گرەو لەسەر دروستکردنی گرژی
گرەو لەسەر دروستکردنی گرژی ‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌ 27/6/2010
ئەگەرچی ھەندێ لەڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دابوو کە پەکەکە دەست بەئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی لەدژی تورکیا دەکاتەوە، بەڵام چاوەڕوان نەدەکرا لەکاتی سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا بڕیاری دەست پێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان بدرێ. سەردانەکە لەبنەڕەتدا پەیوەندی بەمەسەلەی پەکەکەوە نەبووە، بابەتی سەرەکی سەردانەکە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێم-تورکیا بوو لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوەو ھەم ھەرێم ئەم سەردانەی بەلاوە گرنگ بوو ھەم تورکیا. بۆ ھەرێم، سەردانەکە دەستکەوتێکی سیاسی گەورە بوو چونکە ئەنکەرە وەک سەرۆکی ھەرێم پێشوازی  لەبارزانی کرد. بۆ تورکیاش، پێشوازی کردن لەسەرۆکی ھەرێم جگەلەوەی کە بەشێک بوو لەسیاسەتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ دراوسێکاندا، پەیامێکیش بوو بۆ جیھان کە تورکیا دەستکەوتەکانی کوردی عیراق بەھەڕەشە نازانێ و ئامادەیی تێدایە بەشێوەیەکی واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکا.
لەم سەرو بەندەدا پەیامەکەی پەکەکە روون بوو. ئاشکراشە کە ھەڵبژاردنی کاتی سەردانەکە بۆ دەست پێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی چەکدار، بەئەنقەست بووە. لەکاتێکدا کە ھەرێم بەو جۆرە تەماشای پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا دەکا کە بەشێکە لەستراتیجی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و لەخزمەتی ھاووڵاتییەکانیدایە، پەکەکە بەگرژی مانەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ دراوسێکانیدا بەقازانجی خۆی دەزانێ و بەم پێودانگە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پەرەسەندنی ئەو پەیوەندییە بەئەرکی خۆی دادەنێ.
لەڕاستیدا بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی چەکدار لەو کاتەدا گوزارشت لەتێڕوانینێکی کرچ و کاڵ بۆ رەوشی سیاسی دەکا. لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکەی شەمدینان بووە ھۆی بەھێزکردنی باڵی توندڕەوی ناو سوپای تورکیا. دوو تەقینەوەیەکی ئیستانبوڵ و ئەسکەندەرونیش بوونە مایەی وروژاندنی شەقامی تورک لەدژی کورد، بەجۆرێک کە خودی پەکەکە ناچار بوو وای رابگەیەنێ کە ھەندێ گروپ لەدەرەوەی پەکەکە دەستیان لەم دوو تەقینەوەیەدا ھەیە.
 ئۆپەراسیۆنەکەی شەمدینان و دوو تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ و ئەسکەندەرون کاریگەریی خراپیان لەسەر جەماوەرێتی پارتی دادو پەرەپێدان بەجێ ھێشت. شکستی ئەزموونی دادو پەرەپێدان لەدوو لاوە زیانی لێ دەکەوێتەوە: لەلایەک زیان لەئەزموونی دیموکراتیزەکردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی دەداو لەلایەکی ترەوە زیان لەھەوڵی ھەنگاونان بەرەو بەئاشتی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردی تورکیا لەلایەن حزبێکی دەسەڵاتدارەوە دەدا.
سەربار، بریارەکەی پەکەکە دیسان بیانوویەکی بەھێزی دایەو دەست ئەو لایەنانەی کە پشتگیری لە لەشکرکێشی بۆ سەر ھەرێم دەکەن کە تەنانەت ھەندێکیان وای بۆ دەچن کە پێویستە تورکیا رەوشێکی سیاسی وا لەھەرێم بچەسپێنێ کە بەتەواوی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا بگونجێ و لەم سەروبەندەدا بەشێکی ناوچەکانی سەرسنوری ھەرێم درانە بەر تۆپ و ھێزێکی زۆریش لەسەر سنور کۆکرایەوە.
ھەر ھەنگاوێک کە ھەر گروپێکی سەر خاکی ھەرێم بەبێ ھەستکردن بەلێپرسراوەتی ھەڵیدەنێ، ئەنجامی خراپی دەبێ و زیان لەبەرژەوەندیی باڵای ھەرێمی کوردستان دەدا. ھەموو ئەوانەش کە دەشێ ھەڵسوکەوتیان زیان لەبەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان بدات، ئەگەر بەھەڵسوکەوتەکانیاندا نەچنەوە، ئەم ھەڵوێستەیان بەھەڵوێستێکی دۆستانە ناژمێردرێ.


#5273
3/9/2010
ئه‌رشیف
 
‌ پاڵه‌وانی مۆندیال ده‌ست به‌پالاوتنه‌كانی یۆرۆ ده‌كات سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان- ئاماده‌كردنی ستادیۆم‌ 1/9/2010
‌ سه‌ركار عه‌لی خان: له‌یه‌كێتی تۆپی پێ هاوبیری نییه‌ و ئه‌و قسه‌یه‌ش بۆچوونی شه‌خسییه‌ سلێمانی، یادگار ساڵح‌ 1/9/2010
 
‌ قه‌ڵه‌ویى ده‌بێته‌ هۆى شێرپه‌نجه‌ ئاماده‌كردنى له‌ئاژانسه‌كانه‌وه‌:گوڵڤین موزه‌فه‌ر‌ 13/7/2010
‌ هه‌وڵدان بۆ هێنان و دروستكردنی كارگه‌ی فڕۆكه‌ له‌ كوردستاندا ئازاد ئیبراهیم شاڵی‌ 13/7/2010
‌ زۆر خواردنه‌وه‌ی چا هه‌وكردنی جومگه‌كان زیاد ده‌كات ئا: ئاكار حه‌سه‌ن‌ 13/7/2010

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP