داود جوندی: فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌بازگه‌ی سحێلا ده‌پشكنرێن!
له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ داود جوندی: فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌بازگه‌ی سحێلا ده‌پشكنرێن! ‌ 27/11/2016
له‌به‌رده‌وامیی ئه‌و زنجیره‌ دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌شنگال‌و ده‌وروبه‌ری كردمان، له‌باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه‌و خه‌م‌و ئازاری ئێزدییه‌كان، (كوردستانی نوی) هه‌وڵده‌دات تیشك بخاته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان له‌وێ‌و به‌شێك له‌ راستیی رووداوه‌كان‌و كاره‌ساتی شنگال‌و كوردانی ئێزدی له‌زاری ئه‌وانه‌ی له‌وێن بگێڕێته‌وه‌و دیدارو چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا بكات. داود جوندی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، له‌باره‌ی كێشه‌و خه‌می شنگالییه‌كان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داینه‌وه‌و به‌شێك له‌ رووداوه‌كانی كاره‌ساتی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری بۆ گێڕاینه‌وه‌.
دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر
*سه‌رباری رزگاركردنی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ بۆ چی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟
-پرسیارێكی گرنگه‌، پێویسته‌ خه‌ڵك راستییه‌كان وه‌كو خۆی بزانێت‌و بۆ رای گشتیی كوردستان روون ببێته‌وه‌. ره‌نگه‌ باس له‌وه‌ كرابێت كه‌ شنگال رزگاركراوه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا رزگار نه‌كراوه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك لێپرسراوی حكومی‌و حزبیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێن شنگال ته‌نها له‌ 15% یان 20%ی ماوه‌ رزگاربكرێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی شنگال له‌ 45%ی ماوه‌ رزگارببێت، ئه‌وانه‌یشی ئه‌و ژماره‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ باس ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ ناوچه‌ رزگار نه‌كراوه‌كانی وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ی گرعوزێرو سیبا شێخ خدرو تل به‌نات‌و تل قه‌سه‌ب‌و ناوچه‌كانی دیكه‌یان له‌سه‌ر به‌عاج دانابێت، یان له‌سه‌ر ئه‌وێ حیسابیان كردبێت، نه‌ك له‌سه‌ر خاكی كوردستان، راست ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ناوچه‌ رزگارنه‌كراوه‌كان به‌كوردستان هه‌ژمار نه‌كه‌ن، ئه‌وا شنگال ناوچه‌یه‌كی كه‌می ماوه‌ رزگاربكرێت.
قایمقامی شنگال هه‌وڵیداوه‌
*بۆ داموده‌زگا ئیدارییه‌كان‌و لێپرسراوانی ئیداریی شنگال ناگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌ تا خه‌ڵكه‌كه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌؟
-زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كرێت، له‌ راستیدا به‌شێك له‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو لێپرسراوی حكومیی بوون له‌ شنگال، عه‌ره‌ب بوون‌و دوای هاتنی داعش، چوونه‌ پاڵ داعش‌و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا رایانكرد، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان‌و چه‌ندین جار داوامانكردووه‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕبكرێته‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ قایمقامی شنگال هه‌وڵیداوه‌، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بڵێین، به‌ڵام ده‌بێ باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ كه‌مته‌رخه‌مییش هه‌بووه‌، یان هه‌یه‌.
*ده‌ڵێن هاوكاریی‌و پێداویستی دێت بۆ شنگال، به‌ڵام رێگه‌ی لێ ده‌گیرێت، بۆنموونه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا سێ موه‌لیده‌ی گه‌وره‌ی كاره‌با هاتبوو، به‌ڵام رێگه‌یان لێگرت‌و نه‌یانهێشت بێته‌ شنگال كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ره‌وانه‌كرابوو؟
-بێگومان ده‌ستێكی ئاشكرا هه‌یه‌ كه‌ رێگریی له‌هه‌موو شتێك ده‌كات كه‌ دێته‌ شنگال، جۆرێك له‌ئابڵۆقه‌ هه‌یه‌و ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ ناوچه‌كانی خۆیان‌و بۆسه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیان. له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ‌و پارێزگاری موسڵ هه‌وڵمانداوه‌ خزمه‌تگوزاریی بگه‌یه‌نرێت به‌ شنگال‌و ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان. بۆ نموونه‌ راكێشانی هێڵی 132 كه‌ی ڤی به‌ناوچه‌ی عوێنات‌و دواتر بۆ زۆراڤاو دواتر دابه‌شبكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ كرابایه‌، ئه‌وا 95%ی كێشه‌ی كاره‌با له‌ باكووری شنگال‌و ده‌وروبه‌ری‌و سه‌نته‌ری شنگال چاره‌سه‌ر ده‌بوو، به‌ڵام تێستا هیچی دیارنییه‌، له‌كاتێكدا ده‌بوو ئێستا ته‌واوببوایه‌، یان نزیك ته‌واوبوون بوایه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ مولیده‌كان، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ هاوكاریی ره‌وانه‌ كرابوو، به‌ڵام رێگریی لێكراو نه‌گه‌یشته‌ شوێنی خۆی، نه‌ك ته‌نها رێگریی له‌ كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستی، به‌ڵكو رێگری له‌خه‌ڵك ده‌كرێت كیسه‌یه‌كی 50 كیلۆیی شه‌كر بێنێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شنگال، چجای هێنانی شتی دیكه‌!
حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیش كه‌مته‌رخه‌م بوون
*سه‌باره‌ت به‌ دیكۆمێنتكردنی تاوانه‌كانی شنگال چی كراوه‌، حكومه‌تی هه‌رێم شتێكی كردووه‌؟
-ئێمه‌ جددیه‌تمان نه‌بینیووه‌ به‌داخه‌وه‌، تۆ بزانه‌ بڕبڕه‌و بنه‌مای دیكۆمێنتی به‌جینۆساید ناساندنی تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی‌و تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تیی، گۆڕی به‌كۆمه‌ڵه‌، كه‌چی له‌و ناوچانه‌ی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری كه‌ داعش تاوانی گه‌وره‌ی دژبه‌ كوردانی ئێزدیی‌و مرۆڤایه‌تی كردووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ هه‌یه‌و نه‌پارێزراوه‌، به‌تێپه‌ڕبوونی كاتیش به‌ڵگه‌كان ده‌شێوێن، بۆنموونه‌ باران ده‌بارێت‌و ئاسه‌واری گۆڕه‌كان ون ده‌بن، یان ده‌ستكاریی ده‌كرێن...هتد، نه‌ك وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان، به‌ڵكو راوێژكارێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ كوردانی ئێزدییه‌و به‌رپرسه‌ له‌دوو دۆسێ، به‌ڵام تائێستا هیچ نه‌كراوه‌و كه‌مته‌رخه‌می زۆر هه‌یه‌. هاوكات په‌رله‌مانی كوردستانیش كاتێك كارابوو، بڕیارێكی تایبه‌ت‌و روونی ده‌رنه‌كرد بۆ به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعش، كه‌واته‌ هه‌م حكومه‌ت‌و هه‌میش په‌رله‌مانی كوردستان كه‌مته‌رخه‌من له‌وباره‌یه‌وه‌.
*ئه‌ی ئێوه‌ی كوردانی ئێزدی خۆتان چیتان كردووه‌؟
-ژماره‌یه‌كی زۆر رێكخراوی گه‌نجان‌و خه‌ڵكانێكی زۆری خۆبه‌خش كاریان كردووه‌و ده‌یكه‌ن، بۆنموونه‌ بوونی نادیه‌ موراد به‌ نوێنه‌ری نیازپاكی، به‌شێك بوو له‌هه‌وڵه‌كان، هه‌روه‌ك رێكخراوێكی تایبه‌تمه‌ندیش هه‌یه‌ به‌ناوی رێكخراوی ئێزدی بۆ به‌دیكۆمێنتكردن‌و كار له‌و بواره‌دا ده‌كات‌و كردووێتی.
ئامانج له‌تیرۆره‌كارییه‌كانی ناوچه‌كه‌
*بوونی ئه‌و هه‌موو جۆره‌ هێزه‌ له‌ شنگال، بۆنموونه‌ هێزه‌كانی  حه‌فتا‌و هه‌شتا، یه‌به‌شه‌، هه‌په‌گه‌، هێزی پاراستنی ئێزدیخان...هتد، باری كوردانی ئێزدیی گرانتر ناكات‌و ناوچه‌كه‌ ئاڵۆز ناكات؟
-بێگومان خراپه‌، هه‌ر پێكدادانێك له‌ناوچه‌كه‌ دروست ببێت، ئه‌وا باری كوردانی ئێزدی سه‌رباری كوڵ‌و برین، ئه‌وا زۆر گرانتر ده‌بێت، به‌ڕاستی ململانێیه‌كی توندی سیاسی‌و حزبی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ باری ئێمه‌ گرانتر ببێت‌و برینی ئێمه‌ قووڵتر ببێت، مه‌ترسی هه‌یه‌و ناشاردرێته‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵده‌ده‌ن شنگال بكه‌ویته‌ ژێر كۆنترۆڵیانه‌وه‌، به‌ڵام پێموایه‌ كوردانی ئێزدی خۆبه‌خۆ شه‌ڕی یه‌كتر ناكه‌ن.
*تیرۆركردنی چه‌ند كه‌سێك له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌ ئاماژه‌ نییه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و گرژیی زیاتر ده‌چێت؟
-بێگومان به‌تایبه‌ت ئه‌و چه‌ند فه‌رمانبه‌ره‌ی به‌م دواییه‌ تیرۆركران‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا زیاتر له‌ 20 كه‌س له‌ ناوچه‌كه‌ تیرۆركراون، له‌و ژماره‌یه‌ 15 یان له‌ كوردانی ئێزدیی بوون‌و پێنجیشیان له‌كوردانی موسڵمان، دیاره‌ ئه‌جێندایه‌ك له‌پشت ئه‌و كارانه‌وه‌ هه‌یه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی له‌تێكدان‌و ئارامیی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌. ئینجا ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ یان خه‌ڵكی ئێزدی بشكێنرێن، یان شتێكی دیكه‌، ئه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت.
بزنی زیندوو قه‌ده‌غه‌یه‌
*سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی بازگه‌ی سحێلا، هه‌موولایه‌ك باسی ده‌كات، ئه‌مه‌ زیاتر گوشاری ئابوریی‌و ده‌روونی بۆ شنگال دروست نه‌كردووه‌؟
-ده‌ردی ئێزدییان زۆر گرانه‌، له‌لایه‌ك نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی‌و له‌لایه‌ك ململانێی توندی سیاسی، ئینجا سه‌رباری ئه‌مانه‌ گرتنی رێگای سه‌ره‌كیی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، چونكه‌ تاكه‌ ده‌روازه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌نێوان ناوچه‌كانی هه‌رێم‌و ناوچه‌ی شنگال‌و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كاندا، پردی سحێلایه‌، كه‌چی ئه‌و بازگه‌یه‌ زۆر تونده‌و به‌شێوه‌یه‌كه‌ سوكایه‌تی به‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن‌و ته‌نانه‌ت فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانیش سوكایه‌تییان پێده‌كرێت، هاتن‌و چوونیان زه‌حمه‌ته‌، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌كوردانی ئێزدین. تۆ بزانه‌ سێ بۆ چوارجار قاسم شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پاراستنی شنگال راگیراوه‌و ئۆتۆمبێلی پاسه‌وانه‌كانی پشكنراوه‌و كۆنترۆڵكراوه‌! هاوكات تۆ دوو بزن یان مه‌ڕ له‌ شنگاله‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی هه‌رێم ببه‌یت، ئه‌وا له‌بازگه‌ی سحێلا پێت سه‌رده‌بڕن، ئینجا بۆت هه‌یه‌ بیبه‌یت!
هاوكاریی‌و ریكلام بۆ حزب
*سه‌باره‌ت به‌هێنانی هاوكاریی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ یان خێرخوازه‌كان، ده‌وترێت به‌سه‌ر كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا دابه‌شده‌كرێت‌و ئه‌وان دووباره‌ دابه‌شی ده‌كه‌نه‌وه‌؟
-هه‌مووان ده‌زانین رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كه‌ پێیان ده‌وترێت (NGO) حزبیین، له‌وه‌دا كێشه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌بادینان ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ حزبێكی دیاریكراو نه‌بیت، ئه‌وا رێگریت لێده‌كرێت، سه‌باره‌ت به‌ رێكخراوه‌ بیانییه‌كان ئه‌وا رێكخراوێكی ئیماراتی په‌یوه‌ندییان كرد كه‌ 100 ته‌ن خواردن‌و خۆراكیان له‌هه‌ولێر ته‌سلیمكردووه‌ بۆ شنگال، كه‌چی دواتر له‌لایه‌ن رێكخراوی خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر عادیلانه‌ش بێت باشه‌، به‌ڵام ده‌بینین ده‌درێت به‌ كادرانی حزب‌و ئه‌وانیش دووباره‌ دابه‌شی ده‌كه‌نه‌وه‌، تا ببێته‌ ریكلام‌و گوشار له‌سه‌ر خه‌ڵك.
*پێتوایه‌ له‌شنگال‌و ده‌وروبه‌ری گۆڕانێكی گه‌وره‌ له‌ئاست‌و ژماره‌ی ده‌نگی حزبه‌كانی كوردستاندا دروست بووبێت؟
-ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وا بێگومان گۆڕانكاریی دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌و گوشاریان نه‌خرێته‌ سه‌ر، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بینین، چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌و خه‌ڵكیش له‌هه‌ڵبژاردندا گوزارشت له‌ تێگه‌یشتنی خۆی ده‌كات‌و ده‌ری ده‌بڕێت.
ره‌نگه‌ جاران ترس هه‌بووبێت‌و خه‌ڵك نه‌یده‌وێرا باسی هه‌ندێك شت‌و هه‌ندێك كه‌س بكات، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك ترسی شكاوه‌و دڵنیام ئازایه‌نه‌تر بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7203
24/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ *لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كانی یاریگای زاخۆ، زاخۆش داوای لێبوردنی كرد *یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌كرێن یان نا؟ 23/2/2017
‌ میسی بۆچی له‌ میسره‌؟ 23/2/2017
زانست
‌ هۆكاری خه‌وتنی مرۆڤ و زینده‌وه‌رانی تر ئاشكرا بوو 22/2/2017
‌ میكانیزمێكی نوێ بۆ وه‌ستاندنی خوێنبه‌ربوونی مێشك 22/2/2017
‌ كونێكی ڕه‌ش له‌ گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ماندا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ 22/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP