نەبوونی سیستمی تەندروستی و سەلامەتی
د. رەزا حەسەن حسێن
18/7/2010
لەماوەی یەک مانگدا تەنیا لەشاری سلێمانی دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، ئەم کارەساتە دڵتەزێنانە بێجگە لەوەی چەندەھا پرسیار لەلای ھاووڵاتیان دروستدەکات، زەبرێکی کوشندە لەبواری گەشتوگوزارو ئابووریء تەنانەت لەئاسایشی شارێکی وەک سلێمانی دەدات کە بەئارامترین شارەکانی عیراق ناوزەندکراوە. دیارە رووداوی ئاگرکەوتنەوە دیاردەیەکی جیھانییەو لەزۆر لەشارەکانی وڵاتانی دنیادا روویداوە، بەڵام بەھۆی پەیڕەوکردنی سیستمی تەندورستی و سەلامەتی Health and safety لەگشت دامودەزگاکانی وڵاتانی پێشکەوتوودا ژمارەی قوربانییەکانی نەگەیشتۆتە ئەو ژمارەیەی کە لەکاتی سووتانی ھۆتێل سۆمادا تۆمارکراوە، ئەمە بێجگە لەقەبارەی ئاگرەکە کە زۆر بچووک بووە بەبەراورد لەگەڵ ئەو ئاگرانەی لەشارەکانی تری جیھاندا روودەدەن. پێش ئەوەی باسی لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنێتی روودانی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بکەین، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکەم ھەنگاوی بۆ بنەبڕکردنی کارەساتی دڵتەزێن لەگشت دامودەزگاکانی سەر بەحکومەت و دەرەوەی حکومەت، سیستمی تەندروستی و سەلامەتی دابمەزرێنێت. خۆشبەختانە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ماوەی ٦ مانگە ھەستاوە بەجێبەجێکردنی ئەو سیستمە لەگشت زانکۆکانی کوردستان و رەنگدانەوەی باشی ئەم سیستمە، واتە تەندروستی و سەلامەتی لەلایەن مامۆستاو فەرمانبەران و خوێندکارانەوە ھەستی پێکراوە، وردە وردە دەبێت بەکەلتوورو لەناخی نەوەی نوێدا دەچەسپێت، بۆیە داواکارم لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەم سیستمە لەگشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت پەیڕەو بکرێت و لیژنەی تایبەتی بۆ دابنرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت و دەسەڵاتی تەواو بدرێت بەو لیژنانە کە بەبێ رەزامەندی ئەوان ھیچ مۆڵەتێک نەدرێت بەخاوەنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو گەشتوگوزارو تەندروستی...ھتد. ئەم سیستمە سیستمێکی جیھانییەو بەبێ وەزارەت و دامودەزگاکان رێنماییەکانیان جیاوازی ھەیە، بەڵام سەرەنجام سیستمی تەندروستی و سەلامەتی بۆ پاراستنی گیانی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگایە لەکاتی روودانی کارەساتەکاندا. سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ء سەلامەتی زانکۆی سلێمانی
|
|
|
|
|
|
|
|
|