پارێزگار بۆ وه‌لام ناداته‌وه؟
جه‌مال ئارێز
5/4/2010
پاش ئه‌و هه‌موو بێنه‌و به‌رده‌یه‌ی ماوه‌ی رابردوو كه‌ئیدیعا ده‌كرا، سلێمانی پشتگوێخراوه‌و بۆته گوند، تێگه‌یشتین هێنده‌ی كێشه‌كه سیاسی بوو، هێنده ئیداری و ئابووری نه‌بوو و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌بودجه‌وه نه‌بوو، بۆیه نامانه‌وێت جارێكی دیكه لێره‌دا باسی هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پشت ئه‌و ئیفلیجییه‌ی داموده‌زگا كارگێڕییه‌كانی ئه‌و سنووره بكه‌ین، چونكه ده‌مانباته‌وه بۆ ئاراسته‌یه‌كی دیكه، به‌لام ئه‌وه‌ی ئێستا تێیناگه‌ین و به‌شوێن وه‌لامه‌كه‌یدا وێڵین ئه‌و سست بوون و به‌سته‌ڵه‌كه‌یه كه‌ڕووی له‌پرۆژه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه، له‌وه‌ش زیاتر وێڵبوونمانه به‌شوێن بیستنی ده‌نگی لێپرسراوی یه‌كه‌می یه‌كه‌ی ئیداریی ئه‌و پارێزگایه‌دا، چونكه وا زیاتر له‌دوو مانگه پارێزگاری نوێ ده‌ستبه‌كاربووه‌و لێره‌و له‌وێ ئیدیعای ئه‌وه ده‌كرێت كه جه‌نابیان له‌پشت بڕیاری وه‌ستاندنی سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ن، دوور نییه پاساوو هه‌نجه‌ته‌كه‌ی مه‌عقول بێت، به‌لام كه‌ئه‌و ئاماده نه‌بێت وه‌لامی رۆژنامه‌نووسان و به‌دواداچوونه‌كانیان بداته‌وه، ئه‌وا دوورنییه رۆژنامه‌نووسان و هاوولاتیانیش جۆره‌ها به‌یت و بالۆره‌ی بۆ نه‌هۆننه‌وه. دیارترین پرۆژه كه كوردستانی نوێ وێڵه به‌شوێنیدا پرۆژه‌ی ئه‌نده‌ر پاسی سه‌هۆڵه‌كه‌یه كه‌وێڕای ئه‌وه‌ی بڕیاربوو رۆژی 6/11/2009 ته‌واو بكرێت، به‌لام مانگێكی دیكه‌شی به‌بێ غه‌رامه بۆ نوێكرایه‌وه، واته تا 6/12/2009هه‌ر ته‌واو نه‌بوو، ئێستا وا 4 مانگیش له‌و واده درێژكراوه‌یه لایدا، ده‌مانه‌وێت بزانین بۆچی ئه‌و ئه‌نده‌ر پاسه ناكرێته‌وه؟ له‌كاتێكدا چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو پارێزگاوه دزه‌یان به‌هه‌واڵێك كردووه كه‌گوایه به‌بڕیاری پارێزگار كردنه‌وه‌ی دواخراوه، ئه‌ی جه‌نابی پارێزگار چی ده‌ڵێت؟
|
|
|
|
|
|
|
|
|