لە چیرۆكدا دەبێ‌ حساب بۆ هەموو وشەو رستەیەك بكەیت
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: لە چیرۆكدا دەبێ‌ حساب بۆ هەموو وشەو رستەیەك بكەیت ‌ 12/1/2017
سازدانی‌ / شاخه‌وان سدیق
له‌ دونیای‌ ئه‌ده‌بی‌ ئێمه‌داو به‌تایبه‌ت له‌ بواری‌ نوسینی‌ چیرۆكدا ئارام كاكه‌ی‌ فه‌لاح یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ دیارو ده‌نگه‌ جدییه‌كانی‌ ئه‌و بواره‌، بۆ ئه‌مساڵیش و له‌ چواره‌مین فێستیڤاڵی‌ ئه‌ندێشه‌دا، خه‌ڵاتی‌ چیرۆكی‌ پێبه‌خشرا، بۆ ئاگاداربوونی‌ زیاتر له‌ دونیای‌ ئه‌ده‌بی‌ ئه‌و و نووسینه‌كانی‌ ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا. 
بەشی سێیەم و کۆتایی
*له‌وه‌ڵامی پرسیاری شه‌شدا ده‌ڵێیت(هه‌ندێك چیرۆك هه‌بووه‌ ده‌متوانی بیكه‌م به‌ رۆمان و هه‌ندێك له‌ رۆمانه‌كانیش ده‌متوانی به‌ شێوه‌ی چیرۆك بیاننووسم) ده‌پرسم گۆڕینی چیرۆك به‌ رۆمان و گۆڕینی رۆمان به‌ چیرۆك ئه‌وه‌نده‌ كارێكی ئاسانه‌؟ ده‌توانی به‌ وردی باس له‌ جیاوازییه‌كانی نێوان چیرۆك و رۆمانمان بۆ بكه‌یت؟
+بێگومان هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌ پێشدا وتم، كاراكته‌ری ئه‌و جۆره‌ چیرۆكانه‌ی من ده‌یاننووسم، به‌ پێی ئه‌وه‌ی ته‌كنیكێكی كراوه‌یان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌ تا ناكۆتا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بێنه‌وه‌ ناو ژیانی ئێستا، ئه‌گه‌ری خۆتازه‌كردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ری ژیان خۆی له‌هه‌مووی گرنگتره‌، كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێنه‌وه‌ به‌رده‌مت و هه‌ناسه‌ت لێ قه‌رز بكه‌ن و بڵێن بماننووسه‌وه‌ ئێمه‌ نه‌مردووین. من گه‌ر بتوانم ژنی ژێر باران به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناتوانم بیكه‌م به‌ رۆمان؟ به‌ تایبه‌تی ژنی ژێر بارانێك كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی قه‌ت ته‌واو نه‌بێت. من گه‌ر غه‌ریب ریكۆرد به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناكرێ به‌ شێوه‌ی رۆمان بینووسم به‌ جۆرێك ئه‌م كاراكته‌ره‌م هه‌میشه‌ دێته‌وه‌و ده‌چێته‌ ناو چیرۆكه‌كانی تریشمه‌وه‌؟ له‌ كاتێكدا من خۆم رۆمانیش ده‌نووسم، ده‌زانی بۆ یه‌كێ نووسه‌ری هه‌ردوو جۆره‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ چیرۆك و رۆمان هێنده‌ دوو دونیای لێك جیاواز نین. ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ی كورد چونكه‌ رۆمان ته‌مه‌نێكی هێنده‌ كورتی هه‌یه‌، لامان زه‌حمه‌ت تره‌ و وا ده‌زانین چیرۆك نووسین ئاسانتره‌، به‌ڵام راستت بوێ پێچه‌وانه‌یه‌. گه‌ر كه‌مێك له‌سه‌ر پێوانه‌ گشییه‌كانی چیرۆك و رۆمان قسه‌ بكه‌م، ده‌توانم بڵێم كه‌ چیرۆكێكی درێژ 
(نۆڤێل كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی ئیتاڵییه‌و له‌ نۆڤێلاوه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌ مانای هه‌واڵ دێت، یان به‌ لاتینێكه‌ی پروسه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی جۆرێك گێڕانه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی تێدایه‌) ده‌توانی بۆ چل و نۆ لاپه‌ڕه‌یه‌ك درێژ بێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ ده‌كرێ  له‌ په‌نجاوه‌ ناوی بنرێت رۆمانی كورت. هه‌رچه‌ند من خۆم زۆر بڕوام به‌م جۆره‌ پێوانانه‌ نییه‌. ئیشی رۆمان ئیشێكه‌ له‌ ئاسۆیه‌كی فراوانتردا، له‌ یاریگایه‌كی فراوانتردا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ری زۆرتردا، له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ی به‌ چه‌ند به‌شێك و هه‌ر به‌شێكیش ده‌كرێ باسێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، دوایی به‌ ته‌كنیكێك ئه‌م به‌شانه‌ پێكه‌وه‌ ببه‌سرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ چیرۆكدا ده‌كرێ یه‌ك به‌سه‌رهاتت هه‌بێ و یه‌ك كاراكته‌ر، یه‌ك هه‌ناسه‌، یه‌ك رووداو، یه‌ك چوونه‌ ناوه‌وه‌، یه‌ك كۆتایی، یه‌ك گرێچن، یه‌ك سه‌ره‌تا، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاری نووسین ئاسانتر ناكات، چونكه‌ له‌ چیرۆكێكی جواندا ده‌بێ حیساب بۆ هه‌موو ڕسته‌یه‌ك و بۆ هه‌موو وشه‌یه‌ك بكه‌یت، ده‌بێ هیچ شتێكی زیاده‌ی تێدا نه‌بێت، له‌ كاتێكدا له‌ رۆمانێكی ئاساییدا ده‌توانی چه‌ندها لاپه‌ڕه‌ به‌ وه‌سف پڕبكه‌یته‌وه‌، ده‌توانی چه‌نده‌ها شت بڵێیت كه‌ ده‌كرێ نه‌یانڵێیت، وه‌ك سیاسییه‌ك چۆن ده‌توانی سه‌عاتێك قسه‌ بكات و هیچیش نه‌ڵێت، رۆمان نووسێكیش ده‌توانی چه‌نده‌ها لاپه‌ڕه‌ بنووسێت و هیچیش نه‌ڵێت، نه‌ك ته‌نها نووسه‌ران، به‌ڵكو خوێنه‌رانی رۆمانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ رۆمان پرێتی له‌ شتی زیاده‌، كه‌ ده‌كرێ فڕێیان بده‌یت و هیچ كارێكیش نه‌كات، له‌ كاتێكدا چیرۆكی جوان به‌ شێوه‌یه‌ك بیناكراوه‌ ده‌سكاری یه‌ك ڕسته‌ بكه‌یت ده‌ڕمێ، بێگومان ئه‌م پێوانه‌یه‌ بۆ زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆك رۆمانه‌ خراپانه‌ی ئێستا لای ئێمه‌ ده‌نووسرێن و بڵاوده‌بنه‌وه‌ ناگونجێ، پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ئه‌و سه‌رنجه‌ باوه‌ فڕێ بده‌ین كه‌ نووسینی چیرۆك ئاسانتربێ له‌ رۆمان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ چیرۆكه‌ی ئێستا ئێمه‌ ده‌ینووسین، مه‌به‌ستم چیرۆكی مۆدێرنه‌، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك و هه‌موو ئه‌گه‌رێكی بوون به‌ رۆمانی تێدایه‌، من باسی ئه‌و دوو چیرۆكه‌ی خۆم كرد، بێجگه‌ له‌وان، تۆ سه‌یری چیرۆكی (من و كامێراكه‌م) چیرۆكی (دزینی خه‌ونه‌كان)، ئه‌مانه‌ بۆ نموونه‌ وه‌ك له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌شدا باسم كردووه‌، كه‌ به‌ ته‌كنیكی مینی رۆمان نووسیومن، كه‌سانێكی زۆر كه‌م نه‌بێ، زۆركه‌س ئاوڕیان لێ نه‌داوه‌ته‌وه‌ و تێی ناگه‌ن، تێشی بگه‌ن، هێنده‌ سه‌رقاڵن به‌خۆیانه‌وه‌ دوو وشه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ناڵێن، زۆر كه‌سیش ده‌یبات و به‌هه‌ڵه‌ به‌كاری دێنێت، من ئه‌م ماوه‌یه‌ چه‌ند چیرۆكێكم خوێنده‌وه‌ به‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ی من ده‌ینووسم نووسرابوون، هێنده‌ چیرۆكه‌كه‌یان قه‌ره‌باڵه‌غ كردبوو، یه‌كسه‌ر تێده‌گه‌ی كه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ له‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ تێنه‌گه‌یشتوون و به‌كاری دێنن. ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كرێ و هه‌ندێ جار خه‌ڵاتیشی پێ وه‌رده‌گرن. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕیارده‌ده‌ن له‌باره‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ پێیان بڵێین كوڕی باش! چیرۆك وا نانووسرێ، ئه‌م ته‌كنیكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووی. بۆ نموونه‌ ئه‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ یارمه‌تیت ده‌دا چیرۆكێك به‌ ته‌كنیكی رۆمان بنووسیت، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ دێت و رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌یهێنێته‌ ژێر كۆنترۆڵی نووسینه‌وه‌، بۆیه‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و قه‌ره‌باڵه‌غ نابێ، وه‌ك چۆن رووناكییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ ناو كامێرایه‌كه‌وه‌ و عه‌ده‌سه‌ی كامێراكه‌ رووناكییه‌كه‌ت له‌ یه‌ك خاڵدا بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا په‌ڕش و بڵاو نه‌بێته‌وه‌، تا عه‌ده‌سه‌كه‌شت باشتر بێ، ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌یگریت روونتر ده‌بێت، ئه‌و ته‌كنیكه‌ش وایه‌ رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا كۆنترۆڵیان بكه‌یت و بۆ گێڕانه‌وه‌ ئاسانتر بێت، له‌چه‌ند رووداوێكه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك دوو رووداو، له‌ رۆماندا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، له‌ عه‌ده‌سه‌كه‌وه‌ جارێكی تر دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و په‌رش و بڵاو ده‌بێته‌وه‌، له‌ یه‌ك رووداوه‌وه‌ ده‌بێته‌ چه‌نده‌ها رووداو. له‌ یه‌ك كاراكته‌ره‌وه‌ چه‌نده‌ها كاراكته‌ری تر له‌دایك ده‌بێ. بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و چیرۆكانه‌م و كردن و نووسینیان به‌ رۆمان كارێكی هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌، وه‌ك له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تریشدا باسم كرد، كه‌ من به‌ نهێنی لابورێكم هه‌یه‌ كه‌ ته‌كنیكی چیرۆكی تێدا له‌ دایك ده‌بێ، جارێ وا  هه‌یه‌ له‌ دایك بوونی ته‌كنیكێك چه‌ند مانگ و ساڵ  تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی وردو قووڵی ده‌وێت، هه‌ندێ كه‌سیش ده‌یانه‌وێ به‌ دوو چیرۆك ئه‌و ته‌كنیكانه‌ به‌رن و به‌كاری بێنن بێ ئه‌وه‌ی به‌ قووڵی لێی تێبگه‌ن. وه‌ك ماشێنێك بیده‌یته‌ ده‌ست قوتابییه‌كی نه‌زان لێی بخوریت، ئه‌وانه‌شی بڕیار له‌سه‌ر باشی ئه‌و تێكسته‌ خراپانه‌ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌و مامۆستایانه‌ وان له‌ ته‌نیشت ئه‌و قوتابیانه‌وه‌ دانیشتوون وله‌به‌ر ورگ و گیرفانی خۆیان هه‌ر خه‌ریكی ده‌ستخۆشی كردنیانن به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه‌ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ ڕێگا تووشیان بوون.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP