پەپوولەکانی باڵەکایەتی
دڵشاد ئەحمەد
27/6/2010
بەسۆز جەباری تەمەن چواردەساڵ، بەبەرچنەیەک پەپوولەی رەنگاوڕەنگەوە، بارانی لەکەزی ئاڵاندبوو، قەڵەمەکەی پڕ لەڕوحی قەرسیلی دەکردو تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لەژیان و پرچی خۆر ھەڵدەکێشاو ئاوازی بۆ پەنجەکانی دادەنا، تاکو لەدێڕەکانی ساڵی نوێدا، گۆرانی بۆ مەلە رەنگاڵەکان بڵێ. بەسۆز؛ لەوەرزی دروێنەشدا پەنجەکانی گوڵە گەنم و ھەناسەی خەرمان بوو، ئەو چاوەکانی لەسێوەکانی یادی جیھانی منداڵان دەکرد تاکو بۆنی سێو بکات بەباڵە فڕەی لێوەکانی و وەک ھەر منداڵێکی ئەم جیھانە پڕ زوڵمەتە لێوەکانی پڕ بکات لەھەناری سروود، ئەو ھەناسەی ئەرخەوانی بوو، دڵی پڕ لەسپێدە جوانەکانی گوڵە تەزیوەکانی کێوە رەش بوو، ملوانەکەی رێواسی لەمل بوو، لەدەربەندی رەمکانێ را پەنجەکانی ماسی بن شەپۆلە نازدارەکانی رووبارێ بوون وەک دۆندی ئاسۆی جوان بوو، ھەناسەی لەھەناسەی چیای بڵفەت شیرینترو چاوەکانی وەک شێنێ بوو. جەستەی پڕ لەباڵندە شەرمنەکانی منداڵێتی بوو، باڵای وەک مێژووی نەتەوەکەی نووسرابۆوە، وەک روومەتی خانزادی سۆران و شیعرەکانی مەستوورە خانم بوو، لەچاوەڕوانییەکی قەشەنگدا، چاوەڕێی کارتی نمرەکانی دەکردو مامۆستا لەسەرێ را بڵێ بەسۆز جەبار پۆلی نۆ دەرچووە ئافەرین و بەڕاکردن بچێتە بەردەم دوکانەکەی بابی لە رانیەو پڕ بەو گوزەرە بەزمانی شەھێن بڵێ بابە دەرچووم. وای، دەستی شکاوم، حەیف، بەسۆز نەک ھەر بەکارتی قوتابخانە نەگەیشت، ئەو لەگەڵ شارایەک خەرمان بەیەکەوە شەڵاڵی خوێن کران، چیاو بەندەنی رەشپۆش کردو بەفر بەدەم حەیرانەوە لەگەڵی دا نەرم نەرم دەمرد. ئەوی رۆژێ، رۆژی جیھانی منداڵان بوو، منداڵان لەدنیادا غەرقی سروودو ئاشتی بوون، لەگەڵ پەپوولەو باڵندە، ھەڵدەفڕین لێرە لەنێو خەرمانێ لەبەردەم جوخێنی، بەسۆز لەگەڵ داسی دروێنەدا، لەگەڵ گوڵەگەنم و مەڵۆ ھەناسە ساردەکانی کۆڵگەکانی باڵەکایەتی، ملوانەکەکەی ملی پچڕا، دەنک دەنک بەنێو کێڵگەکانا پەخشان بوون مردن.. تۆپەکەی ھاوتای منداڵ بووە، کەی پارچە ئاسن زاتی کردووە، گوڵ بکوژێ، ئەوە تا لێرە داسی دروێنەو کانیاوی تازە زمان پژاوو کاریلەی زەنگۆڵە لەمل و سروشت و مزگەوت و خوێندنگە نازدارەکانی گوندیان لەترسانا دەلەرزن، کانیاو بریندار، تولەڕێیەکان غەرقی دوکەڵی رەش و گۆچان پەنای بردە بەر خێوەت. ئەوی رۆژێ بەسۆز جەبار لەگەڵ دروێنەو گوڵە گەنم و جوتیارەکانا شەڵاڵی خوێن بوو، پەپوولەیەک وێنەکەی بردە بەردەم (مام بان کی مۆن) و تەنیا سەری داخست و بەکۆریایی وتی (بەداخەوە) لێرە، کوڕگەلی ئاوایی، ژن و منداڵ، نەتەوەیەک، دەچیتەوە ژێر رەشماڵ وەکو خێوەتەکانی مێژوو. لێرە، ئێستا وەکو جاران مەسینەو پەرەمێزو ئاردو کامێراکان پێشوازی لەمنداڵانی جزمە لەپێ و رەش ھەڵگەڕاو دەکەن، پێشوازیم لێبکەن، خێوەتەکانم بۆ ھەڵدەن، بەنیشتمان بڵێن، رەزو ترێ و کانیاوەکانم وەکو بەسۆز لەڕووبار تۆراون و ئیدی نایەنەوە، گوڵە گەنم کێڵگەکانی جێھێشتووەو بەسۆز ھەر ھاوار دەکات پێیان بڵێن بانەمکوژن، سەدری قوتابخانەم پۆشیوەو قردێلەشم لەقژم داوەو لەگەڵ کیژەکانی ھاوڕێم دەچمە خوێندنگەو کارتی نمرەکانم وەردەگرم، پێیان بڵێن بانەمکوژن کارتەکەم دەھێنم و.....
|
|
|
|
|
|
|
|
|