دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی زیاد له‌ كه‌سێك!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی زیاد له‌ كه‌سێك! ‌ 12/1/2017
ئیدریس عه‌لی
دنیای كلتووری و ئه‌ده‌بی ئێمه‌، له‌م پنته‌ داخراو و دووره‌ شارستانییه‌ته‌ی جیهاندا كه‌ ناوی كوردستانه‌، زیاتر له‌و منداڵه‌ بێكه‌س و هه‌ژاره‌ ده‌چێت، كه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ستێكی ڕه‌حمه‌ته‌ تێر و پۆشته‌ی بكات، له‌ رووی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و داهێنانه‌وه‌، له‌ چه‌ند هه‌وڵێكی لێره‌وله‌وێ بترازێت، چ شتێكی ئه‌وتۆ نابینرێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ته‌واو له‌ كتێبخانه‌كانماندا به‌ زه‌قی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و ده‌بینرێت و هه‌ستی پێده‌كرێت.
به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه‌، هێشتا شانسێكی ئه‌وتۆمان مابێت بۆ به‌رگه‌گرتنی دڵڕه‌قی ژیان و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی ناشیرینییه‌ زۆره‌كاندا،  لانیكه‌م به‌ وێنه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان هه‌نگاو بنێین و وزه‌ و ژیانێك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو گیانی كلتوور و ئه‌ده‌بییمان، دیسان ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ روونی به‌ كتێبخانه‌كانمانه‌وه‌ هه‌ست پێده‌كه‌ین و ده‌بینین، پێدچێت ئه‌مه‌ش جۆره‌ خۆشبه‌ختییه‌ك بێت بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر، كه‌ له‌ ناو ئه‌م بێكه‌سیی و كه‌س به‌ كه‌سه‌دا، چه‌ند وه‌رگێڕێك، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشی و عه‌شقه‌وه‌ خه‌ریكی وه‌رگێڕانن له‌ ناو زمانه‌ جیاجیاكانی دنیادا، وه‌رگێڕانی شاكاره‌ زیندووه‌كانی نووسه‌ره‌ گه‌وره‌ و دیاره‌كان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خه‌زنه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ به‌ها بۆ خوێنه‌ران، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خۆری ئاوه‌دانین و تیشكه‌كانیان كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر كتێبخانه‌كانمان، ئه‌وان بێوچان كاری وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن و له‌و جوانیانه‌ی خۆیان ده‌یبینن به‌شی ئێمه‌شی لێده‌ده‌ن.
به‌شبه‌حاڵی خۆم، وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌ سه‌روكارم له‌گه‌ل كتێبه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا هه‌یه‌ و حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌م، ئاشنای گه‌لێ وه‌رگێڕ و به‌رهه‌مه‌كانیان بووم و تا سه‌ر ئێسك به‌ كتێب و جوانی قه‌رزاریان كردووم، ڕه‌نگه‌ له‌ ڕابردوودا له‌سه‌ر هه‌ندێكیان لێره‌وله‌وێ، له‌م ڕۆژنامه‌ و گۆڤار، قسه‌یه‌كی خێرمانكردبێ، یاخوود به‌ ستوونێك و چه‌ند وشه‌یه‌كی ساده‌، به‌ڵام هه‌ڵقوڵاوی ڕاستگۆیی ناخ و دڵ، سوپاسیكمان كردبن، به‌ڵام هێشتا ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ئێمه‌ له‌ كوێ و ئه‌و ماندووبوون و شه‌ونخوونی و عه‌شقه‌ گه‌ورانه‌ی ئه‌وان له‌ كوێ؟
یه‌كێك له‌و وه‌رگێڕانه‌ی كه‌ ئه‌زموونێكی جوانی هه‌یه‌ دلاوه‌ر قه‌ره‌داغییه‌، ناوبراو له‌ په‌نا ئه‌زموونه‌ تایبه‌ت و هێمنه‌كه‌ی شیعردا، به‌ عه‌شقێكی ئه‌به‌دییه‌وه‌، چه‌ندین شاكاری مه‌زنی جیهانیی وه‌رگێڕاوه‌ و به‌ زمان و كوردییه‌كی ته‌واو جیاواز و جوان ئاشنای كردووین، گه‌ر لامسه‌رلایی و به‌ خێرایی چاوێك به‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا بگێڕین. مومكین نییه‌ نیگامان له‌سه‌ر چه‌نین كتێبی دلاوه‌ر نه‌گیرسێته‌وه‌، من به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایه‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ری كورد، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌ دووره‌وه‌ ناوی نووسه‌ره‌كانیان، یاخوود كتێبه‌كانیانمان ببیستایه‌.
ڕه‌نگه‌ كاری ئه‌م نووسینه‌ نه‌بێت ناوی یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌و كتێبه‌ گرنگانه‌ به‌رێت كه‌ له‌ماوی ئه‌زموونی كاری وه‌رگێڕانی دا پێشكه‌شی كردووین، چونكه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خودی خوێنه‌ران بۆ خۆیان ناوی سه‌رجه‌م كتێبه‌كانیان ئه‌زبه‌ره‌ و به‌ریكه‌وتوون، كتێبخانه‌ی ماڵه‌كانیان تژییه‌ له‌و ڕۆمان و شانۆنامه‌ و بیروه‌رییانه‌ی گه‌وره‌ نووسه‌رانی جیهان، كه‌ ئه‌م وه‌ریگێڕاون، دیسان كاری ئه‌م نووسینه‌ ستایش و مه‌دحێكی بێ بنه‌ما و فووتێكردنێكی له‌ خۆوه‌ نییه‌، چونكه‌ نه‌ نووسه‌ری ئه‌م نووسینه‌ بێ بنه‌ما وه‌سف ده‌كات، نه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌ی له‌باره‌وه‌ نووسراوه‌ پێی خۆشه‌ وه‌سف بكرێت، نه‌ كاریشی پێیه‌تی، ڕازیبوونی خوێنه‌ر له‌ كتێبه‌كانی بۆ ئه‌و هه‌موو شتێكه‌ و پێزانینێكی خاكه‌رایانه‌  سه‌رله‌نوێ ده‌یخه‌نه‌وه‌ سه‌ر نه‌غمه‌ی كاركردن و ماندووبوونی له‌بیر ده‌به‌نه‌وه‌.
نایاده‌وه‌ری- ئه‌ندرێ مالرۆ
تازه‌ترین كتێبی وه‌رگێرانی كاك دلاوه‌ر، كتێبه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی ئه‌ندرێ مالرۆ-ی فه‌ڕه‌نسییه‌، به‌ ناوی نایاده‌وه‌ری  ئه‌و كتێبه‌ قه‌به‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ پێشتر ته‌نها ناویمان بیستبوو و لێره‌و له‌وێ باس له‌ گرنگی و بایه‌خی كرابوو، وه‌ك خوێنه‌ری كورد خه‌ونمان به‌ وه‌رگێڕانییه‌وه‌ ده‌بینی، من بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ چ ئازایه‌تی و عه‌شقێك لای دلاوه‌ر هه‌یه‌ كه‌ ده‌ست به‌رێت بۆ كتێبێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌ی وه‌ها؟ له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ دنیا به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زۆر تایبه‌تییه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ چ له‌ خۆبردووییه‌كه‌ وا له‌ دلاوه‌ر ده‌كات پشت بكاته‌ خۆی و چێژی ژیان و ڕووبكاته‌ خوێنه‌ر عه‌زابی وه‌رگێڕان و ئازاری نووسینه‌وه‌ و وه‌ك كارگه‌یه‌كی چالاك پڕ به‌رهه‌م بێت و جوانی پێشكه‌ش بكات؟ له‌ نێوه‌ندێكدا به‌ ناوی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه‌ كه‌ ده‌یان و زیاتریش خه‌ریكی خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ و ئیمتیازات و هاتوهاوار و گیرفان گه‌رمكردنن، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ چییه‌ وا له‌ دلاوه‌ر ده‌كات بێده‌نگ و بێ بانگه‌شه‌ و ده‌نگه‌ ده‌نگ، تاوناتاوی كتێبێكی نوێ و نووسه‌رێكی نوێمان پێ ئاشنا بكات؟ بێگومان بوونی كه‌سانی وه‌ك كاك دلاوه‌ر و چه‌ند هاوڕێیه‌كی دیكه‌ له‌ نێوه‌نده‌كه‌دا، كتومت له‌ كۆڵه‌كه‌ی ئه‌و ماڵه‌ هه‌ژاره‌ ده‌چن، كه‌ شانیان داوه‌ته‌ به‌ر ڕووخان و به‌ پێوه‌ ئازار ده‌چێژن بۆ ئه‌وه‌ی جوانی نه‌كه‌وێت، ئه‌ز دڵنیام ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوڕێ شاعیر و وه‌رگێڕه‌ به‌ ته‌نیاده‌یكات، كاری داموده‌زگایه‌كه‌ی گه‌وره‌یه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP