یەكەمین بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لە كوردستان دەكرێتەوە
«زیاتر لە ملیۆنێك ئۆتۆمبێل لە پارێزگاكانی كوردستاندا هەیە» یەكەمین بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لە كوردستان دەكرێتەوە ‌ 12/1/2017
یەکەی ئابووری

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، دەبێت زانكۆكان كارامەیی پێشكەش بە خوێندكاران بكەن‌و خوێندكاران بۆ بازاڕو گۆڕانكارییەكانی داهاتوو ئامادە بكەن.
ئەو راگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانەی پێشكەشكردنی وتەیەكی هات، كە لە مەراسیمی كردنەوەی بەشی (تەكنیكی ئۆتۆمبێل) لە پەیمانگەی تەكنەلۆجی هەولێر پێشكەشی كرد.

بۆ یەكەمین جارە دەكرێتەوە
لە مەراسیمەكەدا، كە ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆی حكومی‌و تایبەتەكان‌و پارێزگاری هەولێرو نوێنەری باڵێوزخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان‌و رێكخراوی ئایرێكس‌و ژمارەیەك لە مامۆستایان‌و خوێندكاران ئامادەی بوون، چەند وتەیەك پێشكەش كرا.
د. كاوە شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەگرنگییەوە باسی لە بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لە زانكۆكەیان كردو وتی: «ئەم بەشە لەسەر ئاستی كوردستان بۆ یەكەمین جارە دەكرێتەوە، وتیشی لە كردنەوەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و كونسڵگەری ئەمریكاو رێكخراوی ئایرێكس‌و ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێل هاریكار بوون».

بازاڕی كاری كوردستان
لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا، د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم وتی: «ئێمە لە وەزارەت خۆمان بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە دەكەین، هەروەك دەبێ زانكۆكان خۆیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی جیهان بگونجێنن‌و كارامەیی پێشكەش بە خوێندكاران بكەن‌و خوێندكاران بۆ بازاڕو گۆڕانكارییەكانی داهاتوو ئامادە بكەن».
سەبارەت بە گرنگی كردنەوەی بەشی (تەكنیكی ئۆتۆمبێل)، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: «تەكنەلۆژیای ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی خێرا لە گەشەی بەردەوامدایە، ئەوانەی ئەمڕۆ لە بازاڕی كاری كوردستان كار دەكەن، ناتوانن لەگەڵ ئەو گەشەكردنە بەردەوامەدا بن، بۆیە كردنەوەی بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل‌و خوێندنی لایەنی تەكنیكی ئۆتۆمبێل دەسكەوتێكی گرنگە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەم بەشەش دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ دروستكردنی توێژێكی كارا، كە رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی باری ئابووریی هەرێمی كوردستان‌و رێگر دەبێت لە بە هەدەردان‌و چوونە دەرەوەی سامانی میلـلەتەكەمان بۆ دەرەوەی وڵات».

دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕخسێنێ
د. یوسف گۆران راشیگەیاند، كردنەوەی ئەم بەشە هاریكار دەبێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجانی وڵات، چونكە وەك ئەوەی لە دنیا هەیە حكومەتەكان بەرەو بچوكبوونەوە دەچن، چونكە بوارەكان ئەوەندە زۆر بوون، حكومەتەكانی دنیا ناتوانن بپرژێنە سەر هەموو بوارەكان، لەبەر ئەوە ئێستا كەرتی تایبەت رۆڵی كارا لە بەڕێوەبردنی وڵاتانی دنیا دەبینن، هیچ سیستمێكی حكومڕانی ناتوانێ سەرجەم خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات، لەو چوارچێوەیەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخ بەوە دەدات كە زیاتر كۆمەڵگە پشت بەخۆی‌و كەرتی تایبەت ببەستێت‌و لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕخسێنێ، ئەوەش تەنیا رەهەندێكی ئابووریی نییە، بەڵكو رەهەندێكی سیاسیشی هەیە، چونكە هەر كۆمەڵگەیەك پشتی بە ئابووریی كۆمەڵگەو هاووڵاتیانی خۆی بەست، ئەوە دیموكراسی زیاتر تێدا بەرقەرار دەبێت‌و سەقامگیریشی زیاتر دەبێت‌و دەبێتە خاوەن ئابوورییەكی پتەو.

سوود لە دەرچووەكانیان وەربگرن
لە كۆتایی قسەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، داوای لە كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێل كرد، پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لە پەیمانگەی تەكنەلۆجی هەولێر دروست بكەن، چونكە دواتر دەتوانن سوود لە دەرچووەكانیان وەربگرن بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان بەشێوەیەكی پراكتیكی‌و ئەكادیمی.
دواتر بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل لەلایەن د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و د. كاوە شێروانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێرو خاتوو لۆرا مەیسن سەرپەرشتیاری رێكخراوی ئایرێكس لە هەولێر كرایەوە، دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی بەشی تەكنیكی ئۆتۆمبێل، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە مامۆستایان‌و خوێندكاران كردو هیوای خواست ببنە كادرێكی لێهاتوو بۆ داهاتووی كۆمەڵگەكەمان.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP