غه‌سسان نه‌عسان كۆچی دواییت ناوه‌خت بوو
غه‌سسان نه‌عسان كۆچی دواییت ناوه‌خت بوو ‌ 7/1/2017
به‌ره‌به‌یانیی رۆژی ٣ی ئه‌م مانگه‌، غه‌سسان نه‌عسان، له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڕه‌كی شه‌كره‌كه‌ له‌سلێمانی، بۆ دواجار چاوه‌كانی لێكناو رێناس و زه‌رده‌شتی كوڕی، ئیدی له‌ سۆزی باوكایه‌تیی بێبه‌شبوون.
غه‌سسان نه‌عسان، كوردی رۆژئاوابوو، ده‌ ساڵ بوو هاتبووه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌سلێمانی ده‌ژیا. كادرێكی پڕ به‌رهه‌می یه‌كێتی بوو، زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ئه‌كادیمیای هۆشیاری و پێگه‌یاندنی كادیران، كه‌ پێشتر ناوی مه‌كته‌بی بیرو هۆشیاری بوو، چاپكراون.
 غه‌سسان، كه‌ له‌ دایكبووی ساڵی ١٩٥٦بوو، له‌ مانگی ته‌مموزی ساڵی رابردوودا، باوكی له‌ زێدی خۆیان له‌ شاری مه‌نبه‌ج، له‌ ته‌مه‌نی پتر له‌ ٩٠ ساڵیدا، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا، گیانی سپارد.
غه‌سسان فره‌ به‌هره‌ بوو. ئه‌كته‌ری شانۆبوو، ده‌رهێنه‌ری شانۆبوو، زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنیی ده‌نووسی و سیناریست و ئه‌كته‌ری سینه‌مایی بوو، رۆژنامه‌نووس بوو، وه‌رگێڕێكی كارامه‌بوو له‌ زمانی ئه‌ڵمانییه‌وه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی و چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، وه‌ك كتێبه‌كه‌ی د. فازیل مه‌لا مه‌حمود ره‌سوڵ كه‌ باس له‌ كوردستان و ستراتیجی یه‌كێتی سۆڤێت له‌ رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كا. كتێبی مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌ن، كه‌ ده‌قی دادگاییكردنی بكوژی كوشتاری ئه‌رمه‌نه‌، كه‌ بكوژه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا بڕیارده‌ری كوشتاری ئه‌رمه‌ن، دوای رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ده‌بینێ و ده‌یكوژێ، كه‌چی دادگا، بكوژه‌كه‌ ئازاد ده‌كا، چونكه‌ به‌رگریی له‌ گه‌له‌كه‌ی كردووه‌، كه‌ به‌بڕیاری ده‌سه‌ڵاتدارانی توركی عوسمانی قه‌تڵ و عام كراون.
غه‌سسان له‌ ئه‌ڵمانیا رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌بواری شانۆدا هه‌بووه‌و دوایین كاری مۆنۆدرامای «پیسی»یه‌، كه‌ خۆی رۆڵی ئه‌كته‌ری بینیوه‌و هه‌ر خۆیشی نووسیویه‌تی و ده‌رهێنه‌ریش بووه‌.
 غه‌سسان پتر له‌ ده‌ ژماره‌ی گۆڤاری : ئه‌لمه‌رسه‌د ئه‌لده‌ولی»ی به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌ركرد، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ پڕۆژه‌كانی ئه‌كادیمیای هۆشیاری و به‌داخه‌وه‌، كه‌میی بودجه‌ بووه‌ هۆی په‌كخستنی گۆڤاره‌كه‌.
یه‌كه‌مجار غه‌سسانم له‌ دهۆك ناسی، له‌ فیستیڤاڵی به‌درخان، كه‌ حه‌مید به‌درخان، له‌مه‌نبه‌جه‌وه‌ داوه‌تی كردبوو. كه‌ فیستیڤاڵیش ته‌واوبوو، غه‌سسان نه‌چووه‌وه‌ بۆ سوریاو پێیگوتم بۆیه‌ ناچمه‌وه‌ ده‌مه‌وێ ئه‌و ئاواته‌م بێنمه‌دی كه‌ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌م، زه‌رده‌شت و رێناس، فێری كوردی ببن و به‌كوردی بخوێنن. نامه‌وێ ئه‌وه‌ی خۆم لێی مه‌حروم بووم، ئه‌وان لێیبێبه‌ش بن.
 ئێستا رێناس و زه‌رده‌شت، هه‌ردووكیان كوردیزانی باشن، خوێندكاری زیره‌كن، به‌هره‌مه‌ندن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ده‌بێ ژیانی له‌مه‌ودوای خۆیان به‌ بێباوكی به‌سه‌ر ببه‌ن.
كه‌م كوردی رۆژئاوا هه‌یه‌ له‌سلێمانی بووبێ، غه‌سسان، به‌هه‌ر جۆرێكی بۆی لوابێت، یارمه‌تیی نه‌دابێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار به‌د مه‌ستییه‌كه‌ی ده‌بووه هۆی نانه‌وه‌ی كێشه‌ بۆ خۆی و ده‌وروبه‌ری.
دوایین كاری غه‌سسان نه‌عسان به‌شداریكردنی بوو له‌ كورته‌ فیلمێكی هاوڕێم هه‌وراز محه‌مه‌د، كه‌ ده‌رهێنه‌رێكی سینه‌مایی هه‌ڵكه‌وتووه‌و لێیچاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ ئایینده‌ی نزیكدا، به‌رهه‌می ناوازه‌تر له‌ به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی ئێستای پێشكه‌ش به‌ هه‌وادارانی سینه‌مای كوردستانی و جیهانی بكات.
غه‌سسان له‌ رۆژگارێكدا مرد، كه‌ قه‌یرانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو شتێكی بێبه‌ها كرد و وه‌ك پول و پاره‌ی به‌ كه‌س نه‌هێشت و موچه‌ی موچه‌خۆرانی پوچ كرد، سه‌دای وه‌فاو به‌هاناوه‌چوونیشی كز كرد، هه‌ر بۆیه‌ش پیاوێكی گه‌وره‌ی وه‌ك غه‌سسان نه‌عسان، ته‌نیا بیست كه‌سی له‌گه‌ڵ بوو له‌سه‌ر قه‌بران و له‌كاتی ناشتنیدا، كه‌ به‌داخه‌وه‌، له‌به‌ر درێژه‌دان به‌ خوێندنه‌كه‌م و مانه‌وه‌م به‌دیار نوێكردنه‌وه‌ی ئیقامه‌وه‌ له‌ وڵاتی میسر، كه‌ رۆتینیاتی ئیداری خنكاندوویه‌تی، نه‌یهێشت له‌ ناشتنه‌كه‌یدا به‌شدار بم.
بنوو هاوڕێ خێر له‌خۆنه‌دیوه‌كه‌م.
له‌ئه‌ڵمانیا هه‌ر دڵت لای كوردستان بوو.
له‌ كوردستانیش، كه‌ وه‌ك پێویست قه‌درت نه‌گیرا، دیسان هه‌ر كۆڵت نه‌دا و دڵت لای كوردستان بوو، زۆریشت مه‌به‌ست بوو، زه‌رده‌شت و رێناس، كوردی ساغیان لێده‌ربچێ و هه‌ر واشت كرد.
ماڵتئاواو گۆڕت پڕ نوور. 
بنوو...  
حه‌سه‌ن یاسین


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP