی چاكمان هه‌یه‌،‌ له‌سویدیش كه‌ وڵاتی مۆسیقایه‌ هه‌ر‌ ئه‌وه‌نده‌ گۆرانیبێژو مۆسیقاژه‌نیان هه‌یه‌. زیاده‌ڕۆیی ناكه‌م کە بڵێم ئه‌گه‌ر كورد خاوه‌نی وڵات بوایه‌ ئێستا مۆسیقای كوردی له‌ئاستی مۆسیقای جیهانیدا ده‌بوو. بۆ نموونه‌ كورد، هونه‌رمه‌ندی وه‌كو ئه‌حمه‌د قایه‌و حه‌سه‌ن زیره‌ك، شڤان، دیاری قه‌ره‌داخی، جوان حاجۆ، به‌یتۆجان، رۆژده‌، ئاینوری هه‌یه‌‌. به‌شی هه‌ره‌زۆری مۆسیقاژه‌ن‌و گۆرانیبێژی ناسراوی توركیا كوردن، ئێستاش هه‌ندێ به‌سته‌ی ئه‌حمه‌‌د قایه‌ هه‌یه‌ كه‌ 40 ملیۆن جار له‌ئینته‌رنێتدا سه‌یر كراوه‌‌‌.  
مایه‌ی دڵخۆشییه‌ كچێكی كورد به‌شداری ده‌كات‌ له‌به‌رنامه‌ی ئه‌ره‌ب ئایدلی كه‌ناڵی ئێم بی سی. به‌لامه‌وه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر‌ زۆربه‌مان بانگه‌شه‌كردن بۆ په‌رواز به‌‌ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی دابنێین. له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، سیاسه‌ت‌و هونه‌ر تێكه‌ڵاوی یه‌كتری بوون‌و ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌‌‌په‌رواز ده‌كه‌ن‌و ئه‌وان په‌رواز به‌نوێنه‌ری خۆیان داده‌نێن‌و له‌ئه‌ودا خۆیان ده‌بینن. خه‌ڵكی له‌و بڕوایه‌دان كه‌ راسیزمی عه‌ره‌ب رێگا نادا به‌وه‌ی كه‌ كوردێك كێبڕكێیه‌كه‌ بباته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی كورد پشتگیری له‌په‌رواز ده‌كه‌ن.
پشتگیریكردنی په‌رواز كارێكی باشه‌، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام ‌تا ره‌گه‌زپه‌رستی له‌ئارادا بێت میلله‌تان له‌‌یه‌كتری نزیك نابنه‌وه‌‌. سه‌دان ساڵه‌ هونه‌رمه‌ندانی كوردی باكوور به‌توركی گۆرانییان وتوه‌و ته‌نانه‌ت نه‌شیان وێراوه‌ بڵێن كوردین. خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌د قایه‌ هه‌ركه‌ وتی كوردم، هه‌موو توركی لێ هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌. له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا‌‌ ‌هونه‌رمه‌ندانی كورد بۆیان هه‌یه‌ بڵێن كوردین‌و به‌كوردی گۆرانی بڵێن.    
به‌شداربوونی په‌رواز له‌ئه‌ره‌ب ئایدل، له‌چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌‌ سه‌رنجڕاكێشه‌، كێبڕكێكه‌ له‌ناو میلله‌تێكدا ده‌كرێت كه‌ ئاستی ره‌گه‌زپه‌رستیان له‌ڕاده‌ به‌ده‌ره‌. ئه‌حلام ته‌نها عه‌ره‌ب نییه‌ كه‌ به‌ئاشكرایی راسیسته‌، به‌ڵكو به‌شی هه‌ره‌زۆری عه‌ره‌ب هه‌ر هه‌مان بڕوایان هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌مان پێ ره‌وا نابینن كه‌ له‌كێبڕكێی گۆرانیدا كچێكی كورد ده‌ربچێت. ئه‌مانه‌ بۆ كێبڕكێیه‌ك ئه‌مه‌ بكه‌ن، ئاخۆ هه‌ڵوێستیان‌ چۆن بێت ئه‌گه‌ر رۆژی له‌ڕۆژان كورد دەوڵەت دابمه‌زرێنێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#6558
18/12/2014
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئاریان له‌خولی‌ نایابی‌ سوید یاریی ده‌كات وه‌رزش‌ 17/12/2014
‌ پێشمه‌رگه‌و سلێمانی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن وه‌رزش‌ 17/12/2014
زانست
‌ بۆچی دژه‌ ئاره‌قكردنه‌وه‌ی بێ ئه‌له‌منیۆم به‌كاربێنین؟ که‌شتی نوح‌ 17/12/2014
‌ منداڵبوون به‌بێ ئازار خه‌ونی هه‌موو ژنێكه‌ که‌شتی نوح‌ 17/12/2014
‌ ئه‌م چاوانه‌ چ جۆره‌ ماكیاژێكیان بۆ جوانه‌؟ که‌شتی نوح‌ 17/12/2014

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP