زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی تایه‌ر تۆفیق-ی لایه‌
ئه‌میر قه‌ساب ئه‌و پیاوه‌ی 52 ساڵه‌ پارێزگاریی له‌گۆرانییه‌ كوردییه‌كان ده‌كات زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی تایه‌ر تۆفیق-ی لایه‌ ‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر‌ 23/10/2013
ئه‌و ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵ بوو، كاتێك باوكی ئامێرێكی تۆماركردنی له‌جۆری (گروندیكی ئه‌لمانی TK20) بۆ كڕی، ساڵ ساڵی (1961) بوو، بوونی ئه‌و ئامێره‌و له‌و ته‌مه‌نه‌دا بۆ ئه‌میر به‌س بوو، كه‌ «هۆگری بێت و ئه‌و خولیایه‌شی ئه‌وه‌نده‌ بێت كه‌ بۆ تۆماركردنی گۆرانی و مۆسیقای كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌كاریبهێنێت» له‌وه‌ش خۆشتر بۆ ئه‌و، ئه‌وه‌بوو كه‌ توانی به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی مامۆستا تایه‌ر تۆفیق له‌نێوان ساڵانی (1961-1985)دا تۆمار بكات.

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌سته‌كان
ئه‌و گه‌نجه‌ی كه‌ توانی له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ئامێره‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌یه‌وه‌ توانی به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێزگه‌كانی عیراق تۆمار بكات، ناوی ئه‌میر محه‌مه‌د مسته‌فای كه‌بابچی-یه‌، كاتێكیش لێی ده‌پرسیت (چی هانی دایت كه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌یت و چۆن توانیووته‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و (52) ساڵه‌دا ئه‌و ئه‌رشیفه‌ زۆر له‌لای خۆت بپارێزیت؟) ئه‌و پێت ده‌ڵێت: حه‌زم كردووه‌ وه‌كو هونه‌ر دۆستێك خزمه‌ت به‌هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی بكه‌م «به‌تایبه‌ت به‌هونه‌رمه‌ند مامۆستا تایه‌ر تۆفیق».
ئه‌میر وردتر باسی كاره‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: شه‌ش ساڵ به‌و شێوه‌یه‌ كارم كرد، كه‌ ماڵیشمان چووه‌ هه‌ولێر به‌و پێیه‌ی كه‌ باوكم هاوڕێی ته‌مه‌نی مناڵیی مامۆستا تایه‌ر تۆفیق بوو، ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ تازه‌ بووه‌ له‌نێوانیانداو هه‌لی ئه‌وه‌ش بۆ من ره‌خسا كه‌ به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ ساڵانێكی زۆر  بوو خولیای ده‌نگی بووم تۆمار بكه‌م و له‌گه‌ڵ هه‌موو گۆرانییه‌كانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ئه‌رشیفی خۆمدا دایبنێم.
40 سه‌عات بۆ تایه‌ر تۆفیق
ئه‌میر له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌، توانیووێتی له‌و ماوه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ بوون زیاتر له‌(40) سه‌عات گۆرانی تایبه‌تی ئه‌و گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌ به‌باشترین ئامێری تۆماركردنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تۆمار بكات، ئه‌وه‌ش «به‌شێكی زۆری له‌ماڵی خۆیان بووه‌و به‌شێكیشی گۆرانی ناو ئاهه‌نگه‌كانی بووه‌». 
بۆ زیاتر روونكردنه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی، ئه‌میر ناوی به‌رهه‌مه‌كانی هێناو وتی: ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌ساڵی (1961-1985) تۆمارم كردوون، ئه‌مانه‌ن: 
- ئاهه‌نگێك له‌كۆیه‌، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ له‌(30/6/1961)دا سازكرا به‌سه‌رپه‌رشتی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و ماوه‌ی (120) ده‌قیقه‌ی خایاندووه‌.
- تۆماركردنی كۆمه‌ڵێك شیعری (نالی و وه‌فایی) به‌ناوی (موقه‌ده‌ر گه‌ر نه‌بێ) له‌ماڵی مامۆستا ئیسماعیل حه‌مه‌د قاوه‌چی، له‌(2/4/1967)دا ئه‌وه‌ش ماوه‌ی (90 ده‌قیقه‌)یه‌و به‌بێ موزیك تۆماركراوه‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
- تۆماركردنی كۆمه‌ڵێك شیعری كوردی به‌ناوی (شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ) له‌ماڵی خۆمان له‌(12/5/1967)دا ئه‌وه‌ش (62) ده‌قیقه‌یه‌.
- تۆماركردنی كۆمه‌ڵێك ئاهه‌نگی تایبه‌ت به‌موزیكی مسته‌فا ره‌ئوف واحید مه‌رجان له‌ژێر ناوی (قه‌لبـی من گه‌ر چه‌شنی لاله‌) ئه‌وه‌ له‌(4/1/1971)دا بووه‌و (100)ی ده‌قیقه‌ی خایاندووه‌.
- تۆماركردنی كۆمه‌ڵێك له‌گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی كۆیه‌، له‌ولانه‌ی كه‌ له‌ئاهه‌نگه‌كانی بووك گواستنه‌وه‌و شاییه‌كانی ساڵانی (1940) و به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌وتران ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌(10/3/1972)دا ئاماده‌كراوه‌و ماوه‌كه‌ی (55 ده‌قیقه‌یه‌) به‌ڵام تا ئێستا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
تۆماركرنی كۆمه‌ڵێك له‌شیعره‌ سیاسییه‌كانی مامۆستا هه‌ژار موكریانی له‌(21/5/1972) ئه‌م به‌رهه‌مه‌ یه‌ك سه‌عاته‌و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- تۆماركردنی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێك بۆ مامۆستا عه‌بدوڵڵا په‌شێو و چه‌ند شاعیرێكی تر له‌(28/5/1972)دا كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ له‌خۆده‌گرێت:
1. له‌ده‌ستم دێ كاتژمێری كامه‌رانیت بوه‌ستێنم.
2. چاوه‌كه‌م هه‌ر چه‌ند تۆ بێوه‌فا بووی.
3. ته‌لقین به‌ كوردی.
4. له‌خه‌و راپه‌ڕه‌ (سوێندێكی گه‌وره‌).
- تۆماركردنی (216) له‌چوارینه‌كانی خیام وه‌رگێڕانی مامۆستا شێخ سه‌لام، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سێ به‌شه‌و له‌ماوه‌ی نۆ شه‌ودا تۆمار كراوه‌، له‌نیسانی (1972)دا به‌(190) ده‌قیقه‌، دوایی كۆپییه‌كی دراوه‌ دا به‌(ئامانج غازی) تا موزیكی بۆ دابنێت.
- تۆماركرنی شیعره‌كانی مامۆستا هه‌ژار موكریانی له‌ژێر ناوی (هه‌ژار بۆ كوردستان) له‌(20/6/1972)دا ئه‌م به‌رهه‌مه‌یان (175) ده‌قیقه‌یه‌و هێشتا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- تۆماركردنی (بیست و حه‌وت ساڵه‌ من ره‌نجبه‌ری تۆم) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گۆرانی نیشتمانی بێ موزیك له‌(28/9/1972)دا كه‌ شیعره‌كانیشی له‌شیعری بێكه‌س و سامی عه‌وداڵ و هه‌ژاره‌.
- (گوڵ و خونچه‌ی به‌هارانیش له‌تۆ خنجیله‌تر نابێت) كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكه‌ له‌(25/8/1972)دا تۆمار كراوه‌ كه‌ (60) ده‌قیقه‌یه‌و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- دانشتنێكی تایبه‌ت له‌ماڵی جه‌لیل صحه‌ به‌ناوی (هه‌روه‌كو یوسف هه‌موو عاله‌م كه‌وا مه‌جبورته‌) به‌عودی مامۆستا باكووری به‌ئاماده‌بوونی كاك فه‌وزی ره‌شید نامیق و باوكم له‌(23/12/1973) تۆماركراوه‌.
- (برا زۆر سه‌یره‌ نامناسی من له‌زۆر ده‌مێكه‌ كوردم) بێ موزیك له‌ماڵی خۆمان له‌(7/10/1974) تۆماركراوه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ (50) ده‌قیقه‌یه‌و هێشتا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- (برا زۆر سه‌یره‌ نامناسی من له‌زۆر ده‌مێكه‌ كوردم) به‌موزیكی مامۆستا باكووری له‌(23/12/1974)دا، ئه‌مه‌یان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. 
- دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌چنارۆك، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ موزیكی (مامۆستا سه‌ردار ئه‌حمه‌دو مه‌لا ئه‌نوه‌ر) له‌(20/8/1976)دا نزیكه‌ی دوو سه‌عاته‌و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌. 
له‌قوتابخانه‌كه‌ی حاجی قادره‌وه‌
- تۆماركردنی شیعره‌كانی مامۆستا هێمن له‌وانه‌ (ساقیا وا باده‌وه‌) (45) ده‌قیقه‌یه‌و به‌دوو نوسخه‌ تۆماركراوه‌، ئه‌و نوسخه‌یه‌ی من بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- تۆماركردنی ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت له‌سه‌ڵڵاحه‌دین، له‌گه‌ڵ باوكم و هاوڕێكانی له‌(12/10/1976)دا.
- ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت له‌قه‌ڵادزێ له‌ماڵی مه‌لا خدر له‌(26/7/1982) زیاتر له‌سه‌عاتێكه‌و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- ئاهه‌نگیكی بووك گواستنه‌وه‌ی ئازاد كه‌ریم كیشكه‌ له‌ساڵی (1971) به‌موزیكی كاك سه‌ردارو هاوڕێكانی.
- تۆماركردنی ئاهه‌نگیكی تایبه‌تی (75) ده‌قیقه‌ی به‌كه‌مانی د. ره‌وه‌ند ئیسماعیل له‌(3/2/1973) بۆ یادی (22)ی ساڵی كۆیه‌.
- تۆماركردنی ئاهه‌نگێك له‌ماڵی فه‌تاحی حاجی مه‌لا، تایه‌ر تۆفیق و حه‌مه‌ئه‌مین عه‌باس (بڵاونه‌كراوه‌).
- تۆماركردنی چه‌نده‌ها گۆرانی و ئاهه‌نگی تری تایبه‌ت و خێزانی كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌بوون.
ئه‌میر له‌دوای خستنه‌ڕووی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ هاته‌ سه‌ر باسی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مامۆستا تایه‌ر تۆفیق و هونه‌رمه‌نده‌كانی تر وتی:
- تۆماركردنی ئاهه‌نگی جووتیاران له‌هۆڵی گه‌ل (20/9/1969) بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.
- ئاهه‌نگی هۆڵی گه‌ل له‌(21/3/1971) به‌ناوی (سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌ كورده‌ غیره‌تێ) به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌.
- ئاهه‌نگی یادی حاجی قادری كۆیی به‌سه‌رپه‌رشتی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ی حاجی قادر له‌كۆیه‌ به‌ئاماده‌بوونی گشت هونه‌رمه‌ندان و تیپی مۆسیقای باواجی له‌(29/6/1971)دا. 
ئاهه‌نگی دامه‌زراندنی په‌یكه‌ری حاجی قادر به‌ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی شاعیرانی كورد له‌(3/11/1973) له‌شاری كۆیه‌ له‌گۆڕه‌پانی حاجی قادری كۆیی.
- تۆماركردنی چه‌نده‌ها دانیشتنی تایبه‌ت له‌هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵڵاحه‌دین، كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا تایه‌ر تۆفیق و مامۆستا حه‌وێز وه‌هاب و محه‌مه‌د كه‌بابچی و عه‌بدوڵڵا كه‌بابچی و عه‌دنان جه‌مال و جیهانبه‌خشی برام و ئیسماعیل حه‌مه‌د له‌سه‌ر كاسێت و ئامێری تۆماركردنن.
- تۆماركردنی كۆڕێك له‌هۆلی میدیای هه‌ولێر، بۆ رێزلێنان له‌مامۆستا تایه‌ر تۆفیق پێش مردنی، به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا مه‌حمود زامدارو جیهانبه‌خش محه‌مه‌د كه‌بابچی و تیپی موزیكی هه‌ولێر له‌(27/7/1987)دا، له‌پاش مردنیشی تۆماركردنی مه‌راسیمی چله‌ی خوالێخۆشبوو، هه‌ر له‌هه‌مان هۆڵدا له‌(30/11/1987)دا تۆماركراوه‌. 
- تۆماركردنی ئاهه‌نگێكی تایبه‌ت له‌چۆمان له‌(21/3/1973) گۆرانییه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بین و بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌. 
ئه‌رشیفێكی كوردی
ئه‌و وتیشی: له‌ماوه‌ی (24) ساڵی رابردوودا له‌هه‌موو رادیۆو كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر یادی مامۆستا تایه‌ر تۆفیق كرابێت من لای خۆم له‌ڕێگای ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ تۆمارم كردووه‌و پاراستووه‌ له‌ئه‌رشیفه‌كه‌ی خۆمدا. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌ له‌بۆنه‌ نیشتمانییه‌كان كراوه‌، وه‌كو ئاهه‌نگی كۆیه‌ 1961، ئاهه‌نگی هۆڵی گه‌لی هه‌ولێر 1959، ئاهه‌نگی هۆڵی خلدی به‌غدا 1963، ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر 1967، ئاهه‌نگی گۆڕه‌پانی یاری هه‌ولێر 1977، ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیدره‌ كه‌چه‌ڵ و فوئاد ئه‌حمه‌دو ته‌حسین ته‌ها 1977، ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ره‌سول گه‌ردی و ئایشه‌شان 1977، ئاهه‌نگی گه‌ڵاڵه‌ی (25/9/1968) له‌گه‌ڵ مه‌حمود ئاغای كاكه‌ زیادی كۆیی و ده‌یان ئاهه‌نگی تر كه‌ له‌شوێنه‌ گشتیی و تایبه‌تییه‌كان كراون و تایبه‌ت بوون به‌ تایه‌ر تۆفیق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ لای من پارێزراون و هێشتا بڵاوم نه‌كردوونه‌ته‌وه‌و به‌نیازم هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سیدییه‌كدا كۆبكه‌مه‌وه‌ بۆ چاپ كردن.
هه‌ر به‌وته‌ی خۆی، ئه‌میر توانیوێتی له‌ساڵانی (1974-1975)دا هه‌موو گۆرانییه‌كانی مامۆستا تایه‌ر تۆفیق له‌ئێزگه‌ی هه‌ولێر وه‌ربگرێت، جیهانی براشی به‌هه‌مانشێوه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆری گۆرانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ی له‌ئێزگه‌ی به‌غداوه‌ هێناوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت: له‌و چه‌ند گۆرانییه‌ نیشتمانییه‌ی كه‌ مامۆستا تایه‌ر تۆفیق وتوونی و له‌شیعری شاعیران هێمن و هه‌ژارو مه‌جید ئاسنگه‌رو سامی عه‌وداڵ و زێوه‌رو دڵزارن، ئه‌و به‌شێكی زۆری به‌تایبه‌ت تۆمار كردووه‌و له‌بارودۆخێكی وادا پاراستوونی كه‌ زۆر سه‌خت بووه‌. باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ زۆر به‌رهه‌می كوردی ناودارانی پاراستووه‌ له‌هه‌موو بارودۆخه‌كانداو به‌و هۆیه‌وه‌ ئێستا ئه‌رشیفێكی كوردی به‌كه‌ڵك و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ «له‌وانه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت ئێستا له‌ئێزگه‌ی كوردی به‌غداش نه‌ماون». 
له‌ناو ئه‌وانه‌شدا توانیوێتی له‌ڕێگای سه‌نته‌ری ئارۆ-وه‌ ئه‌لبومێك دروست بكات بۆ هونه‌رمه‌ند تایه‌ر تۆفیق، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ له‌(13) سی دی پێكهاتووه‌و (7)یان له‌وانه‌ كه‌ خۆی تۆماری كردوون (6)ه‌كه‌ی تریشیان گۆرانییه‌كانی ئێزگه‌ی به‌غدان، كه‌ له‌ئه‌رشیفی خۆی جیهانی برایدا پارێزرابوون، ئه‌مه‌یان خۆی وته‌نی بۆ «خاڵه‌ تایه‌ره‌» جگه‌ له‌وه‌ش توانیووێتی (10) سی دی تریش بڵاوبكاته‌وه‌. ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ تایبه‌ته‌كانیشی ئه‌میر وتی: خوا یار بێت له‌هه‌موو یادكردنه‌وه‌یه‌كیدا، ساڵانه‌ كاسێتێكی نه‌بیستراو بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌.
له‌كۆتایشدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسی كردوون مافی تۆماركردن و پاراستنی بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و مافی كه‌سێكی تری پێوه‌ نییه‌، ته‌نها هه‌ندێكیان نه‌بێت كه‌ كاكه‌ جیهانی برای هاوكاریی كردووه‌ «به‌پێچه‌وانه‌ هه‌ر كه‌سێك بڵێت من تومارم كردووه‌ راست نییه‌».
گله‌ییه‌كانی ئه‌میر
ئه‌میر كه‌بابچی، دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی كه‌  هه‌موو گۆرانییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئێزگه‌ی به‌غدای هه‌یه‌و توانیوێتی له‌سه‌ره‌تای ساڵی شه‌سته‌كانه‌وه‌ تا ئێستا به‌باشی پارێزگارییان لێبكات، وێڕای ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌ش توانیوێتی زۆرینه‌ی گۆرانییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی ساڵه‌كانی (1980-1986)ی ته‌له‌فزیۆنی كوردی كه‌ركوك تومار بكات و به‌شێكی زۆریشی له‌سه‌ر تۆڕی (youtube) به‌ناوی (amir kababchi channel) داناوه‌ له‌گه‌ڵ (120) مه‌قام و گۆرانی تایه‌ر تۆفیق كه‌ «هه‌مووی به‌ده‌ست و په‌نجه‌كانی كاكه‌ سه‌نگه‌ری هونه‌رمه‌ندی كوڕی دانراوه‌».
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌میر ده‌ستخۆشی له‌هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر به‌موزیك بێت یان به‌شیعرو كۆڕو فێستیڤاڵ و تۆماركردنی گۆرانی، یادی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ بكه‌نه‌وه‌، یان له‌ئه‌رشیفی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ به‌رهه‌مێكی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام گله‌یی ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ «له‌هه‌موو یادكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ییه‌كانی مامۆستای نه‌مر تایه‌ر تۆفیق-دا وه‌كو پێویست باسی ئه‌و خزمه‌ته‌ی ئه‌و نه‌كراوه‌و زۆر به‌كه‌می ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساكار ناوی هاتووه‌». 
رێزو خۆشه‌ویستی بۆ هه‌مووان
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش كه‌ بۆچی تا ئێستا هه‌وڵی نه‌داوه‌ ئه‌و گله‌ییه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ئه‌و ده‌ڵێت: زۆر داوام له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ هه‌موو گۆرانییه‌ ره‌سه‌نه‌ كوردییه‌كان، به‌تایبه‌تی گۆرانییه‌كانی مامۆستا تایه‌ر تۆفیق-م له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت بۆ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی كه‌ هه‌تا دنیا دنیایه‌ بمینێته‌وه‌و رۆڵه‌و نه‌وه‌كانی داهاتوو بزانن ئه‌وانه‌ كێ بوون و چییان بۆ هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی كردووه‌ «به‌داخه‌وه‌ هیچیان بۆ نه‌كردم،  بۆیه‌ ناچاربووم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم ئه‌و كاره‌ بكه‌م»، «ماوه‌ی (8) ساڵیش ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم له‌ساڵیادی خاڵه‌ تایه‌ردا (3000) سی دی به‌سه‌ر خه‌ڵك و هه‌وادارانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌دا دابه‌شده‌كه‌م» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شانازی پێوه‌ ناكه‌م و ئه‌وه‌ به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم ده‌زانم به‌رامبه‌ر به‌ڕۆحی پاكی خاڵه‌ تایه‌ر، خوای گه‌وره‌ش یارو یاوه‌ر بێت تا ته‌مه‌ن بمێنێت، به‌رده‌وام ده‌بم له‌و خزمه‌ته‌م، به‌رامبه‌ر به‌و هونه‌رمه‌نده‌ كورد په‌روه‌رو نیشتمان په‌روه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردو كوردستان بوو، به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی گیانی كوردایه‌تی و خه‌باتی جۆش ده‌دا، كه‌ كه‌س نه‌یده‌وێرا ناوی بهێنێت.
دوا قسه‌ی ئه‌میر كه‌بابچی ئه‌وه‌ بوو، كه‌  رێزو خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو هه‌وادارانی گۆرانی و موسیقای ره‌سه‌نی كوردی هه‌یه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#6445
1/8/2014
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ریاڵ و میلان هیچ هیوایه‌كیان نییه‌ 31/7/2014
‌ كۆستێكی ناواده‌ ئیسماعیل مه‌حمود‌ 31/7/2014
زانست
‌ هەڵەكانی دایك و باوك لە پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا 26/7/2014
‌ پلازما چییەو بۆچی باشە؟ 23/7/2014
‌ ژەنگ چییە؟ 23/7/2014

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP