سیستمه‌كه‌ی ئێمه‌
كورته‌ چیرۆك سیستمه‌كه‌ی ئێمه‌ ‌ 12/1/2017
ئاده‌م ئیرلیك ساكس
و: بۆ فارسی: حسین میرزایی
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم
فه‌یله‌سووفێك ته‌مه‌نی خۆی ته‌رخان كردبوو بۆ قووڵبوونه‌وه‌ له‌ مه‌عریفه‌دا، له‌ كۆتاییدا ئاماده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامگیرییه‌كانی بنووسێته‌وه‌. لاپه‌ڕه‌یه‌ك كاغه‌زی سپی و قه‌ڵه‌مێكی هێنا. به‌ڵام له‌ كاتی هه‌ڵگرتنی قه‌ڵه‌مه‌كه‌دا، له‌ ده‌سته‌كانیدا هه‌ستی به‌ بروسكه‌یه‌كی هێواش كرد. چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه‌ تێكچوونی ده‌ماری ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی ده‌ستنیشان كرا و یه‌كسه‌ر له‌ كاركه‌وتنی جه‌سته‌ی ده‌ستی پێكرد. ئه‌رگه‌رچی به‌پێی ده‌ستنیشانكردنی دكتۆر، به‌ ئاشكرا مێشكی كاری ده‌كرد و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بوو.
جه‌نابی فه‌یله‌سووف یه‌ك له‌ دوای یه‌ك توانای به‌كارهێنانی ئه‌ندامه‌كانی به‌ده‌نی له‌ ده‌ست دا، سه‌ره‌تا په‌نجه‌كانی ده‌ستی له‌ كار كه‌وت، دواتر په‌نجه‌كانی پێی، پاشان هه‌ردوو قۆڵی و ئینجا هه‌ردوو قاچی. به‌ خێرایی وای لێهات ته‌نیا ده‌یتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی لاواز چرپه‌یه‌ك بكات و پێڵووی چاوی راستی بجووڵێنێ. رێك پێش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی توانای قسه‌كردن له‌ ده‌ست بدات، به‌ یارمه‌تی كوڕه‌كه‌ی سیستمێكی داهێنا كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ به‌ هۆی جووڵاندنی پێڵووی چاوی راستی و چاوداگرتنه‌وه‌ له‌ جیاتی پیته‌كانی ئه‌لف و بێ ده‌یتوانی په‌یوه‌ندیی دروست بكات. پاش ئه‌وه‌ فه‌یله‌سووفه‌كه‌ به‌ ته‌واوی لاڵ بوو.
خۆی و كوڕه‌كه‌ی ده‌ستیان كرد به‌ نووسینی كتێبه‌كه‌ی كه‌ له‌باره‌ی مه‌عریفه‌وه‌ بوو. باوك، به‌ پێڵووی چاوی راستی چاوی داده‌گرت یان چاوی ده‌تروكاند و كوڕه‌كه‌شی ئه‌و پیته‌ی ده‌نووسی كه‌ باوكی مه‌به‌ستی بوو. كاره‌كه‌ ئێجگار به‌ خاویی به‌ڕێوه‌ده‌چوو. دوای بیست ساڵ، باوك و كوڕ ته‌نیا سه‌د لاپه‌ڕه‌یان نووسیبوو. پاشان به‌یانییه‌ك، كاتێ كوڕه‌كه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت، له‌ناو ده‌سته‌كانیدا هه‌ستی به‌ بروسكه‌یه‌كی هێواش كرد. كتومت نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكی له‌ویشدا ده‌ستنیشان كرا، واته‌ له‌ كاركه‌وتنی ده‌ماری ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی- بێگومان نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆماوه‌ بوو- ئه‌ویش وه‌كو باوكی به‌ خێرایی له‌ ده‌ستدانی كۆنترۆڵی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی ده‌ستیپێكرد. ئه‌و ته‌نیا ده‌یتوانی به‌ هێواشی چرپه‌یه‌ك بكات و زمانی بجوڵێنێ. ئه‌مجاره‌ ئه‌و و كوڕه‌كه‌ی سیستمێكیان داهێنا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی زماندان له‌ ددانه‌وه‌ له‌ جیاتی پیته‌كانی ئه‌لف و بێ ده‌یتوانی په‌یوه‌ندی دروست بكات. پاش ئه‌وه‌ ئه‌ویش لاڵ بوو.
ئه‌گه‌رچی پێش ئه‌مه‌ش نووسینه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ خاویی به‌ڕێوه‌ده‌چوو كه‌ وه‌سف ناكرێت، كه‌چی خێراییه‌كه‌ی له‌وه‌ش كه‌متر بۆوه‌. باپیره‌ به‌ پێڵووی چاوی راستی چاوی داده‌گرت یان چاوی ده‌تروكاند، كوڕه‌كه‌شی به‌ زمان له‌ ددانێكی ده‌داو كوڕه‌زاش ئه‌و پیته‌ی ده‌نووسی كه‌ باپیری مه‌به‌ستی بوو. دوای بیست ساڵی تر، به‌ هه‌رسێكیان ته‌نیا (ده‌) لاپه‌ڕه‌یان له‌ كتێبی مه‌عریفه‌ نووسیبوو.
به‌یانییه‌ك، كوڕه‌زاش له‌ ده‌سته‌كانیدا هه‌ستی به‌ بروسكه‌یه‌كی هێواش كرد. یه‌كسه‌ر له‌ ماناكه‌ی تێگه‌یشت. ئه‌و ته‌نانه‌ت زه‌حمه‌تی چاره‌سه‌رو ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌شی نه‌دایه‌ به‌رخۆی. تاكه‌ ئه‌ندامی رزگاربوو و ساغی به‌ده‌نی، برۆی چه‌پی بوو، كه‌ له‌ رێگه‌ی چاو هه‌ڵته‌كاندنه‌وه‌ به‌ برۆی چه‌پی ده‌یتوانی پیته‌كانی ئه‌لف و بێ له‌ كوڕه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دروست بكات.
هه‌مدیسان، به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كه‌، بڕێكی تر خاو بۆوه‌. ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌كردن چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ زیادی كرد. پاشان كوڕه‌كه‌ی ئه‌ویش تووشی هه‌مان نه‌خۆشی بوو، دواتر كوڕه‌زاكه‌ی ئه‌و، ئینجا كوڕی كوڕی كوڕی ئه‌و، دواجار، كوڕی كوڕی كوڕی كوڕی ئه‌و كه‌ باوكی منه‌.
ئێمه‌ ده‌خزێینه‌ ژووری باپیرانمانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌مان،  ژووره‌كه‌ ساردو تاریكه‌: ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا به‌هۆی حه‌ساسیه‌تمان به‌ رووناكی و به‌رگه‌نه‌گرتنی گه‌رماوه‌ كه‌ بۆماوه‌یین په‌رده‌كان داده‌ده‌ینه‌وه‌و نایه‌ڵین ژووره‌كه‌ گه‌رم بێت، كه‌ له‌ راستیدا گه‌رماو رووناكی هیچیان په‌یوه‌ندییان به‌ له‌ كاركه‌وتنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌مانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كی بۆماوه‌یی خۆمانه‌. یه‌كێك خه‌ریكه‌ بكۆكێت به‌ڵام ناتوانێت. من له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانیشتووم و چاوه‌ڕێی پێتی دوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ چه‌ندین مانگ درێژه‌ ده‌كێشێت، تا ده‌وترێت. فه‌یله‌سووف به‌ پێڵووی چاوی راستی چاوداده‌گرێ یان چاو ده‌تروكێنێ، كوڕه‌كه‌ی به‌ زمان له‌ ددانێكی ده‌دات، كوڕه‌كه‌ی ئه‌ویش به‌ برۆی چه‌پی چاوهه‌ڵته‌كێنێ، كوڕی ئه‌ویش لچی خۆی یان لێوی خۆی ده‌مژێ، كوڕی ئه‌ویش له‌ یه‌كێك له‌ كونه‌كانی مێشكییه‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دات، باپیره‌م به‌ پێڵووی چاوی چه‌پی چاوداده‌گرێ یان چاو ده‌تروكێنێ، باوكم به‌ زمان له‌ ددانێكی ده‌دات و منیش ئه‌و پیته‌ ده‌نووسم كه‌ ئه‌و مه‌به‌ستێتی. به‌ درێژایی یانزه‌ ساڵی رابردوو من ئه‌مه‌م نووسیووه‌:
چچچچچچچچچچچه‌مممممممماااااااااااااااااااممممممكككككككك 
چی وایكرد ئه‌مه‌ رووبدات؟ له‌وانه‌یه‌ جه‌نابی فه‌یله‌سووف عه‌قڵی له‌ ده‌ست دابێت. له‌وانه‌یه‌ كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌ سیستمی چاوداگرتن و چاو تروكاندن و لێدانی زمان له‌ ددان و لێومژین و گوێزانه‌وه‌ی ئه‌و پیته‌ی له‌ مێكشی فه‌یله‌سووفدایه‌ بۆ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی من. - بێگومان ئه‌مه‌ به‌ مه‌حاڵ نازانم-ره‌نگه‌ من عه‌قڵم له‌ ده‌ست دابێت: له‌وانه‌یه‌ به‌بێ سه‌رنجدانی ئه‌وه‌ی كه‌ باوكم ئاماژه‌ بۆ چی ده‌كات، من ته‌نیا (چ) ده‌بینم یان هه‌ندێ جار (ك). یان له‌وانه‌یه‌ سیستمه‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ ته‌واوی باش كاربكات، عه‌قڵی فه‌یله‌سووفه‌كه‌شمان زۆر به‌ باشی كار بكات، تیۆره‌كه‌ی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ مه‌عریفه‌ گه‌یشتبێته‌ ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستێتی، من نابێت به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌و ساكار بۆ تێگه‌یشتنی خۆم عه‌زێت بده‌م. ئه‌م بژارده‌یه‌ش به‌دوور نازانم.
هه‌ر ئێستا خه‌ریكه‌ پیتێك به‌ من ده‌گات. پیره‌مێرده‌كان ده‌م خوارده‌كه‌نه‌وه‌و زمان ده‌رده‌هێنن، چاوده‌تروكێنن و به‌ زمان له‌ ددان ده‌ده‌ن و چاوداده‌گرن و هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن. كوڕه‌كه‌ی من، كه‌ لێره‌دا وه‌ستاوه‌، به‌ ترس و به‌زه‌ییه‌وه‌ سه‌رقاڵی ته‌ماشاكردنه‌، له‌وانه‌یه‌ نه‌زانێت سه‌راپای ئه‌م شتانه‌ چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وه‌وه‌ ده‌بێت. ئه‌و رقی له‌وه‌یه‌ له‌م ژووره‌دا بێت. ده‌بێ بزانێ له‌ پاشه‌ڕۆژدا چۆنچۆنی به‌ شه‌وق و زه‌وقه‌وه‌ باو و باپیرانی ماچ ده‌كات، به‌ به‌رده‌می مندا ده‌ڕوات به‌ره‌و هۆڵه‌كه‌.
سه‌رچاوه‌: http://nebesht.com/    


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7199
20/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دوای یاریی بارسێلۆناو پاریسییه‌كان ده‌چێته‌ سعودیه‌ 20/2/2017
‌ بۆندێكی خه‌یاڵیی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ریاڵ مه‌درید 20/2/2017
زانست
‌ 500 پارچه‌ ئاسه‌وای‌ نایاب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ ئێران 17/2/2017
‌ ره‌نگه‌ گه‌نمه‌شامیی كۆتایی بێت‌و نه‌مێنێت 14/2/2017
‌ مادده‌یه‌كی به‌هێزتر له‌ پۆڵا له‌ زه‌یتی چێشتلێنان 14/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP