چارەنووسی١٢ ملیار دۆلاری عیراق نادیارە
ئاژانسەکان- کوردستانی نوێ
29/7/2010
لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق و لەگەڵ دەستبەکار بوونی دەسەڵاتی کاتی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرا، پارەیەکی زۆر رەوانەی عیراق کراو تا ئێستاش بەشێک لەو پارەیە نازانرێت چۆن خەرج کراوەو چاودێرانیش پێیان وایە ئەو شێوازی ناردن و خەرج کردنەی لەوکاتەدا لەعیراق پەیڕەوکراوە، کاریگەریی بۆسەر زیادبوونی دیاردەی گەندەڵی ھەبووە. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، پنتاگۆن تائێستاش بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کەبزانێت ٢ ملیارو ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری تایبەت بەعیراق چۆن خەرج کراوەو چی لێھاتووە، بەڵام وەڵامەکەی دەست نەکەوتووەو نوسینگەی پشکنەرانی گشتیی ئەمریکای تایبەت بەعیراقیش ھۆکاری دیارنەمانی ئەو پارەیە دەگێڕێتەوە بۆ لاوازیی چاودێری و کەموکووڕیی لەتۆماری خەرجییەکاندا. پارەیان لاماوە ھەر ئەو راپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات بەرپرسانی ئەمریکا نەیانتوانیوە ٨ ملیارو ٧٠٠ ملیۆنی تریش لەسندوقی گەشەپێدانی عیراقدا جێبکەنەوەو وردبینیش بۆ ٩ ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار لەداھاتی نەوتی عیراق کراوەو دەرکەوتووە زۆربەی ئاژانسە سەربازییەکانی ئەمریکا کە ئەرکی خەرجکردنی ئەو پارەیەیان لەئاوەدانکردنەوەی عیراقدا لەئەستۆبوو، پابەندنەبوون بەرێنماییء رێساکانی تایبەت بە چۆنێتی خەرجکردنء بەدواداچوونی، جگەلەوەش سوپای ئەمریکا تائێستاش دەستی بەسەر ٣٤ ملیۆنء ٣٠٠ ھەزار دۆلاری عیراقدا گرتووەو نەیگەڕاندۆتەوە، کەدەبوو لەساڵی ٢٠٠٧دا ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە، ئەو پارەیەش بەشێکە لەو ٢٠ ملیار دۆلارەی عیراق کە ئەمریکا لەکاتی پرۆسەی رزگاریی عیراقدا ساڵی ٢٠٠٣ دەستی بەسەردا گرتووەو مۆڵەتی لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی لەئاوەدانکردنەوەی عیراقدا. پێنج کەس تۆمەتبارن پێشتریش راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە لەدوای روخانی رژێمی بەعس و دەستبەسەراگرتنی پارەی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە، چەندین ملیۆن دۆلار لەداھاتی نەوتی عیراق و ئەو پارەیەش کە لەبەرنامەوەی نەوت بەخۆراک ماوەتەوە، لەلایەن دەسەڵاتی کاتی عیراقەوە کە ئەمریکا بەرێوەی دەبرد، خراپ بەکارھاتووەو نازانرێت چۆن دابەشکراوە، کە دەبوو بۆ گەشەپێدانی عیراق تەرخان بکرێت. رۆژنامەی گاردیانیش لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عیراقەوە، ١٢ ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوەو لەکاتی دابەشکردنیدا بەسەر ئەو لایەنانەدا کە دەبوو لەبواری ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی عیراقدا خەرجی بکەن، ھیچ مەرجء رێنماییەکی پێویستیان نەدراوەتێ، ھەموو ئەو پارەیەش کە بەوشێوە نارێکء بێسەروبەرییە دابەشکراوە، پارەی داھاتی نەوتی عیراقء ئەو پارەیەیە کە لەبەرنامەی نەوت بەخۆراک ماوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە سێ ئەفسەری پێشوی سوپای ئەمریکاو دوو کەسی مەدەنی ئەمریکیش تۆمەتبارن بە دزینی چەندین ملیۆن دۆلار لەپارەی عیراق لەسەردەمی دەسەڵاتی کاتیی ھاوپەیماناندا. یەک کەس حوکم دراوە پۆڵ ماکنلتی داواکاری گشتی لەدەستەی دادوەرانی دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا لەنیوجێرسی لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئەو پێنج کەسە کە کۆرتیس وایتفۆردء دیبرا ھاریسۆنء مایکل ویلەر ئەفسەرانی پێشوی سوپاو مایکل مۆریس ء ولیام درایڤەری ھاووڵاتی مەدەنین کە تۆمەتی فێڵء تەڵەکەو ئیختیلاسی پارەو پێدانی بەرتیلء سپیکردنەوەی پارەیان دراوەتەپاڵ. (رۆبەرت شتاین)یش کەلەوسەردەمەدا محاسبـی دەسەڵاتی ھاوپەیمانان بووە، بەھەمان ئەو تۆمەتانە دادگایی کراوەو دوای ئەوەی دانی بە تۆمەکاندا ناوە، بە ٩ساڵ زیندانیء پێدانی ٣ ملیۆنء ٦٠٠ ھەزار دۆلار حوکمدراوە. رۆژنامەی گاردیان لەراپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەمریکا دوای یەک ساڵ لەداگیرکردنی عیراق ٢٨١ ملیۆن کاغەزی دراوی جۆری ١٠٠ دۆلاریی ناردووە بۆ عیراق کە دەکاتە ٣٣٦ تۆن پارە، ئەو پارەیەش بەشێک بوو لەو پارەبلۆککراوەی عیراق کە نیویۆرک دانرابوو، لەساڵی ٢٠٠٤داو لەرێی فڕۆکەیەکی ئەمریکی جۆری (سی کەی ١٣٠)یەوە رەوانەی بەغدا کرا بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتە تازەپێکھاتووەکانی عیراقء بەڵێندەرە ئەمریکییەکان. بەفەردە پارەیان دەدا دابەشکردنی بێسەرەوبەرەی ئەو پارەیە بەپێی راپۆرتەکە، گەیشتبووە رادەیەک بەڵێندەرێکی عیراقی دوو ملیۆن دۆلاری بەیەک جار وەرگرتء کردیە فەردەوەو بردی، ھەروەھا بەرپرسێک کە لەراپۆرتەکەدا ناوی نەبراوە، ٦٧٥ ملیۆن دۆلاری دراوەتێء پێی وتراوە دەبێت لەماوەی یەک ھەفتەداو پێش ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بدرێتەوە بەعیراقییەکان خۆیان خەرجی بکەیت. ئەم شێوە پارەگواستنەوەیەش لەئەمریکاوە بۆ عیراق لەمانگێکدا جارێک یان دوان ئەنجام دەدراو زۆرترین پارەش کەلەو ماوەیەداو بەیەک جار گوازرابێتەوە، بارێک پارە بوو کە تەنھا ٦رۆژ پێش رادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەعیراقییەکان واتە لە ٢٢ی حوزەریرانی ٢٠٠٤دا گەیشتە بەغداو بڕەکەی ٢ ملیارو ١٠٤ ملیۆنء ٦٠٠ ھەزار دۆلاربوو. ئەم زانیارییانە لەکاتێکدا ئاشکرابوون، کە لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکای تایبەت بەئاوەدانکردنەوەی عیراق بەدواداچوونی بۆ مەسەلەکە کردو ھێنری واکسمان سەرۆکی لیژنەکە، کەپێشتریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵ جەنگی عیراقدا نەبوو، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی کەچۆن ٣٣٦ تۆن پارەی کاش رەوانەی ناوچەی شەڕ دەکرێت.
|
|
|
|
|
|
|
|
|