پارتی ناتوانێت لە پەنای كاك مەسعوددا خــۆی بشارێتەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە: پارتی ناتوانێت لە پەنای كاك مەسعوددا خــۆی بشارێتەوە ‌ 11/12/2016
دیداری: سەرتیپ جەوهەر
چارەكردنی موچەی خەڵك لەڕێی بودجەی عیراق و پرسی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دوای دەستپێشخەریی بارزانی بۆ گفتوگۆ، جێی مشتومڕو گفتوگۆی ناو میدیاو ناوەندە سیاسییەكانە، لەو نێوانەشدا كۆبونەوەی حزبە سۆسیال دیموكراتەكان دەبێتە مانشێتی رۆژنامەو تەلەفزیۆنەكان، بۆیە بەباشمانزانی چەند پرسیارێك لەبارەی هەموو ئەو پرسانەوە لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەین، بەتایبەت ورد ببینەوە لەپرسی موچەو كۆبونەوە سیاسییە چاوەڕوانكراوەكان، ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە:
-سەرباری نەخۆشكەتنی جەنابی مام جەلال بەڵام یەكێتی چالاكە لەبەشداریكردن لەچالاكیی و كۆبونەوەو كۆنفراسەكانی حزبە سۆسیال دیموكراتەكان؟
+ لەراستیدا ئێمەی یەكێتی چالاكانە لەگەڵ لەرێكخراوەكانی چەپ و دیموكراتەكان بەشداریی كۆبونەوەو دیدارەكان لەئەوروپا دەكات، ئەمە بەشدارییەكە لەدامەزراندنیی یەكێتیەوە بوونی هەبووەو یەكێتی لەوبوارەدا كاردەكات، هەمووجارێك ئیشكردنەكەشی بۆ ئەوەبووە چۆن ئەو پەیوەندیانە بخاتە خزمەتی دۆزی كورد، ئەویش گەیشتنی كوردە بەمافی چارەی خۆنوسین.
یەكێتی لەدامەزراندنیەوە زۆر زەحمەتی نەدیت، چونكە مام جەلال یەكێك لەكاریزكا ناسراوەكانی ئەو بزوتنەوەیە بوو، بەتایبەت مام جەلال لەشۆرشی ئەیلولیش یەكێك بووە لەكەسە ناسراو و دیبلۆمات و خاوەن هزرە ناسراوەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، زۆر بەوردی چاودێری بارودۆخی دەكرد، بۆیە ئێمە لەپەیوەندیمان لەگەڵ دونیای عەرەب و ئیسلام زۆر زەحمەتیمان نەدیت، هەمووكەس دەیزانی ئێمە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەنابی مام جەلال زۆر ئاسانكاریمان بۆ دەكرا، ئەو برادرانەی دیكەی وەكو كاك كەمالی رەحمەتی و ئەوانی دیكە  هاوكاریی زۆریان كردووەو چالاكەوانی پەیوەندی یەكێتی نیشتیمانیی بوون، بەشێكیشیان ئێستا زیندوون لەوانە كاك عومەر شێخ موس، د. لەتیف رەشید، د. فواد مەعسوم، كاك عەدنان موفتی، عادل موراد، كاك ئەحمەد بەرواریی و كاك  ئەحمەد بامەڕنی كاك سەلاح رەشید، بەشی زۆری ئەوانە لەبواری پەیوەندی عەرەبی كاری باشیان كردووە.
- ئەم كۆنفراسانە چەندە كاریگەری بۆ گەیاندنی دەنگی كورد بۆ ناو حزبە سۆسیالست دیموكراتەكان؟
+ با نمونەت بۆ بێنمەوە، من لەم ماوەیە لەبەشی زۆری كۆنگرەو كۆبونەوەكانی سۆسیال دیموكراتەكان بەشداربووم، كە زیاتر لە 50 بۆ 60 وڵات بەشداربوون و ئەو پەنجا بۆ شەست لەو حزبانە لەوڵاتەكانیان لەحوكمدابوون، بەراستی زۆر بەگرنگ تەماشای بزوتنەوەی كورد و بەشداری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەن، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو من لەبەرلین بووم لەكۆبونەوەیەكی فراوان لەگەڵ حزبە سیاسییە سۆسیالست دیموكراتەكانی ئەوروپا لەسەر داوای حزبی SPD ئەڵمان چوبوین، تەنانەت یەكێك لەقسەكەرە سەرەكییەكان جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەڵمانیا بوو كە دەكاتە سەرۆكی حزبی SPD بەناوی (زیگما گابریێل) هەروەها سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لەوێ‌ بوو، دوای ئەوەش ئێمە چوین بۆ کۆنگرەی سۆسیالست دیموكراتەكان  لە پراگ، لەهەردوو شوێن رێگا درا بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆچونی خۆی بخاتە روو. من پێموایە لەهەردووكیان یەكێتی نیشتیمانی وەكو SPD و حزبی سۆسیالستی فەرەنساو هۆلنداو سویدو یان وەكو لیبەرپارتی حسابی بۆ دەكرێت، توانیمان باسی نەهامەتی گەلی كورد بكەین. 
ئەمجارە ئێمە پێشنیارمان كرد كۆبونەوەكە لەهەرێمی كوردستان بكرێت، بۆیە بڕیارە لە 11ی مانگ لە سلێمانی بكرێت، ئەم كۆبونەوانە كۆبونەوەیەك نین لەسەر خەرجی یەكێتی نیشتیمانیی بێت، بەڵكو لەسەر حسابی خۆیان دەبێت، ئەم دامەزراوەی سۆسیالستی ئەوروپا ( PES) خەرجییەكان خۆیان دەیكەن، چونكە زۆركەس هەیە رەنگە بڵێت كۆنگرەیەك لە پەنجا شەست ووڵات خەڵك دێت و لەسنوری 100 كەس زیاتر دێن، دەلێن ئەگەر پارە زۆرە بۆ موچەی خەڵك نادەن، یەك فلسی یەكێتی یان هەرێم نادەن، ئەو پارەیە لەلایەن ئەوانەوە دەدرێت. 
- وەزعی سیاسی یان ئابوری كوردستان خراپە، هیچ ئاسۆیەك هەیە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن.؟
+ هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە، نەوتێكی زۆرو سامانێكی سروشتی زۆر و زەوی كشتوكاڵی زۆرباشی هەیە توانای مرۆیی زۆری هەیە، بەڵام بەشێك لەرووداوەكان لەخزمەت ئێمەدا نەبوو، بۆنمونە دابەزینی نەوت لە 100 دۆلار زیاتر بۆ خوار 50 دۆلار، ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو، هەروەك لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو هێزێكی وەكو داعش پەیدابوو ئێستا زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سەنگەرمان لەبەرامبەریان هەیەو جگە لەقوربانیدانی گیانی، خەرجییەكی ئێجگار گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، هەروەك بڕینی موچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق نوری مالكییەوە ئەوەش كاریگەریی زۆری دروستكردو لەدەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو، ئەمانە هەموو ئاسەواریی زۆر نەرێنیان لەسەر ئابوری هەرێم دروستكرد.
بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە دەبێ‌ بگەڕێنەوە بۆ كورتترین رێگا، چونكە مەسەلەكە تەنها ئەوەنییە ئێمە پرۆژەمان پێناكرێت یان باڵەخانە دروستبكەین، بەڵكو گەیشتۆتە ئەوەی ناتوانین ژیان و قوتی خەڵك دابین بكەین، ئەوە كارەساتە، ئەوە لەداعش مەترسیدارترە، بۆیە هەرچی زووە پێویستە لانیكەم قوتی خەڵك مسۆگەربكەین. 
- پێتوانیە ئێستا ئەو بۆچونە زاڵبوە لەناو یەكێتیی نیشتمانی و تەنانەت لایەنەكانیش كە بۆ چارەكردنی كێشەی ئابوریی عیراق كورتترین رێگایە؟
+ بەتێگەیشتنی من و لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەوبۆچونە زاڵە كە سود وەرگرتن لەپەیوەندیمان لەگەڵ عیراق ئەوە كورتترین رێگایە، دەبێ‌ ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەربنەمای ئیستحقاقی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و قانونی مامەڵە بكەین، ئەوەی نەلەتوركیا هەمانەو نەلە ئێران، بەڵام لەبەغدا هەمانە. عیراق وڵاتێكە خاوەن سەروەرییە، هەروەها متمانەو مافی وەرگرتنی قەرزی هەیە (حق اعتماد) دەتوانێت قەرز وەرگریت، یان سندات بفرۆشێت یان پارە لە یەدەگ رابكێشێت و نرخی دیناری پێ‌ بەرزبكاتەوەو كێشەی دارایی پێ چارەبكات، ئێمە ئەو توانایایەمان نییە، ناتوانین پارە لەووڵاتان قەرز بكەین، یان لەبانكی نێودەوڵەتی قەرزبكەین..تد. ئەوەی دووەمیش دەتوانین بڵێم دەستەواژەیەك هەیە زۆر پێم ناخۆشە، دەڵێن گەڕانەوە بۆ بەغدا؟ 
 كێ‌ دەڵێت ئەوە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا؟ چونكە تۆ بۆخۆت لەبەغدای، وەزیر و كاربەدەستانت لەبەغدان، هەتا دوێنێ‌ پارتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی لەبەغدا هەبوو، ئێمە سەرۆك كۆمارو كاربەدەستمان هەیە لەوێ‌، یانی گەڕانەوە بۆ بەغدا خیانەتە؟ ئەی سەفەری تاران و ئەنقەرە وەتەنییەتە؟ عیراق ئەگەر ووڵاتێكی دراوسێش بێت وەكو ئێران و توركیاو ئێران و سوریا، ئێمە دەبێ‌ هەوڵی ئەوەبدەین چۆن پە یوەندی لەگەڵ دراوسێكان رێكدەخەین لەگەڵ ئەویش رێكخەین! ئێمە لەعیراق بەركەوتەو ئیستحقاقمان هەیە، بگرە بەرنامەیەی عەبادی كە لەو بیست چەند خاڵەی پێكهاتبوو خاڵی 17 یەمی باسی چۆنییەتی چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵە، تائێستا چەندین كۆبونەوە لەوبارەیەوە كراوە، ئێستا جۆرێك لەخاوبونەوە لەپەیوەندیی لەگەڵ بەغدا، بۆئەوەی فریای كۆمەڵگای خۆمان بكەوین، بەتایبەت ئەوانەی داهاتێكی سنورداریان هەیەو وەكو ئەوانە نین موچەی حكومەتیان نییە، ئەوان رەنگە شتێكیان دەستكەوێت و وابەستەی موچە نین، بەڵام مامۆستاو فەرمانبەران موچەیان هەیەو مانگانە چاوەڕێی موچە دەكەن، بەستراونەتەوە بەموچەی مانگانەو هیچ داهاتێكی دیكەیان نییە، ئەو موچەیەی ئێستا دەدرێت بەدڵنیاییەوە بەشی مانگێك ناكات، چ جای بەشی دوومانگ و سێ‌ مانگ بكات.
- بارودۆخی سیاسی زۆرخراپە، پەرلەمان كارناكات، پەیوەندی سیاسی بلۆك بووە.. ئاسۆیەك نییە بۆ رێككەوتن؟ ئەو دەستپێشخەرییەی ئەورۆژە بگاتە ئەنجامێك؟
+ ئێمە باشترە وەك ئۆرگانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، شتەكان بەناوی خۆی باس بكەین، ئەو دەستپێشخەرییەی كە كرا یان ئەو پەیامەی كەدرا كە لەلایەن كاك مەسعود، هی پارتی نییە هی خۆیەتی، ئێمە گلەییمان هەبوو لەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت لەپەنای كاك مەسعود خۆی بشارێتەوە، دەبێ‌ ئەو بێت ئیشبكات بۆ سەرخستنی ئەو دەستپێشخەرییە، چونكە سەرەنجام كاك مەسعود سەرۆكی ئەو حزبەیە، یەكێك لەكێشەكانی هەیە كێشەی سەرۆكی هەرێمە، كە ئەو دەگرێتەوە، بۆیە دەبێ‌ تەواوی كێشەكانی دیكەو كێشەی سەرۆكایەتیەكانی دیكە، حكومەت و پەرلەمان چارەبكرێت، ئەوە تەنها وەزیفەی یەكێتی و حزبەكانی دیكە نییە، نابێ‌ پارتی هەر بڵێت كاك مەسعود راستیكرد، بەڵكو وەرە جارێ‌ گفتوگۆ بكەین چارەسەرەكەی بدۆزینەوە، بۆیە من پێموایە ئەو شاندەی پارتی دروستیكرد كارێكی باشی كرد پێویستە دەستخۆشی لێبكەین و ئەوە هەنگاوی دروست بوو، ئێستاكە دەوترێت كەی كۆبونەوەكان دەكرێت و فراوان دەكرێت و ..تد كۆبونەوەكان دەكرێت و ئێمە لەئەنجامی ئەو گرژییانەی لەمەوپێش هەمانبوە بای ئەوەندەش رازو گلەییمان لەیەكتر هەیە لەگەڵ یەكتر باسی بكەین و بیڵێین، پێویستە لەكۆبونەوە دووقۆڵییەكان باسی بكەین و كۆبونەوە فراوانەكەی پێ سەرقاڵ نەكەین، لەهەمانكاتدا ئەمە دەبێتە زەمینە بۆ كۆبونەوە فراوانەكەی كە دەكرێت و هەموو لایەنەكان بەشداریی تێدا دەكەن بۆئەوەی بەڕێكوپێكی بڕوات، ئەویش پێموایە زۆر ئاسانە، دەبێ‌ بڕیاری مەنتقی و واقعی بدەین، بۆمن مەسەلەكە نە مەسەلەی چ هەقە چ ناهەقە، ئەوەی گرنگە لەقۆناغی كۆتایی شەڕی داعش دا قۆناغی ئەگەری داڕشتنەوە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە تاوەكو غافڵگیر نەكرێین و بەدەستی بەتاڵ رەوانەی ماڵەوە نەكرێین، ئەوەش تەنها بەوە دەكرێت كە یەكگرتوو بین، ئەگەر لەوە سەركەوتوو بوین ئەوا مێژوو زۆر بەبەرز دەمانرخێنی و باسمان دەكات، ئەگەر لەوە سەرنەكەوین ئەوا زیانی گەورە دەكەین. بۆیە لەئێستادا گرنگترین هەنگاو دانیشتنە، من پێموایە پێكهاتن و ئاشتبونەوە بەپیاوی ترسنۆك ناكرێت، بەڵكو پیاوی ئازای دەوێت، پیاوی ئازا دەتوانێت باری كێشەكان ببات، ئێمە لەئێستادا براوەین لەبەرامبەر داعش، سەربەرزین بەخەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، سەربەرزین بەرامبەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، چەنیدینجار باسیان لەسەركەوتنی گەورەی پێشمەرگە كردووە، ئەوەی گرنگە لەئێستادا لەو دەرگایە بچینە گفتوگۆو خۆمان بەكێشەو باسی لابەلاوە سەرقاڵ نەكەین.
- پێتوایە پارتی لەدەستپێشخەرییەكە مەرجی هەبێت بۆ رێككەوتنی سیاسی؟
+ كاك مەسعود لەپەیامەكەیدا باسی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی كرد، هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە، بەم فۆرمە مەقبولە، پێموایە بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگۆڕانیشەوە هەڵوێستێكی نەرێنیان بەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییە پێیشان نەداوە، دەمینێتەوە مەسەلە هەڵوێست نییە، مەسەلە نییەتە، ئایا ئیرادەو نییەتی رێككەوتن هەیە؟ ئەوە دواتر گفتوگۆدەكرێت.
- ئەگەر وەفدەكەی پارتی چووە سلێمانی، ئێوە لەگەڵ گۆڕان بەهاوبەشی دەیبینن یان بەجیا؟
+ نەخیر بەتەنها دەیبینین، ئێمە نایكەینە هۆكار یان مەرج، رەنگە زۆر مەسەلە هەبێت یەكێتی لەگەڵ پارتی یان گۆڕان لەگەڵ پارتی بەجیاو تایبەت باسی بكات و نەیەوێت لەكۆبونەوەی هاوبەش باسی بكات، هەروەها بەنیسبەت حزبە ئیسلامییەكانیش بۆیە من دەڵێم پێویستە لەكۆبونەوە دوو قۆڵییەكان هەرچی هەیە باسی بكەین و ئەگەر باسی نەكەین رەنگە سەركەوتوو نەبین، ناگەینە ئەنجام.
- پەیوەندی یەكێتی و پارتی چۆنە؟
+ پەیوەندی نێوانمان ئاساییە، تەنها لەم چەند رۆژەی دوایی هەندێك گفتوگۆی ساردو سڕی هەبوو لەسەر مەسەلەی بودجەی عیراق و چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەی موچەی خەڵكی كوردستان، من پێموایە گەورەترین هەڵوێستی نیشتیمانی چارەكردنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی كوردستانە، ئەگەر ئەو بودجەیەی عیراق كە بڕیاری لێدراوە ئێمە بایكۆتی دەكەین، ئەوا ئێمە لەبەرامبەر ئەوە چیمان پێیە؟ بەدیلەكەمان چییە؟ ئێمە یان 550 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا رادەستی بەغدا دەكەین و 17% خۆمان وەردەگرین، ئەگەر ئەوە ناكەین ئەوا 300 هەزار بەرمیلی نەوتی كەركوك رادەست دەكەین و بەغدا موچەی 700 بۆ 750 هەزار فەرمانبەر دەداتە هەرێم كە ئەوە نزیكەی نیوەو زیاتری كێشەكانمان چارە دەكات، ئەگەری یەكەمیان من پێم باشە، خۆ ئەگەر یەكەممان نەكرد خۆ دەبێ‌ دووەم بكەین، چونكە ئێمە بۆخۆمان بەدیلمان نییە! چونكە ئێمە ئەزمونێكی فاشیلمان هەیە لەڕێی فرۆشی سەربەخۆی نەوت كێشە داراییەكان و موچەی خەڵك چارەبكەین.
- حكومەتی هەرێم سەركەوتوو نەبوو لەناردنی سەربەخۆی نەوت لەڕێی توركیاو شكستی هێنا، باشە زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن رێككەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ بەغدا بكرێت؟
+ بەپێی دەستور ماددەكانی 111 و 112 چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی نەوتی دیاریكردووە، لەسەر دەسەڵاتەكانی هەرێم لەماددەكانی 140 و 120 و 121 زۆرباش دیاركردووە.
ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەگەر لەڕێی كۆمپانیای سۆمۆی عیراق كە كۆمپانیای ئێمەشە بەنەتیجە، دەزانین لە 17%ی بودجەی عیراق چەندە، بەڵام ئەویتر نازانین چەندە، ئەوەی عیراق روونە، بودجەی عیراق چەند بوو لە 17%ی بۆمنە، ئەوە بۆمن بۆ نەخوێندەوارێك ئاسانە، دڵنیام هەموومان لەمۆبایلەكەمان بەرنامەی ژمێرەر (حاسبە) تێدایەو دەزانین بەركەوتەمان چەندە، بەڵام ئەویتریان من نازانم چەندە، هەروەك نەوتەكەشمان گرانتر دەفرۆشین و ئەو باج و رەسمەی دەدەین بەووڵاتێكی دیكە، نایدەین.
- پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان چۆنە؟ بەشێكی كەم لەناو یەكێتی و دەرەوەی یەكێتی دەیانوت ئەو رێككەوتنە دیسان مرداربویەوە، بەڵام چەند رۆژی رابردوو كۆبونەوەتان كردو ئەو تەمومژە رەوییەوە؟
+ پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان گرنگە، ئێمە لەشەڕی داعش بەرەو قۆناغی كۆتایی دەڕۆین، چڕكردنەوەو یەكخستنی هێزەكان زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆئێمە ئاسانترە چونكە هەم رابردوو هەم تەنانەت پەیوەندی كۆمەڵایەتیشمان جیاوازترەو زۆربەهێزە، هاوسەنگەرین، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەمانگی 10ی 2012 دەستی پێكردو لە 17/5ی ئەمساڵ كۆتایی پێهات. بێگومان ئەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دۆست و ناحەزی هەیە، لەناو یەكێتی نیشتیمانیی من رێزم هەیە، بەشێك تێبینیان هەبوو تێبینییەكانیان لەجێی خۆیدا بوو، هەندێكیش زوو ووتیان باشەو دەستیان بەرزكردەوە، بەڵام ئەوانە درۆ دەكەن و راست ناكەن لەدژیدان، لەناو یەكێتیش و لەناو گۆڕانیش هەن. بنەمای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە هەنگاوێكە بەرەو یەكگرتنەوەو بونەوە بەیەك، هەنگاوی یەكەمە.
- كێشە هەبووە لەم ماوەیە؟
+ كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی گرفتی دروستكردوە، چونكە دەستەی باڵا كۆنەدەبویەوەو ئەوە بەشێك بوو لەكێشەكە، لەوانەیە كێشە لەناو گۆڕانیش هەبێت، بەڵام من بەنیسبەت یەكێتی قسەدەكەم.
- لێرەو لەوێ‌ دەبیستین كە بۆچی یەكێتی پرۆژەی نییە رێككەوتنی سیاسی، كەچی پارتی هەیەتی؟
+ ئێمە پرۆژەمان هەبووە، ئێمە پرۆژەمان بڵاوكردەوە، ئێمە بڵاومانكردەوە بەڵام من نامەوێ پێشوەختە پێش كۆبونەوە باسی بكەم و پارتیش پرۆژەكەی ئێمە دەزانێت و گۆڕانیش دەیزانیت.
- ئێوە لەگەڵ پارتی دادەنیشن تەنها باسی دابەشكردنی جومگەكانی دەسەڵات و حوكمڕانیی هەرێم دەكەن یان پرسی شەراكەت و سیستمی شێوازی حوكمڕانیی دەكەن؟
+ من پێموایە كێشەكە لەوەوە هات كە یەكێتی ئامادەنەبوو پۆستەكانی پارتی وەرگرێت، بۆیە هاوكێشەكە لاسەنگ بوو، پۆستەكانی وەزارەتی دارایی و پێشمەرگەو وەبەرهێنان و بازرگانیی و سەرۆكی پەرلەمان ..تد بۆیە یەكەم: دەبێت ئەوە چارەبكرێت لەمەسەلەی بەشداریكردنی لایەنەكان، دووەم بڕیارەكانی دەدرێت لەسەرۆكایەتی هەرێم یان پەرلەمان یان حكومەت ئەم بڕیارانە دوور لە دەمارگیریی مەنسوبییەت‌و مەحسوبییەت بدرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP