گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌رجه‌عیه‌ت
شیروان حامد
31/7/2010
ریتمی سیاسی لیسته شیعییه‌كانی عیراق بۆ ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژاردن جۆره نه‌شازییه‌كی لێكه‌وتۆته‌وه كه ئه‌سته‌مه بتوانرێت بخرێته‌وه سه‌ر سكه‌ی ئه‌سڵی خۆی. ئه‌م نه‌شازییه‌ی ریتمه سیاسییه‌كه‌ی ئه‌وان چه‌ندین هۆكاری له‌پشته‌وه‌یه كه دیارترینیان خولانه‌وه‌یه به ده‌وری فه‌له‌كی مالكیدا. به‌هۆی وێكنه‌چوونی بڕیاریی سیاسی‌یان ده‌رهه‌ق به مالكی، په‌لكێشی كردون بۆ په‌نابردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه گه‌وره‌كه‌ی شیعه. هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه لیستێكی براوه‌ی شیعه‌یه-مه‌جلیسی ئه‌علاو سه‌درییه‌كان-و هاوپه‌یمانی مالكییه پێده‌چێت بێ‌ئومێد بووبێت له‌وه‌دا كه كێشه‌كان به‌شێوازی ئاسایی و دیالۆگ چاره‌سه‌ربكرێن بۆیه فووی كردووه به كه‌ڕه‌نای رۆیشتن به‌ره‌و مه‌رجعیه‌ت یان بۆلای ئایه‌تولای عوزما سه‌ید عه‌لی سیستانی. سه‌ید سیستانی لای شیعه‌كان ئه‌و ژماره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه زۆركات كه حزبه شیعییه‌كان ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌كیان پێچاره‌سه‌ر نه‌كرێت هانای بۆ ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت سه‌درییه‌كان له‌چه‌ند دۆخێكی ناهه‌مواری سیاسیی و ئه‌منی ماوه‌كانی پێشووتردا ره‌تیانده‌كرده‌وه گوێ بۆ قسه‌كانی سه‌ید سیستانی رابگرن، ئه‌وه‌تا ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ مه‌جلیسی ئه‌علادا سه‌ید سیستانی وه‌ك ده‌رچه یان حه‌كیمی كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی كێشه‌كانی ناو ماڵی شیعی ده‌زانن. لێكتێنه‌گه‌یشتن و رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عیراق گه‌یشتووه‌ته ئاستێك پێشبینیكردن بۆئه‌وه‌ی كه‌ی ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت بووه‌ته مه‌ته‌ڵێكی گه‌وره‌و چووه‌ته خانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پێشبینیكردن، لیسته‌كان جارێك له‌سوریاو جارێك له‌میسرو جارێكیش له‌ئێران و زۆر كۆبوونه‌وه‌ی ئاشكرا‌و نهێنی تریش كراون، به‌لام دواجار هه‌رئه‌و ئه‌نجامه‌ی هه‌بووه كه هه‌موان ده‌یزانین ئه‌ویش دواخستنی چاره‌سه‌ركردنه‌كه بۆكاتێكی نادیار. هه‌ڵوێستی كورد له‌نێو ئه‌م هاوكێشه ئاڵۆزه‌دا روون و ئاشكرایه، سوننه‌كانیش تا راده‌یه‌ك ده‌زانرێت داواكارییه‌كانیان چییه، له‌نێو ماڵی شیعیشدا ده‌كرێت هه‌وڵی لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به تاڵه مووی چاره‌سه‌رێكی خێرای ناكۆكییه‌كانی نێوانیان دابنرێت، بێگومان له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا بیروبۆچوون یان هه‌ر فه‌توایه‌كی سه‌ید سیستانی بۆی هه‌یه له‌ئان و ساتێك‌دا ماڵی شیعه‌كان یه‌كبخات و كۆتایی به‌و قه‌یرانه نه‌ویستراوه بهێنێت. ئه‌مڕۆ كێشه‌ی سه‌ره‌كی لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی یان مه‌جلیسی ئه‌علاو سه‌درییه‌كان ئه‌وه‌یه كه داخۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوانیان له‌گه‌ڵ مالكیدا تاچه‌ند سه‌ید سیستانی رێگه ده‌دات به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌للاویدا حكومه‌ت پێكبهێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه روویدا ئه‌وا راسته‌وخۆ مالكی ده‌كرێته ده‌ره‌وه‌ی گه‌مه‌كه‌و لایه‌نه‌كان هه‌نگاوێكی تر له دروستكردنی حكومه‌ت نزیكتر ده‌بنه‌وه، به‌لام ئه‌مه‌ش بێ كێشه نابێت چونكه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان له‌ناوخۆی خۆشیاندا بارودۆخه‌كه به‌لایه‌كدا بخه‌ن ئه‌وا هه‌ڵوێستی ئیقلیمی له‌حاڵه‌تێكی ئاوادا بێ سه‌ریه‌شه نابێت به‌تایبه‌ت كه مالكی پشتیوانییه‌كی به‌هێزی ده‌ره‌كی هه‌یه. له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا په‌نابردن بۆ مه‌رجه‌عیه‌ت له خوێندنه‌وه‌یه‌ك زیاتر هه‌ڵناگرێت كه ره‌نگه بڕیارێكی سه‌ید سیستانی هه‌مووان په‌یوه‌ست بكات كه ئه‌مه‌ش دوو ته‌فسیری هه‌یه(هاوپه‌یمانی نیشتمانی و ئه‌لعیراقییه‌ی عه‌للاوی حكومه‌ت پێكبهێنن یان به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو شیعه‌كان رێبكه‌ون و سوننه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی گه‌مه‌كه بمێننه‌وه)، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌دیهات ئه‌وكات ده‌رده‌كه‌وێت تا ئێستا ئه‌وه مه‌رجه‌عیه‌ته توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌یه نه‌ك ده‌وڵه‌ت یان كه‌سێكی دیكه.
|
|
|
|
|
|
|
|
|