ئاواره‌كانی قه‌ندیل سوپاسی هاتنه‌كه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن
پشده‌ر- كامه‌ران عه‌بده ساڵح
31/7/2010
ئاسه‌واره‌كانی تۆپبارانی قه‌ندیل، هه‌روا به‌ئاسانی له‌ناوناچن به‌ڕای به‌رپرسانء هاوولاتیانی ناوچه‌كانی بناری قه‌ندیڵ، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی بناری قه‌ندیل له‌دۆڵی شه‌هیدان، ئامانجی خۆی پێكاوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه ره‌وشی ژیانی ئاواره‌كانء دانیشتووانی سنووره‌كه به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت. هاوكات له‌گه‌ڵئه‌وه‌دا زیانه‌كانی تۆپبارانه‌كانی ماوه‌ی رابردوو، هه‌موو بوارێكی گرتۆته‌وه‌و ئاسه‌واره‌كانی هه‌روا به‌ئاسانی له‌ناوناچن. ده‌گه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانیان دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆلای ئاواره‌كان، رایگه‌یاند: هه‌وڵه دیبلۆماسییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ راگرتنی تۆپباران، ئاكامی باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌و داوای لێ‌كردن بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانیان، تائێستا ده‌یان خێزانی ئاواره كه‌مپه‌كانیان جێهێشتووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه گونده‌كانیان، ژماره‌یه‌كی تریش له‌ئێستادا سه‌رقاڵی خۆئاماده‌كردنن به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه. حه‌مه‌د حه‌مه‌لاو سه‌رپه‌رشتیاریی یه‌كێك له‌و خێزانانه‌یه كه ماوه‌ی دوو رۆژه گه‌ڕاوه‌ته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی، وتی: سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان، نیشانه‌ی وه‌فاداریی حكومه‌تی هه‌رێم بوو بۆ دانیشتووانی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل كه هه‌میشه پاڵپشتی شۆڕشی كوردایه‌تی بوون. وتیشی: ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه بارودۆخی ناوچه‌كه‌مان ئاسایی بۆته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت باسیكرد به‌هۆی هه‌وڵه دیبلۆماسییه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌یه بۆ راگرتنی تۆپبارانه‌كان، به‌وهۆیه‌وه به‌ره‌و گونده‌كانمان ده‌گه‌ڕێینه‌وه، به‌و ئومێده‌ی جارێكی تر رووبه‌ڕووی ره‌وشی نائاسایی نه‌بینه‌وه. درێغی له‌خزمه‌تكردنی ئاواره‌كان ناكه‌ن كامه‌ران ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیڕاگه‌یاندین: دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی بناری قه‌ندیل له‌دۆڵی شه‌هیدان، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی ژیان و گوزه‌ران و داواكاریی خێزانه ئاواره‌كان، لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی پارێزگاری سلێمانی پێكهێنراوه‌و له‌ئێستاشدا چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ین. وتیشی: دوای ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لیژنه‌ی راسپێدراو، هه‌ر ئه‌ركێك بخرێته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان، بۆیان جێبه‌جێده‌كه‌ین و به‌پێی توانا درێغی له‌خزمه‌تكردنی ئاواره‌كانی قه‌ندیل ناكه‌ین. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، ئازاد وسو، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ژاراوه، وتی: لیژنه‌كه تائێستا هه‌نگاوی باشی ناوه‌و توانیویه‌تی به‌دواداچوون بۆ كۆمه‌ڵێك گرفتی ئاواره‌كان بكات. یه‌كێك له‌گرفته‌كان بێبه‌شبوونی زیاتر له 400 خێزانی ناوچه‌كه‌یه له‌و بڕه هاوكارییه‌ی كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه بۆ ئاواره‌كان دابینكرابوو. ناوبراو، ئاشكرایشیده‌كات: كۆی ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی بناری قه‌ندیل كه به‌هۆی تۆپبارانی ئێرانه‌وه ئاواره‌بوون 810 خێزانه، به‌لام هاوكارییه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق ته‌نها بۆ 384 خێزان نێردرابوو، به‌وجۆره 426 خێزان لێی بێبه‌شكران. له‌ڕێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی كوردستانه‌وه له‌هه‌وڵداین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ژماره خێزانه‌ی كه ماونه‌ته‌وه له‌و هاوكارییه سوودمه‌ندبن. ناوبراو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌ر خێزانێكی بناری قه‌ندیل به‌هۆی سووتانی زه‌وی و ره‌زو باخه‌كانییه‌وه ده‌یان ملیۆن دینار زیانی ماددی به‌ركه‌وتووه، جێی خۆیه‌تی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌وڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یاندا بن. بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه شاكر یاسین، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، پێیوتین: زانیاریمان پێگه‌یشتووه كه حكومه‌تی عیراق له‌به‌رنامه‌یدا هه‌یه له‌بودجه‌ی ئه‌مساڵ بڕی 12 ملیار دینار بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی عیراق به‌گشتی ته‌رخانبكات، به‌شێكی ئه‌و هاوكارییه ده‌درێته ئه‌و خێزانانه‌ی به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا‌و تۆپخانه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌و له‌كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێبوون، به‌لام تائێستا به‌ڕه‌سمی هیچ نووسراوێكمان ده‌رباره‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌و میكانیزمی چۆنیه‌تی پێدانی ئه‌و هاوكارییه به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتووه. ئاوی قه‌ندیل ژه‌هراوی نه‌بووه دكتۆر گابار هێڤی، پزیشك له‌بنكه‌ی ته‌ندروستی گوندی سه‌رمله-ی بناری قه‌ندیل، ده‌ڵێت: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر پێشنیاری لیژنه‌یه‌كی پزیشكی داوامان له‌دانیشتووانی گونده بۆردومانكراوه‌كانی بناری قه‌ندیل كرد كه بۆماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك خۆیان له‌به‌كارهێنانی ئاوی ناوچه‌كه بۆ خواردنه‌وه بپارێزن، دواتر چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ئاوی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی بناری قه‌ندیل له‌تاقیگه‌دا شیكردنه‌وه‌ی بۆكراو خۆشبه‌ختانه دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت كه ژه‌هراوی نه‌بووه. دكتۆر خالس قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وتی: به‌پێی ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی راپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمه‌وه پێكهێنرابوو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون له‌سه‌ر ره‌وشی ئاواره‌كانی بناری قه‌ندیل و لێكۆڵینه‌وه له‌ڕاستی و دروستی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه گوایه نه‌خۆشی ترسناك به‌هۆی ژه‌هراویبوونی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی قه‌ندیل و بۆردومانه‌كانه‌وه له‌و ناوچانه بلاوبۆته‌وه، ده‌ركه‌وتووه ئه‌و نه‌خۆشییانه به‌هۆی كۆبوونه‌وه‌و قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵكه‌وه بلاوبۆته‌وه نه‌ك به‌هۆی تۆپبارانه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش له‌هه‌وڵی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌كی هۆشیاریداین به‌مه‌به‌ستی خۆپاراستنی ئاواره‌كان له‌و نه‌خۆشیانه. هه‌ندێ له‌ئاواره‌كان داوای خانوو ده‌كه‌ن له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌فدێكی رێكخراوی ئاشتی مه‌سیحی، به‌هاوڕێیه‌تی نوێنه‌ری نۆ گوندی ئاواره‌كانی كه‌مپی به‌سته‌ستێن له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن عه‌بدوڵلا، قائیمقامی قه‌زای پشده‌ر كۆبوونه‌وه، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا میكانیزمی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ دروستكردنی خانووبه‌ره بۆ ئاواره‌كانی بناری قه‌ندیل له‌گوندی به‌سته‌ستێن له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه خێرخوازه‌كانه‌وه تاوتوێكرا. قائیمقامی پشده‌ر، ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه وتی: به‌ڵێنمان به‌ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه داوه به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانی خێزانه ئاواره‌كانی بناری قه‌ندیل بكه‌ین سه‌باره‌ت به‌دروستكردنی خانوو له‌و شوێنه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت. وتیشی: هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا رێنماییمان به‌نوێنه‌ری ئاواره‌كان داوه كه راسته‌وخۆ داواكاریی و پێشنیاره‌كانیان سه‌باره‌ت به‌دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ی كڕیویانه پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت بكه‌ن. هاوكاریی رێكخراوه خێرخوازییه‌كان به‌رده‌وامه هۆشیار مسته‌فا، به‌رپرسی به‌شی بلاوكردنه‌وه، له‌نووسینگه‌ی سلێمانی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، بۆ كوردستانی نوێ، وتی: دوای ئه‌وه‌ی زانیاریمان پێگه‌یشت كه ئاواره‌كانی بناری سیوه‌یس به‌هۆی نه‌بوونی ئاوی پاكه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان دروستبووه‌و به‌ناچارییه‌وه په‌نا بۆ ئاوی ئه‌و چه‌مه ده‌به‌ن كه له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته بڕیارماندا یه‌كه‌یه‌كی گه‌ڕۆكی پالاوتنی ئاو له‌و ناوچه‌یه دابمه‌زرێنین. وتیشی: ئێمه وه‌ك رێكخراوێكی مرۆیی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت بۆ هاوكاریكردنی خێزانه ئاواره‌كان درێغیناكه‌ین و به‌پێی توانا كۆمه‌كیان ده‌كه‌ین. باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ندێك له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وایان بلاوكردۆته‌وه گوایه ئه‌و برنجه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سووره‌وه به‌سه‌ر 64 خێزانی ئاواره‌ی گونده‌كانی ناوچه‌ی ره‌زگه‌ی سه‌ر به‌بناری قه‌ندیلدا دابه‌شكراوه، به‌رواری 2008/2009ی پێوه‌یه‌و ساڵێك به‌سه‌رچووه، به‌لام كۆمیته‌كه‌مان دڵنیایی ده‌دات كه هیچ له‌و خۆراكانه‌ی دابه‌شكراون به‌سه‌رنه‌چوون و ئه‌و سالانه‌ی كه له‌سه‌ر فه‌رده‌كان چاپكراون ساڵی دروێنه‌و له فه‌رده‌كردنه‌و نابێت به‌هه‌ڵه لێكبدرێته‌وه. ئاژه‌ڵداریی له‌قه‌ندیل به‌ره‌و له‌ناوچوونه له‌كاتێكدا له‌چه‌ندین ولاتی جیهانه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌سنووره‌كانی ئێرانیشه‌وه رۆژانه ئاژه‌ڵ و مه‌ڕومالات هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، كه‌چی ژماره‌یه‌ك له‌بازرگانه ئێرانییه‌كان ئاڵۆزیی بارودۆخی سیاسیی كوێستانه‌كانی بناری قه‌ندیلیان وه‌ك ده‌رفه‌تێك قۆستۆته‌وه بۆ كڕینه‌وه‌ی مه‌ڕو مالاتی خێزانه ره‌وه‌نده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه. مام بایز حه‌سه‌ن مه‌ولود، سه‌رپه‌رشتیاریی یه‌كێك له‌خێزانه ره‌وه‌نده‌كانه، ئێستا له‌كوێستانی ماله‌خ نیشته‌جێیه، خاوه‌نی زیاتر له 400 سه‌رمه‌ڕو بزنه، وتی: له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردووه‌وه به‌هۆی تۆپبارانی ئێرانه‌وه په‌نجا سه‌ر ئاژه‌ڵم له‌ناوچووه، له‌ئێستاشدا ده‌مه‌وێت به‌هه‌ر جۆرێك بێت مه‌ڕو مالاته‌كه‌م بفرۆشم و رووبكه‌مه‌وه قه‌لادزێ. وتیشی: ناتوانم هه‌روا به‌ئاسانی ئه‌و هه‌موو ئاژه‌ڵه بگه‌ڕێنمه‌وه ناوچه ئارامه‌كان كه ده‌یان كیلۆمه‌تر له‌كوێستانه‌كانه‌وه دوورن، جگه‌له‌وه‌ش ته‌نها ناوچه كوێستانه‌كان ده‌توانن له‌وه‌ڕی پێویست بۆئه‌و هه‌موو ئاژه‌ڵه ده‌سته‌به‌ربكه‌ن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه رۆژانه ژماره‌یه‌ك زۆر له‌بازرگانانی ئێرانی به‌ڕێگه‌ی قاچاغ دێنه كوێستانه‌كان، به‌نرخێكی هه‌رزان كه له‌ئاست خواستی ئێمه‌دا نییه مه‌ڕو مالاته‌كانمان لێده‌كڕن. به‌بڕوای حه‌مه‌د حه‌مه‌د ره‌سوڵ، بناری قه‌ندیل وه‌ك ناوچه‌یه‌كی بێ خاوه‌نی لێهاتووه، رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆری بازرگانانی ئێرانی مه‌ڕومالاتی ره‌وه‌نده‌كان به‌تالان ده‌به‌ن، به‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره به‌ر كه‌رتی ئاژه‌ڵداریی ناوچه‌كه‌و ژێرخانی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، كه ره‌نگه له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا كاریگه‌رییه سلبییه‌كانی لای هه‌موو لایه‌ك ده‌ربكه‌وێت. یه‌كێك له‌و بازرگانه ئێرانییانه‌ی كه به‌مه‌به‌ستی كڕینی ئاژه‌ڵ روویكردبووه ناوچه‌ی كوێستانی خڕه‌ندۆڵ، وتی: ئێمه به‌زۆر ئاژه‌ڵ له‌هیچ كه‌سێك ناكڕین، به‌ڵكو له‌سه‌ر خواست و ئاره‌زووی خێزانه ره‌وه‌نده‌كان خۆیان لێیان ده‌كڕین، ئه‌مه‌ش كارێكی گونجاوه‌و ده‌چێته خانه‌ی بازرگانیكردنه‌وه. ئه‌و بازرگانه ئێرانییه پێیوایه بناری قه‌ندیل ده‌ستی ده‌سه‌لاتی هیچ كام له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی پێڕاناگات، ئه‌مه‌ش وایكردووه بازرگان و قاچاخچییه ئێرانییه‌كان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی جیاواز لێی بڕوانن، له‌ڕووی بازرگانییه‌وه سوود له‌و بارودۆخه تایبه‌ته وه‌ربگرن. ئابووریناس حسێن حه‌مه زیاد، ده‌رباره‌ی ئه‌م دیارده مه‌ترسیداره، وتی: راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه كوێستانه‌كانی بناری قه‌ندیل بارودۆخێكی هه‌ستیارو تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه كۆنتڕۆڵی ناوچه‌كه له‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌مێنێت. وتیشی: سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌كردنی ناردنی مه‌ڕومالاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ سنووره‌كانی ولاتانی دراوسێ و دانانی رێوشوێنی توند بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره، به‌لام هێشتا ئاودیوكردنی مه‌ڕومالات له‌ناوچه سنوورییه‌كانی بناری قه‌ندیل به‌رده‌وامه، هه‌ندێ له‌بازرگانانی ناوچه‌كه به‌چه‌ندین رێگه‌و شوێنی نه‌زانراودا دوور له‌چاوی هێزه‌كانی پۆلیسی پاسه‌وانی سنووری هه‌رێم و پاسدارانی ئێران، رۆژانه مه‌ڕومالات ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی گۆشت و ئاژه‌ڵی زیندوو له‌هه‌رێمی كوردستاندا. زیانه‌كان هه‌موو كه‌رتێكی گرتۆته‌وه ره‌ئوف محه‌مه‌د كه‌ریم، ئه‌نجومه‌نی گوندی خره‌ندۆڵ-ی بناری قه‌ندیل، ده‌ڵێت: دارستانی قه‌ندیل كه یه‌كێكه له‌دارستانه گه‌وره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كانییه‌وه له‌لایه‌ن گوندنشینه‌كانی سه‌ر سنووره‌وه مه‌ترسی له‌ناوچوونی لێده‌كرێت. وتیشی: زستانی رابردوو به‌هۆی نه‌بوونی نه‌وته‌وه، گوندنشینانی قه‌ندیل سه‌دان داری ته‌ڕی دارستانه‌كه‌یان بڕیوه‌ته‌وه‌و بۆ سووتان به‌كاریانهێناون، له‌ئێستاشدا داربڕین له‌و دارستانه به‌رده‌وامه‌و مه‌ترسی له‌ناوچوونی لێده‌كرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌كردنی راوی باڵنده‌ی كێوی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، رۆژانه زیاتر له 150 كه‌و له‌ناوچه‌كانی بناری قه‌ندیل راوده‌كرێن. له‌مباره‌یه‌شه‌وه ئه‌نجومه‌نی خڕه‌ندۆڵ، باسی له‌وه‌كرد كه هه‌ندێ كه‌سی به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست ره‌وشی ناوچه‌كه‌یان وه‌ك ده‌رفه‌تێك قۆستۆته‌وه بۆ راوكردنی كه‌وو فرۆشتنی له‌بازاڕه‌كاندا، ئه‌م كاره‌ش جگه‌له‌وه‌ی تاوانێكی گه‌وره‌یه ده‌رهه‌ق به‌و باڵنده‌یه، زیانێكی گه‌وره‌ش به‌ژینگه‌و سروشتی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر له‌ئه‌مڕووه‌وه، هه‌رچه‌نده واده‌ی گونجاو بۆ چاندنی به‌روبوومی هاوینه‌ی بناری قه‌ندیل، سالانه له‌سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یراندا ده‌ستپێده‌كات، به‌لام به‌هۆی تۆپبارانه‌وه له‌ئه‌مساڵدا ته‌نها ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه جووتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ستیان به‌داچاندنی زه‌وییه‌كانیان كردووه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دره‌نگ پێگه‌یشتنی به‌روبوومه‌كانیان به‌تایبه‌ت خه‌یارو ته‌ماته. ئه‌ندازیاریی كشتوكاڵ به‌ختیار كاوه‌یس، پێیڕاگه‌یاندین: له‌كۆی 218 جووتیاریی بناری قه‌ندیل، ئه‌مساڵ ته‌نها 61 جووتیار زه‌وییه‌كانیان داچاندووه، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه خه‌ریكه كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ته‌واوی په‌كیده‌كه‌وێت.
|
|
|
|
|
|
|
|
|