كۆڵان
كۆڵان ‌ 5/1/2017
فه‌ره‌یدوون موشیری 
له‌ فارسییه‌وه‌: ئازاد به‌رزنجی

دیسانه‌وه‌ به‌بێ تۆ مانگه‌شه‌وێ، به‌و كۆڵانه‌دا گوزه‌رام
گشت گیانم بووبوو به‌ چاو و هه‌ر به‌دوای تۆدا ئه‌گه‌ڕام
جامی بوونم لێوڕێژ بوو له‌ تاسه‌ی ژوانت
بووبوومه‌وه‌ به‌و عاشقه‌ شێته‌ی جارانت

له‌ نێو قووڵایی ڕۆحمدا گوڵی یادت گه‌شایه‌وه‌
باخی سه‌د یادگاریمان، تریقایه‌وه‌
عه‌تری سه‌د بیره‌وه‌ریمان وه‌شایه‌وه‌

هاته‌وه‌ یادم شه‌وێ پێكه‌وه‌ به‌و كۆڵانه‌دا تێپه‌ڕین
باڵی عیشقمان لێ ڕوابوو و به‌ته‌نیا بۆ خۆمان ئه‌فڕین
بۆ تاوێ لای جۆگه‌یه‌كه‌وه‌، لامان دا و كه‌مێ دانیشتین
هه‌رچی ڕازی دنیا هه‌یه‌ ڕژابووه‌ ناو چاوی سیات
منیش نوغرۆ و تواوه‌ی سه‌یری نیو نیگات

ئاسمان ساماڵ و شه‌و ئارام
به‌خت ده‌م به‌ خه‌نده‌ و شه‌ویش ڕام
هێشووی مانگ شۆڕبووبۆوه‌ سه‌ر ئاو
لقه‌كانیش، ده‌ستیان بۆ تریفه‌ ئه‌برد، ناوبه‌ناو
شه‌و و سارا و گوڵ و به‌رد و دار
تێكڕا مه‌ست بوون به‌ ئاوازی هوزار

به‌بیرم دێ كه‌ پێت وتم:»سڵ كه‌ له‌م عیشقه‌ و واز بێنه‌
هه‌ر بۆ تاوێ، چاوت به‌و ئاوه‌ هه‌ڵێنه‌
ئاو، ئاوێنه‌ی خۆشه‌ویستیی زووگوزه‌ر و فانییه‌
تۆ كه‌ نیگات بڕیوه‌ته‌ نیگام و پڕ له‌ نیگه‌رانییه‌
خوا ئه‌زانێ كه‌ سبه‌ینێ، دڵت له‌لای كام جوانییه‌!
له‌م شاره‌ دووركه‌وه‌ره‌وه‌ و، نیازی سه‌فه‌رێ له‌دڵتا بێنه‌

منیش پێم وتی:»وازهێنان له‌ عیشق، نازانم
سه‌فه‌ر له‌م شاره‌ و جودایی له‌ تۆ، ناتوانم
قه‌ت ناتوانم»

له‌و ڕۆژه‌وه‌ی دڵ له‌ ئه‌ڵهای تۆ هه‌ڵفڕی و كرامه‌وه‌
وه‌كو كۆتر له‌سه‌ر گوێسه‌بانه‌كه‌ی تۆ، گیرسامه‌وه‌
گه‌رچی تۆ به‌ردت تێ گرتم،
نه‌ ته‌ره‌ بووم، نه‌ كه‌وتم و هه‌ر مامه‌وه‌

دیسانه‌وه‌ پێم وتی:»تۆ ڕاوچی و من ئاهووی سارام
هه‌تاكو خۆم خسته‌ داوت، گشت دنیا گه‌ڕام وگه‌ڕام
وازهێنان له‌ عیشق، نازانم، قه‌ت ناتوانم»

فرمێسكێ له‌ لقه‌كه‌وه‌ كه‌وته‌ خوارێ
مه‌لی شه‌وخوێن، ئاوازێكی تاڵی خوێند و هه‌ڵفڕی له‌سه‌ر دارێ!
ئه‌شك قه‌تیس ما له‌ چاوی تۆ
مانگ پێكه‌نی له‌و عیشقه‌ی تۆ!

به‌بیرم دێ خامۆش بوویت و چیتر چاوه‌ڕێی وه‌ڵامت نه‌بووم
ئیدی منیش، له‌ بناری خه‌م و كه‌سه‌ردا درێژ بووم
هه‌ر مامه‌وه‌ و ته‌ره‌ نه‌بووم ..

ئه‌و شه‌وه‌ و گه‌لێ شه‌وی دی
له‌ناو تاریكیی مه‌راقدا ون بوو
تۆش چیتر له‌م عاشقه‌ پڕئازاره‌ خه‌به‌رێكت نه‌بوو!
ئیدی هه‌ر به‌و كۆڵانه‌شدا، گوزه‌رێكت نه‌بوو!
وه‌لێ كاتێ من به‌بێ تۆ، به‌و كۆڵانه‌دا تێپه‌ڕیم
خوایه‌ چ حاڵێكم هه‌بوو!


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7172
19/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP