جیلی نوێی سینه‌ماكارانی كورد به‌ هێزێكی زۆر‌و ئاكادیمیتر به‌ڕێوه‌یه‌
كه‌یوان فه‌هیمی: جیلی نوێی سینه‌ماكارانی كورد به‌ هێزێكی زۆر‌و ئاكادیمیتر به‌ڕێوه‌یه‌ ‌ 2/12/2016
سازدانی: ئه‌نوه‌ر حه‌سه‌ن پوور

*كه‌ باس له‌ ڕه‌وتێكی سینه‌مایی تایبه‌ت ده‌كه‌ین و ناوێكی بۆ داده‌نێین، بێ گومان ده‌بێ ئه‌و ڕه‌وته‌ یان ئه‌و مه‌كته‌به‌ یان ئه‌و ناوه‌ ناوه‌ڕۆكێكی به‌ هێزی هه‌بێت. ئێوه‌ چه‌نده‌ پێتان ڕاسته‌ كه‌ بۆ وێنه‌ هاوكات له‌ گه‌ڵ به‌ ناو كردنی سینه‌مای ئیتاڵیا، یاخود سینه‌مای فه‌ره‌نسا، ئه‌و ڕه‌وته‌ كز و لاوازه‌ی كوردستانیش وه‌ك سینه‌مای كوردی ناوبنێین؟

_ كاتێك ده‌لێین سینه‌مای ئیتالیا، یان فه‌ره‌نسا، باس له‌ سینه‌مای وڵاتێك ده‌كه‌ین، وڵاتێك كه‌ نیشتمان و ئاڵاو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دیاریكراوی هه‌یه‌‌و كه‌متر واهه‌یه‌ سینه‌ما به‌ناوی‌ نه‌ته‌ویه‌ك باس كرابێ مه‌گه‌ر له‌ ره‌خنه‌كان و بابه‌تی گۆڤاره‌كان دا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر یه‌كه‌م كتێبه‌كانی مێژووی سینه‌ما‌و هه‌روه‌ها به‌ناوبانگترینه‌كانیان كه‌ میژوی سینه‌مای جیهانیان به‌ پێوه‌ری وڵات نووسیوه‌، نه‌ك نه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ كێشه‌ی كتێبه‌كانی مێژووی هونه‌ریشه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێوه‌ر ده‌بێته‌ هۆی گله‌یی هه‌ندێك كه‌س یان ره‌گه‌زێك، بۆ وێنه‌ پاش بزووتنه‌وه‌ فێمینیستیه‌كان سه‌ر له‌ نوێ مێژووی هونه‌ر نوسراوه‌، چونكه‌ رایان وا بوو كه‌ رۆڵی ژن له‌ كتێبه‌ مێژوویه‌كانی پێشتر له‌به‌ر چاونه‌گیراوه‌. ئه‌وه‌ له‌ مێژوی شانۆ‌و شیوه‌كاری‌و بیناسازی‌و مۆسیقاش دا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها فێستیڤاڵه‌كانیش ئه‌و فیلمانه‌ی هه‌ڵیان ده‌بژێرن وه‌ك نوێنه‌ری وڵاتێك له‌به‌ر چاوی‌ ده‌گرن، نه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك. بۆ وێنه‌ سینه‌مای جووله‌كه‌كان پاش دامه‌زرانی وڵاتی ئێسرائیل وه‌ك سینه‌مای وڵاتێك له‌ كتێبه‌ مێژوویه‌كان و فێستیڤاڵه‌كان دا له‌به‌ر چاو گیرا، به‌ڵام پێشتر وه‌ك سینه‌مای وڵاتێكی تر بوو كه‌ باسه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كێشه‌ی جووله‌كه‌كان بوو. ئێستا سینه‌مای كوردیش وایه‌، فیلمه‌كانی ده‌رهێنه‌رانی كورد وه‌ك سینه‌مای یه‌كێك له‌ وڵاتانی ئێران، عێراق یان توركیا له‌به‌ر چاو ده‌گیرێ كه‌ باسی سه‌ره‌كیان كورده‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو دا له‌ هه‌ندێك له‌ فێستیڤاڵه‌كان دا ده‌سته‌واژه‌ی سینه‌مای كوردی كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئه‌گه‌ر فیلمه‌ كوردییه‌كان خه‌ڵاتیش وه‌رگرن، ده‌ڵێن فیلمێكی وڵاتی ئێران یان عێراق خه‌ڵاتێكی وه‌رگرت. هه‌ڵبه‌ت ئێستا له‌ باشووری كوردستان به‌ هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ده‌كرێ سیسته‌مێك بۆ به‌رهه‌م هێنان داڕێژێ‌و فیلمه‌كان مۆری هه‌رێمی كوردستانیان پێوه‌ بێ، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا وه‌ك سینه‌مای عێراق ده‌توانێ به‌شداربێ له‌ فێستیڤاڵه‌كاندا. من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ زۆر كێشه‌ نییه‌ كه‌ چ ناوێك له‌سه‌ر چالاكییه‌كانی سینه‌ماكارانی كورد دابنێین، پێم وایه‌ مووهیمتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سینه‌مایه‌ یان ئه‌و چالاكیه‌ی سینه‌مایه‌ چۆن قوڵ بێته‌وه‌ له‌ كێشه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌كانی كورد.

*به‌ ڕای تۆ كوردستان چه‌نده‌ خاوه‌نی ئامێره‌كانی سینه‌مایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامێرانه‌مان نییه‌،  چۆن ده‌توانین ناو له‌ سه‌ر ڕه‌وتێكی بێ ناوه‌ڕۆك و كز و لاوازدا بنێین؟

_ پێم وایه‌ زۆر دڵره‌قانه‌یه‌ ئاوا بڕوانینه‌ ئه‌و بابه‌ته‌. پێموانییه‌ نه‌بوونی ئامێری سینه‌مایی له‌ كوردستان ره‌وته‌كه‌ بێ ناوه‌ڕۆك بكا. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست باشووری كوردستانه‌، له‌و به‌شه‌ی كوردستان تا ڕاده‌یه‌ك پاڵپشتی سینه‌ماكاران كراوه‌ و بۆ زۆریان هه‌لی فیلم دروست كردن ره‌خساوه‌ و پاره‌ی باش ته‌رخان كراوه‌ بۆ پڕۆژه‌ سینه‌ماییه‌كان، ئه‌گه‌ر پاره‌ هه‌بێ ئامێر هه‌یه‌، مه‌رجیش نییه‌ ئامێره‌كان له‌ كوردستان بن یان ئێستا له‌ كوردستان چه‌ند كۆمپانی‌و ستۆدیۆی به‌رهه‌مهێنانی فیلم هه‌بێ، پێویسته‌ به‌ڵام هه‌نگاو به‌هه‌نگاو. ئه‌و ره‌خنه‌ی له‌ باشوور ده‌توانین بیگرین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ هه‌نگاوێك بۆ دانانی هۆڵی سینه‌ما نه‌نراوه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ فیلمه‌كان فێستیڤاڵی بن‌و دوور بنه‌وه‌ له‌ رای گشتی كۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌روه‌ها سینه‌ما له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی دوور بكاته‌وه‌. واتا له‌ خۆژێن بوون. له‌ رۆژهه‌ڵات‌و باكور‌و رۆژئاوا بارودۆخه‌كه‌ زۆر جیاوازه‌‌و هه‌ركام له‌و به‌شانه‌ی كوردستان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتێكی ترن، سینه‌ماكاری ئه‌و به‌شانه‌ی كوردستان ده‌بێ له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وڵاته‌ی تێیدا ده‌ژی هه‌ماهه‌نگ بێ‌و ئامێری سینه‌ماش له‌هه‌ر كام له‌و وڵاتانه‌ به‌ كولێتی‌‌و راده‌ی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان سینه‌ماكاری باشمان زۆره‌، كورته‌ فیلمه‌كانی سێ‌ چوار ساڵی رابردوو پێشانی داوه‌ جیلی نوێی سینه‌ماكارانی كورد به‌ هێزێكی زۆر و ئاكادێمیكتر و روانگه‌ی جیاواز به‌ڕێوه‌ن و ئه‌گه‌ر بیر و هزری پته‌و و نوێی وه‌ك ئامێرێكی سه‌ره‌كی سینه‌ما له‌به‌ر چاو بگرین ئه‌وه‌ له‌و ئامێره‌مان زۆره‌.

*به‌ ڕای ئێوه‌ چ فیلمێك ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی سینه‌مای كوردی، یان باشتر وایه‌ بڵێم فیلمی كوردیه‌وه‌؟

_ به‌ پێوه‌ری لێكۆڵه‌ران‌و مێژوو نووسانی سینه‌ما، هه‌ر فیلمێك باسی سه‌ره‌كیه‌ی كورد‌و كێشه‌كانی كوردبێ ئه‌وه‌ فیلمی كوردیه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ سینه‌ماكارانی كورد رایان وایه‌ كه‌ ستافی سه‌ره‌كی یان لانی كه‌م ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ش ده‌بێ كورد بێ‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ده‌ڵێن ده‌بێ له‌ كوردستانیش به‌رهه‌م هاتبێ. له‌ راستیدا ئه‌و بابه‌ته‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ پاڵ كاری سینه‌ما وه‌ك به‌رهه‌مهێنان ده‌بێ به‌شی تێۆری تایبه‌ت به‌ سینه‌مای كوردیش هه‌بێ. به‌شێك كه‌ بتوانی هه‌م روانگه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی هه‌بێ‌و هه‌م ئه‌و وشانه‌ی هه‌ن شیان بكاته‌وه‌‌و هه‌م بتوانێ فكری نوێ، وشه‌ی نوێ‌و رێبازی نوێ پێشانبدا‌و لێكدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر تێكۆشانه‌كان هه‌بێ‌و له‌ هه‌موو روانگه‌ تێۆرییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكا. هه‌روه‌ها ده‌ست بداته‌ نووسینی مێژووی سینه‌مای تایبه‌ت به‌كورد. ئه‌و كات ئێمه‌ پێوه‌رمان هه‌یه‌‌و باشتر ده‌توانین قسه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ به‌ پێوه‌ره‌ رۆژئاواییه‌كان ده‌بێ سینه‌ماكه‌مان هه‌ڵسه‌نگێنین. پێم وایه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌بێ له‌ زانكۆیه‌كی سینه‌مایی بكرێ. به‌ داخه‌وه‌ ئێستا ناتوانین ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌مان له‌ هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر یان سلێمانی هه‌بێ.

*یه‌كێك له‌ گرینگترین خه‌ساره‌كانی فیلمی كوردی كه‌ زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران باسی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سینه‌ما له‌ كوردستان قه‌ت نه‌یتوانیوه‌ چوارچێوه‌كانی گوند‌و دێهاته‌كان به‌جێبهێڵێت‌و ڕوو له‌ مرۆڤی شارنشین‌و كه‌ڵكه‌ڵه‌كانی بكات. ئایا ئێوه‌ش وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ له‌ چی دا ده‌بینن؟

_ با به‌ر له‌ وه‌ڵام ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ به‌ داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ نیمانه‌ ره‌خنه‌گری سینه‌مایه‌‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ هه‌ر گۆڤار و رۆژنامه‌نووسێك به‌ شێوازێكی لاواز‌و نازانستی ده‌ست ببا بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ فیلمه‌كان، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌كه‌ ده‌بێ بڵێم وایه‌ سینه‌مای كوردی زۆر رووی نه‌كردۆته‌ شارو له‌ گووند ماوه‌ته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هۆی زۆره‌. هه‌ڵسوكه‌وت‌و په‌یوه‌ندیی خه‌ڵك له‌ كوردستان له‌ شاره‌كانیش هێشتا گوندییه‌‌و هه‌ندێك كۆمه‌ڵناس به‌ تووڕه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن ره‌فتاری ئێمه‌ ته‌نانه‌ت پێش فیوداڵییه‌، دیاره‌ شاره‌كانی كوردستان له‌ 20 ساڵی رابردوو دا له‌ پڕ گه‌وره‌ بوون‌و خه‌ڵكی گونده‌كان روویان له‌شاره‌كان كردووه‌. له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش هێرشی ئامێر‌و كه‌ره‌سته‌ی مۆدێرن گێره‌كه‌ی زیاتر شێواندووه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت‌و ره‌فتار له‌ شاره‌كان ره‌سه‌ن نه‌بێ، به‌ڵام له‌ گوند خه‌ڵك هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ پێشتر بوون، ئه‌گه‌ر كه‌رسه‌ی مۆدێرن وه‌ك سه‌ته‌لایت‌و مۆبایلیش له‌ گوند هه‌بێ كابرای گووندی خۆی له‌ پشت ئه‌وان ناشارێته‌وه‌‌و هه‌ر بۆخۆیه‌تی له‌و حاڵه‌ته‌ش دا دیتنی كه‌ره‌سته‌ مۆدێرنه‌كه‌ له‌ په‌نا ئه‌و ره‌سه‌نایه‌تیی‌‌و ساده‌ییه‌ پارادۆكسێكی دراماتیك به‌دیدێنێ، به‌ڵام له‌شاره‌كان خه‌ڵك فێربوون خۆیان له‌ پشت كه‌ره‌سته‌ نوێیه‌كان ده‌شارنه‌وه‌‌و ره‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌یان ئی گوند بێ یان شار له‌بیری ده‌به‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت‌و په‌یوه‌ندییكان له‌ شار تێكه‌ڵ‌و پیچیده‌ بن، به‌ڵام له‌ گوند ساده‌تره‌. جا له‌و بار و دۆخه‌دا به‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ كوردستان فیلمنامه‌ نوسی پڕۆفێشناڵ‌و لێهاتوو و لێزانمان نییه‌ زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پیچیده‌ی شار بكرێته‌ زمانی سینه‌ما، چونكه‌ زۆربه‌ی سینه‌ماكارانی كورد خۆیان فیلمنامه‌ی فیلمه‌كانیان ده‌نوسن.  به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆر حاڵه‌ت دا به‌ هۆی بارو دۆخه‌كه‌ فیلمنامه‌كان زۆر به‌په‌له‌ ده‌نوسرێن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوند‌و ته‌واوی ساده‌ییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرن له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ش‌و هه‌وای گوند هه‌ر به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانییه‌وه‌ له‌ فیلم دا كه‌شێكی پته‌وی هه‌یه‌‌و داهێنانێكی كه‌شێكی هاوسه‌نگی وه‌ها له‌ شار زۆر زه‌حمه‌تتره‌.

* ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هه‌ڵسه‌نگاندنێك له‌ سه‌ر ڕه‌وتی فیلمساز كردن له‌ به‌شه‌كانی كوردستان بكه‌ین، ئێوه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و بابه‌ته‌؟ به‌ تایبه‌ت ڕه‌وتی فیلم‌و سینه‌ما له‌ باكوور‌و باشووری كوردستان چۆن ده‌بینن؟

_ هه‌روه‌ك باسم كرد، سینه‌ماكاری باش زۆرن له‌ كوردستان. هه‌ندێكم باسی باشووریش كرد. با ئه‌وه‌شی لێ زیاد بكه‌م كه‌  دانانی كۆلێجی سینه‌ما‌و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ند فێستیڤاڵ له‌ ساڵێكدا له‌ باشوور بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سینه‌ما جدیتر خۆبنوێنی‌‌و هۆگرانی ئێستا جدیتر بن. له‌ باشوور قه‌یرانی فیلمنامه‌‌و بییرۆكه‌ هه‌یه‌، جۆرێك تێكه‌ڵاوی دروست بووه‌ كه‌ له‌ دایكبووی رۆشنبیرێكی نه‌خۆشه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و ئازادی‌و ده‌ست ئاوه‌ڵه‌ییه‌ی‌ كه‌ له‌ باشوور هه‌یه‌ زۆر كێشه‌ی سه‌ره‌كی‌و دیارده‌ هه‌ن كه‌ ناچنه‌ به‌ر سیله‌ی سینه‌ماكاران. پێم وایه‌ به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نه‌بوونی سیسته‌می فێركاری باش له‌ به‌شی سینه‌ما‌و هه‌روه‌ها شانۆ، فۆڕم زۆر زیاتر گرنگی‌ پێده‌درێ‌و ناوه‌ڕۆك كه‌متر هه‌ر ئه‌وه‌ش فیلمه‌كانی كردۆته‌ كۆمه‌ڵێك فۆڕم كه‌ جاری وایه‌ جوانیشن، به‌ڵام ته‌نیا فۆڕمه‌‌و هیچی تر. له‌ باشوور كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیایه‌كی تایه‌بت ته‌نانه‌ت حیزبی یان نه‌ته‌وه‌یی له‌ فیلمه‌كاندا نابینین بۆ وێنه‌ شۆڕشی كورد، هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی نییه‌ له‌ سینه‌ما دا ژیانی سیاسی ئیستای كورد‌و ته‌نانه‌ت ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیش. له‌ باشوور له‌ زۆر كورته‌ فیلم دا هه‌وڵدراوه‌ كه‌شێك دروست بێ كه‌ پێشانده‌ری هیچ وڵاتێك نه‌بێ، به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ویستویانه‌ قسه‌یه‌كی جیهانی بكه‌ن له‌ حاڵێك دا كه‌ سینه‌ماكاره‌ گه‌وره‌كان ده‌ڵێن نه‌ته‌وه‌یی ترین فیلمی سینه‌ماكارێك جیهانێترین فیلمێتی. له‌ باكوور بارودۆخ زۆر جیاوازه‌ دیاره‌ كاریگه‌ری سینه‌مای توركیا له‌ سه‌ر سینه‌ماكارانی كورد زۆره‌‌و سینه‌ماكارانی تورك وه‌ك زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌ پێست ره‌ق‌و به‌ هه‌ڵوێست‌و ره‌خنه‌گر‌و شه‌ڕكه‌رن‌و كه‌سانی وه‌ك یەڵماز گۆنای، مه‌تین ئێركسان، عاتف یۆڵماز، خالید ره‌فیق و... بناغه‌ی سینه‌مایان له‌و وڵاته‌ داناوه‌.  سینه‌ما له‌ توركیا له‌ مێژووشی دا تێكه‌ڵاوی ئایدیۆلۆژیا بووه‌، زۆر جار سینه‌ماكارانی توركیا له‌ زیندان كراون له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان‌و زۆربه‌یان ره‌خنه‌گری ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بوون، به‌ هۆی پێشێلكردنی مافی گه‌لانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ تایبه‌ت كورده‌كان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ له‌ جیلی نوێی سینه‌ماكاری ئه‌و وڵاته‌‌و هه‌روه‌ها سینه‌ماكارانی كوردی باكووریشدا هه‌یه‌، جا ئه‌و سینه‌ماكاره‌ كوردانه‌ چ له‌ رووی فكرییه‌ گیرۆده‌ی ئایدیۆلۆژیای (پ.ك.ك) بن، یا له‌و ده‌سته‌ كورده‌ بن كه‌ به‌ دوای گۆڕانكارێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ توركایاوه‌نۆ له‌ ئۆپۆزۆسیۆنی تورك نیزیكترن، هه‌ڵوێستیان له‌ فیلمه‌كانیان دا دیاره‌‌و نمونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاویان كازم ئۆزه‌.

* له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا چه‌ند ده‌رهێنه‌رێك وه‌ك كازم ئۆز‌و هاندان ئیپه‌كچی له‌ باكووری كوردستان ڕه‌وتێكی نوێیان ده‌ست پێ كردووه‌، ئێوه‌ ئه‌مه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

_ ئه‌وان میراسێكی كۆنی سینه‌ماكاره‌ شۆڕشگێره‌كانی توركیایان له‌ پشته‌. هه‌روه‌ها لێكدانه‌وه‌و بۆچوونی دروستیان له‌ سه‌رده‌می خۆیان‌و كۆمه‌ڵگایان‌و كێشه‌ی كورد به‌ تایبه‌ت له‌ باكوور هه‌یه‌. ره‌نگه‌ نه‌كرێ بڵێین شێوازی فیلمسازی ئه‌وان دوپات بكرێته‌وه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستان دا، به‌ڵام جۆری بۆچوون‌و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی كوردستان‌و راستییه‌كانی ئه‌وان جێی سه‌رنجه‌.

*ئاسته‌نگیه‌كانی‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌ باشووری كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ حكوومه‌تێكی كوردی له‌ سه‌ر كاره‌، له‌ چی دایه‌؟

_ وه‌ك پێشتر باسم كرد، نه‌بوونی سیسته‌مێكی فێركاری باش له‌ باشوور ئاسته‌نگێكه‌ به‌تایبه‌ت، چونكه‌ سینه‌ما له‌ عێراق رابردوویه‌كی به‌رچاوی نییه‌. رژێمی به‌عس نه‌یهێشتووه‌ سینه‌ما په‌ره‌بگرێ له‌و وڵاته‌، پاش راپه‌رینیش تا چه‌ند ساڵ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ نه‌بووه‌، ئێستاش كه‌ بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ سینه‌ما هه‌یه‌، به‌ هۆی نه‌بوونی فێركاریی درووست‌و هه‌روه‌ها سیسته‌مێكی به‌رهه‌مهێنانی دروست كێشه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌بێ‌و هه‌ر به‌ڕێوبه‌ر، یان وه‌زیرێك به‌ دڵی خۆی ده‌ڕوانێته‌ سینه‌ما. تا سیسته‌مێك دانه‌مه‌زرێ و به‌ڕێوبه‌ری سینه‌ما له‌ چوارچێوه‌یه‌كی پته‌و و ستاندارددا كار نه‌ك، كێشه‌كانیش پتر ده‌بن.

* پێم خۆشه‌ به‌ كورتی باس له‌ خه‌ساره‌كانی بینه‌ر و جێگه‌ و پێگه‌ی بینه‌ر بكه‌ن له‌ كوردستان به‌ گشتی.

_ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست بینه‌ری سینه‌مایه‌، ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ بینه‌ری سینه‌مامان نییه‌ له‌ كوردستان، تا باسی لێ بكه‌ین، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ری فیلمی كوردیمان نییه‌، چونكه‌ هۆڵی سینه‌مامان نییه‌، ته‌نیا له‌ باشووری كوردستان ئه‌و هه‌له‌ هه‌یه‌ كه‌ فیلمه‌ كوردییه‌كان ئێكڕان بكرێن‌و ببنرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هوڵ نییه‌ و ئه‌وانه‌ی هه‌شه‌ فیلمی هالیوودی پێشان ده‌ده‌ن‌و پێشاندانی فیلمی كوردی ته‌نیا له‌ یه‌ك دوو نمایشدا خۆلاسه‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆ هه‌ندێك به‌رپرس‌و جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت كراو هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌ بۆ به‌ كلتوور كردنی چوونه‌ سینه‌مای خه‌ڵك.
كه‌یوان فه‌هیمی: له‌ ساڵی 1978 له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایكبووه‌، به‌كه‌لۆریۆسی شانۆی له‌ زانكۆی سووره‌ی تاران ته‌واو كردووه‌و فۆتۆگرافه‌ر‌و ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایه‌ له‌ ناوه‌ندی فێركاری سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد.
سه‌رچاوه‌: سینه‌ما به‌ كوردی‌


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7343
17/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ چاوه‌ڕوان مه‌به‌ تینووت بێت .. هه‌میشه‌ ئاو بخۆره‌وه‌ 16/8/2017
‌ خانمی ئاسمان، له‌ نێوان ڕابتۆری ئه‌مریكی و( T-50) روسیی دا 16/8/2017
‌ ژیان لە دەرەوەی زەوی دەدۆزرێتەوە 14/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP