یەکگرتوویی کوردو ڤیتۆکەی سەرۆک تاڵەبانی پیـلانەکەی ٢٢ی تەمووزی لەگۆڕ نا
ھەواڵ و سیاسەت
22/7/2010
لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە ١٥/٧/٢٠٠٨ سەبارەت بەھەڵوێستی خۆی بەرامبەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و و قەزاو ناحییەکان، بەیاننامەیەکی دەرکردو لەچەند خاڵێکیدا ھاتووە: لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان پشتیوانی لەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ئەنجومەنەکانی قەزاو ناحیەکانی دەکات وەک ھەموو پارێزگاکانی ترو ئەوە رەتدەکاتەوە کە پارێزگای کەرکوک دۆخێکی تایبەتیی بدرێتێ. ھاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردندایە بۆ گشت پارێزگاکان و قەزاو ناحییەکان بەپێی یەک یاسا کەئەنجومەنی نوێنەران دایبنێت، لەو رووەشەوە پشتیوانیی ئەو پڕۆژەیە دەکات کە ئەنجومەنی وەزیران خستویەتییە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، ھەروەھا ھاوپەیمانیی کوردستان پێشتر دەنگی بۆ یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨داوە کە بەیاسای ((ئەو پارێزگایانەی لەھەرێمێکدا خۆیان رێکنەخستووە)) ناسراوە بەماددەی ٥٤یشەوە کە دووپاتی دەکاتەوە ھەڵبژاردنی ناوبراو لەوادەیەکدا کە لە ١/١٠/٢٠٠٨ نەترازێت ئەنجام بدرێت. دەکرێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی پارێزگای کەرکوک و قەزاو ناحییەکانی دوابخرێت، تاوەکو کۆتایی بەیەکێک لەم رێوشوێنانەی خوارەوە دەھێنرێت: یەکەم، تەواوکردنی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لەعیراق. دووەم، تەواوکردنی پێویستییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠. سێیەم، ھەوڵەکانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پارێزگای کەرکوکەوە بگاتە چارەسەرێکی ئەوتۆ کە لەڕووی یاساییەوە گشت لایەنەکان قبوڵیان بێت. ھاوپەیمانیی کوردستان بەتەواوەتی بەرھەڵستیی ماددەی ٢٤ دەکات کە خزێنراوەتە نێو پڕۆژەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوەو دۆخێکی تایبەت بەکەرکوک دەدات، ھاوپەیمانی کوردستان وایدەبینێت کە بەخشینی دۆخێکی تایبەت بەپارێزگای کەرکوک وەک ئەوەی لەماددەی ٢٤دا ھەیە پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆئەوەی داوای ھەمان رێوشوێن بکرێت لەپارێزگاکانی موسڵ و دیالەو سەڵاحەدین، ھەروەھا لەبەیاننامەکەدا ھاتووە: دواجار دووپاتی دەکەینەوە کە ھاوپەیمانیی کوردستان ئامادەیە تا دوورترین خاڵ بەپێی توانا بڕوات بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپەکان و گەیشتن بەچارەسەری تەوافوقی ئەوتۆ کە لەگەڵ بڕگەکانی دەستووردا ناکۆک نەبێت و ھەڕەشە لەپێودانگەکانی دیموکراسی و ھەڵبژاردن لەوڵاتدا نەکات، ئەویش لەپێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن نەک تەنیا لەکەرکوک بەڵکو لەگشت پارێزگاکانی دیکەدا. بێ بەڵێنی رۆژی ٢٢/٧/٢٠٠٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەر لەرێککەوتنی پێشوەختی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ لیستی ئیئتیلافی ئەوکاتە بەھۆی بێ بەڵێنیی حزبی ئیسلامیی عیراق، یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەپێچەوانەی ئەوەی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان و یەکگرتوو دەیانویست بەتایبەتی لەسەر شاری کەرکوک، بەکۆی ١٢٧ دەنگ پەسەندکرا، مەحمود مەشھەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەوکاتە بەشێوەی دەنگدانی نھێنی پرۆسەیەکی ئەنجامدا کەپرۆسەکە پێشیڵکردنی بنەماکانی دەستووری عیراقە، ھەروەھا لەکاتێکدا دەتوانرێت دەنگدانی نھێنی ئەنجامبدرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەمان و جێگرەکانی، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدانی پارێزگاکانی خستە دەنگدانی نھێنییەوە، ئەوەش بووەھۆی نیگەرانی لای عیراقییەکان و بەتایبەتی لای خەڵکی کەرکوک. رەخنەو ناڕەزایی بۆ پشتگیریکردن لەھەڵوێستەکەی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان سەبارەت بەھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایەتیش لەکەرکوک، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رزگار عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رەخنەی لەلایەنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گرت و رایگەیاند کە کەرکوکییەکان کەبەھیچ شێوازێکی نامۆی ھەڵبژاردن رازی نابن وەک ئەوەی کە باس لەدابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن بەپێی رێژە. دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی کەرکوک کە ھەندێک لایەن داوای دەکەن، جێی قبوڵ نییە، ھاوکات بۆ ئەو مەبەستەش گەلی تورکمان و پارتی گەلی تورکمانیش پشتگیریی تەواو لەھەڵوێستی لیستی ھاوپەیمانی دەکەن، چونکە ئەو ئەجێندا تایبەتەی پێشکەش کرابوو، پێچەوانەی خواستی خەڵکی کەرکوکەو رێگەش بەپەرلەمانی عیراق و ھیچ لایەنێکی دیکەی عیراق نادەین دەستوور و سەروەریی خەڵکی کەرکوک پێشێل بکات. لەساڵی ٢٠٠٥ حکومەتی عیراق پابەندبوونی خۆی جێبەجێ نەکرد بەرامبەر مادەی ٥٨، کەرکوکییەکان رازی نەبوون بەدابەشکردنی کورسییەکان بەشێوەی رێژەیی، ھەروەھا دابەشکردنی کورسییەکان بەرێژەی ٣٢% بۆ ھەرسێ نەتەوە باسدەکەن و ٤% بۆ کلدۆئاشوری و ئەوانی تر کە ئەوە لەقاڵبدانی نەتەوەکانی کەرکوکەو کارێکی ناسایی و نادەستورییە، کەرکوک لەگەڵ سیاسەتی تەوافوقدایە بەڵام دابەشکردنی کورسیەکان بەپێی رێژە ھیچ واتایەک بۆ ھەڵبژاردن ناھێڵێتەوە. وەڵامی ھاوپەیمانیی کوردستان ھەروەھا لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان وەڵامی پێشنیازەکەی لیستی ئیئتیلافی دایەوە لەبارەی دواخستنی ھەڵبژاردن لەکەرکوک کە بەشێوەیەک گۆڕانکاری لەھەندێک خاڵیدا کراوە کە لەگەڵ بنەماکانی دەستورو پرۆژە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بگونجێت. ھاوکات لەکۆبونەوەیەکی چوار قۆڵیدا لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان رەخنەی توندی ئاراستەی حزبی دەعوەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی گرت سەبارەت بەھەڵوێستیان لەکۆبونەوەکەی ١٥/٧ی ئەنجومەنی نوێنەران کە لەگەڵ بنەماکانی رێککەوتننامە چوار قۆڵییەکەدا ناگونجێت. ھەروەھا لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا چەند لایەنێک ھەبوون دەیانەویست مەسەلەی ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق بکەنە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایانەی ھەیانبوو لەدژی کورد بەتایبەتی لەبارەی کەرکوکەوە. ھەڵوێستی کوتلە کوردستانییەکان کێشەی ھەڵبژاردن لەکەرکوک و ھاتنە دەرەوەی ھەردوو لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەدانیشتنی ٢٢ی تەممووزدا کۆمەڵێک مەسەلەی لەئاستی رەسمی و جەماوەریدا خوڵقاند کە مەسەلەی ھەڵبژادرنی کەرکوک بەر لەھەموو شێتک پەیوەندیی و ھاوپەیمانییەکانی کوردو ھاوپەیمانی شیعەو سوننە عیراقییەکانی بەشێوەیەکی جدی بردە ژێر پرسیارەوە، ھەر لەوباریەوە ھاوپەیمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و لیستی ئیئتیلاف گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ دۆزینەوەو چارەسەکردنی پرۆژە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەوە کە بەتەنیا ھەڵبژاردن لەکەرکوک و قەزاو ناحییەکان دوابخرێت بۆ کاتێکی ترو لەو ماوەیەشدا لیژنەیەک پێکبھێنرێت و راسپاردە بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ئەو لایەنانەدا کراوە، لیژنەیەک پێکھێنرا بەناوی لیژنەی ماددەی ٢٣ کە نوێنەرانی کوردو عەرەب و تورکمان و کلدۆئاشوورو نوێنەری فراکسیۆنە گەورەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تیایدا لێکۆلینەوەو بەدوادەچوون بکەن بۆ رێژەی پۆستە ئیداریەکانی شارەکەو تۆماری دەنگدارانیش بەسەر بکەنەوە، پرۆسەی ھەڵبژاردن لەکەرکوک بەھەمان یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبێت، لەو ماوەیەشدا ئەنجومەنی کەرکوک ھەموو دەسەڵاتێکی خۆی دەبێت، ئەوانەش کە رێککەوتن لەگەڵ ھاوپەیمانیی کوردستان بریتی بوون لەئەنجومەنی باڵاو حزبی دەعوە بەھەدروو باڵەکەیەوەو بەدرو بێلایەنەکان و ھەرسێ ئەندامی تورکمانی عەباس بەیاتی و فریاد تۆزلی و محەمەد بەیاتی، ھاوکات ھەریەک لەبەرەی تورکانی و حزبی فەزیلە دژی ئەو پێشنیازە وەستانەوە. دەربڕینی نیگەرانی بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوو سەرۆک تاڵەبانی و بارزانی بەتەلەفۆن رووداوەکانی ناو ھۆڵی پەرلەمانی رۆژی ٢٢/٧/٢٠٠٨ لەبارەی دەنگدانی نایاسایی لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان تاوتوێکرد، وتەبێژی رەسمی سەرۆکایەتیی ھەرێم ئەوەی خستەڕوو کە پابەند نەبوونی ھەرێمی کوردستان بەئەنجامەکانی ئەم پرۆسە نادەستوورییە رادەگەیەنین و بەتوندی نیگەرانیی خۆمان لەو شێوازانە دەردەبڕین کە ئەو پرۆسەیە وەکو کودەتایەک بوو لەدەستووری عیراق و تەواو خۆلادان بوو لەتەوافوق، ھەروەھا داوا لەھەموو پارت و لایەن و کەسایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا کە یەکدەنگ و یەکڕیز بن بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە ترسانەکەو لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانیش یادداشتی ناڕەزایی ئاڕاستەی ھەریەک لەسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نونێەرانی عیراق و دادگای باڵای فیدراڵی کرد، لەبەرامبەر ئەو میکانیزمە نادەستووری و نایاساییەی کەیاساکەی پێ پەسەندکرا. لەئاشکراییەوە گۆڕدرا بۆ نھێنی عارف تەیفور جێگری خولی پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد کە مەحمود مەشھەدانی سەرۆکی ئەنجومەن داوایکرد دەنگدان لەسەر ماددەی ٢٤ی یاساکە بەنھێنی بێت، ئەوەبوو قسەکەی ھاتەدی. ھەروەھا ئەو لایەنانەش کەڕێککەوتبوون لەگەڵ ھاوپەیمانیی کوردستان بەڵێنەکەیان نەبردەسەرو شێخ خالید عەتیەش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکاتە، رەخنەی لەپڕۆسەی دەنگدان گرت و وتی: بەم دەنگدانە نھێنییە شکستمان بەھەڵبژاردنەکانی عیراق ھێنا. ھەروەھا دوو ئەندام لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەوە رازی نەبوون کە دەنگدان بەشێوەیەکی نھێنی ئەنجام بدرێت، بەڵام دەنگدان بەشێوەیەکی نھێنی ئەنجامدرا، کە ئەمەش پێچەوانەی بەندەکانی دەستوورو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە کە دەبێت پڕۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەبچێت، تەنھا لەحاڵەتی دەنگدان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی نەبێت. ھاوکات دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمار بەگوێرەی ماددەی ١٣٨ بۆی ھەیە ھەموو یاسایەک کە پێچەوانەی دەستوور بێت رەتبکاتەوە، بۆیە مام جەلال سەرۆک کۆماری عیراق ئەو ماددە دەستوورییە بەکاردەھێنێت چونکە ئەو یاسای ھەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دژی ماددەکانی دەستوورە، بەپێی ھەریەک لەمادەکانی ١، ٥، ٢٠، ١٢٢، ٢٩ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران. بەیاننامەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لەبەیاننامەی سەرۆکایەتیی ھەرێم لە٢٢ی تەمموزی ٢٠٠٨دا ھاتبوو کە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشێلکارییەکی دەستووریی ئەنجامدا کە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن بوو، لەکاتێکدا پڕۆسەی دەنگدانەکە بەنھێنی بەڕێوەچوو کە وەک کودەتایەک بوو بەسەر دەستووری عیراقداو لادانێکیش بوو لەو تەوافوقە سیاسییەی کە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ پیادەدەکرێت، بۆیە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەتوندی نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت چونکە ئەو جۆرە سیاسەتە پێچەوانەی دەستوورەو لەگەڵ تەوافوقی سیاسیدا ناگونجێت و داوای لەئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک کۆمارو دەستەی سەرۆکایەتی کرد بەرھەڵستیی ئەم پڕۆژە گومانلێکراوە بکەن کە لەبەرژەوەندیی ئەجێندای عیراقی نوێدا نییە. سەرۆک تاڵەبانی بەرەسمی رەتیکردەوە سەرۆک تاڵەبانی و عادل عەبدولمەھدی بەڕەسمی یاساکەیان رەتکردەوە لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییە دەستوورییەی کەبووەھۆی تێکدانی تەوافوقی نیشتمانی و لەبەریەکھەڵوەشاندنی ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەی پڕۆسەی سیاسیی لەسەر بنیاتنراوە، ھاوکات ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەسەرۆکایەتیی سەماحەتی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم کۆبۆوەو بەکۆی دەنگ دژی پەسەندکردنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق وەستایەوەو لای خۆیشیەوە عادل عەبدولمەھدی بڕیاریدا بەبەکارھێنانی مافی ڤیتۆ دژی پڕۆژە یاساکەو ھەر بۆ ئەو مەبەستەش ناڕەزایی گەیەندرایە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاریشدرا دووبارە بڕیارەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرلەمان، ھاوکات پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی عەدنان موفتی لەو کاتەدا لە٢٣/٧دا دانیشتنێکی نائاسایی بەڕێوەبردو ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەپڕۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق پیشاندا، سەرۆکی پەرلەمان لەدانیشتنەکەدا داوای لەسەرۆکایەتیی کۆمارو ھەردوو جێگرەکەی سەرۆک کۆمار کرد کە پێش سەرۆک کۆمار ئەم یاسایە رەتبکەنەوە، سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی راگەیاند کەدەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە تا مادەی ٢٣ یاسایی بوو، بەڵام مادەی ٢٤ کەپێشتر رێککەوتنی لەسەر کرا بەو شێوەیە نەخرێتە دەنگدانەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێ ھەستکردن بەلێپرسراوێتیی خۆی مادەکەی خستە دەنگدانەوە، ھاوکات بەھەموو شێوەیەک دژی ئەو یاسایەن، بەتایبەتی مادەی ٢٤ی یاساکە کە باس لەدابەشکردنی شاری کەرکوک دەکات بۆ ٤ بەش، بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەن و سەرۆکایەتیی ھەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکانیان کۆبوونەوە، لەبەیاننامەیەکدا کۆک بوون لەسەر ئەوەی پرۆسەی پەسەندکردنی یاساکە بەپێچەوانەی سیستمی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستووری عیراق بووە. ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رەتیکردەوە ھەروەھا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامداو سەبارەت بەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆبووەوە رایانگەیاند کەدەستوور بنەمای ھەموو شتێکەو دەوڵەتیش بەرپرسیارە بەپاندبوون بەدەستورەوەو ھەروەھا لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنن لەکەرکوک بەپێی ناوەڕۆکی دەستوور. ھەر لەوچوارچێوەیەدا رۆژی ٢٤/٧/ ٢٠٠٨ مەڵبەندی تورکمانی بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی تورکمانی شاری کەرکوک لەدژی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایبەتی پارێزگای کەرکوک خۆپیشاندانێکیان رێکخست. ھەروەھا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیش بەتوندی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی رەتکردەوە کە رۆژی ٢٢/٧/٢٠٠٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو یاسای پەسەندکردو تێیدا ھاتووە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عیراق بە نایاسایی و نادەستووری دەزانێت و بەھیچ شێوەیەک خزمەتی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوژیانی عیراقییەکان ناکات، بەپێچەوانەوە ئەو ھەنگاوە دەرگای تازە بەرووی کێشەو گرفتی زیاتر دەکاتەوە. ھەروەھا کەرکوکیەکان ناڕەزییان دەربڕی و بەرامبەر بە پرۆژە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان خوپیشاندانێکی گەورەیان رێکخست کە زیاتر ١٥٠ ھەزار کەس بەشداریان تێداکردو ھاوکات رۆژی ٢٨/٧/٢٠٠٨ لەگەڵ ناڕەزای کەرکوکییەکان تەقینەوەیەک لەناو ئاپۆڕەی جەماوەردا روویداو بووەھۆی شەھیدبوونی ٢٥ کەس و برینداربوونی ١٨٠ کەسی دیکە. ھەروەھا رۆژی ٢٤/٧/٢٠٠٨ لەبەردەم مەڵبەندی سلێمانی بۆ ناڕەزای دەربرین بەرامبەر مادەی ٢٤ی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە، ھاووڵاتیانی ھەولێرو کفری و پێنجوێن-یش خۆپشاندانیان رێکخست بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر ھەمان بابەت.
|
|
|
|
|
|
|
|
|