ئه‌ندامێكی نه‌وه‌ی سه‌رده‌می په‌ڕه‌وازه‌بوون
زوهدی داوودی ئه‌ندامێكی نه‌وه‌ی سه‌رده‌می په‌ڕه‌وازه‌بوون ‌ 12/1/2017
زوهدی داوودی و هاوڕێكانی له‌ گروپی كه‌ركوك، ئه‌و نه‌وه‌ فه‌رامۆشكراوه‌ن، كه‌ تا كاتی مردنیان فڕێدران و فه‌رامۆشكران، ئه‌م نه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جه‌ماعه‌تی كه‌ركوك ناسراون، نه‌وه‌یه‌كی غه‌مگین و دڵ پڕ له‌ گرێ بوون، هاوكات داهێنه‌ر بوون، ئه‌م نه‌وه‌یه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ نووسه‌ره‌ خوێن گه‌رمه‌ كه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوك پێكهاتبوون له‌ زه‌مه‌نێكدا كه‌ شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌كان له‌و شاره‌دا گه‌رم بوو، ئه‌مانه‌ توانییان پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن و له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی عیراقی ئه‌و زه‌مانه‌دا داهێنان بكه‌ن. سه‌رگۆن پۆڵس و جان ده‌مۆی مه‌سیحی و زوهدی داوودی كورد و قه‌حتان هورمزی و جه‌لیل قه‌یسی و... هاوڕێكانیان له‌ گروپی كه‌ركوك توانییان ئه‌ده‌بی عیراقی پێش بخه‌ن، به‌ڵام بۆخۆیان له‌ دۆخێكی سه‌خت و ناله‌باردا ژیان. هیچكام له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب و تورك به‌ پێی پێویست ئاوڕیان له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، راسته‌ گه‌لێك لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ كراوه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ كوردی، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی داهێنان و ئاستی ئه‌ده‌بی ئه‌وان نه‌بووه‌. فه‌رامۆشكردنی ئه‌م گروپه‌ چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كێشه‌ی زمان و شوناسه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وتنیانه‌ له‌ شوێنێكی وه‌ك كه‌ركوكدا، كه‌ پتر له‌ هه‌شتا ساڵه‌ ئه‌م شاره‌ فریای چاره‌سه‌ركردنی ده‌رد و نه‌هاتییه‌كانی خۆی نه‌كه‌وتووه‌، ده‌بێ  چی پێ بكرێ بۆ ئه‌و نه‌وه‌ سه‌رگه‌ردانه‌ی ئه‌ده‌بیات؟ گومانی تێدا نییه‌ گروپی كه‌ركوك (جماعه‌ كركوك) كه‌م و زۆر كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام به‌پێی پێویست نییه‌، ده‌بێ بڵێین به‌ گوێره‌ی داهێنان و كاره‌ نایابه‌كانیان ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌، كێشه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زمان و شوناس. جان ده‌مۆ له‌ دۆخێكی خراپدا ژیاو ئاقیبه‌ت وه‌ك سه‌رگۆن پۆڵس له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا مرد، جه‌لیل قه‌یسی وه‌ختێ مرد كه‌سی ڕانه‌چڵه‌كاند، قه‌حتان هورمزی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه‌ له‌ گروپی كه‌ركوك له‌و په‌ڕی فه‌رامۆشیدا ژیان و زوهدی داوودی رۆماننووسیش یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی داهێنه‌ره‌كانی ئه‌و گروپه‌ كه‌ له‌م رۆژنامه‌دا مرد. بۆیە بەرهەمی گەلێك لەو نووسەرانەی گروپی كەركوك گه‌رچی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسیویانه‌، به‌ڵام له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیدا بەپێی پێویست گرنگیان پێنەدراوە، لای كوردیش چونكه‌ به‌ كوردی نه‌یاننووسیووه‌ ئه‌و گرنگییه‌ی نه‌بووه‌، یان فه‌رامۆشكراون، راسته‌ به‌رهه‌می زوهدی داوودی و جه‌لیل قه‌یسی و جان ده‌مۆ و سه‌رگۆن پۆڵس له‌ ده‌زگا كوردییه‌كاندا چاپ كراون و وه‌رگێڕدراون، به‌ڵام به‌ پێی پێویست گرنگیان پێنه‌دراوه‌. 

زوهدی داوودی له‌ غوربه‌ت سه‌ری نایه‌وه‌ 
یه‌كێك له‌و نووسه‌ره‌ په‌ره‌وازانه‌ی گروپی كه‌ركوك، زوهدی داوودی بوو كه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌ ته‌مه‌نی حه‌فتاوحه‌وت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. زوهدی داوودی رۆماننووس ساڵی 1940 له‌ خورماتوو له‌ دایك بووه‌. ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ كه‌ركوك مامۆستای سه‌ره‌تایی بووه‌، سێ ساڵیش له‌ زیندانه‌كانی باقوبه‌ و رومادی و حله‌ زیندانی كێشاوه‌. پاشان چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و  خوێندنی مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی له‌ زانكۆی لایپزیگ ته‌واو كردووه‌ و له‌ 1976 بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ 1981-1992 له‌ هه‌مان زانكۆ مامۆستای یاریده‌ده‌ری به‌شی مێژوو بووه‌. له‌ ساڵی 2004 دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك و له‌ زانكۆی كه‌ركوك وانه‌ی گوتووه‌ته‌وه‌ و به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ نائارامه‌ی كه‌ركوك ناچاری كردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ  ئه‌ڵمانیا. زوهدی داوودی زیاتر له‌ دوانزه‌ كتێبی به‌ عه‌ره‌بی و ئه‌ڵمانی نووسیووه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك و ڕۆمان و مێژوو و وه‌رگێڕان پێكدێن.

به‌رهه‌مه‌كانی زوهدی داوودی
زوهدی داوودی به‌ چیرۆك ده‌ستیپێكرد و پاشان ده‌ستی بۆ ڕۆمان برد و به‌رهه‌مه‌كه‌شی كۆمه‌ڵێك رۆمان بووه‌ له‌وانه‌ ڕۆمانی سێیینه‌ی دۆڵی كفرانه‌ (درێژترین ساڵ) كه‌ ئه‌مه‌یان له‌لایه‌ن وه‌رگێڕ سه‌باح ئیسماعیله‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، (سه‌رده‌می هه‌ڵاتن)، (وه‌رچه‌رخانه‌كان). به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ كورده‌ عه‌ره‌بی نووسه‌ بریتین له‌ «الإعصار، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك، له‌ بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتی نووسه‌رانی عیراق ساڵی 1962، رجل فی كل مكان، رۆمان له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای فارابی له‌ به‌یروت ساڵی 1974، الزنابق التی لا تموت، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای كتێب زانكۆی موسڵ ساڵی 1978، رحله‌ إلی بابل القدیمة، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای جه‌لیل له‌ دیمه‌شق 1984، أسطورة‌ مملكة‌ السید، چیرۆكی درێژ، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌گای سۆمه‌ر -لایبزك ساڵی 1990، أطول عام، رۆمان له‌ بڵاوكراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ی عه‌ره‌بی له‌ به‌یروت ساڵی 1994. زمن الهروب، رۆمان، له‌ بڵاوكراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ی عه‌ره‌بی له‌ به‌یروت ساڵی 1998، فهد والحركة‌ الوطنیة العراقیة، لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كازم حه‌بیب دا نووسیویانه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای كنوزی ئه‌ده‌بی  له‌ به‌یروت ساڵی 2003، وداعا نینوی، رۆمان، له‌ بڵاوكراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ی شه‌فه‌ق له‌ كه‌ركوك ساڵی 2004. تحولات، رۆمان،  له‌ بڵاوكراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ی عه‌ره‌بی له‌ به‌یروت ساڵی2007، فردوس قریة الآشباح، رۆمان له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر ساڵی2007،  ذاكرة مدینة‌ منقرضة، رۆمان، له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوبه‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان، ساڵی 2010. زوهدی داوودی له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ی له‌ ژیاندا نووسیوێتی و چه‌ند به‌رهه‌مێكیشی به‌ ئه‌ڵمانی نووسیوه‌، ئه‌وانه‌ش بریتین له‌ كورد، مێژوو، شارستانیه‌ت و به‌رگریی چاره‌نوسساز، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای فرانفۆرت ماین، ساڵی 1987، ئه‌م كتێبه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌رزمانی توركیش. سعار، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای كیبنهویر، ساڵی 1993، رۆمانی درێژترین ساڵ- اطول عام، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای كیبنهویر، ساڵی1993، وداعا نینوی، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای كولتورفیرك ساڵی 2001. 

بۆچی به‌ كوردی نه‌ینووسی؟
ئه‌م هه‌موو به‌رهه‌مه‌ ده‌بوو هه‌مووی به‌ زمانی كوردی بنووسرانایه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ كوردی نه‌ینووسی و نازانین هۆكاری به‌ كوردی نه‌نووسینی چییه‌؟ ئایا له‌به‌ر خراپی دۆخی كورد و زمانی كوردی بووه‌؟ یان توانای له‌ زمانی كوردیدا هێنده‌ نه‌بووه‌ به‌ كوردی رۆمان و چیرۆك بنووسێت؟ یان هه‌ر خۆی حه‌زی نه‌كردووه‌ به‌كوردی بنووسێت و پیی وابووه‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ربڵاوتر بووه‌و خوێنه‌ری زیاتر بووه‌؟ ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ توێژه‌ران و لێكۆڵه‌رانی بواری ئه‌ده‌ب ده‌توانن له‌ داهاتوودا وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. رۆژی (6-1-2017) زوهدی داوودی له‌ تاراوگه‌ گیانی سپارد، به‌لای زۆرێك له‌ خوێنه‌ری كورده‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌ و ده‌توانم بڵێم به‌شێك له‌ خوێنه‌ری ئه‌مڕۆی كورد زوهدی داوودی ناناسن یان به‌رهه‌مه‌كانی نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌. ئه‌م نووسه‌ره‌ پڕ به‌رهه‌مه‌ش وه‌ك یه‌شار كه‌مال و عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشان و هه‌موو ئه‌ونووسه‌رانه‌ی كه‌ كوردبوون و به‌ كوردی نه‌یاننووسی، له‌پاش خۆیان به‌رهه‌مه‌كانیان بوو به‌ موڵكی ئه‌و زمانه‌ی كه‌  پێیان نووسیوه‌ و خه‌م و كه‌سه‌ره‌كه‌شیان بۆ كورد ماوه‌ته‌وه‌. زوهدی داوودی له‌ ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا له‌ غوربه‌ت و له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد. 
هەردی حەسەن


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP