گەڕانەوەی گورگەکان
رزگار فایەق
29/7/2010
ئەوکاتەی ویستم ئەم بابەتە بنووسم، بەناونیشانی (گەڕانەوەی گورگەکان)، کۆمپیوتەرەکەم داگیرساند دەستبکەم بەنووسین، بەڕێکەوت یەکێک لەھاوڕێ رۆژنامەنووسەکانم وەکو نوکتە بەسەرھاتی خزمێکیانی گێڕایەوە، کاتێک لەساڵانی ھەشتاکاندا لەپەیمانگا وەردەگیرێت لەبەغدا. بەسەرھاتی ئەو کوڕە، ھەم نوکتەیەکی خۆشەو ھەم پەیوەندیی بەبابەتەکەی منەوە ھەیە، بۆیە بڕیارمدا بیکەمە پێشەکی ئەم نووسینە. ئەو کوڕە کاتێک فۆڕمی وەرگرتن پڕدەکاتەوە بۆ پەیمانگا یەکێک لەپرسیارەکانی ناو فۆڕمەکە، ئەم پرسیارە بوو. (ئایا جگە لەحزبی بەعس، سەر بەھیچ حزبێکی تری لەعیراقدا). کوڕەکەیش لەپرسیارەکە تێنەگەیشتبوو، نوسیبووی بەڵێ! دواتر ھاوڕێکانی بەپەلە فریایکەوتبوون و بۆیان چاککردبوو، ئەگینا سەری بەقوڕدا دەچوو. بابەتەکەی منیش پەیوەندیی بەو پرسیارەوە ھەیە کە لەو کوڕە کرابوو. سەردەمانێک حزبێکی دیکتاتۆر بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ھاووڵاتیانی ئەم عیراقە خێرلەخۆنەدیوەدا دەکرد. بەشێوەیەک جگە لەبەعس، ھیچ حزب ء گرووپ ء کۆمەڵەو بزووتنەوەیەک بوونی نەبوو. بەعس لەکتێبدا بوو بەعس لەشیعردا بوو، بەعس لەفەرھەنگ ء خوێندن ء گەڕەک ء شارو خواردندا بوو. تەنانەت بڕیاری ھەناسەدانیشیان بۆ ھاووڵاتیانی عیراق بەمافی خۆیان دەزانی. پرسیارەکە لەئێستادا ئەوەیە، کە ئایا گورگەکان دەگەڕێنەوە؟
پوچەڵکردنەوەی کودەتاکە دووساڵ لەمەوبەر، شۆڤێنییە عەرەبەکان ء ھاوشێوەو ھاوپەیمانەکانیان، زەنگێکی ترسناکی گەڕانەوەی گورگەکانیان لێدا، بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی کیمیایی ء ئەنفال ء قڕکردن ء کوشتن نەبوو، بەڵکو بە بەکارھێنانی مافە یاساییەکانیان لەناو پەرلەمانی عیراقدا، ویستیان گۆڵ لەکورد بکەن. ئەوکەسانە کە دواتر بەگرووپی ٢٢ی تەمموز ناسران. دەیانوویست ھەمان سیناریۆی بەعسییەکان دووبارەبکەنەوە، کە بەعس بە بەرنامەیەکی ٣٠ ساڵی دەیوویست عیراق تەعریب بکات، بەتایبەت شاری کەرکوک. گرووپی ٢٢ی تەمموز بەھەمان عەقڵی بەعسییەکانەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیکەدا دەکرد. بەتایبەت کە یەکێک لەبڕگەکانی ئەو یاسایە ھێنانی سوپاو ھێزە ئەمنییەکان بوو، لەباشوورو ناوەڕاستی عیراقەوە بۆ کەرکوک، ئەمەیش لەسادەترین پێناسەیدا بەلای کوردەوە بۆنی ئەنفالی لێدەھات، بەڵام دواتر رای گشتیی خەڵکی کوردستانء دانیشتوانی کەرکوک و ھەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسی کورد لەبەغدا، بەتایبەت ڤیتۆکەی سەرۆک مام جەلال، نەیانھێشت کودەتاکە سەربکەوێت. دانیشتوانی شاری کەرکوک، بەخوێنی خۆیان لەڕۆژی ٢٨ی تەمموزدا بەرپەرچی کودەتاچییەکانیان دایەوەو لەو رۆژەدا ٢٤ شەھیدیان بەخشییە خاکی کوردستان. ھەوڵەکانی تری سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان، توانی ئەم سیناریۆ بەعسییانە رەتبکاتەوە، ئەویش بەکارھێنانی کارتەکانیان بوو لەگەڵ ھاوپەیمانەکان، ئەم ھەوڵانەش گرنگی دووشتی سەلماند. ئەویش ھاوپەیمانێتی بوو لەگەڵ ھێزە عیراقییەکان ء پۆستی سەرۆک کۆمار بوو، کە ھەندێکجار دەوترا، (ئێمە بۆ بچینە بەغدا چیمان لەھاوپەیمانی عەرەبەکان داوە. پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد گرنگی نییە).
مەترسیی گورگەکان لەوبڕوایەدام کە دەبێت لەمەولاش، چاوەڕوانی چەندین کودەتای لەوجۆرە بین، بەکوردییەکەی دەبێت خۆمان زۆر بەھێزتر بکەین، بەرامبەر ئەو نەیارانە. لەھەمووی ترسناکتر دەبێت، چاوەڕێی گەڕانەوەی گورگەکان بکەین، چونکە ئێستا دوای حەوت ساڵ لەڕووخانیان، خەریکە بەھێز دەبنەوە. ھاوفیکرو ھاوپەیمانەکانیشیان بەئاشکرا رۆڵیان لەگەمە سیاسی ء بڕیارە سیاسییەکاندا ھەیە. بەجۆرێک لەھەندێ پارێزگای عیراقدا، ئەم مەترسییە زۆر بەئاشکرا ھەستیپێدەکرێت ء ئێستا رێکخستنەکانی باڵەکانی حزبی بەعس چالاکییەکانیان ء بوونیان زۆر زیاتربووە. ھەڵبەتە ھەندێ وڵاتانی دەوروبەری عیراق ء ناوچەکەش یارمەتییەکی زۆری گورگەکان دەدەن، تا خۆیان رێکبخەنەوە. ئەوان لەپێناو گەڕانەوەیاندا پەنا بۆ ھەموو تاوانکارییەک دەبەن، چۆن لەکاتی دەسەڵاتیاندا دەیانکرد. تەنانەت لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەدا پەیوەندییان ھەیەو ئامانجە سەربازییەکانیان لەو رێگەیەوە دەپێکن. ھەروەک لەگۆڕەپانی سیاسیشدا زۆر لق ء پۆپیان دروستکردووە، کە لەئێستادا بەشێکی گیرۆدەبوونی پرۆسەی سیاسیی عیراق، دەستی ئەمانی تێدایە. گرفتی ئێمە، لەگەڵ فیکرو ئایدۆلۆژیەتی گورگەکاندایە، بەعسیزم ھاوشێوەی فاشیزم ء نازیزم ء دیکتاتۆریەتەکانی تری دونیایە. بەعسییەکان، لەکاتی دەسەڵات ء بەنھێنی ء بەئاشکرا، سوورن لەسەر سیاسەتە رەگەز پەرستییەکەیاندا. شۆڤێنیانە لەعیراقی سەردەمی سەدام ء دوای سەدام دەڕوانن. گرفتی ئێمە وەک کورد لێرەدایە. ئەوان بەدرێژایی مێژوو دەیانویست ئێمە لەنەخشەی عیراقدا بکەنە دەرەوە. یان بمان عەرەبێنن. ئێستاش ھەر بەوشێوەیە بیردەکەنەوە.
کورد، دوای کشانەوەی ئەمریکا ئێستا مەترسییەکە تەواو روونە، بۆنی گورگەکانیش دەکەین، سەرکردە کوردەکان ء چاودێرانی سیاسی، زۆر بەئاشکرا دان بەبوونی وەھا مەترسییەکدا دەنێن ء تەنانەت چاوەڕێی کودەتای سەربازیشیان لێدەکرێت. بەتایبەت دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا. گەر مەترسییەکە بەوجۆرە بێت. ئێمەی کورد چ بەرنامەیەکی رووبەڕووبوونەوەمان داناوەو چۆن حساب بۆ مەترسییەکە دەکەین؟ چونکە پێش ھەمووان ئەوان قەپ لەئێمە دەگرن. لوتکەی مەترسییەکەیش کاتێک دەردەکەوێت کە سوپای ئەمریکا عیراق جێدەھێڵێت ء گۆڕانکاریی لەستراتیژیەت و سیاسەتی خۆیدا دەکات لەعیراقدا. بەتایبەت ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە ئەمریکا لەچوارچێوەی دۆسێیەکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا سەیری کورد دەکات. نەک کورد وەک دۆسێ ھەرکاتیش لەپێناو نەدۆڕاندنی مەلەفی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا. بیەوێت گۆڕانکاریی بەیاریزانەکان دەکات، بەڵام ئێمەی کورد دەبێت زۆر چاک خۆمان بۆ داھاتووی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەعسییەکاندا ئامادەبکەین. ھەرچەندە ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لەئەستۆی ھەمووماندایە، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان، کە ئێستا زۆر شتی شاراوە ھەیە، ئەوان دەیزانن ء ئێمە لێی بێئاگاین. دەبێت زۆر بەجددی سەیری مەسەلەکە بکەن. دەبێت کورد درێژە بەمانەوەی چەند فاکتەرێک بدات، کە بەربەستن لەبەردەم مەترسییەکەدا. لەوانە بەردەوامی ھاوپەیمانێتییەکانمان لەگەڵ ھێزە دژە بەعسییەکان. بەھێزکردنی ھەرێم، لەڕووی ئابووریی، دیپلۆماسییەوە لەھەموویان گرنگتر بوونی سوپایەکی بەھێزی پێشمەرگەیە، ھاوتابێت لەگەڵ مەترسییەکاندا.
|
|
|
|
|
|
|
|
|