وه‌سوه‌سه‌ی مردنێكی سه‌یر
هێمن مه‌حمود
29/7/2010
چوارده كاتژمێر دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌رگای مزگه‌وته‌كه‌ی مه‌لا سوره‌دا له‌دیوی ناوه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌را به پشتی پیكابێكی مۆدیل 1984 هێنامیانه‌وه، به‌ئاگا هاتمه‌وه. رێك ئه‌و ساته‌م له‌بیر نییه چۆن چۆنی كه‌وتمه پشتی ئه‌و پیكابه‌وه كه شۆفێره‌كه‌ی هێنده به نابه‌دڵی لێی ده‌خوڕی، وه‌ختبوو له لۆفه‌كانی گوندی میره‌دێ دا بمخاته دۆڵێكه‌وه‌و هیچ ئاسه‌وارێكی جه‌سته‌م نه‌مێنێت و بۆ هه‌تایه له‌بیربچمه‌وه. ئێواره‌ی 15ی مارت كاتژمێر 4، واته رۆژێك و 2 كاتژمێر به‌رله‌وه‌ی له‌هۆش خۆم بچم و جه‌سته‌كه‌م بهێننه‌وه به‌رده‌م مزگه‌وته‌كه، لهبازاڕهكهدا وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی هه‌موو ئێواره‌كان وه‌ستابووم. ئێمه كۆمه‌ڵه هاوڕێیه‌ك بووین هه‌میشه له‌به‌رده‌می ئه‌و چاخانهیهدا ده‌وه‌ستاین كه به‌قسه‌ی خه‌ڵكه ساده‌كه‌ی شار تاكه چاخانه‌ی شاربوو شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه بێت كه ده‌میان له‌سیاسه‌ت ده‌داو جاروباریش ده‌ڕۆشتنه سه‌ر شیعر‌و درامای ته‌له‌فزیۆنی و رۆژنامه ئه‌هلییه‌كان. ئێمه نه‌وه‌یه‌كی بێزاربووین له‌خۆمان، ریتمی دووباره‌یی ژیان بێتاقه‌تی كردبووین، ده‌وڵه‌مه‌ندبونی بێ سنوری كاربه‌ده‌ستان و به‌ئاسماندا چونی باڵه‌خانه‌كان هێنده‌ی تر ده‌یكوشتین، نه‌وه‌یه‌كی گوناه كه رۆژه‌كانی ده‌دا به‌ده‌م یه‌كترییه‌وه و له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی مه‌سجێكی درۆزنانه‌ی كچێكدا پیردهبووین. ئه‌و ئێواره‌یه پاش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك قسه‌ی زل زلمان كرد و كۆمه‌ڵێك سیاسیمان رهخنهكرد و به‌ده‌م چاخواردنه‌وه‌وه باسمان له‌چه‌ند كتێب و شیعر‌و چیرۆكێكی بێ له‌زه‌ت كرد، هه‌ریه‌كه‌مان به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه. بێتاقهتییهكی سه‌یر دایگرتبووم، دونیا له‌به‌رچاومدا جۆرێكی دیكه‌ی لێهاتبوو، هه‌ستم ده‌كرد هێند بچوكبووهتهوه جێگای منی تیادا نابێته‌وه، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌م شاره ده‌مخنكێنێت، ئه‌م شاره هه‌رچه‌نده رۆژ له‌دوای رۆژ فراوانتر ده‌بێت، به‌لام دڵی من تا دێت بچوك و بچوكتر ده‌بێته‌وه تیایدا. شه‌وی 15ی مارت كاتژمێر 11 واته 19 كاتژمێر به‌رله‌وه‌ی بمرم سه‌رێكی پاركه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی شارمدا كه له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی ته‌نها فریای ئه‌وه كه‌وتم ئهزبهرییهك بخۆم و به‌په‌له بڕۆم. گه‌ڕامه‌وه ماڵ هێشتا كاتژمێر 12 نه‌بووبوو، كۆمپیوته‌ره‌كه‌م كرده‌وه و سه‌یرێكی وێنه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌م كرد كه رۆژانێك پێكه‌وه بووین، هه‌موویان ده‌م به پێكه‌نین رووه‌و كامێرا وه‌ستابوون، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی زه‌مه‌نێك هه‌موومان داده‌بڕێین و جگه لهپێكهنێكی مردوو هیچی دیكه‌مان بۆ نامێنێته‌وه. نازانم كه‌ی بوو خه‌وم لێكه‌وت، به‌لام كه به ئاگاهاتم خۆر هه‌ڵهاتبوو، به‌ئاسته‌م چاوم بۆ هه‌ڵده‌هات، سه‌رم ئێشی ده‌كرد، رووخسارم ئاوسابوو، ئه‌وه به‌بیرمدا هات كتوپڕ ئه‌م شاره جێبهێڵم. نه‌مزانی چۆن ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م به‌مێشكدا هات، بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ كه‌سێك بڵێم، بێ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی وه‌هام پێبێت كه بمگه‌یه‌نێته شوێنێكی دوور، بێ ئه‌وه‌ی شته‌كانم كۆبكه‌مه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی خواحافیزی لهدراوسێكانمان بكه‌م، لهچاخانهیهك چایه‌كم خوارده‌وه‌و خۆم گه‌یانده گه‌راجه‌كه‌و به‌ڕێكه‌وتم. جامه‌كه‌ی ته‌نیشتم به‌ئاسته‌م كرابووه‌وه، سه‌ره‌تای به‌هاربوو، بایه‌كی فێنكی ده‌هات، دونیا سهوزییهكی بێ ئامان دایپۆشیبوو. به‌درێژایی رێگاكه بیرم له‌خۆم ده‌كرده‌وه، بیرم له‌دایكم ده‌كرده‌وه كه به‌رله‌وه‌ی هه‌ست به‌بوونی بكه‌م و پێی بڵێم خۆشم ده‌وێیت جێیهێشتین، بیرم له‌و هاوڕێیه‌ی مناڵیم ده‌كرده‌وه كه نیوه‌ڕۆیه‌ك كتوپڕ له‌به‌رده‌می نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ئۆتۆمبیل لێیداو كوشتی. بیرم له‌خودا ده‌كرده‌وه كه به‌چی حهوسهڵهیهك و به‌چی تاقه‌ت و جوانییه‌ك ئه‌م دونیا جه‌نجاڵه‌ی دروستكردووه‌و پڕپڕیشی كردووه له‌ته‌نهایی. رێگاكه‌مان ده‌بڕی و من هێنده‌ی تر خه‌یاڵه‌كانم فراوانتر ده‌بوو، سه‌فه‌ر هه‌میشه خه‌یاڵه‌كانت به‌كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه، شتگه‌لێكی وه‌هات دێته‌وه بیر كه لهزاكیرهتدا كاڵبوونه‌ته‌وه. به‌درێژایی رێگاكه خۆشییه‌كی سه‌یر دایگرتبووم، خۆشی كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه‌ی ژیانێكی تازه، خۆشی جێهێشتنی ژیانی دووباره، جێهێشتنی قه‌ده‌رێك و باوه‌شكردن به‌قه‌ده‌رێكی دیكه‌دا. به‌رده‌وام ویستومه ئه‌م شاره جێبهێڵم، ویستومه بیره‌وه‌رییه‌كانی مناڵیم له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا بسڕمه‌وه كه ته‌نها بۆ خواردن و خه‌وتن جێ‌مان ده‌هێشت. كۆمه‌ڵه مناڵێك به تۆپێكه‌وه كۆلانهكهمان ده‌گرت و تا ده‌مانتوانی یاریمان ده‌كرد، دواتریش كه ماندوو ده‌بووین، به په‌نجا فلس له‌ماڵی حاجی حسێن سهرومۆتهی دڵشادمان ده‌خوارد. كۆتایی هه‌شتاكان بوو، دونیای ئێمه‌ی مناڵ دونیایه‌كی بێ شهڕوشۆڕبوو، جاروبار كه جه‌نازه‌ی سه‌ربازێكیشیان بهئالایهكی عێراقه‌وه ده‌هێنایه به‌ر ده‌رگای مزگه‌وته‌كه كه له‌شه‌ڕه‌كانی شه‌مێراندا كوژرابوو، زۆر گوێمان پێنه‌ده‌دا و پاش نه‌مانی قه‌ره‌باڵغییه‌كه ده‌گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر یاریی خۆمان. گه‌شتینه شارێكی گه‌وره، نیوه‌ڕۆبوو، برسیم بوو، له‌به‌ر بێ پاره‌یی له‌دوكانی له‌فه‌فرۆشێك به‌ده‌م سه‌یركردنی ئه‌و كرێكاره عه‌ره‌بانه‌ی له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌دا وه‌ستابوون لهفهیهكم خوارد. ئه‌م شاره هێدی هێدی ساده‌ییه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دا، سینه‌ماكانی رووخابوون و هه‌مووی كرابوون به‌باڵه‌خانه‌ی گه‌وره گه‌وره، سینه‌ماكانی ئه‌م شاره بۆ ئێمه‌ی منالانی ده‌ره‌وه‌ی شار یاده‌وه‌ریی خۆشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبوو. ئێواره‌ی به‌ر له‌هه‌موو جه‌ژنێك كۆمه‌ڵه مناڵێك رێك ده‌كه‌وتین به‌یانی زووی جه‌ژن به‌سواری ئه‌و پاسانه‌ی كه له‌به‌رده‌می گه‌راجه‌كه‌دا ده‌وه‌ستا و هاواری ده‌كرد سینه‌ماكان سینه‌ماكان، خۆمان ده‌گه‌یانده سینه‌ماكان. ئیدی به‌ترس و له‌رز له‌و پیاوه گه‌ورانه‌ی كه به‌چاوێكی سه‌یر لێیان ده‌ڕوانین خۆمان ده‌كرد به‌ژووردا و تا نیوه‌ڕۆ سه‌یری فلیممان ده‌كرد، دواتر به‌دزییه‌وه ده‌گه‌ڕاینه‌وه و له‌ماڵ بهدرۆیهك كه كتوپڕ بۆمان ده‌هات خۆمان ده‌په‌ڕانده‌وه. له‌چه‌ندین دوكانی پۆشاكدا چه‌ند كراس و پانتۆڵێكم تاقیكرده‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان بكڕم دامدهنانهوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوایین رۆژی ژیانم بێت رۆشتمه دوكانی شه‌ربه‌ت فرۆشێكهوه و گلاسێكی گه‌وره شه‌ربه‌تی كاڵهكم هه‌ڵلوشی. كاتژمێر 2ی پاش نیوه‌ڕۆی 16 مارت بوو، به‌تاق و ته‌نها، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌هیچ بكه‌مه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری شتێك بكه‌م له‌شه‌قامه‌كاندا ده‌سوڕامه‌وه. كاتژمێر 4ی پاش نیوه‌ڕۆی 16مارت كتوپڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌خه‌وێكی درێژ به ئاگاببمهوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دۆڵێكی به‌رزه‌وه فڕێم بده‌نه خواره‌وه له‌خۆم پرسی من لێره چی ده‌كه‌م. رێك 1 كاتژمێر دوای ئه‌وه‌ی خۆم گه‌یانده گه‌راجه‌كه، به‌هه‌مان ئۆتۆمبیل كه پێی هاتبووم و هێشتا چاوه‌ڕوانی نه‌فه‌رێكی دیكه‌ی ده‌كرد، گه‌ڕامه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌خۆم بكه‌م گومانم له‌خۆم ده‌كرد ئه‌و خهیالاتانهی پێشووتر هی من بووبن، بێ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌وه بكه‌م كه بڕیاری سه‌فه‌ر بڕیاری من بووبێت، بڕیاری جێهێشتن دواقهدهری من بێت، گه‌ڕامه‌وه. سالانێكی زۆره به‌ده‌ست ئه‌و كێشه‌یه‌وه ده‌ناڵێنم، زۆرێك له هاوڕێكانم هه‌میشه پێمده‌ڵێن تۆ وه‌همت هه‌یه، سه‌ردانی پزیشكێكی ده‌روونی بكه‌یت خراپ نییه، سالانێكی زۆره من له‌نێوان وههم و واقیعدا دێم و ده‌چم، خه‌یالاتی سه‌یر سه‌یرده‌كه‌م، هه‌ستده‌كه‌م لهخهونێكی درێژدام، زۆربه‌ی جاره‌كانیش كه به‌ئاگادێم لهكهسهكهی پێشووتر ناكه‌م، كه‌سێكی دیكه‌م. كاتژمێر 6 ی ئێواره‌ی 16ی مارت گهلابهیهكی گه‌وره خۆی به ئۆتۆمبیلهكهماندا كێشا. 14 كاتژمێر پاش ئه‌وه‌ی به پیكابێكی ماندووی مۆدیل 1984 هێنامیانه به‌رده‌می مزگه‌وته‌كه‌ی مه‌لا سوره له‌نه‌خۆشخانه به ئاگاهاتم، نه‌مردبووم، جگه له‌وه‌ی هه‌ستمده‌كرد قاچم نه‌ماوه، لهسهریشمدا هه‌ستم به ئازارێكی زۆر ده‌كرد، ژاوه‌ژاوو ئازارێك ئه‌وسه‌ری دیارنه‌بێت. چوارده كاتژمێر بێ هۆشی ماوه‌یه‌كی باشه بۆ بیركردنه‌وه له‌وه‌ی روویدا، بۆ بیركردنه‌وه له وه‌همێكی سه‌یری ناو مێشكم، لهخهیالاتێكی ناو ئه‌م كهللهیهم، به‌لام هێشتا باوه‌ڕ بهوهناكهم چۆن ئه‌و شۆفێره توڕه‌یه نهیخستمه دۆڵێكه‌وه و جه‌سته‌ی هه‌لا هه‌لا نه‌كردم، باوه‌ڕناكه‌م و ره‌نگه من هێشتا به ئاگا نههاتبێتم... كێ چوزانێ... من هێشتا ئه‌وه‌م بۆ روون نه‌بووه‌ته‌وه! كه به‌ئاگام یاخود مردوو؟! كێ چوزانێَ!.
|
|
|
|
|
|
|
|
|