هه‌وڵدان بۆ هێنان و دروستكردنی كارگه‌ی فڕۆكه له كوردستاندا
ئازاد ئیبراهیم شاڵی
13/7/2010
وه‌كو ئێمه ده‌زانین ولاتانی(په‌یمانی وارشۆی) پێشوو زۆر پڕچه‌ك و ته‌قه‌مه‌نین، كارگه‌ی زۆری دروستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كارگه‌ی دروستكردنی فڕۆكه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه‌و ئێمه وه‌كو هه‌رێمێكی تازه دروستبوو له‌ناوچه‌كه‌داو له‌م كاته‌دا پێویستمان به‌چه‌ند جۆرێك (فڕۆكه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر) هه‌یه بۆكاروباری ئاگركوژێنه‌وه، ئاوڕشێنی كشتوكاڵی، فریاكه‌وتنی ئاسمانی، ئاسایشی ناوخۆیی، چاودێریكردن، چاودێریی پاسه‌وانی سنوور، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی هاتوچۆی ناوخۆ‌و یان بۆ فێربوونی گه‌نجان بۆ زانستی فڕۆكه‌وانیی، بۆیه ئێمه ده‌بێت به‌هۆشیاریی و چالاكی دیپلۆماسی خۆمان بگه‌یه‌نینه ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌له‌و ولاتانه‌ن بۆ ئه‌مكاره‌و ده‌بێت كاری جددى و به‌وردییه‌وه بۆ بكه‌ین له‌به‌رچی؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر له‌و ولاتانه‌ی په‌یمانی وارشۆ، چوونه‌ته ناو په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی، ده‌بێت ئه‌وجۆره چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی كه‌هه‌یه‌و هه‌روه‌ها ئه‌وجۆره فڕۆكانه‌ی كه‌هه‌یه ناگونجێت له‌گه‌ڵ ستراتیژی هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌سیی و ده‌بێت بگۆڕدرێت. ئه‌وه‌ى گرنگه كه‌ئێمه بیرى لێبكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه كه‌چۆن خۆمان ئاماده‌ده‌كه‌ین بۆ ئه‌مكاره‌و دوای ئه‌وه‌ی گڵۆپی سه‌وز وه‌رده‌گرین له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره سیاسییه‌كان و هه‌ر ئه‌وان ده‌توانن ئه‌م كاره بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وان ده‌توانن بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ئه‌مكاره دابینبكه‌ن. بۆیه پێویسته كارمه‌ندانى ته‌كنیكی لای خۆمان هه‌ستن به‌دانانی یه‌كه‌م خشتی ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ر له‌فڕۆكه‌وان، ئه‌ندازیاری فڕۆكه، لۆجستیكی فڕۆكه ئه‌م ته‌كنیككارانه ده‌توانن پێش هه‌موو شتێك راوبۆچوونی خۆیان بده‌ن به‌به‌رپرسان و ئه‌وان ده‌توانن ته‌رازووی ئه‌م كاره بكه‌ن ئایا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، یاخود نا؟ ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت له‌لای خۆمان چه‌ندین په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌یه‌و زۆر به‌شی تێدایه، ده‌توانین ده‌رچووی ئه‌م په‌یمانگایانه به‌شێوه‌یه‌ك ئاراسته‌بكه‌ین كه‌فێری جۆره‌ها كاری ته‌كنیكی ببن، به‌دیوێكی تریشدا دیارده‌ی بێ كاری ناهێڵیت، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م ته‌كنیككارانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو ئاراسته‌بكرێن بۆ فێربوون و كاركردن له‌ناو كارگه‌یه‌كی فڕۆكه دروستكردندا، هه‌م فێری بواری زانستی فڕۆكه‌وانیی ده‌بن هه‌ر له‌به‌ستنی فڕۆكه‌و... هه‌م چاودێرێكی وردبین و هۆشیاریان لێ ده‌رده‌چێت بۆئه‌وه‌ی ته‌كنیكی فڕۆكه‌وانییان له‌لا نامۆنه‌بێت. به‌هۆی ئه‌م كاره‌وه ئێمه ده‌توانین ناوه‌ڕۆكی په‌یمانگایه‌كی فڕۆكه‌وانی له‌كوردستاندا بكه‌ینه‌وه‌و زۆر كێشه‌مان نابێت و هه‌روه‌ها ده‌توانین چه‌نده‌ها گه‌نج له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دوورخه‌ینه‌وه‌و بیانخه‌ینه ناو كاره‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره بخه‌ینه‌ناو ته‌رازوویه‌كى پته‌وه‌وه زۆر شتی ترده‌به‌ینه‌وه‌و روونیده‌كه‌ینه‌وه بۆ دۆست و دوژمن، ئێمه له‌ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژین كه‌وا ئارامه‌و هه‌ست به‌پێشكه‌وتن ده‌كه‌ین و میلله‌تێكین حه‌زده‌كه‌ین به‌شه‌قامی زانست‌دا بڕۆین. هه‌روه‌ها ئه‌مكاره ده‌بێت به‌هۆكارێك بۆ پاڵپێوه‌نانی هه‌ندێك كۆمپانیا بۆ هه‌رێم بۆئه‌وه‌ی كارگه‌ی خۆیان بهێنن به‌تایبه‌تی كارگه‌ی به‌ستنی ئۆتۆمۆبێل و به‌ستنی هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی كشتوكاڵیی وه‌كو تراكتۆر‌و ده‌ڕاسه‌و هه‌ندێك شتی دیكه. دواوته‌م ئه‌وه‌یه هه‌موو لایه‌ك بیر له‌م كاره بكه‌نه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی زانستیی و دوور له‌ڕاوبۆچوونی تاكلایه‌نه‌و ئێمه هه‌موو به‌یه‌ك تیم كاربكه‌ین و یه‌ك گوڵ ئاوده‌ده‌ین و پشت به‌یه‌زدان بۆنی ئه‌م گوڵه به‌ناو هه‌موو كوردستاندا بلاوده‌بێته‌وه. عه‌میدی لۆجستیكی فڕۆكه‌وانی
|
|
|
|
|
|
|
|
|