یه‌كێتی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئاماده‌ ده‌كات
یه‌كێتی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئاماده‌ ده‌كات ‌ 5/1/2017
بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتوو بێت، خولێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌ستپێبكات، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئاماده‌ ده‌كات.

ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی
له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه‌، رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌و  ئه‌ندامی وه‌فدی یه‌كێتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: هێشتا كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ به‌زووترین كات كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌، وتی: ره‌شنووسی پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌و پێویسته‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ندبكرێت‌و ئه‌وكات ده‌بێته‌ پڕۆژه‌ی یه‌كێتی، وتیشی: پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ حزبێك نییه‌، به‌ڵكو بۆ دۆخی گشتیی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان‌و سیستمی حوكمڕانییه‌، بواره‌كانی ئابووری‌و قه‌یرانه‌كان‌و مووچه‌و داهاتی نه‌وت‌و غازو چه‌ند بوارێكی دیكه‌ له‌ خۆده‌گرێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو (ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌نها بۆ كۆبوونه‌وه‌كان نییه‌، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئێستاو ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌).
 
پارتی: یەکەم لایەن لەگەڵ یەکێتی کۆدەبینەوە
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ (كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كاندا به‌رده‌وام ده‌بێت)، وتیشی: كۆبوونه‌وه‌كان دوای پشووه‌كانی سه‌ری ساڵ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌و یه‌كه‌م لایه‌نیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆده‌بینه‌وه‌.

گۆڕان: ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ پڕۆژه‌ی ئێمه‌ نییه‌
شۆڕش حاجی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیای گۆڕان، رایگه‌یاند: چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ئێستا له‌ هه‌ندێك میدیاوه‌ پڕۆژه‌یه‌ك به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دوورو نزیك په‌یوه‌ندیی به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ نییه‌، ده‌شڵێت: پێده‌چێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هه‌وڵێكی شه‌خسی بێت وه‌ك پڕۆژه‌ خرابێته‌ڕوو.

یه‌كگرتوو: ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، د.عومه‌ر محه‌مه‌د به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ سلێمانی به‌ ماڵپه‌ڕی كوردیوی سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: پارتی ده‌بێت په‌له‌ بكات له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌و گه‌ڕی دووه‌م ده‌ستپێبكاته‌وه‌و ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌وانه‌، ده‌شڵێت: دۆخه‌كه‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، ئێستا گه‌ر فرسه‌تی باشمان له‌به‌رده‌م بێت بۆ گۆڕانكاری، ئه‌وا مه‌ترسیشمان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارین ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌گشتی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ باشكردنی ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك‌و پرۆسه‌ی سیاسی بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7203
24/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ *لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كانی یاریگای زاخۆ، زاخۆش داوای لێبوردنی كرد *یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌كرێن یان نا؟ 23/2/2017
‌ میسی بۆچی له‌ میسره‌؟ 23/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP