ڤلادیمێر پرۆپ وسیمۆڵۆژیای كه‌سێتی - نۆڤڵێتی «كاره‌كه‌ر»ی گه‌لاوێژ وه‌ك نموونه‌-
ڤلادیمێر پرۆپ وسیمۆڵۆژیای كه‌سێتی - نۆڤڵێتی «كاره‌كه‌ر»ی گه‌لاوێژ وه‌ك نموونه‌- ‌ 10/1/2017
به‌شی‌ سێیه‌م و كۆتایی
پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم
پ.د.نیان نه‌وشیروان مه‌ستی
شه‌شهه‌م/بازنه‌ی كاری پاڵه‌وانی.به‌ر له‌هه‌موو شتێك پاڵه‌وان كه‌سێتییه‌كی گرنگی گێڕانه‌وه‌ ڕووداوییه‌كانه‌ به‌نموونه‌ی ڕۆمان ونۆڤلێت وچیرۆك.له‌گێڕانه‌وه‌ تردیشنییه‌كاندا پاڵه‌وان ڕۆڵی سه‌ره‌كی وناوه‌ندی ده‌بینێت كه‌له‌ده‌وریدا تاقمێك له‌ كه‌سێتییه‌كان ده‌سوڕێنه‌وه‌.به‌ڵام له‌گێڕانه‌وه‌ نوێگه‌رییه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ڕێبازی ڕیالیزم به‌دواوه‌ پاڵه‌وان هه‌مان ڕۆڵی پێشوو نابینێت ،به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ هه‌ندێك جار دیده‌كان یان مه‌به‌ستێتییه‌كان وبابه‌تێك ده‌بنه‌ پاڵه‌وان.له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كه‌سێتییه‌كان كه‌ڕۆڵێكی پاڵه‌وانی ده‌بینن ده‌بنه‌ گۆڕینی ئاڕاسته‌ی بابه‌ت وڕووداو ئه‌نجامه‌كان.یان پاڵه‌وان ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ده‌گه‌ڕێت به‌دوای مه‌سه‌له‌كاندا به‌تایبه‌ته‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ستیاره‌كانی ژیان به‌نموونه‌ی برسێتی وهه‌ژاری وبێبه‌شبوون له‌مافه‌كان.یان پاڵه‌وانی گێڕانه‌وه‌ سه‌رده‌مییه‌كان به‌كاری هه‌ڵسه‌نگاندنی دوالیزمه‌كان هه‌ڵده‌ستێت ،ئه‌ویش له‌پێناو ڕاستكردنه‌وه‌ی كاره‌ ناشایسته‌كان.له‌جه‌مسه‌رێكی تره‌وه‌،هه‌ر كه‌سێتیه‌ك وجۆرێك له‌سروشت ودید وبۆچوون وبیركردنه‌وه‌.ئه‌مه‌ش،له‌ڕووی سۆسیۆڵۆژیا وسایكۆڵۆژیا وفیكره‌وه‌،به‌پێی ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌پێی دراوه‌ وكاری له‌سه‌ر ده‌كات.له‌نۆڤلێته‌كه‌ی گه‌لاوێژدا ئه‌م پاڵه‌وانانه‌ به‌دی ده‌كرێت:
- كێشه‌كانی ئافره‌تی كوردی.ئه‌وه‌ی گه‌لاوێژی ڕاكێشاوه‌ بۆ نووسینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ڕووداوییه‌ بریتیه‌ له‌كێشه‌ی ئافره‌تی كوردی به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سۆسیۆڵۆژیا وئابوورییه‌وه‌.لێره‌دا ئافره‌ت ده‌بێته‌ پاڵه‌وانێكی گوتاری بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا.به‌ئاڕاسته‌یه‌كی تر،مه‌به‌ستێتی به‌رهه‌مه‌كه‌ خۆی له‌نه‌خشه‌یه‌كی ترسناكی كۆمه‌ڵگا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌له‌لایه‌كه‌وه‌ چۆن خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ پله‌دارییه‌كان،به‌شێوازی جیاواز، ئازاری ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ ده‌ده‌ن .هه‌ندێك جار به‌فرۆشتنیان به‌كه‌سانی ناشایسته‌ وله‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چێژییه‌كاندا هه‌روه‌ك له‌فه‌یروزدا به‌دی ده‌كرێت.هه‌ندێك جاری تریش به‌ئازاردان وئه‌شكه‌نجه‌ وده‌سترێژیكردن وه‌ك مامه‌ڵه‌ی كابرای ئه‌فسه‌ر له‌گه‌ڵ فه‌یروزدا.یان هه‌ندێكیان به‌دڕه‌فتار له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان وه‌ك له‌شوكری دا ده‌بینرێت كه‌چۆن مێرده‌كه‌ی به‌پشتوێنی عه‌سكه‌ری له‌شی شوكری ڕه‌ش وشین ئه‌كرده‌وه‌ (گه‌لاوێژ:24).له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌شێكیان به‌نموونه‌ی مه‌لیحه‌خان خۆپه‌رست وخۆبه‌زل زانین. گه‌لاوێژ،به‌وپێیه‌ی خۆی ئافره‌ته‌ وته‌واو چۆته‌ نێو ناخی پرسیار ومه‌سه‌له‌كانی ئافره‌ته‌وه‌ ئه‌وابه‌باشی ده‌زانێت خاڵی لاوازی وبه‌هێزی ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ له‌كوێدایه‌ وچۆنیش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت وچۆنیش ڕۆڵیان پێ بدرێت.
- ڕێبازی فه‌لسه‌فی نۆڤلێته‌كه‌.كێشه‌كان به‌تایبه‌تی كێشه‌ی ئافره‌تی كوردی له‌و ڕوانه‌ی كه‌ئاماژه‌مان پێداوه‌ به‌ده‌ربڕینه‌ كڵاسیزم ودروشمه‌ ڕه‌وانبێژی وزمانییه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێت.گه‌لاوێژ،له‌پێناو به‌رجه‌سته‌كردنی ناوه‌ڕۆكی گێڕانه‌وه‌ ڕووداوییه‌كه‌ی وله‌ولاشه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو، په‌نا بۆ ڕێبازی ڕیالیزم ده‌بات به‌تایبه‌تی له‌جۆری سۆشیالیزمی وڕه‌خنه‌یی چونكه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م دوو ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ی ڕیالیزمه‌وه‌ ده‌توانرێت ده‌نگی كێشه‌كان ئاشكرا بكرێن وله‌ولاشه‌وه‌ گه‌وره‌ بكرێن تا له‌ئاینده‌دا ڕێگه‌ چاره‌ی گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.بۆ نموونه‌،زه‌مه‌نی كاركردنی كرێكار به‌گشتی وكاره‌كه‌ری ماڵان نابێت له‌و ماوه‌یه‌ لابدات كه‌یاسای كاركردن ده‌ستنیشانی كردووه‌.به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌نۆڤلێته‌كه‌دا ده‌بینرێت كاره‌كه‌ره‌كان نه‌ك له‌ڕووی ڕۆحییه‌وه‌ ئازار وئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن به‌ڵكو جه‌سته‌شیان،به‌هۆی زیاده‌ڕۆیی زه‌مه‌نه‌وه‌، له‌نائارامیدایه‌ وشه‌و وڕۆژیان بۆ نیه‌.گێڕه‌وه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌گوڵه‌ی ده‌ساڵی ده‌كات»گوڵه‌ دانیشت به‌دیار ته‌نه‌كه‌ وبه‌رمیل وگاڵۆن وزۆپاكانه‌وه‌ وهه‌ردوو ده‌ستی خستبووه‌ ژێر هه‌نگڵی وچۆقه‌ی دانی ئه‌هات،هه‌ر چه‌ند ئه‌یكرد گاڵۆنه‌ نه‌وته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵنه‌ئه‌گیرا وسه‌رقاپی جێی تێكردنی نه‌وتی زۆپاكانی بۆ نه‌ئه‌كرایه‌وه‌،چونكه‌ زۆر سه‌رما بوو وتوانای پێ نه‌ئه‌كشا...كه‌شه‌ویش دائه‌هات هه‌تا دره‌نگیش ئه‌م بانگی ئه‌كرد وئه‌و ڕایئه‌كێشا وجار ئه‌بوو بچێت مناڵه‌ شیره‌خۆره‌كه‌شی ڕاژێنێت وبه‌دیارییه‌وه‌ بێت « (گه‌لاوێژ»4 -8 ).ڕووداوی نۆڤلێته‌كه‌ هه‌ڵقوڵاویی یان واقیعێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ یان دراوسێیه‌تییه‌كی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌.له‌م ڕووه‌وه‌ ڕیالیزم كه‌به‌رجه‌سته‌ی واقیع ده‌كات له‌گه‌ڵ ڕێگه‌چاره‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان بۆ كه‌سه‌كان وته‌نانه‌ت بۆ ڕووداوه‌كه‌ خۆشی.
- گه‌نده‌ڵییه‌ سۆسیۆڵۆژییه‌كان ده‌بنه‌ پاڵه‌وان بۆ ڕووداوه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ر ئه‌م گه‌نده‌ڵییانه‌ نه‌بێت ئه‌وا له‌لایه‌كه‌وه‌ كێشه‌كان به‌ده‌رناكه‌ون.له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كانیش وون ده‌بن  وچاره‌سه‌ریشیان بۆ نادۆزرێته‌وه‌ .گه‌لاوێژ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ سۆسیۆڵۆژییه‌كانه‌وه‌ بچێته‌ نێو كێشه‌ ئابوورییه‌كان.پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته‌.ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌هه‌تا ئێستا ئاسه‌واره‌كانی هه‌ر له‌جووڵه‌دایه‌.
- كه‌سێتی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌بێته‌ پاڵه‌وان بۆ ڕووداوه‌كه‌.ئه‌م نۆڤلێته‌ ته‌واو چۆته‌ نێو سایكۆڵۆژیای تاكی كوردییه‌وه‌.ئه‌كته‌ره‌كان یان كه‌سێتییه‌كانی وه‌ك مه‌لیحه‌خان وگوڵه‌ وشوكری وفه‌یروز زعوسمان ئاغا وفه‌هیمه‌خان...هتد  كه‌ره‌سته‌ی تاقیگه‌ی پشكنینه‌كانه‌ وله‌كه‌سێتی ئه‌وان وئه‌نجامه‌كانیان ده‌توانین هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ تاكی كۆمه‌ڵگای كوردی بكه‌ین.لێره‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان،جگه‌ له‌ڕووی سایكۆڵۆژیاوه‌، پێویستیان به‌لێكۆڵینه‌وه‌ سیمۆڵۆژیاكانیشه‌.
- بوێری.نۆڤلێته‌كه‌ی گه‌لاوێژ ڕاشكاوانه‌ وبێ ترسی سانسۆره‌ سۆسیۆڵۆژییه‌كان چۆته‌ نێو قوڵایی چیرۆكی ئه‌و كاره‌كه‌رانه‌ی كه‌پێشتر ئاماژه‌مان به‌ناوه‌كانیان كردووه‌ وبوونه‌ته‌ چه‌قی ڕووداوی گێڕانه‌وه‌كه‌. ئه‌م بوێرییه‌ له‌ده‌ربڕین ده‌بێته‌ ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانی ڕووداوه‌كه‌.به‌مه‌ش گه‌لاوێژ له‌پێناو پارێزگاری له‌ڕه‌گه‌زی مێینه‌ سنووره‌ نه‌ریتییه‌كان ده‌بڕێت وخۆشی،وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك، ده‌بێته‌ پاڵه‌وانێكی سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه‌كان.
حه‌وتهه‌م/بازنه‌ی كاری پاڵه‌وانی ساخته‌یی.هه‌ندێك جار له‌ڕووداوه‌ گێڕانه‌وه‌ییه‌كاندا ڕووبه‌ڕوی پاڵه‌وانی ساخته‌ ده‌بینه‌وه‌.ئه‌مه‌ش كارێكی سروشتییه‌ چونكه‌ كۆمه‌ڵگا له‌جۆره‌ ئه‌فڵاتۆنیكه‌كان نیه‌ وبه‌شێك له‌كه‌سایه‌تییه‌كان به‌رگی ده‌مامكی ده‌پۆشن تا دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی خوێنه‌ر ووه‌رگر.له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا،ڕه‌خنه‌ سیمۆلۆژیایی وته‌نانه‌ت بۆچوونه‌كانی پرۆپ ده‌توانن ڕووی ده‌مامكه‌كان داماڵن ودواتر ڕاستییه‌كان بخه‌نه‌ ڕوو.بۆ نموونه‌،مه‌لیحه‌خان،گه‌رچی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ گوڵه‌دا زۆر خراب بوو،به‌ڵام هه‌ندێك جار وا نیشانی ده‌دات كه‌كه‌سێكی به‌ویژانه‌ ولایه‌نگیری چینی هه‌ژار ده‌كات.له‌شوێنێكی تردا،هه‌ر به‌ئه‌و گوڵه‌یه‌ ده‌ڵێت»ئێسته‌ جلی گه‌رمت ئه‌ده‌مێ،جله‌كانت زۆر ته‌نكن» (گه‌لاوێژ:5).ئه‌مه‌ له‌ڕووی زانسته‌ سایكۆڵۆژاییه‌كانه‌وه‌ پێده‌نێته‌ نێو چه‌مكی بانگه‌وازه‌ درۆییه‌كان.ئه‌وه‌تا پێی ده‌ڵێت»تۆ ئیتر لێره‌ ئه‌بیت وئه‌بی به‌كچی ئێمه‌.ئیتر له‌م ماڵه‌ خۆشه‌ ئه‌بیت وجلی جوانت بۆ ئه‌كه‌م» (گه‌لاوێژ:6).له‌وه‌ڵامدا گوڵه‌،به‌و منداڵییه‌ی خۆیه‌وه‌، ده‌ڵێت»ئه‌م ژنه‌ ئه‌ڵێت ئیتر بووی به‌كچمان؟ئه‌ی كوا ؟بۆچی وه‌كو كچی ئه‌و له‌و ژووره‌ وله‌سه‌ر ئه‌و جێگا باشه‌ خۆشه‌ نانوم؟ئه‌ی بۆچی منیش نانێرن بۆ مه‌كته‌ب؟ئه‌گه‌ر  وه‌كو كچی ئه‌وم ئه‌ی بۆچی نانه‌ باشه‌كه‌ ئه‌دات به‌مناڵه‌كانی وبۆچی پاشماوه‌كه‌یان ئه‌دات به‌من» (گه‌لاوێژ:9).لێره‌دا ئه‌م وه‌ڵامه‌ی گوڵه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی نێگه‌تیڤییه‌ بۆ مه‌لیحه‌خان وهاوشێوه‌كانی.یان مه‌لیحه‌خان وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن به‌ویژان خۆی نیشان ده‌دات به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا بووختانی بۆ شوكری كرد كه‌گوایه‌ حه‌زی له‌بێستونی مامی مێرده‌كه‌ی كردووه‌ كه‌واش نه‌بوو( گه‌لاوێژ:96- 97).ئه‌مه‌ش جارێكی تر جۆرێكه‌ له‌بانگه‌وازی درۆیی.یان خوڵقاندنی كێشه‌ سۆسیۆڵۆژی وڕه‌وشتییه‌كان.وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌مان پێداوه‌،شوكری سه‌ری سوڕمابوو له‌دووڕوویی مه‌لیحه‌كان وده‌یگوت»ئه‌م ژنه‌ ئه‌ڵێی دوو كه‌سی جیاوازه‌» (گه‌لاوێژ:85).عوسمان ئاغاش هه‌مان نه‌خۆشی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ڕێگه‌یه‌كی جیاوازتر.ئه‌میش له‌یه‌ك كاتدا،داوا له‌مه‌لیحه‌خانی خێزانی ده‌كات كه‌به‌ته‌ماع نه‌بێت»به‌ته‌ماع مه‌به‌ ئه‌ی چوار ساڵ له‌مه‌وپێش تۆش به‌قه‌د ئێسته‌ ئاڵتون وماڵت هه‌بوو؟» (گه‌لاوێژ:21). به‌ڵام هه‌ر خۆشی داوا له‌مه‌لیحه‌خان ده‌كات كه‌نزیك بێته‌وه‌ له‌خێزانی وه‌زیر(ام باسل) تا سوودێكی میتریاڵی لێ ببینێت»ئه‌زانی ئه‌گه‌ر ڕایكێشیت به‌لای خۆتا چی ئه‌بێت؟ یه‌عنی باوكی باسل ئه‌چێته‌ گیرفانمانه‌وه‌» (گه‌لاوێژ:13).
ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌:
- گه‌لاوێژ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نۆڤلێته‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌تێكڕای خه‌ڵكی بڵێت كه‌كۆمه‌ڵگاكه‌ مۆركێكی نادادپه‌روه‌ری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت وبه‌شێك له‌تاكه‌كان به‌ویژدانه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ژاران ولێقه‌وماواندا ناكات وجۆری مامه‌ڵه‌یان زۆر دڕندانه‌یه‌.
- نوڤلێته‌كه‌ له‌پێناو ڕه‌گه‌زی مێینه‌دا بونیاد نراوه‌.گه‌لاوێژیش ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌ كپبووه‌كه‌ی ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ بكاته‌وه‌ وخۆیان به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن چونكه‌ نووسه‌ر گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌كۆمه‌ڵگا له‌ژێر یاسای نێرسالاریدا كاره‌كانی ده‌بات به‌ڕێوه‌ ولێره‌شه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی مێینه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت.
-تیۆره‌كه‌ی فیلادیمێر پرۆپ بابه‌تیانه‌ وزانستیانه‌ ده‌توانێت بچێته‌ نێو ناخی كه‌سێتییه‌كانه‌وه‌ وهه‌ر كه‌سێتییه‌ك جۆرێك له‌سروشتی هه‌ڵسوكه‌وت ومامه‌ڵه‌ وبه‌ڕێوه‌بردن.ئه‌مه‌ش به‌یارمه‌تی ئه‌و ڕۆڵه‌ كردارییه‌ی كه‌ده‌به‌خشرێت به‌كه‌سێتییه‌كان.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ فیلادیمێر پرۆپ حه‌وت بازنه‌ی جیاواز له‌ئه‌رك وكارنامه‌ ده‌ستنیشان كردووه‌ كه‌سه‌رجه‌میان كه‌ره‌سته‌یه‌كی هه‌ره‌ به‌نرخی تاقیگه‌كه‌یه‌تی.
- سیمۆڵۆژیای گێڕانه‌وه‌گه‌ری كردارێكی یاریده‌ده‌ره‌ بۆ ده‌رخستنی زانیارییه‌ وورده‌كانی كه‌سێتییه‌كان.ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و ڕۆڵانه‌ی كه‌ده‌درێت به‌كه‌سێتییه‌كان نه‌ك به‌فۆڕمه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیانی وه‌ك وه‌سف وڕازاندنه‌وه‌ .
- گه‌لاوێژ،له‌نۆڤلێته‌كه‌یدا،مه‌به‌ستێتی تاكه‌كان له‌به‌رگه‌ بێده‌نگییه‌كاندا بێنه‌ ده‌رێ وخۆیان ببنه‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سێتیانه‌ی كه‌له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا هاتووه‌.
- گه‌لاوێژ،هه‌روه‌ها،ده‌یه‌وێت خوێنه‌ر به‌لای بابه‌ته‌كه‌یدا ڕابكێشێت چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی نه‌بیستراو نیه‌،به‌ڵكو له‌هه‌موو زه‌مه‌نه‌كاندا ئه‌م جۆره‌ ناوه‌ڕۆكییه‌ بابه‌تیانه‌ بوونیان هه‌بووه‌ وهه‌یه‌تی وبه‌رده‌وامیشیان هه‌یه‌.
په‌راوێز وسه‌رچاوه‌كان:
- حسن بحراوی،بنیه‌ الشكل الروائی (الفچا‌و،الزمن،الشخصیه‌ )،المركز الپقافی العربی،گ 1 ،بیروت،1990.
- صلاح فچل،منهج الواقعیه‌ فی الابداع اڵ‌دبی،دار المعارف،گ 2 ،1980.
- عبد الملك مرتاچ،فی نڤریه‌ الروایه‌ –بحپ فی تقنیات السرد -،عالم المعرفه‌،240،المجلس الوگنی للپقافه‌ والفنون واڵ‌داب،الكویت،1998.
- فلادیمیر بروب،مورفولوجیه‌ الحكایه‌ الشعبیه‌ الخرافیه‌ الروسیه‌،ترجمه‌ ابراهیم الخگیب،الناشرون المتحدون،الدار البیچا‌و،المغرب،گ 1 ،1986.
-گه‌لاوێژ،كاره‌كه‌ر –نۆڤلیت-،ده‌زگای چاپ وپه‌خشی سه‌رده‌م،سلێمانی،چاپی دووه‌م،سلێمانی،2007.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7369
21/9/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاسكیلسوارێكی به‌ریتانی به‌ 80 رۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه‌ 21/9/2017
‌ لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی گۆڵدن بۆی بڵاوكرایه‌وه‌ 21/9/2017
زانست
‌ سه‌یرترین دۆزینه‌وه‌كان له‌ مێژوودا 21/9/2017
‌ ئه‌تڵه‌نتیس؛ شارستانیه‌تی ونبوو 21/9/2017
‌ كاسینی شۆڕشێك له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی زوحه‌ل 19/9/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP