یه‌كه‌مین دیداری‌ سلێمانی‌ بۆ موزیك به‌ نموونه‌
یه‌كه‌مین دیداری‌ سلێمانی‌ بۆ موزیك به‌ نموونه‌ ‌ 10/1/2017
موزیك وه‌ك یه‌كێك له‌ كایه‌ گرنگه‌كانی‌ كلتورو وه‌ك هێما و به‌شێك له‌ پێناسه‌كانی‌ شارستانیه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد
عادل محه‌مه‌د كه‌ریم 
به‌دروشمی‌ : (به‌ره‌و دیالۆگێكی‌ بونیادنه‌رانه‌ بۆ موزیكی‌ كوردی‌) سه‌ندیكای‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردستان ڕۆژانی‌ (15-17)ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌م ، یه‌كه‌م دیداری‌ بۆ موزیك له‌ هۆڵی‌ پڕۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ له‌ هۆتێلی‌ (گراند میلینیۆم) له‌ سلێمانی‌ سازدرا.
دیاره‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ هه‌نگاوی‌ له‌و جۆره‌ بۆ موزیك و گۆرانی‌ كوردی‌ بنرێت ، نه‌ك ته‌نها له‌ باشوری‌ كوردستان ، به‌ڵكو له‌ سه‌ر ئاستی‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان .
هه‌موو ده‌زانین نه‌ك ئێستا ،به‌ڵكو پێشتریش هونه‌رمه‌ندانی‌ موزیك به‌ گشتی‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ گرفتی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ ناڵاندویانه‌و زۆر جار رێشكه‌وتووه‌ نامه‌ ئاراسته‌ی‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار كراوه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ هه‌ندێ‌ هونه‌رمه‌ندی‌ به‌ ئه‌زمون  یان له‌ ڕێگه‌ی‌ تیپه‌ هونه‌رییه‌كان  یان به‌ هه‌ر هۆكارێكی‌ دی‌، به‌ڵام گرفته‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌و چاره‌سه‌ر ی‌ گونجاو نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌  ئاماده‌كارانی‌ ئه‌م دیداره‌ له‌ ڕێبه‌ری‌ دیداره‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ :(به‌ مه‌به‌ستی‌ جوڵاندنی‌ دۆخی‌ چه‌قبه‌ستوی‌ ،گفتو گۆو وتوێژ ده‌رباره‌ی‌ هونه‌ری‌ موزیكی‌ كوردی‌ ،بۆ به‌ره‌و پێشچونون و هه‌نگاونان بۆ كاری‌ داهاتوو، له‌م بواره‌داو بۆ جیاكردنه‌وه‌و پۆلێنبه‌ندی‌ بواره‌كانی‌ كاری‌ موزیكی‌ كوردی‌ وه‌ك:(مێژوی‌ موزیكی‌ كوردی‌  ،دیاری‌ كردنی‌ فۆرمه‌ موزیكییه‌ كوردییه‌كان،لێكۆڵینه‌وه‌...هتد)بكرێته‌ خاڵی‌ ده‌ستپێك بۆ دروستكردنی‌ گفتو گۆیه‌كی‌ ئه‌كادیمی‌ له‌و بوارانه‌ی‌ كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێدرا ،گه‌رچی‌ دۆخی‌ كوردستان له‌ بوارێكی‌ دژواردایه‌ ،به‌ڵام به‌ستنی‌ پانیل و دیدار بۆ موزیك پێویستییه‌كی‌ هه‌نووكه‌ییه‌و ناكرێ‌ ڕه‌وتی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ هونه‌ر له‌ بزاوت بكه‌وێ‌.
ئامانجی‌ ئه‌م دیداره‌ :
یه‌كه‌م:خستنه‌ ڕووی‌ گرفته‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆ چوونه‌ جیاوازانه‌ی‌ ،كه‌ له‌ و بوارانه‌دا تا ئێستا هه‌ن و به‌ شێوه‌ی‌ هاوبه‌ش له‌ باشووری‌ كوردستاندا ڕاو گفتوو گۆی‌ زانستیان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
دووه‌م :هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی‌ هێڵی‌ گشتی‌ بۆ شێوازی‌ كاركردن ، له‌ پسپۆرییه‌ جیاوازه‌كانی‌ موزیكی‌ كوردی‌.
سێیه‌م : موزیك وه‌ك یه‌كێك له‌ كایه‌ گرنگه‌كانی‌ كلتور وه‌ك هێما و به‌شێك له‌ پێناسه‌كانی‌ شارستانیه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد بناسرێت.
گرنگی‌ ئه‌م دیداره‌ش له‌م كاته‌دا له‌م چوار خاڵه‌دا خراوه‌ت ڕوو:
یه‌كه‌م: بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ باشوری‌ كوردستاندا دیداری‌ موزیك به‌م شێوازه‌ سه‌رده‌مییانه‌ ساز ده‌كرێت .
دووه‌م :ئه‌م دیداره‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ موزیك له‌ باشوری‌ كوردستان .
سێیه‌م :ئه‌م دیداره‌ ده‌بێته‌ بناغه‌ دانه‌ری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و گرفته‌ زانستیانه‌ی‌ كه‌ تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون .
چواره‌م :ئاگاداركردنه‌یه‌كه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیاردان به‌ دیدێكی‌ جیاواز تر له‌م هونه‌ره‌ بڕوانێت ،ئه‌و خاڵ و باسانه‌ی‌ كه‌له‌ دیداره‌كه‌دا ده‌خرێته‌ ڕوو، بكرێته‌پلان و ستراتیژی‌ درێژخایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری‌ گرفته‌كانی‌ موزیكی‌ كوردی‌ له‌ باشوری‌ كوردستان.
بیرۆكه‌ی‌ ئه‌م دیداره‌ ده‌مێكه‌ له‌ هزری‌ زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ موزیك ئه‌م باسو خواسه‌ ده‌كرێت و  به‌ڵام بیرۆكه‌ی‌ سازدانه‌كه‌ له‌م كاته‌دا بیرۆكه‌ی‌ هونه‌رمه‌ند نیاز نوری‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردستان بوو لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كردن و سه‌رپه‌رشتی‌ دیداریش هه‌ریه‌كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندان (نیاز نوری‌ ,عادل محه‌مه‌د كه‌ر یم ،توانا حه‌مه‌ )بون.لیژنه‌ی‌ كارگێڕی‌ و دارایی هه‌ریه‌ك له‌م به‌ڕێزانه‌ بوون (هێرش عه‌بدولڕه‌حمان ،شێرزاد حه‌یده‌ری‌ ،سه‌ردار خدر ،سیروان جه‌لال ،لوقمان سابیر)بون .لێره‌دا به‌ پێویستی‌ ده‌زانم سوپاسێكی‌ بێ‌ پایان ئاراسته‌ی‌ كاكه‌ سیروان جه‌لال بكه‌م كه‌به‌و په‌ڕی‌ لێبورده‌ییه‌وه‌ كاری‌ به‌ڕێكردنی‌ پانێله‌كانی‌ ئاسان ده‌كرد به‌تایبه‌ت له‌روی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ مایكرۆفۆنه‌كان بۆ به‌شداربووه‌كان بێ‌ جیاوازی‌ كردن و به‌و په‌ڕی‌ لێبورده‌ییه‌وه‌ ،ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌ی‌ خۆی‌ نواند كه‌شایسته‌ی‌ ڕێزو سوپاسی‌ زیاتره‌ به‌راستی‌ ده‌بوو بڕوانامه‌ی‌ ڕێزلێنانی‌ دیداره‌كه‌ی‌ پێببه‌خشرایه‌. 
****
لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كردن به‌مه‌به‌ستی‌ ڕاپه‌راندنی‌ كاره‌كان ،یه‌كه‌م كاری‌ ده‌ستنیشان كردنی‌ پانێله‌ بنچینه‌ییه‌كان و دواتر ده‌ستنیشان و سپاردنی‌ باسی‌ پانێله‌كان بوو به‌ كه‌سانی‌ ئه‌كادیمی‌و شاره‌زا  له‌ پانێله‌ بنچینه‌ییه‌كاندا .
پانێله‌كان پێنج پانێلی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ بوون به‌م شێوه‌یه‌ :
یه‌كه‌م پانێل ده‌رباری‌ مێژووی‌ موزیك له‌ باشووری‌ كوردستاندا،لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كار به‌ باشی‌ زانی‌ سه‌ره‌تا له‌سه‌ر مێژوی‌ دێرین ،باسێك بێته‌ دووتوێی‌ ئه‌م پانێله‌ ،بۆیه‌ باسی‌ یه‌كه‌م تایبه‌ت بوو به‌ مێژووی‌ دێرینی‌ موزیك له‌ كوردستان كه‌له‌لایه‌ن دكتۆ كۆزاد(سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ شوێنه‌وار له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌) باسێكی‌ به‌ پێزی‌ پێشكه‌شكرد باسی‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌ دێرینه‌كانی‌ كوردستان كرد كه‌ ئامێری‌ موزیكیان تیا دۆزراوه‌ته‌وه‌و مێژوی‌ هه‌ندێك له‌ و ئامێرانه‌ بۆ مێژوی‌ پێش شارستانییه‌ته‌كانی‌ ته‌نانه‌ت سۆمه‌رییه‌كانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كنه‌وپشكنینی‌ زۆرێك له‌م شوێنه‌واره‌ دێرینانه‌  له‌لایه‌ن شوێنه‌وارناسه‌ ڕۆژئاواییه‌كان كراون .
دوای‌ ئه‌م باسه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فور له‌سه‌ر مێژوی‌ موزیكی‌ هه‌ولێر بابه‌تێكی‌ پێشكه‌شكردو  تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ندێ‌ فۆرمی‌ موزیكی‌ تایبه‌تی‌ شاری‌ هه‌ولێر كردوو هه‌وروه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌ شێوازی‌ (ئه‌گله‌نجه‌) دا كه‌ شێوازێكی‌ تایبه‌تی‌ ئاهه‌نگ گێڕانی‌  شاری‌ هه‌ولێره‌ .دوای‌ ئه‌میش هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق له‌سه‌ر مێژوی‌ موزیكی‌ شاری‌ كه‌ركوك بابه‌تێكی‌ پێشكه‌شكرد كه‌تیایدا زۆر به‌ خێرای‌ تیشكی‌ خستبوه‌ سه‌ر  هه‌ندی‌ قۆناغی‌  دێرین و به‌ستنه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو و تیایدا رۆڵی‌ هه‌ندی‌ له‌ گۆرانیبێژه‌كانی‌ خستبووه‌ روو.
باسی‌ چواره‌می‌ ئه‌م پانێله‌ تایبه‌ت بوو به‌ مێژوی‌ موزیكو گۆرانی‌ شاری‌ دهوك ی‌ ده‌لال . كه‌له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی‌ پایه‌به‌رزی‌ شاری‌ دهوك (دڵشاد حه‌مه‌ سه‌عید )ه‌وه‌ پێشكه‌شكرا و تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌ مێژوویه‌كی‌ نزیكی‌ موزیك و گۆرانی‌ شاری‌ دهوك دا ،ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی‌  گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ تایبه‌تی‌ خودی‌ هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی‌ موزیكی‌ دهوك.
باسی‌ پێنجه‌می‌ ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند عادل محه‌مه‌د (به‌نده‌) وه‌ بوو كه‌له‌سه‌ر مێژوی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بوو ،تیایدا تیشكم خسته‌ سه‌ر ره‌وتی‌ هونه‌ری‌ موزیك و گۆرانی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ بنیاتنانی‌ شار له‌ ساڵی‌ 1784 تا كۆتای‌ میرنشینی‌ بابان و دواتر هاتنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عوسمانییه‌كان و تا كۆتای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عوسمانییه‌كان و هاتنی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ به‌ریتانییه‌كان ،واته‌ تا ساڵی‌( 1918) ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوازی‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌ ئاماده‌كرا بوو له‌به‌ر نه‌بونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ پێویست توێژه‌ر پشتی‌ به‌ هۆنراوه‌ی‌ شاعیران و گه‌شتی‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌كان به‌ستبوو به‌تایبه‌تیش شیعره‌ ناوازه‌كه‌ی‌ (كوردی‌ )شاعیرو یاداشتی‌ گه‌شته‌كه‌ی‌ (مسته‌ر ڕیچ)ئه‌م قۆناغه‌ش ناونرا بوو قۆناغی‌ پێش تۆماركردن واته‌ له‌م ماوه‌یه‌دا هیچ تۆماركراوێكی‌ نییه‌و هیچ نوسراوێكی‌ تایبه‌ت به‌ موزیك و گۆرانی‌ نییه‌.
شایه‌نی‌ باسه‌ ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند هوشیار ئه‌حمه‌ده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌براو دوای‌ پێشكه‌شكردنی‌ باسه‌كان ئاماده‌بوان پرسیارێكی‌ زۆریان ئاراسته‌ی‌ پێشكه‌شكه‌رانی‌ باسه‌كان هه‌بوو.
پانێلی‌ دووه‌م ڕۆژی‌ دووه‌م دیداره‌كه‌ به‌یانی‌ كاتژمێر (10)ی‌ به‌یانی‌ پێشكه‌شكرا كه‌ پانێله‌كه‌ به‌ناوی‌ (فۆرمه‌ موزكییه‌ دێرینه‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان ) بوو ئه‌م پانێله‌ش پینج باسی‌ له‌ خۆ گرتبوو كه‌ ئه‌مانه‌ بوون:
یه‌كه‌م باس له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ندی‌ به‌ ئه‌زمون  ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغییه‌وه‌ پێشكه‌شكرا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ مه‌قامه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان ، تیایدا له‌ ڕووی‌ تیۆرییه‌وه‌ تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر په‌یژه‌ ره‌سه‌نه‌كانی‌  تایبه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌ ، به‌ ووردیش تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر مه‌قامی‌ (ئه‌ڵاوه‌یس)ی‌
دووه‌م باس له‌سه‌ر فۆرمی‌ (حه‌یران )بوو له‌لایه‌ن  مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ند  ئامانج غازییه‌وه‌ پێشكه‌شكرا تیایدا هونه‌رمه‌ند باسێكی‌ تێرو ته‌سه‌لی‌ له‌سه‌ر ئه‌م فۆرمه‌و  پێكهاته‌ی‌ تیۆری‌ حه‌یران پێشكه‌شكرد. 
باسی‌ سێیه‌م له‌ سه‌ر فۆرمی‌ (جۆره‌كانی‌ گۆرانی‌ هه‌ورامی‌ )پێشكه‌شكرد و تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌ سیاچامانه‌و به‌زمی‌ چه‌پڵه‌و گۆرانییه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان دا ،لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌و مه‌یدانی‌ و كاری‌ چوارساڵی‌ خوێندنی‌ كۆلێژی‌ كاكه‌ توانا بوو.
باسی‌ چواره‌م : به‌ناوی‌ (ده‌نگی‌ ژنی‌ كورد له‌ گۆرانی فۆلكلۆریدا )له‌لایه‌ن مامۆستای‌ به‌ ئه‌زمون دكتۆره‌ی‌ پرۆفیسۆر (شوكریه‌ ڕه‌سول)ه‌وه‌ پێشكه‌شكرا ، تیایدا ناوه‌رۆكی‌ زۆرێك له‌و گۆرانییانه‌ی‌ خسته‌ ڕوو كه‌ تایه‌به‌ت بوون به‌ ده‌نگی‌ مێینه‌و و تیایدا زۆر به‌ جوانی‌ ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و گۆرانییانه‌ی‌ بۆ خستینه‌ روو به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ (لایه‌ لایه‌و شین و لاواندنه‌وه‌ی‌ )ئافره‌تان و ژنانی‌ باشوری‌ كوردستان ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێی‌ هه‌ڵوێسته‌ كردنه‌ دكتۆره‌ له‌ هه‌ندێ‌ بابه‌ت به‌ نواندنێكی‌ بێ‌ وێنای‌ جوانه‌وه‌ ئاوازی‌ گۆرانییه‌كان و جوڵه‌كانی‌ روون ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بووه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجدانی‌ زیاتری‌ ئامادده‌بوان و له‌ كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ باسه‌كه‌یدا چه‌ند جارێك بووه‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان و زۆر به‌گه‌رمی‌ ستایشی‌ باسه‌كه‌ی‌ كرا.
دووا باسی‌ ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ندی‌ به‌ ئه‌زمون خالید سه‌ركاره‌وه‌ بوو كه‌تیایدا باسی‌ له‌ فۆرمی‌ سرووده‌ كوردییه‌كان كردو ڕۆڵی‌ ئه‌م سرودانه‌ی‌ له‌ خه‌باتی‌ ڕه‌وای‌ گه‌له‌كه‌مان خسته‌ روو ،هه‌روه‌ها باسی‌ له‌ شێوازو پێكهاتی‌ سروده‌ كوردییه‌كان كرد له‌روی‌ ده‌ق و ئاوازه‌وه‌ . 
ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند نیاز نورییه‌وه‌ به‌ ڕێوه‌ برا و نزیكه‌ی‌ سێ‌ كاژێری‌ خایاند.
پانێلی‌ سێیه‌م: ئه‌م پانیله‌ تایبه‌ت بوو به‌ لایه‌نی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ موزیك كه‌ كاتژمێر 2ی‌ پاشنیوه‌ڕۆی‌ دووه‌م ڕۆژی‌ دیداره‌كه‌ بوو، باسی‌ یه‌كه‌می‌ پانیله‌كه‌  به‌ناونیشانی‌ (دیدی‌ فه‌لسه‌فه‌ بۆ موزیك : ڕه‌هه‌ندی‌ جوانكاری‌ موزیك) بوو له‌لایه‌ن دكتۆر ئازاد حه‌مه‌وه‌ پێشكه‌شكراو تیایدا ئارای‌ زۆرێك له‌ فه‌یله‌سوفه‌ كۆنو نوێگه‌رییه‌كانی‌ له‌ سه‌ر لایه‌نی‌ جوانكاری‌ هونه‌ری‌ بۆ به‌ر جه‌سته‌كردین و باسه‌كه‌ی‌ زۆر به‌ پێز بوو ،چونكه‌ باسو خواسی‌ ستاتیكای‌ هونه‌ری‌و گرێدانی‌ به‌لایه‌نی‌ ره‌وشت و په‌روه‌رده‌ بابه‌ت گه‌لێكی‌ گرنگ و سه‌رنج راكێشن .
      لیژنه‌ی‌ ئامادده‌كاری‌ دیدار به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌م پانێله‌ی‌ روانی‌و ئامانج لێی‌ سه‌ره‌تا خستنه‌ رووی‌ لایه‌نی‌ مێژوی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هونه‌رو دواتر باسكردنی‌ لایه‌نی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هونه‌ری‌ موزیك له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ،بۆیه‌ باسی‌ دووه‌می‌ ئه‌م پانێله‌ تایبه‌ت بوو به‌ موزیكو گۆرانی‌ له‌ باخچه‌ی‌ ساوایان له‌م باسه‌دا مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ند فڕه‌نسیس داود باسێكی‌ مێژوی‌ له‌سه‌ر چۆنێتی‌و گرنگی‌ وانه‌ی‌ موزیك له‌ باخچه‌كانی‌ سلێمانی‌ باس كردوو تیایدا زیاتر تیشكی‌ خستبووه‌ سه‌ر لایه‌نی‌ مێژوی‌ موزیك له‌ باخچه‌كان و ئه‌و مامۆستا هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ پێشه‌نگی‌ ئه‌م كاره‌ بون و باخچه‌كانی‌ سلێمانی‌ وه‌ك نمونه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ هێنا بۆوه‌ .
باسی‌ سێیه‌م :له‌م پانێله‌ تایبه‌ت كرا بوو به‌ گوزه‌رانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ موزیك له‌ به‌شی‌ موزیكی‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌جوانه‌كانی‌ هه‌رێم و تیایدا مامۆستا ئارام عومه‌ر باسێكی‌ ئاماده‌ كردبوو له‌سه‌ر پڕۆگرامی‌ وانه‌كانی‌ به‌شی‌ موزیك و به‌ستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان،تیایدا لایه‌نی‌ ئه‌رێنی‌ و نه‌رێنی‌ هه‌ندێ‌ له‌ وانه‌كانی‌ خسته‌ ڕوو.
ده‌كرا ئه‌م باسه‌ش تێرو ته‌سه‌ل تر باس بكرێت چونكه‌ ڕۆڵی‌ به‌شی‌ موزیك له‌ په‌یمانگه‌ی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ و ئه‌و خزمه‌ته‌ی‌ ئه‌م به‌شه‌ به‌ڕه‌وتی‌ هونه‌ری‌ موزیكی‌ كوردی‌ كردووه‌ زیاتر هه‌ڵده‌ گرێتو جێگه‌ی‌ تێڕامانی‌ زیاترو لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ووردتره‌.
خوێندنی‌ باڵا ش له‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ موزیك باسێكی‌ تری‌ ئه‌م پانێله‌ بوو كه‌ تیایدا دكتۆر عه‌بدوڵا جه‌مال سه‌گرمه‌ وه‌ك سه‌رۆك به‌شی‌ موزیكی‌ كۆلیژی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كان باسێكی‌ له‌سه‌ر ره‌وشی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ موزیكی‌ له‌ به‌شی‌ موزیكی‌ كۆلیژی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ پێشكه‌شكردو تیایدا باسی‌ به‌شه‌ پسپۆرییه‌كان و پرۆگرامی‌ به‌شه‌كه‌ی‌ كرد.هه‌روه‌ها ئاسته‌نگو گرفته‌كانی‌ خوێندن.ده‌كرا ئه‌م باسه‌ش له‌لایه‌ن دكتۆر عه‌بدوڵاوه‌ فراوانتر بوایه‌وه‌ 
ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن عادل محه‌مه‌د كه‌ریمه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ براو هاوشێوه‌ی‌ پانێله‌كانی‌ دی‌ ده‌رگای‌ پرسیار بۆ ئاماده‌بوان كرایه‌وه‌ زیاتر بابه‌ته‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند تر كرد.
پانێلی‌ چواره‌م :
ئه‌م پانێله‌ به‌ ناو نیشانی‌ (ڕۆڵی‌ میدیای‌ كوردی‌ له‌ ئاراسته‌كردنی‌ موزیكی‌ كوردیدا ) بوو ده‌سته‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ دیدار زۆر به‌ گرنگییه‌وه‌ روانییه‌ باسه‌كانی‌ ئه‌م پانێله‌، چونكه‌ میدیاو كاری‌ هونه‌ری‌ گۆرانی‌ و موزیك دوانه‌یه‌كی‌ لێكدانه‌بڕاون و بێ‌ یه‌ك كاره‌كان ته‌واو نابن و ته‌واو ته‌واو كه‌ری‌ یه‌كیدن پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا میدیا ڕۆڵێكی‌ پۆزه‌تیڤی‌ دیوه‌ یان نه‌گه‌تیڤ ؟
ئایا میدیای‌ بیستراو بینراو له‌ دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ به‌ چ ئاقارێكدا رۆشتووه‌ ؟ ئایا له‌ خزمه‌تی‌ هونه‌ری‌ موزیك و گۆرانی‌ كوردیو موزیككارانی‌ كوردا بووه‌ یان چۆن؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیار له‌ باسه‌كانی‌ ئه‌م پانێله‌ ووروژان!!
باسی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ی‌  به‌ئه‌زمون (وریا ئه‌حمه‌د)ه‌وه‌ پێش كه‌ش كرا و تیایدا به‌ خێرای‌  مێژوی‌ ئه‌و میدیایانه‌ی‌ خسته‌ ڕوو ،كه‌ له‌ خزمه‌تی‌ هونه‌رو هونه‌رمه‌ندانی‌ موزیكی‌ كوردا بون  ،به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تا ڕۆڵی‌ ئیزگه‌ی‌ كوردی‌ له‌ به‌غدادو دوایش ڕۆڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ كه‌ركوك  دوایش دوای‌ ڕاپه‌ڕین رۆڵی‌ میدیای‌ بیستراو بینراو به‌گشتی‌ ئاماژه‌بوو به‌وه‌ی‌ كه‌ میدیاكانمان میدیای‌ حیزبین و گوزارشت له‌ خواستی‌ گشت جه‌ماوه‌ر ناكه‌نو،مافی‌ هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی‌ له‌م میدیایانه‌ پێشێل ده‌كرێن ئه‌مه‌ش یه‌كانگیر بوو له‌ گه‌ڵ باسه‌كه‌ی‌ مامۆستای‌ هونه‌رمه‌ند دلێر حسێن كه‌ به‌ناوی‌ په‌یوه‌ست بونی‌ هونه‌ر به‌ میدیاو په‌یوه‌ست بونی‌ میدیا به‌ هونه‌ر (گۆرانی‌و موزیك) ،ئه‌میش به‌ هه‌مان شێوه‌ باسی‌ له‌ گرنگی‌ ئه‌م دوو لایه‌ن كرد (هونه‌رو میدیا) به‌ یه‌كدییه‌وه‌ و له‌ باسه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ ڕوو، كه‌ هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتی‌ و به‌ تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی‌ موزیك زۆر به‌ جوانی‌ په‌یوه‌ستن به‌ میدیاكان ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێگه‌ی‌ داخه‌ كه‌ میدیاكان ستراتیژییه‌كی‌ رونییان به‌رامبه‌ر هونه‌رمه‌ندان نییه‌و سیاسه‌تێكی‌ ڕونییان له‌م باره‌وه‌ نییه‌ واته‌ میدیاكانی‌ كوردستانن كه‌ په‌یوه‌ست نین به‌ مافی‌ موزیسیانان و گۆرانیبێژان .باسی‌ سێیه‌م له‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نوسی‌ به‌ ئه‌زمون كاكه‌ یاسین عومه‌ره‌وه‌ پێشكه‌شكرا به‌ناوی‌ (موزیك و گۆرانی‌ كوردی‌ له‌ گرامافۆنه‌وه‌ بۆ سمارت فۆن)باسی‌ له‌ كاریگه‌ری‌ پێشكه‌وتنی‌ ته‌كنه‌لۆجیا كرد بۆسه‌ر گۆرانی‌ و موزیكی‌ كوردی‌ و تاچه‌ند هونه‌رمه‌ندانی‌ كورد و كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ كه‌ ئێستا سه‌رده‌می‌ سمارت فۆنه‌ ،ئایا هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردو كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ ئاماده‌ی‌ ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ن ،له‌ راستییا توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ زۆر به‌ پێزبوو تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ شاراوه‌ی‌ ئه‌م بواره‌ كرد كه‌ بووه‌ جێی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ ئامادده‌بووان.
باسی‌ چواره‌م له‌لایه‌ن مامۆستا ئاره‌زو ئیسماعیل پێشكه‌شكرا به‌ناوی‌ (ئاراسته‌ی‌ میدیای‌ كوردی‌ له‌ نێوان بینین و بیستندا) مامۆستاش له‌ باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ندێ‌ لایه‌نی‌ ئه‌م پانێله‌ دا. پێش ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌م پانێله‌ش هونه‌رمه‌ند هه‌ژار زه‌هاویش له‌سه‌ر داوای‌ خۆی‌ ووته‌یه‌كی‌ له‌م باره‌وه‌ پێشكه‌شكردو تیایدا ئه‌وه‌ی‌ روون كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هاوشێوه‌ی‌ ووڵاتان زه‌مینه‌ سازی‌ بكرێت بۆ بازاڕ بۆ موزیسیانانی‌ كورد  تا كاڵاكانیان له‌و بازاڕه‌دا ساغ بكریچنه‌وه‌ چیدی‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كورد پێویستیان به‌ وه‌ نه‌بێت كه‌ روو بكه‌ن ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ڕاپه‌ڕاندنی‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌ڵكو هونه‌رمه‌ند به‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ی‌ كه‌ ده‌یكات ده‌بێت بازاڕ هه‌بێت بۆی‌ و مافی‌ خۆی‌ له‌لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ میدیایه‌ وه‌ربگرێت .
ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن كاكه‌ توانا حه‌مه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ برا.

پانێلی‌ پێنجه‌م و دووا پانێل به‌ گشتی‌ له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی‌ موزیكی‌ كوردی‌ بوو
باسی‌ یه‌كه‌م:
له‌لایه‌ن كاك خالید دۆسكی‌ وه‌زیری‌ ڕۆشنبیری‌ و لاوان پێشكه‌شكرا كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ گه‌رمی‌ ده‌ستخۆشی‌ له‌ ئاماده‌كارانی‌ ئه‌م دیداری‌ كردو زۆر به‌ گرنگی‌ داناو ، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ دا كه‌ ماوه‌ی‌ دوو ڕۆژه‌ گوێم له‌ باس و خواسی‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ بواری‌ موزیك و گۆرانییه‌و پشتگیری‌ له‌زۆرێك له‌ داوا ڕه‌واكانیان ده‌كه‌م. كاك خالید دۆسكی‌ باسی‌ له‌ سیاسه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرد به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتی‌ و به‌ تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی‌ موزیك و گۆرانی‌ و به‌ داخه‌وه‌ به‌ ڕاشكاوی‌ ووتی‌ (حكومه‌ت سیاسه‌تی‌ كلتوری‌ نییه‌ ) به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ سیاسه‌تێكی‌ روونی‌ به‌ ئه‌م بواره‌ هه‌ستیاره‌ نییه‌ ) ، هه‌روه‌ها باسی‌ له‌و گرفتانه‌ كرد كه‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ روبه‌روی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆته‌وه‌و باسی‌ له‌ و بودجه‌ كه‌مه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ كردو هه‌وره‌ها باسی‌ له‌ هه‌ندی‌ هه‌نگاوی‌  چاكسازیی ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ كرد.

باسی‌ دووه‌م  
له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند غه‌مگین فه‌ره‌جه‌وه‌ به‌ناوی‌ (ئه‌مڕۆی‌ موزیكی‌ كوردی‌ ..گرفت و پرسیاره‌كان) پێشكه‌شكرا كه‌ تیایدا هه‌ندێ‌ پرسیاری‌ باوی‌ ڕۆژانه‌ی‌ نێو هونه‌رمه‌ندانی‌ خسته‌ روو ،به‌رای‌ من چاوه‌ڕوان ده‌كرا  له‌ هونه‌رمه‌ند غه‌مگین فه‌ره‌ج تایبه‌ت تر له‌م بابه‌ته‌ بدوایه‌و زیاتر خۆی‌ ماندوو بكردایه‌ بۆ بابه‌ته‌كه‌ی‌ ،به‌ڵام  جگه‌ له‌ خستنه‌ رووی‌ هه‌ندێ‌ گرفت هیچی‌ ترم له‌ باسه‌كه‌ی‌ نه‌بینی‌ .

باسی‌ سێیه‌م : 
له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی‌ خۆشه‌ویستی‌ شاری‌ دهوك كاك جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیبه‌وه‌ پێشكه‌شكرا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا باس له‌ گرفتی‌ تیپه‌ موزیكییه‌ هونه‌رییه‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان بكات ،به‌ تایبه‌تیش گرفته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ تیپی‌ مۆسیقای‌ دهۆك له‌وانه‌ گرفتی‌ شوێن گرفتی‌ بودجه‌ ،گرفتی‌ میدیاو ئاسته‌نگه‌ میدیاییه‌كان له‌به‌رده‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ...تادوای‌)،به‌ڵام زیاتر ئاماژه‌ی‌ به‌ گرفتی‌  ته‌كنیكی‌ هونه‌ری‌ ناو تیپه‌كان كردو به‌ تایبه‌تیش تیپی‌ موزیكی‌ دهوك.

باسی‌ چواره‌م 
ئه‌م باسه‌ به‌ ناوی‌ (موزیك له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاساو كاری‌ ڕێكخراوه‌یدا )له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند نیاز نوری‌ نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردستانه‌وه‌ پێكه‌شكرا و تیایدا  به‌ گشتی‌ باسی‌ له‌ ڕۆڵی‌ ڕێكخراوه‌كان و به‌ تایبه‌ت ڕێكخراوی‌ (سه‌ندیكای‌ هونه‌رمه‌ندانی‌ كوردستان كرد ) گرنگی‌ بونی‌ سه‌ندیكاو رێكخراوی‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ هونه‌ر به‌ گشتی و موزیك به‌ تایبه‌تی‌  بۆ هێنانه‌ دی‌ ئامانجه‌كانی‌، هه‌روه‌ها  هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی‌  مافی‌ دانه‌ر به‌ته‌واوی‌ بچێته‌ بواری‌  جێبه‌ جێكردنه‌وه‌ وه‌ك پشت و په‌نایه‌ك بۆ بۆ پارێزگاری‌ كردن له‌ مافی‌ هزری‌ هونه‌رمه‌ند و دانه‌ران.
ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ ئاماژه‌یه‌ ئه‌م پانێله‌ درێژترین پانێل بوو نزیكه‌ی‌ چوار كاژێری‌ خایاند و زیاتر له‌ 50 پرسیار ئاراسته‌ی‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌كرا كه‌ باسیان پێشكه‌شكردو پرسیاره‌كان زیاتر ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێز كاك خالید دۆسكی‌ وه‌زیری‌ رۆشنبیری‌ و لاوان كرایه‌وه‌و به‌و په‌ڕی‌ سنگفراوانییه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانی‌ ده‌دایه‌وه‌. ئه‌م پانێله‌ش له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی‌ خۆشه‌ویستی‌ شاری‌ هه‌ولێر مامۆستا ئامانج غازییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ برا.

دوای‌ سێ‌ ڕۆژ گفت و گۆی‌ چڕو پڕ له‌سه‌ر باسی‌ پانێله‌كان سه‌ره‌نجام  دیداره‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك راسپارده‌ كۆتای‌ به‌ دیداره‌كه‌ هێنا به‌و ئومێده‌ی‌ كه‌ ئه‌م راسپاردانه‌ بكرێنه‌ هه‌وێنی‌ كاری‌ ئاینده‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان زۆر به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ .
راسپارده‌ی‌ یه‌كه‌مین دیداری‌ سلێمانی‌ بۆ موزیك ئه‌مانه‌ بوون:

o داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بکرێت. یاسای (مافی دانەر و مافە هاوسێکانی)‌، بە زوترین کات بخرێتە بواری جیبەجێکردنەوە. 
o شورایەکی تایبەت بە موزیک و گۆرانی کە بەپێی یاسا لە پەرلەمان کارەکانی رێکبخریت، دواتر وەک رێنمای یاسای بۆ دەربکرێت.
o حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەت، تەرخان بکات بۆ ناساندنی ناسنامەی موزیکی لە دەرەوەوە لە ڕێی ئەو شوورایەی کە دروست دەکرێت.
o داوا لە وەزارەتی پەروەردە بکرێت، پرۆگرامی موزیک باخچەی ساوایان تا دەگاتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەت و بە شوازێکی نوێ بە هاوکاری سەندیکای هونەرمەندان سەردەمی دەبنرێت. دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوەردە بخریتە پرۆگرامی خویندنەوە.
o داوا لە وەزارەتی خویندنی باڵا بکریت گرنگی زیاتر بە بواری خویندنی موزیک بدات لە کۆلیژەکانی هونەر و خویندنی باڵا بدات. بۆ دروستکردنی کادری زانستی و لە بواری موزیک یان لە ریگای هێنانی کادری بیانی پسپۆر بۆ کۆلیژەمان تا سوود لە توانا زانستیەکانان وەربگیریت.
o چالاک کردن و گرنگی دانی زیاتر بە فیستڤال و کیبرکێ هونەرییە موزیکییە وەرزی و سالانەکان، کە دواجار ئەمانە کاریگەری زۆر گەورەیان  لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی کاری هونەری دەبیت.

o گرنگی دان بە بواری لێکۆلنەوە، نوسین و وەرگیرانی کتیبی موزیک پرۆگرامی خویندنی زانکۆکان و سەرجەم ئەو بابەت و کتێبە موزیکیانەی کە دەربارەی موزیکی کوردی نوسراون، ببنە سەرچاوەی گرنگی بەردەستی هونەرمەندان و لێکۆلەوانی بواری موزیک لە کوردستاندا تا بناغەیەکی زانستی بۆ سەرجەم بوارەکانی موزیکی کوردی بنیات بنرێت.
o چارەسەرکردنی گرفتی تیپە هونەرییە موزیکییە بنەرەتییەکان لە رووی دابین کردنی شوین و بودجەوە.
o گرنگی دان و بەردەوامی دان بەم شیوازە لە دیدار و گفتوگۆی ئەکادیمی تا لەم ریەوە بتوانین هەنگاوەکانمان بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانی بۆ موزیکی کوردی خێرا بکەین.
o دابین کردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ دروستکردنی ئارکایفی نیشتمانی بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی دەنگی و رەنگ و موزیک و گۆرانی کوردی، دواجار سەرجەم ئەو دیکیومینتانەی کە تایبەتن بە سەرجەم ئەو چالاکیە موزیکیانەی کە لە رۆژگاری دوینی و ئەمرۆماندان تێیدا بپاریزێت و ببیتە مەڵبەندی لیکۆڵینەوەی موزیکی کوردی. کە ئەمەش لەرێگای دروستکرنی تیمی گەرانی مەیدانی بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو بابەتە موزیکیانەی کە لە کوردستانی گەورەدا دینە بەرهەم.
o دروستکردنی بازار بۆ موزیکی کوردی، تا هونەرمەندی کورد بتوانێت بە بێ پشتیوانی کردنی حکومەتیش خۆی بتوانێت کارە هونەریەکانی خۆی جیبەجی بکات، دواتر کە هونەرمەند توانی ئەمە بکات و پشت بە ئابوری توانا هونەرییەکانی خۆی ببەستێ دواتر لە جێی ئەوەی حکومەت هاوکاری هونەرمەند بکات پێچەوەوانەوە دەبیتەوە و هونەرمەندان لە ریگای رسومات و باجەوە دەتوانن هاوکاری خەزینەی دەوڵەت بکەن، هەر وەک ئەوەی لە ئێستادا  لە ولاتانی دنیا و درواسێماندا دەیبینین.
ئه‌مه‌ په‌یامی‌ یه‌كه‌مین دیداری‌ سلێمانی‌ بوو بۆ موزیكو گۆرانی‌ كوردی‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP