بەبیانوی روداوەکەی ھۆتێل سۆماوە
بارزان شێخ عوسمان
18/7/2010
بەداخەوە ئێوارەی پێنج شەممە لەسەر ھەینیی رابردوو، شاری سلێمانی بەخەموپەژارەو لەدیمەنێکی تراژیدیدا، ماڵئاوایی لەدوایین ساتەکانی شەشەمین رۆژی ھەفتەو کۆمەڵێک میوانی ئازیزی شارەکە کرد. ئەوەش لەئەنجامی روداوی دڵتەزێنی ئاگر کەوتنەوەیەک بوو لەھۆتێل سۆما و ٢٧ کەس کە ژمارەیەکیان بیانیی بوون، بوونە قوربانی و ژمارەیەکیش برینداربون. بە پێی گێڕانەوەکانی روداوەکەو ئەوەی لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بینیمان، ھۆکاری ئەو قوربانییە زۆرە نەبوونی سەلامەتیی گشتیی بووە لەو ھۆتێلەدا. وەک کەسانی پسپۆڕو شارەزاش لەچەند کەناڵێکی تەلەفزیۆندا ئاماژەیان بۆ کرد ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتی وەک پەیژەو پلیکانەی رزگاربوون و دەرەچەی خۆرزگارکردن لەناو بیناکەو چەند پێداویستییەکی تری وەک ئاگرکوژێنەوە ھەبوایە ئەو کارەساتە دڵتەزێنە روی نەدەدا. من ئەندازیارو مەساح و ئەندامی تیمی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە نیم، بۆیە ناچمە نێو وردەکاریی ئەندازیاری و بیناسازی و پێداویستیەکانی خۆپاراستن لەبیناو باڵەخانەکاندا، بۆیە ئەگەر سەرنجەکانم بە خۆھەڵقورتاندن و دەستخستنە ناو کاروباری خەڵکی تر لێوەرنەگیرێت دەمەوێت چەند پرسیارێک بکەم ھەم لەحکومەت ھەم لەوەبەرھێنەرو خاوەن سەرمایەکان. باڵەخانەو ئاپارتمانتێکی بەرچاو لەشاری سلێمانی دروستکراون، ژمارەیەکی تریش بەڕێوەیە، بەڵام ئایا ئەو باڵەخانانە وەک دەبینرێن بێ بنەمای زانستیی و ھەڕەمەکی ھەر نھۆمەو لەسەر نھۆم دروستکراون؟ ئایا ئەو کەرەستانەی تیایاندا بەکارھاتووە کوالێتیان شیاوی ئەو جۆرە بینایانەن؟ ئایا کەرەستەکانی ناو ئاپارتمانت و ھۆتێل و رێستۆرانتەکان کوالێتیان گونجاوە لەگەڵ مەرجەکانی بیناسازی و تەندروستیدا؟ ئایا ھیچ لێکدانەوەیەک بۆ ژینگەی شاری سلێمانی دەکرێت لەکاتی دروستکردنی ئەو کۆشک و باڵەخانانە کە دروستکراون و دروستدەکرێن؟ تا چەند خاوەنی ئەو کۆمپانیاو بەڵێندەرانە پابەندکراون بە مەرجەکانی سەلامەتیی و کوالێتی بیناسازی؟ ئایا چ پێودانگ ھەیە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو بیناو ئاپارتمانتانە شیاوی نیشتەجێبوون و ھۆتێل و کلینکی دکتۆرو نووسینگەی کارگێرییە؟ ھیچ لێکدانەوەیەک بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ومناڵ و بەساڵاچوان کراوە؟ ئایا کراوە بە مەرج لەسەر خاوەنی ئەو شوێنانە کە کەرەستەو خزمەتگوزارییەکانیان ستاندارد کوالیتیی ئۆرجیناڵی و باش بن؟ ھەر لەتەلی کارەباوە تا دەگاتە کەرەستەکانی تر! ئەوەی دەبینرێت لەدروستکردنی بیناکاندا ئەوەندەی بیر لەکەم تێچوون و قازانجی زۆرو بەزویی دەستکەوتنەوەی سەرمایەکەی کراوەتەوە ( لەسەربنەمای قاچاغچێتی نەک وەبەرھێنان و بازرگانیی زانستی) ھێندە بیر لەوانەی تر نەکراوەتەوە کە دوو رۆژە باس دەکرێت، تەنانەت بەرێزان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیش ئاماژەیان بۆ ئەو لایەنە کرد. کەواتە حکومەت ولایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش ئێستا داوایان لێدەکرێت روداوەکەی ھۆتێل سۆما بکەنە وانەیەک و پەندی لێوەربگرن بۆدووبارەنەبونەوەی روداوێکی وەھا، کوالێتیش بۆ بیناسازی دابنێن و شوێنەگشتییەکانی وەک رێستۆرانت و ھۆتێل و........ھتد مەرجەکانی سەلامەتییان تیادابێت، ھەر شوێنی قازانج وپارە پەیداکردن نەبن. تەنانەت نەخشەی خانوی ھاوڵاتیانیش بە مەرج و پێودانگی ئەندازەیی دروستبکرێت، تا لەروداوی دڵتەزێن بە دوربین. سلێمانی خۆی جوانە ھەر بەرگێکی بە بەردابکەیت وەک کوڕی قۆزوکچی نەشمیلانەی لێدێت و لێی جوانە، دەبا جوانترین وباشترین بەرگی لەبەربکەین تا جوانتر دەربکەوێت لەنێو دەستەخوشکەکانی تریدا.
|
|
|
|
|
|
|
|
|