دیوارەکە درزی تێدەکەوێت
دیوارەکە درزی تێدەکەوێت ‌ ستران عه‌بدوڵلا‌ 29/7/2010
دیوارەکە درزی تێدەکەوێت، مەبەستم دیواری کۆنکرێتی (دنیای عەرەب)ە کە بەھیچ کلۆچێک دەرفەتی خۆرھەڵاتن و ھەوا ھەڵمژین و بووژاندنەوەی دڵ و دەروون نادات. دیوارەکە درزی تێدەکەوێت و ئەم درزە تادێ فراوانتر دەبێت. تادەگاتە ئەوەی نەک تەنیا پەنجەرەو دەرگاو بەلەکۆنەی لێدەبێتەوە. بەڵکو ماڵی دیکەشی لێدەکەوێتەوە. ئەمەش دەرەنجامێکی ئاسایی وەرگۆڕان و ئاکامی جەبری مێژووە کەگرێبەستی کاسولیکی لەگەڵ ھیچ کیشوەرو گردبوونەوەیەکی شارستانی ناباتە سەر. لەگەڵ عەرەب و ئەوەی لەسەر پەڕی کتێبەکانی خوێندن و پەروەردەی بەعسی بە(وەتەنی عەرەبی کەبیر)یش دەناسرا، ھەروایەو ھەروا دەبێت.
دیوارەکە زیاتری تێدەکەوێت.
نزیکەی ھەشتا ساڵە کورد بەقوڵنگی خەبات رەنجی فەرھادی دەکێشێت بۆ ئەوەی ئەو دیوارە ئەستوورە بنکۆڵ بکات تا سەرەنجام پەنجەرەیەک بۆ ھەناسەدان و بانێژەیەک بۆ روانین ھەڵکۆڵێ. وا ئێستا لەدیوێکی ترەوە دیوارە ئەستوورەکە درزی تێدەکەوێت. رەشتاڵەکانی سودان کەھاوچارەنووسیی رەشی کوردن لەدنیای عەرەب-دا، بەقازمەو درێلی کارەبایی بەربوونەتە گیانی بەردە گەورەکە. ھاکە تێکوپێکیانداو خۆر لەوێشەوە ھەڵیکرد.
ئەمە حوکمی مێژووە کەپەیمانی بەزەحمەتکێش و بندەستان داوە تا سەر نائومێدیان نەکات. تا سەر لەقەھرو غەمی سەرکوت و بێ ناسنامەییدا قەتیسیان نەکات. دەورانێکی نوێیە، ئەوی باوەڕی بەئازادی و سەرفرازی ھەیە دەزانێت دەرکەوتنەکەی نزیکەو ئەوی وەک سەدام و بەشیرو تەنانەت میلۆسۆڤیچیشە، نکۆڵی دەکاو بەدەست و قاچەوە پەلەقاژێی دواخستنی ئەم جەبرە سروشتییەتی و ملنادات. لەکاتێکدا ئەگەر جەبری وا نەبوایە دنیای عەرەب خۆی ھەر بەبندەست و مەلولی دەستی ئینگلیز دەمایەوە. ئینگلیزیش کام ئینگلیز، ئەوی پێی دەوترا ئیمپراتۆریایەک کەھەرگیز خۆری لێ ئاوانابێت. ئەمما ئەمڕۆ خۆرەکە لەوێ ئاوابوو و دیوارەکەش لەدنیای عەرەبدا درزی تێکەوت. ھاکە بیستمان خۆری ئازادی دنیای عەرەبیشی رووناک کردەوەو تیشکەکەی نەک بۆ کوردو دارفۆری و جنوبییەکان و ئەمازیغ، بەڵکو بۆ خودی نەتەوەی گەورەی عەرەبیش دەبێتە سایەی درەوشانەوەو گەشانەوە.
دیوارەکە درزی تێکەوت! ئەمە مژدەشە بۆ سەردەستەکان کەبۆ دواجار لەعەزابی زوڵم و زۆری سەردەستی نەجاتیان بێت. مژدەشە بۆ نەتەوە سەردەستەکانیش کەقەفەسی زیندانی بندەستان بەناوی ئەوانەوە دەکرێت.
ھەموو لەدایکبوونێکی نوێ، ژانی گیانکێشانێکی ھەیە، بەس خۆی گیانکێشان نییە، لەئەسڵدا گیان وەبەردا کردنەوەیە.


#5278
9/9/2010
ئه‌رشیف
 
‌ پاڵه‌وانى خولى پله‌ یه‌ك خه‌لاتكرا کوردستانی نوێ‌ 8/9/2010
‌ له‌بۆینس ئایرس راوی گاشێته‌كانی ئیسپانیا كرا کوردستانی نوێ‌ 8/9/2010
 
‌ له‌چین 8 ملیۆن كه‌س تووشى نه‌خۆشى زه‌هایمه‌ر بوون ئا:گوڵڤین موزه‌فه‌ر‌ 8/9/2010
‌ تووڕه‌بوونی پیاوان و بێهێزبوونی مێشك له‌ئاژانسه‌كانه‌وه‌‌ 8/9/2010
‌ قه‌ڵه‌ویی په‌یوه‌ندیی به‌شێرپه‌نجه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ئاژانسه‌كانه‌وه‌‌ 8/9/2010

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP