حه‌یده‌ر شه‌شۆ: له‌لایه‌ن میلله‌ت‌و كوردی ئێزدیی نیشته‌جێی وڵاتانی ئه‌وروپا‌وه‌ هاوكاریی ده‌كرێین
حه‌یده‌ر شه‌شۆ: له‌لایه‌ن میلله‌ت‌و كوردی ئێزدیی نیشته‌جێی وڵاتانی ئه‌وروپا‌وه‌ هاوكاریی ده‌كرێین ‌ 17/11/2016
له‌به‌رده‌وامیی ئه‌و زنجیره‌ دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌شنگاڵ‌و ده‌وروبه‌ری كردومانه‌ له‌باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه‌و خه‌م و ئازاری ئێزدییه‌كان، (كوردستانی نوی) هه‌وڵده‌دات تیشك بخاته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان له‌وێ‌و به‌شێك له‌راستیی رووداوه‌كان‌و كاره‌ساتی شنگال‌و كوردانی ئێزدی له‌زاری ئه‌وانه‌ی له‌وێین بگێڕێته‌وه‌و دیدارو چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا بكات.
حه‌یده‌ر شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داینه‌وه‌و به‌شێك له‌رووداوه‌كانی كاره‌ساتی شنگال و ده‌وروبه‌ری بۆ گێڕاینه‌وه‌.
دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
شه‌شۆ سه‌ره‌تای قسه‌كانی به‌چۆنییه‌تی پێكهێنانی هێزه‌كه‌ی ده‌ستپێكردو وتی به‌رله‌ هێرشی به‌ربڵاوی داعش بۆسه‌ر ناوچه‌كانی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری، ئێمه‌ هه‌ستمان به‌مه‌ترسیی ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وو مه‌ترسیداره‌كردبوو، بۆیه‌ بیرمان له‌پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ له‌هه‌ر كاره‌ساتێك، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی كورت به‌رله‌هێرشی داعش ده‌ستیانكردووه‌ به‌ناونووسین بۆ پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت‌و  له‌ماوه‌ی 10 رۆژێدا 3500 كه‌س ناوی خۆیان نووسی، وتیشی ئێمه‌ سه‌ردانی لقی پارتی دیموكراتی كوردستانمان كرد له‌ناوچه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی پشتیوانیمان بكه‌ن، به‌وپێیه‌ی حزبی ده‌سه‌ڵاتدارن‌و توانایان له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ڵام لێپرسراوی لقی پارتی (سه‌ربه‌ست بابیری) پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و وتیان: «ئێمه‌ 8 هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان له‌ شنگاله‌و 3 هه‌زاریش له‌زوممار، به‌رپرسیارێتی پاراستنی ناوچه‌كه‌ له‌ئه‌ستۆی ئێمه‌دایه‌و  تا یه‌ك پێشمه‌رگه‌ مابێت، شنگال‌و ده‌وروبه‌ری به‌جێ ناهێڵین».
پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌تیان ره‌تكرده‌وه‌
حه‌یده‌ر شه‌شۆ كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیشه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پێیان وتون راستده‌كه‌ن، به‌ڵام پێویسته‌و ئه‌ركی هه‌موومانه‌ بیر له‌سه‌لامه‌تیی ناوچه‌كه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانیش پێیانوتین كاری ئێوه‌ نییه‌و ئێمه‌ لێپرسراوێتی دۆخه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرین.
شه‌شۆ وتی: «پێم وتوون ئه‌گه‌ر كورد نه‌بوونایه‌ نه‌ده‌هاتم، چونكه‌ منیش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانم، به‌ڵام ناچارین‌و پێویسته‌ پێكه‌وه‌ پارێزگاریی له‌ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، دیسان ئه‌وان پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌تیان ره‌تكرده‌وه‌.
به‌قسه‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ به‌ 10 رۆژێك به‌رله‌ په‌لاماره‌كه‌ی 3ی ئابی 2014، داعش هێرشی كردۆته‌ سه‌ر گوندی گوهبه‌ل‌و نزیكه‌ی 200 خێزانی ئێزدی كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش‌و شه‌هیدو بریندار هه‌بووه‌، به‌په‌له‌ چوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و هۆكاری جێهێشتنی گونده‌كه‌و راكردنی پێشمه‌رگه‌یان به‌هێزه‌كه‌ی پارتی راگه‌یاندووه‌، ئه‌وان وتویانه‌ كشاوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام لێپرسراوی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وتون ئه‌وه‌ كاری ئێوه‌ نییه‌، ئیدی له‌وێ ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵی‌و چه‌ك راكێشان له‌یه‌كتری، له‌سه‌ر هۆكاری پاشه‌كشێی هێزه‌كه‌! 
قاسم شه‌شۆ وتی: شنگالمان له‌ده‌ستدا
حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ ئێمه‌ پێ نه‌بوو. وتیشی: «ئێمه‌ زۆر ده‌ترساین له‌ كاره‌ساتێكی له‌و شێوه‌یه‌، بۆیه‌ من له‌ 2ی ئاب سه‌ردانی سلێمانیم كرد بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ براده‌ران قسه‌بكه‌م‌و چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌ترسییه‌ بدۆزینه‌وه‌، به‌ڵام سێی سه‌رله‌به‌یانی 3ی مانگی ئاب له‌هێرشی تیرۆرستانی داعش ئاگادار كرامه‌وه‌و تا حه‌وتی سه‌رله‌به‌یانی به‌ڕیی مۆبایل له‌هێرشه‌كانی داعش ئاگادار ده‌كرامه‌وه‌و سه‌عات حه‌وت قاسم شه‌شۆ پێی راگه‌یاندم كه‌ شنگالیان له‌ده‌ستدا»! 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «به‌په‌له‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شنگال و بۆ 2ی دوای نیوه‌ڕۆی 3ی ئاب، واته‌ رۆژی هێرشی داعش گه‌یشتمه‌ سنونی‌و ده‌ستمان كرد به‌خۆكۆكردنه‌وه‌و یه‌ك داعشم له‌ناوچه‌كه‌ نه‌بینی، به‌ڵام خه‌ڵك به‌كۆمه‌ڵ رایانده‌كردو هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ ره‌تڵ‌و كۆمه‌ڵ ریزیان گرتبوو ناوچه‌كه‌یان به‌جێ ده‌هێشت‌و ته‌نانه‌ت رێی ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نیشیان ده‌گرت بۆ راكردن له‌ناوچه‌كه‌، هه‌رچه‌ند پرسیارم ده‌كرد چی بووه‌ وا راده‌كه‌ن‌و ناوچه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێلن؟ كه‌سێك وه‌ڵامی پێنه‌بوو یان وه‌ڵامیان نه‌ده‌دامه‌وه‌!»
نه‌یانهێشت شه‌رفه‌دین بكه‌وێته‌ ده‌ست داعش
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئه‌و بینیوێتی، چه‌كی سوك‌و قورسیشیان پێ بووه‌و ده‌ڵێت «بینیم (دۆشكاو تۆپ‌و هاوه‌ن‌و هه‌مه‌رو ..هتد) پێبوو».
فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخان روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماڵی خۆی به‌ 16 كه‌س به‌په‌له‌ هێزێكیان به‌ناوی هێزی پاراستنی شنگال پێكهێناوه‌و دواتر له‌ مانگی 10ی 2015 ناوه‌كه‌یان گۆڕیووه‌ بۆ هێزی پاراستنی ئێزدخان‌و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ نێوان 2500 بۆ 3 هه‌زار كه‌س‌و خه‌ڵكێكی زۆر له‌وانه‌ی له‌به‌ری قوبله‌ی شاخی شنگال رایانكردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ر به‌ره‌و شه‌ره‌فه‌دین هاتوون‌و په‌یوه‌ندییان به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كردووه‌ به‌چه‌ك‌و پێداویستیی خۆیانه‌وه‌».
هه‌روه‌ها  وتی:  «ئێمه‌ چه‌كمان زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌چوونه‌ رۆژئاوا، به‌شێكیان چه‌كه‌كانیان لای ئێمه‌ داده‌نا بۆ شه‌رڤانی ئێمه‌». 
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ راشیگه‌یاند: كه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیان بارودۆخیان زۆرخراپ بووه‌و داعش به‌چه‌كی گران‌و به‌ژماره‌ی زۆر هێرشی كردۆته‌ سه‌ریان،  به‌ڵام ئه‌و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌رگریی كردووه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی نه‌یانهێشتووه‌ شه‌رفه‌دین بكه‌وێته‌ ده‌ست تیرۆرستانی داعش، وتیشی: «ئه‌و ده‌رگای حه‌وشه‌یه‌ی ده‌یبینی داعش بارهه‌ڵگرێكی گه‌وره‌ی بۆمبڕێژكراوی لی ته‌قانده‌وه‌و زیانی پێگه‌یاندین، به‌ڵام به‌رگریمان كردو نه‌مانهێشت بكه‌وێـته‌ ده‌ست داعش».
چوارمانگ یارمه‌تیمان له‌عیراق وه‌رگرت
به‌قسه‌ی حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئێستا ئه‌وان نزیكه‌ی 7 هه‌زار كه‌سیان ناونووس كردووه‌ له‌هێزه‌كه‌یان‌و 3800 بۆ چوار هه‌زار چه‌كداریان هه‌یه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش جگه‌ له‌ 1500 كه‌س كه‌ چه‌كیان پێدراوه‌، ئه‌وانی دیكه‌ به‌چه‌كی خۆیان له‌گه‌ڵ هێزی ئێزدخانن. 
سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی هاوكاریی ئه‌و هێزه‌ش، حه‌یده‌ر شه‌شۆ روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه‌ هاوكاریی ده‌كرێن‌و به‌شێك له‌و هاوكارییانه‌ له‌وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌‌و له‌لایه‌ن كوردانی ئێزدییه‌وه‌ بۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ به‌شێوه‌ی مانگانه‌، وتیشی ئێمه‌ له‌مانگی 12ی 2014 تا مانگی 3ی 2015 هاوكارییان له‌به‌غدا وه‌رگرتوه‌و ئیدی وه‌ریان نه‌گرتووه‌، ئاشكراشی كرد كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و هاوكارییه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم (پارتی) تووشی كێشه‌ بووین‌و به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ئاسایشی پارتی میوان بووین‌و دوای گفتوگۆی زۆر، په‌یمانیان پێداین كه‌ هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ بچێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و مووچه‌و هاوكاریمان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بۆ دابین بكرێت، به‌ڵام دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان رێی لێگرت‌و له‌په‌یمانه‌كه‌یان په‌شیمان بوونه‌وه‌.
پیرانی ئێزدی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان هه‌ن
شه‌شۆ وتیشی: «مه‌رجی ئه‌وان ئه‌وه‌بوو ناوی هێزه‌كه‌مان بگۆڕین‌و بچینه‌ چوارچێوه‌ی هێزی فه‌له‌كی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌‌و به‌كورتی بچینه‌ ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌وانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه‌».
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی وتیشی ئه‌گه‌ر كورد نه‌بم ئه‌وا ئێزدیش نیم، ئه‌گه‌ر ئێزدی نه‌بم ئه‌وا كوردیش نیم! ئه‌و قسه‌یه‌ی شه‌شۆ له‌و پرسیاره‌وه‌ هات كه‌ كوردانی ئێزدی كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر هێرش‌و په‌لامارێكی گه‌وره‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رگرییان لێ نه‌كردووه‌و خه‌ڵكانێك په‌یدابوون ده‌ڵێن ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازین، به‌ڵام شه‌شۆ وتی من نه‌ك كوردم، به‌ڵكو كه‌س له‌خۆم به‌كوردتر نازانم.
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ شه‌شۆ وتی: من وه‌كو خۆم قسه‌ ده‌كه‌م‌و هه‌موو كات كوردستان وڵاتی خۆم بووه‌، ناوی كوردستان‌و ئێزدخان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاتووه‌، له‌باكوور تا باشوور‌و بگره‌ له‌رۆژهه‌ڵات بۆ رۆژئاوای كوردستان بگره‌ هیچ شوێنێك نییه‌ ناونیشانێك یان ناوی پیرێكی ئێزدیان نه‌بێت، كه‌واته‌ مێژووی ئێزدی مێژووی كوردستانه‌و مێژووی كوردستان مێژووی ئێزدییانه‌، بۆیه‌ هه‌مووی مێژووی ئێمه‌ی كورده‌.
راهێنه‌ری ئه‌مریكایی‌و ئیسپانی لێره‌ن
سه‌باره‌ت به‌هاوكاریی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی ئێزدخان روونیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی هاوكاریی ئه‌وانی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی له‌ناو یه‌كێتیدا هاوكاریی ئه‌وان كراوه‌و وتی سوپاسیان ده‌كه‌ین‌و روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاوكارییانه‌ی گه‌یشتۆته‌ ده‌ست ئه‌وان، زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی پێویستیانه‌و باسی له‌هاوكاریی‌و یارمه‌تیی راهێنه‌رانی ئیسپانیی‌و ئه‌مریكی‌و به‌ریتانیی كردو روونیكرده‌وه‌ كه‌ گه‌لێك جار ئه‌و راهێنه‌رانه‌ ده‌یانه‌وێ بێنه‌ لای ئێمه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئاسایش‌و ئیداره‌ی دهۆكه‌وه‌ رێگرییان ده‌كرێت‌و لێ ناگه‌ڕێن بێن هاوكاریمان بكه‌ن، وتیشی  له‌ئێستادا راهێنه‌ری ئه‌مریكایی و ئیسپانی لێره‌ هه‌ن.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و تائێستا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌و به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌وه‌ به‌ئیش‌و كاری هێزه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌یتوانیووه‌ وه‌كو پێویست كاره‌كانی له‌ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند بكات‌و سوپاسی كردن كه‌ چاوپۆشیان لێكردووه‌. به‌ڵام وتی یه‌كێتی بوونی من په‌یوندیی به‌یه‌كێتییه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیش نه‌مێنی من هه‌ر یه‌كێتیم.
«40 شه‌هیدمان هه‌یه‌»
له‌باره‌ی ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌شه‌وه‌ كه‌ هێزی پاراستنی ئێزدخانی لێیه‌، ئه‌و وتی ئێمه‌ سه‌نگه‌رێكی دیاریكراومان نییه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئاماده‌ین بۆ شه‌ڕكردن‌و به‌هاناوه‌چوون‌و وتی بۆ نموونه‌ له‌ شه‌ڕی كارگه‌ی چیمه‌نتۆی شنگال، شه‌ڕڤانمان به‌هانای هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ چوون‌و هه‌روه‌ك داوامانكردووه‌ شوێنێكمان بده‌نی بیگرینه‌ ئه‌ستۆ، بۆ نموونه‌ ناوچه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێی ده‌ڵێن قه‌راچه‌ 10 كیلۆمه‌ترێك ده‌بێت له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و هه‌ڤاڵانی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام وه‌رمان نه‌گرتووه‌. وتیشی: تائێستا زیاتر له‌ 40 شه‌هیدمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر بریندار.
سه‌باره‌ت به‌گرژیی‌و ناخۆشی له‌نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌كانی شنگالیش، ناوبراو وتی: من پێشبینی ناكه‌م شه‌ڕ له‌نێوانیاندا دروست ببێت، به‌ڵام پێویستیشه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان دان به‌خۆیاندا بگرن، چونكه‌ هه‌ر گرژییه‌ك له‌ناوچه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی شنگال‌و كوردو كوردستاندا نییه‌.
میرو بابه‌شێخ، پارتی‌و یه‌كێتی
به‌قسه‌ی حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئێزدی ده‌مێكه‌ پارچه‌ پارچه‌بوون‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ له‌2003وه‌ داوای پێكهێنانی هێزێكی تایبه‌ت به‌ ئێزدییه‌كانمان كردووه‌، به‌ڵام رێگریی لێكراوه‌‌و وتی له‌2005 ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ خرایه‌ڕوو، حكومه‌تی عیراق ره‌زامه‌ندیی نیشاندا، ئه‌مریكییه‌كانیش رازیبوون به‌و بیرۆكه‌یه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌‌و وتی: ئه‌وكاته‌ بڕیاربوو هێزێكی 5 هه‌زار كه‌سی له‌شنگال‌و ناوچه‌ی كوردانی ئێزدی پێكبهێنرێت، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت.
هه‌روه‌ك راشیگه‌یاند كه‌ ناوچه‌ی كوردانی ئێزدی وه‌كو ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی دابڕاو، بۆته‌ قوربانیی ململانێی سیاسی ناوخۆی كوردستان‌و نێوانی هه‌رێم‌و به‌غدا‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وتی: «ناوچه‌كانی كوردانی ئێزدی زیاتر». 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌خاڵێكی گرنگ بده‌م كه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ كاریگه‌ریی زۆری كردۆته‌ سه‌ر متمانه‌ی كوردانی ئێزدی به‌لێپرسراوو سه‌ردارانی ئێزدی‌و پێیانوایه‌ زیاتر خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسیی خۆیان كردووه‌».
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ «میری ئێزدیان له‌سه‌ر پارتی حساب ده‌كرێت‌و بابه‌شێخیش له‌سه‌ر یه‌كێتی»، وتیشی ئه‌وانیش به‌شێكن له‌بارودۆخی سیاسیی له‌هه‌رێمی كوردستان‌و دابه‌شبوون هه‌یه‌.
شنگال وه‌كو جارانی لێ نایه‌ته‌وه‌
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا حه‌یده‌ر شه‌شۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی رووی له‌حزبه‌كه‌ی خۆی كردو گله‌یی هه‌بوو كه‌ له‌ 2003 وه‌ تائێستا گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ رێكخستن‌و گۆڕینی كه‌سه‌كاندا نه‌كردووه‌و وتی: «به‌و كه‌سانه‌و به‌و شێوازه‌ ئیشكردنه‌ ناتوانرێت پێشكه‌وتنی باش به‌دیبێت‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی نوێ‌و خوێنی نوێ بهێنرێـته‌ پێش تا بتوانرێت رێكخستنه‌كان نوێ بكرێته‌وه‌».
له‌باره‌ی گۆڕانی ده‌نگ‌و نه‌خشه‌ی ژماره‌ی ده‌نگی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌دوای 3ی ئابی 2014 وه‌ پێیوابوو كه‌ مومكین نییه‌ شنگال وه‌كو جارانی لێبێته‌وه‌و ده‌نگه‌كان گۆڕانێكی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا دێت‌و وتی: «ئه‌وانه‌ی به‌رگرییان كردو ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ به‌رگرییان له‌شنگال كرد بێگومان ئه‌مجاره‌ جیاواز ده‌بن».
په‌كه‌كه‌ له‌پێش كاره‌ساته‌كه‌وه‌ لێره‌بوون
سه‌باره‌ت به‌هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌مه‌ودوا، شه‌شۆ ده‌ڵێت: «بوونی په‌كه‌كه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای كاره‌ساتی شنگال، به‌ڵكو پێشتریش ئه‌وان حزبیان له‌شنگال هه‌بووه‌، به‌ناوی ته‌ڤده‌و لێره‌ هه‌بوون»، راشیگه‌یاند: بوونی ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ زۆر نییه‌، به‌ڵام كاریگه‌ریشیان ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌ئیداره‌ی شنگال‌و قایمقامییه‌ت‌و ئه‌نجومه‌نی قه‌زا، ناوبراو روونیكرده‌وه‌ كه‌ قایمقام له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌و بمانه‌وێت یان نا‌و حه‌زبكه‌ین یان نا، قایمقامی شنگاله‌و ره‌سمییه‌، به‌ڵام بڵێین قایمقام‌و ئه‌نجومه‌نی قه‌زا خزمه‌تیان كردووه‌، ئه‌وا ده‌ڵێین نه‌خێر خزمه‌تیان نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئیداره‌یه‌كی حزبیی بووه‌.
به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕده‌كرێته‌وه‌
ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ بازگه‌ی سحێلاو رێگریكردن له‌هاتن‌و چوون‌و هێنانی شتومه‌ك، ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بازگه‌یه‌ رێرێگری زۆر له‌كچ‌و كوڕانی كوردانی ئێزدی ده‌كات په‌یوه‌ندیی به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ بكه‌ن‌و ده‌ڵێت: نه‌ك ئه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ئۆردوگاكان ناویان ده‌نووسن‌و به‌ڵێننامه‌یان پی پڕده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شنگال‌و په‌یوه‌ندیی به‌ئێمه‌وه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ با ماڵیان له‌ناوچه‌كانی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان باربكه‌ن‌و بگوێزنه‌وه‌ بۆ شنگال‌و ناوچه‌كانی ئێستای رزگاربووه‌‌و ئه‌وه‌ی رووده‌دات كارێكی زۆر خراپه‌و گوشار ده‌خرێته‌ سه‌ر 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7343
17/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ چاوه‌ڕوان مه‌به‌ تینووت بێت .. هه‌میشه‌ ئاو بخۆره‌وه‌ 16/8/2017
‌ خانمی ئاسمان، له‌ نێوان ڕابتۆری ئه‌مریكی و( T-50) روسیی دا 16/8/2017
‌ ژیان لە دەرەوەی زەوی دەدۆزرێتەوە 14/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP