ره‌نا قاسكی: تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك دینار هاوكاریی نه‌كردووین
له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ‌ ره‌نا قاسكی: تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك دینار هاوكاریی نه‌كردووین ‌ 18/12/2016
له‌چوارچێوه‌ی‌ گرنگیدانی كوردستانی نوێ‌ به‌خه‌می ئێزدییه‌كان‌و تیشك خسته‌سه‌ر برینه‌ ساڕێژ نه‌بووه‌كه‌یان، زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شنگال‌و ده‌وروبه‌ری‌و كه‌سانی ئاگادار له‌دۆخی كوردانی ئێزدیی كردووه‌، ره‌نا حه‌سه‌ن ئه‌لقاسكی به‌ڕێوبه‌ری‌ شاره‌وانیی خانه‌سۆرو ئه‌ندامی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ك كه‌سێكی نزیك له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌و خه‌می ئێزدییه‌كان، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داینه‌وه‌، ئه‌ویش نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردوون‌و به‌كورتی وتی: له‌وه‌ته‌ی‌ من له‌ 2011ه‌وه‌ له‌ خانه‌سۆر كارده‌كه‌م، تائێستا یه‌ك دیناری هاوكارییان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ كێشه‌ی‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ پرسی رێگریكردن له‌ هێنانی هاوكاریی بۆ شنگال‌و ناوچه‌كه‌و كۆنترۆڵكردنی هاوكارییه‌كان له‌بازگه‌ی‌ سحێلا له‌سه‌ر رووباری‌ دیجله‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌. 
دیداری: سەرتیپ جەوهەر
ره‌نا قاسكی باسی له‌وه‌كرد كه‌ به‌رله‌ هێرشی داعش بۆسه‌ر شنگال‌و ده‌وروبه‌ری‌، دانیشتوانی ناحیه‌ی‌ خانه‌سۆر 38 هه‌زارو 500 كه‌س بوون، به‌ڵام دوای ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، ئێستا ته‌نها نزیكه‌ی‌ 500 خێزانێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 5 هه‌زار كه‌سێك ده‌بن‌و هه‌موویشیان خه‌ڵكی خانه‌سۆر نین‌و به‌شێكیان خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ن، وتیشی خانه‌سۆر به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی شاره‌وانیی نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌ شاره‌وانیی سنونێ‌‌و وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ شاره‌وانیی كارده‌كات.
ئه‌و گله‌یی هه‌بوو له‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یان فه‌رامۆشكراوه‌، به‌تایبه‌ت دوای‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ریان هات له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش‌و وتیشی له‌ 2003وه‌ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك دیناری وه‌ك هاوكاریی پێشكه‌شی شاره‌وانییه‌كه‌یان یان شاره‌وانیی سنونێ نه‌كردووه‌‌و روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێشتر ئه‌وان ئۆتۆمبێلێكی كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاشاكیان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ تراكتۆرێك‌و چه‌ند كرێكارێك، به‌ڵام داعش كه‌لوپه‌له‌كانی بردوون‌و ئێستا ته‌نها ئۆتۆمبێلێكیان هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ وه‌ك هاوكاریی پێیان دراوه‌، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا باڵه‌خانه‌ی‌ شاره‌وانیی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هه‌په‌گه‌وه‌ داگیركراوه‌و هه‌وڵی زۆریداوه‌ وه‌ریبگرێته‌وه‌، به‌ڵام بێ‌ سوودبووه‌و ئه‌و هێزانه‌ باڵه‌خانه‌كه‌ چۆڵ ناكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت له‌لایه‌ك هه‌په‌گه‌ باره‌گاكه‌یان لێ‌ داگیركردووه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان رێگه‌ی پێ نادات كاربكات.
ره‌نا قاسكی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا چۆته‌ هه‌ولێرو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری‌ گشتیی‌ شاره‌وانییه‌كانی موسڵ كۆبۆته‌وه‌‌و په‌یمانی پێداون ئۆتۆمبێلی كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاشاكیان بۆ دابین بكات، به‌ڵام ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر وه‌ریشی بگرین شوێنمان نییه‌ كاری لێبكه‌ین‌و باره‌گاكه‌مان داگیركراوه‌»، راشیگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ باڵه‌خانه‌ی‌ شاره‌وانیی سنونێ كاره‌كان رایی ده‌كه‌ن‌و له‌وێ ده‌وام ده‌كه‌ن.
به‌ڕێوبه‌ری‌ شاره‌وانی خانه‌سۆر هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات  كه‌ ئه‌وان تائێستا له‌رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وان‌و مووچه‌و پاره‌ی‌ مانگانه‌یان دواناكه‌وێت‌و وه‌ری ده‌گرن، به‌ڵام وتی:  «پێشتر 38 كرێكارم هه‌بوو كه‌ كاریانده‌كرد بۆ پاككردنه‌وه‌و كاری شاره‌وانیی، له‌دوای داعش‌و رزگاربوونی ناوچه‌كه‌ ئێستا 10 كرێكار كاریان ده‌كرد، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پاره‌ی‌ بۆ خه‌رج نه‌ده‌كردن، بۆیه‌ داوامان له‌ حكومه‌تی خۆجێیی موسڵ كرد 10 كرێكاریان بۆ دامه‌زراندین‌و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی 5 كه‌سی دیكه‌ به‌شێوه‌ی‌ گرێبه‌ست.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ دۆخی سیاسی كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ دروستكردوون له‌ناوچه‌كه‌ی‌ خۆیان‌و ده‌ڵێت: «باره‌گاكه‌مان داگیركراوه‌و قایمقامی شنگالیش هاوكاریی‌و یارمه‌تیمان نادات، چونكه‌ من له‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی كوردستانم»، هه‌روه‌ك رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ ناوچه‌كه‌ رزگاربووه‌، تائێستا خزمه‌تگوزارییه‌كی ئه‌وتۆ بۆ ناوچه‌كه‌ دابین نه‌كراوه‌و خه‌ڵكی نازانن چۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان نه‌بێت.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ راشیده‌گه‌یه‌نێت كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌ك خزمه‌تگوزاریی، به‌ڵكو ئاماده‌نییه‌ به‌رهه‌می گه‌نم‌و جۆی ساڵانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ش له‌ جووتیاران وه‌ربگرێت، بۆیه‌ به‌ناچاری به‌شێك له‌ جووتیاران گه‌نمه‌كه‌یان ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌بازرگانانی سوریاو ئه‌وانیش جارێكی دیكه‌ به‌گرانتر ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ باشووری كوردستان‌و له‌ڕێی‌ ده‌روازه‌ی‌ سێمالكاوه‌.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌و گه‌نم‌و جۆیه‌ی‌ هه‌یانه‌ راده‌ستی سایلۆی ره‌بیعه‌ی‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ربه‌ حكومه‌تی به‌غدایه‌.
ئه‌و كچه‌ ئێزدییه‌ كه‌ كه‌سێكی چالاكه‌و جموجۆڵی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، كێشه‌و گرفتی ناوچه‌كه‌ی‌ به‌وردیی باس كرد‌و رایگه‌یاند: له‌سه‌رووی هه‌موو كێشه‌كانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ گرتنی رێگای‌ سحێلایه‌‌و وتی: له‌و بازگه‌یه‌ رێگریی له‌زۆر شت ده‌كرێت، ئه‌و نموونه‌ی‌ به‌وه‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار هاوكاریی هێناوه‌ به‌ چه‌ند رۆژ له‌و بازگه‌یه‌ رایانگرتووه‌، ئینجا رێگایان داوه‌‌و ده‌شڵێت: جارێكیان حه‌وت تۆن‌و نیو ده‌رمان‌و پێداویستیی پزیشكیی‌و پێنج پزیشكم له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆڕش‌و فاروق له‌ سلێمانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆم هێناوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ شنگال‌و هاوكاریی ئاواره‌كان بكه‌ین، كه‌چی پێنج رۆژ له‌سه‌ر پردی سحێلا رایانگرتین به‌بێ‌ هیچ بیانویه‌ك‌و وتی نه‌ مۆڵه‌ت‌و نه‌ نووسراوی پارێزگای‌ سلێمانی‌و ئاسایشی سلێمانی ده‌خوێننه‌وه‌و نه‌ حیسابیشی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ده‌بێ‌ مۆڵه‌ت له‌ پارێزگای‌ دهۆك بهێنرێت ئه‌گه‌رنا رێگه‌ت پێناده‌ن.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ جارێكیان به‌ڕێوبه‌ری‌ ئاسایشی دهۆك پێی‌ وتوه‌ تۆ كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستی‌ ده‌به‌یته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، منیش پێم وتوه‌: بۆ ئه‌وه‌نییه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگاله‌و ئاڵای كوردستانیان لێ‌ هه‌ڵداوه‌و له‌وێ‌ به‌رگریی ده‌كه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وێ‌ كوردستان نییه‌، تۆ به‌من ده‌ڵێی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم؟ وتیشی كاتێكیش ده‌چین ره‌زامه‌ندیی گه‌یاندنی هاوكاریی له‌ پارێزگای‌ دهۆك وه‌ربگرین، ده‌ستی‌ ده‌ستیمان پێده‌كه‌ن‌و رۆژێك ده‌ڵێن فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ نه‌هاتووه‌، یان چۆته‌وه‌، یاخود رۆژێك ده‌ڵێن ده‌وام ته‌واوبووه‌!
به‌ڕێوبه‌ری‌ شاره‌وانیی خانه‌سۆر روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ بازگه‌ی‌ سحێلا رێگه‌ ناده‌ن هاووڵاتی له‌ 10 كیلۆ شه‌كر زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنیت، یان له‌ 40 لیتر گازوایل‌و سووته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ خۆیدا بپه‌ڕێنێته‌وه‌! هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ر یه‌كێك بزنێك یان مه‌ڕێك له‌ خانه‌سۆر یان شنگاله‌وه‌ به‌ره‌و بازگه‌ی‌ سحێلا بپه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ سه‌ری ببڕێت ئینجا رێگه‌ی‌ پێ ده‌ده‌ن!
وتیشی: «ئه‌وانه‌ی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌، ژماره‌یان زۆر نییه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیشی بۆ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی گه‌ڕانده‌وه‌و  رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وا رێگای‌ نادرێت جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دهۆك، یان هه‌ر كه‌مپێكی دیكه‌ كه‌ لێی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.
ره‌نا قاسكی هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ كه‌ رێكخراوه‌كان هاوكاریی‌و یارمه‌تی ده‌هێنن، به‌ڵام یان رێگرییان لێده‌كرێت، یان ناچار ده‌كرێن له‌ڕێی‌ رێكخراوی خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ دابه‌شی بكه‌ن‌و لۆگۆو نیشانه‌ی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ر هاوكارییه‌كانیان بدرێت، وتیشی: ناوچه‌كه‌ پێویستی‌ زۆری به‌هاوكارییه‌‌و كاتێك هاتینه‌وه‌ بۆ خانه‌سۆر له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا شتێك نه‌بوو پێشكه‌شی خه‌ڵك بكرێت.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌سلێمانییه‌وه‌ چه‌ندینجار هاوكاریی به‌بارهه‌ڵگریی گه‌وره‌ هێناوه‌ چ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ خۆجێیی سلێمانیی یان خه‌ڵكی جیاوازی ئه‌و شاره‌وه‌ هاوكارییان بۆ شنگال ره‌وانه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ دهۆكه‌وه‌ رێگه‌یان لێ ده‌گیرێت‌و نایانه‌وێت ئه‌و هاوكارییانه‌ ببرێته‌ شاخی شنگال، ده‌شڵێت: «زۆرجار به‌شه‌خسی خۆم شته‌كانم هێناوه‌و هه‌ر خۆشم دابه‌شمكردووه‌ له‌بری رێكخراوه‌كان».


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7395
20/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ ئیتالیا مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی بۆ مۆندیال له‌سه‌ره‌ 19/10/2017
‌ رۆناڵدۆ زیندانی دەکرێت؟ 19/10/2017
زانست
‌ هه‌سارۆكه‌یه‌ك سڵاوی له‌ زه‌وی كرد و رۆیشت 19/10/2017
‌ چه‌ند خۆراكێكی گرنگ بۆ وه‌رزی پایز 19/10/2017
‌ كاریگه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن له‌ دروستكردنی‌ ترس لای‌ بینه‌ر 19/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP