لیوا شێرزاد بیلال: داعش زۆر لە پێشمەرگە دەترسێت، چونكە هەر شەڕێكی لە گەڵدا كردبێت شكستی هێناوە
لیوا شێرزاد بیلال: داعش زۆر لە پێشمەرگە دەترسێت، چونكە هەر شەڕێكی لە گەڵدا كردبێت شكستی هێناوە ‌ 11/1/2017
ئامادەکردنی: سەڵاح رەنجدەر
لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی ساڵێك بەسەر پەلامارەكانی داعش بۆ باشووری كەركوك‌و داگیركردنی ناحییەكانی رەشاد‌و زاب‌و عەبباسی، هێزەكانی پێشمەرگە ژمارەیەك ناوچەیان ئازادكرد‌و تاڕادەیەك بەرەی جەنگ جێگیربوونی بەخۆیەوە بینی، هەندێك شوێنش وەكو خاڵی نائارامی‌و پشێویی هەمیشەیی مانەوە‌و پێشمەرگە لەوە گەیشتبوون كە پێویستە مەودایەكی فراوانتر هەردوو كایەی نێوان هێزەكانی ئەوان‌و تیرۆریستان لەیەكتر جیابكاتەوە. پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو ئەركەیان لە ئەستۆگرت‌و بەهەڵمەتی شێرانەی كتوپڕ پانتاییەكی فراوانیان لە بەرەی شەڕ خستە ژێر دەستی خۆیانەوە. 
پەڕینەوە لە پردی نەهرەوان 
 پردی نەهرەوان یەكێك بوو لەو شوێنانە كە چەكدارانی داعش ئاواتیان دەخواست لەوێوە بپەڕنەوە‌و هەڕەشە لەسەر ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە دروست بكەن. بەڵام فەرماندەی ئەو لیوایەی پێشمەرگە وای بە باشتر زانیوە كایەكە لە سەر حسابی بەرەی داعش فراوانتر بكاتەوە‌و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدات هێڵی بەرگریی داعش ببەزێنێت تا هەڕەشەی ئەوان لەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە دوور بخاتەوە.
لیوا شێرزاد بیلال نادر ناسراو بە شێرزاد خاڵە بازیانی، فەرماندەی لیوای 134ی هێزی پێشمەرگە لەدیدارێكی تایبەتیدا رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ -دا رووناكی زیاتری خستە سەر ئەم بابەتە‌و وتی: لەرۆژی 12/3/2015 لەسەر پڕۆژەی ئاوەكەی باشووری كەركوك بووین بەیانی لەسەعات حەوت بەبڕیاری هەڤاڵان شێخ جەعفەرو وەستا رەسول لە پردی نەهرەوان بە هێزێكی تۆكمەوە پەڕینەوە كە پێكهاتبوو لەفەوجی 2‌و فەوجی 3‌و فەوجی بارەگای لیوای 134، دیوی خەندەقەكە بەلای داعشدا هەمووی بۆمبڕێژ كرابوو كە رائید ئاكۆو برادەران پووچەڵیان كردنەوە، پێشتر ئاوی پڕۆژەكە لەنێوانماندا ببووە بەربەست، بەڵام بە هیمەتی پێشمەرگە‌و ئەفسەرەكان توانرا بەسەر ئەو بەربەستانەشدا زاڵ بین‌و لە ماوەیەكی كەمدا دوژمن لەو سنوورە فراوانە راوبنێین. شوێنەكە وەكو نێوان دوو دەوڵەت وابوو، ئێمە بەنیازی ئەوە چووین یەكەمجار لەوبەری ئەو پردەوە كە كاك شێركۆ شەهید بوو ئەو شۆفڵە درعەو هەمەرێكیان لەوێ بوو كە تەماشای بكەین‌و بزانین هەمەرەكە دۆشكەی لەسەرە یان نا، دوایی بەڕێكەوتین بۆ ئۆردوگای نەهرەوان رووبەڕووی تەقە بووینەوەو دوژمن هەڵات لەوێ‌ موقەدەم یادگارمان بە 15 پێشمەرگەوە لە ئۆردوگای نەهرەوان بەجێهێشت بۆئەوەی دوژمن دزە نەكاتە پشتمانەوە‌و دواتر خۆمان بەڕێكەوتین بەرەو گوندەكانی «كوعەیبەو مرە« كە پێشتر هەر بەدەستی تیرۆریستانەوە بووە.
پێشمەرگە هێرشەكانیان فراوان كردەوە
هێزەكەی داعش لەوە گەیشتبوو كە ورەی هێزی پێشمەرگە زۆر بەرزە‌و چەكدارەكانی ئەوانیش چیتر بەرگەی هێرش‌و پێشڕەوییەكانی ئەم هێزە ناگرن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر راكردن. لیوا شێرزاد لە درێژەی باسەكەدا وتی: دوژمن خۆی رانەگرت‌و لەگوندی كوعەیبە هەڵات، عەقید فەتاح قەرەهەنجیری بەهەمەرێكەوە كە لەلیوای یەك بوو، بەهانامانەوە هات، بەڵام هێزەكەی ئێمە 45 بۆ 50 كەس دەبووین، دوای نیوەڕۆ سەعات سێ، هەڤاڵان كاك ئاسۆ مامەندو كاك شێخ جەعفەرو لیوا مەریوان‌و عەمید سەرحەد بەهێزێكی زۆر باشەوە هاتنە لامان، جێگەی سەرسوڕمان بوو لایان كە زۆر بەباشی توانیمان ئەو ناوچە فراوانە لەماوەیەكی كورتدا ئازاد بكەین، ئەو شەوە ئەو شوێنانە رادەستی هێزەكانی پۆلیس كران، عەمید فوئاد‌و هێزەكەی  لەوێ‌ مانەوە كە پۆلیسی نەوت بوون، ئێمەش گەڕاینەوە بۆ ئۆردوگای نەهرەوان. بۆ رۆژی دوایی واتە 13/3/2015 دووبارە بەو هێزەوە بە بڕیاری هەڤاڵان شێخ جەعفەرو ئاسۆ  مامەند لە ئۆردوگای نەهرەوانەوە بەڕێكەوتین بەرەو گوندەكانی «نوافل‌و ئوستانیە»‌و ئۆردوگای یەرموك‌و ئۆردوگای سەدام، لە ئۆردوگای سەدام تووشی شەڕ بووین، هێزێكی هەڤاڵ شێخ جەعفەرمان لەگەڵدا بوو كە خاڵە شێرەو شێخ زاهیریان لەگەڵ بوو، دوو هەمەرو دوو دۆشكەیان پێ‌ بوو، رۆڵی بەرچاوو كاریگەریان هەبوو، شەڕ لە سەعات هەشتی  بەیانییەوە تاكو 7ی شەو بەردەوام بوو، هەر ئەو رۆژە 13/3/2015 لیوای 106ی كاك محەمەد تەپەدێی‌و لیوای 114ی كاك سەركەوت چیمەنی‌و لیوای كاك تەها كانی بەردینی لە مەشروع پەڕینەوە بەرەو گوندی مریەم بەگ‌و گوندی صورو گوندی حومەیرەی گەورە، لەو شەڕەدا هەڤاڵان جێگری لیوا عەمید دلێرو عەمید محەمەدو هەواڵگریی لیواکە عەقید شكور‌و عەقید حاجی ئەمین‌و رائید عەدنان‌و رائید شكورو رائید یوسف‌و نەقیب محەمەد فەرماندەی فەوجی 3 ‌و رائید لوقمان فەرماندەی فەوجی 2‌و موقەدەم جەبار جێگری فەوجی 2 رائید ئاكۆ‌و رائید كازم، ئەم فەرماندەو ئەفسەرانە بەشداربوون لە شەڕەكەدا كە تیایدا 9 چەكداری داعش كوژران.  شەوی 13|14 گەڕاینەوە گوندی ئوستانیە، پاشان بەبڕیار گەڕاینەوە گوندی نوافل‌و سەر جادەی موجەمەع سەدام‌و موجەمەع یەرموك. تائێستاش هێڵێكی بەرگریی زۆر توندوتۆڵی باشمان لێداوە كە  لەخەندەق‌و ساتر‌و قەڵاكان پێكهاتوون.
 پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكان
هەر سەبارەت بە شەڕی نەهرەوان عەمید دلێر شكور رەشید هەمەوەندی جێگری لیوا، وردەكاریی زیاتری خستەڕوو، ئەوەشی روونكردەوە كە پێشمەرگە ئێستا دەتوانێت بۆمبەكانی لەسەر ڕێگای هێرشەكاندا پووچەڵ بكاتەوە‌و نەهێڵێت زیانی زۆری لێ‌ بكەوێتەوە، وەك ئەوەی لەساڵی 2014دا رووی دەدا، عەمید دلێر لەم رووەوە دەڵێت: رۆژی 12/3/2015 لەگەڵ برای بەڕێزم كاك شێرزاد خاڵۆ بازیانی‌و ژمارەیەك پێشمەرگە پەڕینەوە لە پڕۆژەی ئاوەكە كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو، سەرەتا مەبەستی چوونمان بۆ سەیركردنی دۆشكەیەك‌و هەمەرێك بوو كاتێك كە پەڕینەوە دۆشكەكەو هەمەرەكە هەمووی (TNT) رێژكرابوو، بۆیە لە رێگەی رائید ئاكۆ جێگری فەوجی دوو هەموو ئەو (TNT)یانە پووچەڵكرانەوە، بۆیە لەگەڵ كاك شێرزاد بڕیارماندا نەگەڕێینەوە تا هەموو ئەو گوندانە رزگار نەكەین، بۆیە لە نەهرەوان رووبەڕووی تەقەیەكی كەم بووینەوە، دواتر ئازادمان كردو هەر لەوێ‌ موقەدەم یادگارمان بەهێزێكی 20 كەسییەوە جێگیر كردو خۆشمان بەهێزێكی نزیكەی 30 كەسییەوە هێرشمان كرد بۆ سەر گوندەكانی «گوعەیبە، موڕڕەی بچوك‌و گەورە) پاشان سەعات دووی پاش نیوەڕۆ هەڤاڵان شێخ جەعفەرو وەستا رسوڵ‌و كاك سەرحەدو زۆر لەو برادەرانەی تر كە هاتن بۆلامان، بەلایانەوە سەیر بوو بەو هێزە كەمەوە ئەو ناوچە فراوانەمان رزگاركردبوو، دواتر شەو من بەهێزێكەوە لە نەهرەوان مامەوەو پۆلیسی قەزاو ناحییەكان ئەو شوێنانەی ئازادمان كرد ئەوانی تێدا مانەوە. 
بۆ بەیانی سەعات حەوت (13/3/2015) لەگەڵ كاك شێرزاد خاڵۆ بازیانی‌و خاڵە شێرەی لای هەڤاڵ شێخ جەعفەر بەدوو هەمەرەوە هێرشمان كردە سەر گوندی «نوافل‌و شوستانیەو موجەممەع سەدام‌و موجەممەع یەرموك» لەماوەیەكی كەمدا توانیمان هەردوو گوندی ناوبراو ئازادبكەین.
لەسەروبەندی ئازادكردنی موجەممەع سەدام بووین. هەرچەندە تووشی بەرەنگارییەكی توند هاتین لەلایەن چەكدارانی تیرۆریستی داعشەوە، بەڵام لەتواناماندا بوو موجەممەع سەدامیش ئازاد بكەین، چونكە ئازایەتیی پێشمەرگە‌و ورەی پێشمەرگە بەشێوەیەك بوو هەروەكو شێر وابوون، مرۆڤ پێی سەرسام دەبوو، بەڵام بە بڕیاری هەڤاڵ شێخ جەعفەر چیتر پێشڕەویمان نەكردو گەڕاینەوە گوندی نوافل‌و تائێستا هێڵێێكی بەرگریمان لێداوە كە نزیكەی شەش كیلۆمەترە كە سنووری لیواكەمانە.
دوای هەر هێرشێك 
هەر سەرشۆڕییان  بۆ ماوەتەوە
لەكۆتاییدا لیوا شێرزاد بیلال وتی: لەرۆژی 13/3وە تا ئێستا چەند جارێك دوژمن زۆر بە چڕیی پەلاماری داوین، بەتایبەتی بۆ ئۆردوگای یەرموك، بەڵام لەهەموو شەڕەكاندا شكاون‌و بەسەرشۆڕی هەڵاتوون، رۆژانەش بەهەموو جۆرە هاوەن‌و دۆشكەیەك بێهودە لەسەنگەرەكانمان دەدەن، ئەوان دوای هەر پەلامارێك هەر سەرشۆرییان بۆ ماوەتەوە. داعش لەسەرەتاوە دڕەندەیی زۆری پیشاندا، بەڵام ئێستا لەپێشمەرگە دەترسێ‌.
لەوكاتەوە كە بەشداریی ئەم شەڕانەمان كردووە، شەش شەهیدو نزیكەی 25 بریندارمان هەبووە. تاشكاندنی یەكجاریی تیرۆریستان بەردەوام دەبین لەبەرگریی‌و هێرش بردن، هەمیشەش ئامادەی جێبەجێكردنی هەموو فەرمانێكین بۆ هێرش‌و خۆبەختكردن لە پێناوی میللەتەكەماندا.

پرۆفایل:
- لیوا شێرزاد بیلال نادر ناسراو بە شێرزاد خاڵە بازیانی- 1965- لەدایك بووە
لە ساڵی 1982 بووە بە پێشمەرگە
- لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا 5 جار بریندار بووە
- ئێستا فەرماندەی لیوایە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7228
30/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌رازیل یه‌كه‌مین هه‌ڵبژارده‌ی مۆندیالی روسیایه‌ 30/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وامه‌ 30/3/2017
زانست
‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك: مۆنالیزا زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌كات؟ 29/3/2017
‌ سه‌وزه‌مه‌نی له‌ جه‌مسه‌ری باكوور 29/3/2017
‌ ماره‌ قاوه‌ییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر دوورگه‌یه‌كی ئۆقیانووسی هێمن 29/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP