شه‌ره‌فخان بۆ یه‌كه‌مجار هه‌موو كوردی كۆكرده‌وه‌
یادی 420 ساڵه‌ی نووسینی شه‌ره‌فنامه‌ شه‌ره‌فخان بۆ یه‌كه‌مجار هه‌موو كوردی كۆكرده‌وه‌ ‌ 10/2/2017
کوردستانی نوێ-ی هەفتە
 
به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 420 ساڵ به‌سه‌ر نووسینی كتێبی شه‌رفنامه‌ له‌ لایه‌ن شه‌ره‌فخانی به‌دلیسییه‌وه‌، به‌شی مێژووی فه‌كه‌ڵتی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران، له‌ سێیه‌م دیداریدا پانێلێكی بۆ هه‌ریه‌ك د. ئامانج ئه‌حمه‌د دڵزار، د. سه‌لمان محه‌مه‌د خدر،  د. ئاری كاكل‌و م.ی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی رێكخست‌و تیایدا یه‌كی بابه‌تێكیی په‌یوه‌ست به‌ شه‌ره‌فنامه‌یان پێشكه‌ش كرد، كه‌ له‌لایه‌ن د. كاوه‌ ئیبراهیم عه‌زیز-ه‌وه‌ رێكخرابوو.

كورد دوا كه‌س بوو 
 سه‌ره‌تا د. ئامانج ئه‌حمه‌د دڵزار وته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی مێژووی پێشكه‌شكرد‌و وتی: خۆشحاڵین بۆ جارێكی تر له‌ دیداری سێیه‌می به‌شی مێژوو پێك ده‌گه‌ینه‌وه‌، به‌شی یه‌كه‌م تایبه‌ت بوو به‌یادی 100 ساڵه‌ی سایكس پیكۆ، دیداری دووه‌میش به‌بۆنه‌ی یادی كۆچی دوایی شێخ مه‌حمودی حه‌فید‌و دیداری ئه‌مڕۆشمان یادی 420 ساڵه‌ی نووسینی شه‌ره‌فنامه‌یه‌ له‌لایه‌ن شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیییه‌وه‌. وتیشی: سه‌باره‌ت به‌ئێمه‌ ئه‌و یادانه‌ زۆر گرنگن‌و پێوسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین‌و بتوانین زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بیانبه‌ین.
پاشان د. ئامانج ئه‌حمه‌د دڵزار بابه‌تی مێژووی وه‌رگێڕانی شه‌ره‌فنامه‌ی بۆ سه‌ر زمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان پێشكه‌ش كرد‌و د روونیكرده‌وه‌: بابه‌ته‌كه‌ زۆر لایه‌نی گرنگی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانین باسی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حه‌زم كرد شی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و لایه‌نه‌ بوو كه‌ چۆن شه‌ره‌فنامه‌ وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر زمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان، دواتر بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی‌و پاشان كوردی. وتیشی: هه‌رچه‌ند شه‌ره‌فنامه‌ موڵكی میلله‌تی كورده‌، به‌ڵام دوا كه‌س بوو كتێبه‌كه‌ی به‌ده‌ست بگات.

شه‌ره‌فنامه‌ دوو به‌شه‌
د. ئامانج ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: سه‌ره‌تا شه‌ره‌فنامه‌ به‌شێوه‌ی ده‌ستنووس بڵاوكرایه‌وه‌ به‌سه‌ر رۆشنبیره‌كاندا، یه‌كه‌م ژماره‌ی نووسراوی شه‌ره‌فنامه‌ به‌رگی یه‌كه‌مه‌، كه‌ له‌ ساڵی 1597 ی زایین له‌لایه‌ن شه‌ره‌فخانی به‌دلیسییه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌رگی دووه‌میشی له‌ساڵی 1599 ته‌واوبووه‌، شه‌ره‌فنامه‌ دوو به‌شه‌، به‌شێكیان باسی میرنشینه‌ كورده‌كان ده‌كات، به‌شێكیشیان باسی به‌سه‌رهات‌و رووداوه‌ مێژووییه‌كان ده‌كات.
وتیشی: ئه‌م ده‌ستنووسه‌ گرنگه‌، یه‌كه‌م له‌كتێبخانه‌یه‌ك له‌ئۆكسفۆرد له‌ به‌ریتانیا پارێزراوه‌ كه‌ 246 لاپه‌ڕه‌یه‌، دووه‌م ده‌ستنووس له‌ كتێبخانه‌ی لینینگراد له‌ روسیا پارێزراوه‌‌و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 1598، جگه‌ له‌مانه‌ش، ده‌ستنووسێكی تری شه‌ره‌فنامه‌ له‌ساڵی 1606 له‌شاری (كلس) له‌لایه‌ن حه‌سه‌نی كوڕی نوره‌دینه‌وه‌ بێ ده‌ستكاری‌و به‌زیادكردنی 100 لاپه‌ڕه‌ كۆپی كراوه‌.
وتیشی: ڤاسیلیێڤا زانای كوردناس‌و رۆژهه‌ڵاتناسی روسی‌و سۆڤێتی، زۆر به‌جوانی توانیویه‌تی شه‌ره‌فنامه‌ به‌ره‌پێش ببات، ئه‌و باسی ده‌ستنووسێكی تری شه‌ره‌فنامه‌ش ده‌كات، كه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانی‌و مۆزه‌خانه‌ی نه‌مسا‌و ئێرله‌ندا‌و ئه‌سته‌نبوڵ هه‌ڵگیراون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ده‌ستنووسن‌و كۆپی كراوی نوسخه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ن، ئاشكراشیكرد: كاری هه‌ڵگرتن‌و پاراستنی ده‌ستنووس له‌ وڵاتی ئێمه‌ واته‌ پشتگوێ خراوه‌،ئه‌گه‌ر سه‌نته‌ری ژینی لێده‌ربكه‌ین كه‌ له‌م دواییانه‌ ده‌ستیانكرد به‌گرنگیدان به‌هه‌ڵگرتنی ده‌ستنووسه‌كان به‌تایبه‌تی هی مێژوونووسه‌كان‌و شاعیره‌ كلاسیكییه‌كان،ئێمه‌ هیچ شتێكمان نییه‌ كه‌پێی بوترێت هه‌ڵگرتنی ده‌ستنووس.

یه‌كه‌مجار بۆ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی توركی
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌گوێره‌ی ڤاسیلیێڤا، شه‌ره‌فنامه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند زمانێك، سه‌ره‌تا له‌ساڵی 1667-1668بۆ سه‌ر زمانی توركی،  كه‌ له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌، به‌شی یه‌كه‌میان باس له‌كورتكراوه‌ی شه‌ره‌فنامه‌ ده‌كات‌و به‌شی دووه‌میشیان له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی 17، باس له‌وه‌رگێڕانی هه‌موو شه‌ره‌فنامه‌ ده‌كات. دوای ئه‌ویش ئه‌و شاكاره‌ گرنگه‌ بوو كه‌ مه‌لا محه‌مه‌دی بایه‌زیدی به‌هاوكاری ئه‌لێكسانده‌ر ژابا كه‌زانایه‌كی گه‌وه‌ بووه‌‌و فارسییه‌كی باسی زانیوه‌، مه‌لا محه‌مه‌دی بایه‌زیدی توانی له‌ 1858 شه‌ره‌فنامه‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی كوردی.
روونیشیكرده‌وه‌: نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئینگلیز جۆن ماركۆن كه‌ ئه‌وكاته‌ دیپلۆماتكار بووه‌ له‌ ئێران، زۆر گرنگیداوه‌ به‌به‌رهه‌مه‌ فارسییه‌كان، له‌ناویشیاندا شه‌ره‌فنامه‌ كه‌ به‌فارسی نووسراوه‌ته‌وه‌، زۆر باسی ده‌كات‌و چه‌ند رووداوێكی لێده‌گێڕێته‌وه‌. وتیشی: میسیۆ فراش رۆژهه‌ڵاتناسێكی فه‌ره‌نسییه‌، ده‌ڵێ: وه‌رگێڕانی ئه‌و ئاسه‌واره‌ به‌نرخه‌ ده‌بێته‌ په‌نجه‌ره‌یه‌ك‌و مێژووی ئاسیامان بۆ رۆشن ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها زانا‌و رۆژهه‌ڵاتناسی فه‌ره‌نسی ئۆربیلۆ له‌ساڵی 1776 بۆ یه‌كه‌مجار باسی شه‌ره‌فنامه‌ ده‌كات.
زانای به‌ناوبانگی روسی زیرنۆڤ له‌  1860 دا ئه‌ركی بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فنامه‌ به‌فارسی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌ش بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆئه‌وه‌ی هه‌موو چین‌و توێژه‌كان وه‌ریبگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌كانی تری ئه‌وروپا، ئه‌وه‌بوو یه‌كه‌مجار له‌نێوان ساڵانی 1850 بۆ 1860، زانای به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی بارڤ له‌ نه‌مسا كردی به‌ئه‌ڵمانی‌و پێش هه‌مووان له‌ 1853 دا به‌زمانی ئه‌ڵمانی بڵاوكرایه‌وه‌ ، دوای ئه‌ویش كاری گه‌وره‌ی زانستی بۆ ناساندنی شه‌ره‌فنامه‌ له‌ ئه‌وروپا كرا.
د. ئامانج باسی له‌وه‌شكرد: پرۆفیسۆر شارمۆ كه‌ پرۆفیسۆرێكی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسییه‌، له‌ساڵی 1868 وه‌ریگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی‌و زیاتر له‌ 30 ساڵ خه‌ریكی بوو، دوای دامه‌زراندنی ئامۆگاژی رۆژهه‌ڵاتناسیش له‌ سان پترس بۆرگ، سه‌ره‌تا كوردناسی وه‌ك زانست بڵاونه‌بووبۆوه‌، به‌ڵكو له‌ناو زانستی ئێران باسی ده‌كرا،  به‌ڵام پاشان به‌هیمه‌تی زانای به‌ناوبانی رووس ئۆربیلی توانرا به‌شێكی تایبه‌ت له‌ كوردناسی له‌ زانكۆی  سان پترس بۆرگ له‌ساڵی 1959 بكرێته‌وه‌، دوای ئه‌ویش له‌شاره‌كانی تری روسیا به‌شی كوردناسی كرایه‌وه‌.

كه‌لێنێكی گه‌وره‌ ی له‌مێژووی رۆژهه‌ڵاتدا پڕكردۆته‌وه‌
روونیشیكرده‌وه‌: ئۆربیلی خزمه‌تێكی زۆری به‌كوردناسی كردووه‌، ده‌ستێكی باڵای له‌زمانی كوردیدا هه‌بووه‌‌و ده‌ڵێت: شه‌ره‌فنامه‌ كارێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی كردۆته‌ سه‌ر رۆشنبیری رۆژهه‌ڵات، كه‌ توانیویه‌تی كه‌لێنێكی گه‌وره‌ له‌ مێژووی شاراوه‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتدا پڕبكاته‌وه‌، بۆیه‌ ڤاسیێلیڤا له‌سه‌ر ئه‌و گرنگیدانه‌، له‌ساڵی 1967 توانیویه‌تی به‌یه‌كجاری به‌رگی یه‌كه‌می شه‌ره‌فنامه‌ وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی روسی، ئه‌و ده‌ڵێ: نرخی سه‌رچاوه‌ی زانستی ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ پێویست به‌پیاهه‌ڵدان ناكات،هیچ نه‌بێت به‌یارمه‌تی شه‌ره‌فنامه‌، ده‌توانرێت جێگه‌ی ونبووی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیاری بكرێت.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی كه‌ زانایه‌كی گه‌وره‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورده‌، له‌ شاری ئامه‌د، دواتر چووه‌ بۆ میسر، توانیویه‌تی له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا شه‌ره‌فنامه‌ به‌زمانی فه‌ره‌نسی له‌میسر بڵاوبكاته‌وه‌، له‌دوای مردنیشی له‌ 1958، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی میسر شه‌ره‌فنامه‌ به‌عه‌ره‌بییه‌كه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت‌و بڵاوده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كه‌م كه‌س شه‌ره‌فنامه‌ی به‌عه‌ربی بڵاوكردۆته‌وه‌، محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونی بووه‌. وتیشی: د. محه‌مه‌د شه‌مس-یش كه‌ خه‌ڵكی ئازه‌ربایجان بووه‌‌و خوێندكاری دكتۆرا بووه‌، تێزی دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر شه‌ره‌فنامه‌ نووسیوه‌، له‌كۆتاییشدا هه‌ژار موكریانی خزمه‌تێكی زۆری به‌ وه‌رگێڕانی شه‌ره‌فنامه‌ كردووه‌ بۆ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی سۆرانی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌ستماندایه‌‌و له‌ ساڵی 1972 به‌چاپ گه‌یه‌نرا.
ئاشكراشیكرد: مێژوونووسان تائێستا هیچ شتێكی گه‌وره‌یان نه‌كردووه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بۆ كوردی كردووه‌، بۆیه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ شه‌ره‌فخان ده‌ڵێت كه‌ مێژوونووسان تائێستا هیچ شتێكیان له‌سه‌ر كورد نه‌نووسیوه‌، بۆیه‌ ویستم به‌پێی توانا له‌و باره‌یه‌وه‌ كتێبێك بنووسم به‌ناوی شه‌ره‌فنامه‌، هه‌موو ئاواتیشم ئه‌وه‌یه‌ خانه‌واده‌ گه‌وره‌كانی كوردستان ناویان ون نه‌بێت.


شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی‌و مێژووی میرنشینه‌ كوردییه‌كان
بابه‌تی دووه‌میش به‌ناونیشانی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی‌و مێژووی میرنشینه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌باسیدا له‌لایه‌ن د. سه‌لمان محه‌مه‌د خدره‌وه‌ پێشكه‌ش كرا‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: شه‌ره‌فنامه‌ به‌وردی باسی میرنشینه‌ كوردییه‌كانی كردووه‌‌و وتی: شه‌ره‌فخان سه‌ره‌تا باسی له‌ میرنشینی دۆسته‌كی كردووه‌‌و باسی كه‌سایه‌تی نه‌سرولده‌وله‌ی كردووه‌، كه‌ ناوی حسێن كوڕی مه‌روانه‌، له‌ساڵی 401 تا 452ی كۆچی فه‌رمانڕه‌وا بووه‌، میر نه‌سرولده‌وله‌ هاوسه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی عه‌باسی قادر بیللا بووه‌، هه‌روه‌ها هاوسه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی فاتمییه‌كانیش بووه‌، كه‌ له‌ساڵی 296 له‌مه‌غریب خه‌لافه‌تیان هه‌بووه‌‌و دواتر ساڵی 258 گواستیانه‌وه‌ بۆ میسر‌و تا 567ی كۆچی به‌رده‌وام بوو، خه‌لیفه‌ی عه‌باسییه‌كان له‌ 401 ی كۆچیدا نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ لای میر نه‌سرولده‌وله‌‌و دانی نا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا، له‌هه‌مانكاتیشدا خه‌لیفه‌ی فاتمییه‌كان نوێنه‌ری خۆی نارده‌ لای میر نه‌سرولده‌وله‌‌و دانی نا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا.
روونیشیكرده‌وه‌: وه‌كو شه‌ره‌فخان ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، میر نه‌سرولده‌وله‌ نزیكه‌ی 80 ساڵ ژیاوه‌‌و 52 ساڵ حوكمڕانی كردووه‌، میر نه‌سرولده‌وله‌ له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا ژیاوه‌‌و ته‌نانه‌ت زۆرجار كه‌ تووشی ناخۆشی‌و شه‌ڕ بووه‌، له‌ رێگه‌ی پاره‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی له‌خۆی دوور خستۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: كاتێك میری سه‌لجوقییه‌كان هاتووه‌ كه‌ هاوسه‌رده‌می میر نه‌سرولده‌وله‌ بووه‌، ئه‌و میرنشینه‌ كورده‌ دیارییه‌كی زۆر گرانبه‌های پێشكه‌ش به‌سوڵتانی سه‌لجوقییه‌كان كردووه‌.
 د. سه‌لمان محه‌مه‌د خدر باسی له‌وه‌كرد: شه‌ره‌فخان له‌كۆتاییدا ده‌ڵێت كه‌ میلله‌تی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیفه‌تێكی ناپه‌سه‌ندیان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سیان بۆ كه‌سیان سه‌ر دانانه‌وێنن.

ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌یوبییه‌كان كورد بوون
بابه‌تی سێیه‌میش به‌ناونیشانی میرانی ئه‌یوبی‌و رۆڵی رامیارییان له‌ كتێبی شه‌ره‌فنامه‌ی مێژوونووس شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیدا له‌لایه‌ن د. ئاری كاكل-ه‌وه‌ پێشكه‌شكرا، تیایدا روونیكرده‌وه‌: شه‌ره‌فنامه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ مێژووی ئه‌یوبی، ئه‌وان له‌كۆتاییه‌كانی حوكمڕانی مێژووی ئیسلامیدا بوون، كه‌ نزیك بووه‌ له‌مێژوونووس شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، هه‌رچه‌نده‌ مێژوونووسان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ساڵی له‌دایكبوونی شه‌ره‌فخان 949ی كۆچی بووه‌، به‌ڵام ساڵی مردنه‌كه‌ی مشتومڕی له‌سه‌ره‌، هه‌رچه‌نده‌ مشتومڕه‌كه‌ش زۆر قوڵ نییه‌، چونكه‌ ساڵه‌كان لێك نزیكن، كه‌ له‌ساڵی 1005ی كۆچی شه‌ره‌فنامه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌، ده‌توانین بڵێین چه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه‌ كۆچی دوایی كردووه‌، 1005 له‌گه‌ڵ كۆتایی سه‌رده‌می ئه‌یوبییه‌كان كه‌ له‌ میسر له‌ساڵی 646 ی كۆچی بووه‌‌و له‌ساڵی 648ی كۆچی به‌ته‌واوی له‌شام ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ما به‌ده‌ستی مه‌غۆله‌كان، نزیكه‌ی سێ بۆ چوار سه‌ده‌، شه‌ره‌فخان دوور بووه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌یوبییه‌كان،به‌ڵام ئه‌وه‌ دوورییه‌كی زۆر نییه‌، راسته‌ رووداوه‌كانی به‌چاوی خۆی نه‌بینیوه‌.

له‌لایه‌ن مێژوونووسێكی كورده‌وه‌ نووسراوه‌
وتیشی: شه‌ره‌فخان له‌كتێبه‌كه‌یدا پشتی به‌زانیاری‌و سه‌رچاوه‌كان دیكه‌‌و كتێبه‌ مێژووییه‌كانی دیكه‌ به‌ستووه‌، به‌ڵام ئایا گرنگی ئه‌وه‌ له‌ چیدایه‌ كه‌ مێژوونووسێكی كورد باسی مێژووی ئه‌یوبی ده‌كات؟ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژووی ئه‌یوبییه‌كان كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی كورد بوون، له‌لایه‌ن مێژوونووسێكی كورده‌وه‌ ده‌نووسرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا پێشتر له‌لایه‌ن مێژوونووسانی عه‌ره‌ب‌و بێگانه‌وه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مێژووی میرانی ئه‌یوبی ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌  كه‌ هه‌رچه‌ند مشتومڕ له‌سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌یوبییه‌كان كراوه‌، كه‌ به‌شێك ده‌ڵێن به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر عه‌ره‌ب‌و هه‌ندێكی دیكه‌ بۆچوونی دیكه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام شه‌ره‌فنامه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌وان كورد بوون، راسته‌ له‌خاكی كوردستان حوكمیان نه‌كردووه‌، له‌میسر‌و شام بوون، به‌ڵام ئه‌وان میری كورد بوون‌و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌كی كورد بوون.
روونیشیكرده‌وه‌: سه‌باره‌ت به‌ته‌وه‌ری خۆمان كه‌ رۆڵی میرانی ئه‌یوبی بووه‌، شه‌ره‌فخان له‌ دوو ته‌وه‌ر بۆی چووه‌، یه‌كێكیان ته‌رجومه‌ی ژیانیانی كردووه‌، له‌ ژیانیشیان به‌چه‌ند ته‌وه‌رێك باسی كردوون، بۆ نموونه‌ ناوو نازناویان، له‌دایكبوون‌و مردنیان، لایه‌نی هزری‌و رۆشنبیرییان، سیفات‌و ره‌وشتیان، به‌شی دووه‌میش لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌یه‌تی، ئه‌و رووداوه‌ سیاسییانه‌ی به‌پێی یه‌ك یه‌ك له‌ میره‌كان باسی كردووه‌، بۆیه‌ كتێبه‌كه‌ی له‌جۆری ئه‌وانه‌دا دێت كه‌ بریتییه‌ له‌ ژیاننامه‌‌و به‌پێی میره‌كان هاتووه‌، بۆ نموونه‌ مێژووی ئه‌یوبییه‌كانی له‌ نۆ میردا كۆكردۆته‌وه‌.
وتیشی: سه‌باره‌ت به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ی، ئه‌ویش دابه‌شكردووه‌ بۆ چه‌ند لایه‌ك، بۆ نموونه‌ باسی ساڵی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كات‌و كه‌ی كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتیان هاتووه‌، باس له‌ شێوازی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌كات، باس له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌كییان ده‌كات.  

شه‌ره‌فنامه‌ له‌تێڕوانینی یێڤگێنیا ڤاسیلیێڤاوه‌
بابه‌تی چواره‌میش كتیبی شه‌ره‌فنامه‌ له‌تێڕوانینی كوردناسی سۆڤێتی یێڤگێنیا ڤاسیلیێڤا، له‌لایه‌ن م. ی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا‌و تیایدا روونیكرده‌وه‌: ڤاسیلیێڤا سێ بابه‌تی له‌سه‌ر شه‌ره‌فنامه‌ نووسیوه‌، یه‌كه‌مه‌یان به‌ناوی كوردستانه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، دووه‌میان له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی شه‌ره‌فنامه‌، بابه‌تی سێیه‌میشیان به‌ناوی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی ژیان‌و به‌رهه‌م‌و سه‌رده‌م.
وتیشی: ئه‌و كوردناسه‌ سۆڤێتییه‌ له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك باسی شه‌ره‌فنامه‌ ده‌كات، یه‌كه‌میان وه‌سفی شه‌ره‌فخان ده‌كات كه‌ رۆشنبیر‌و سیاسه‌تمه‌دارێكی هه‌ڵكه‌وتوو و خاوه‌ن زانیارییه‌كی قوڵ‌و به‌رفراوان بووه‌، ئه‌و ته‌نیا ئه‌ركێكی گران‌و باڵای نه‌خستۆته‌ ئه‌ستۆی خۆی بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی گه‌له‌كه‌ی، به‌ڵكو شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی یه‌كه‌م به‌رهه‌می له‌ژێر ئاڵا‌و به‌ناوی بیری كوردستانه‌وه‌ داناوه‌.
باسی له‌وه‌شكرد: وه‌كو ڤاسیلیێڤا وه‌سفی ده‌كات، یه‌كه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ژێر ئاڵای كوردستاندا، له‌ژێر ئاڵای میرایه‌تی به‌دلیس نووسراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی  سه‌ده‌ی 16 دا زۆر تازه‌ بووه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ڤاسیلیێڤا زۆر وه‌سفی شه‌ره‌فنامه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: دانه‌ری شه‌ره‌فنامه‌ له‌ ژێر سه‌قفی ماڵی كورد، بۆ یه‌كه‌مجار هه‌موو كورد‌و تیره‌‌و خێڵ‌و هۆزه‌كانی كوردی كۆكرده‌وه‌. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7277
26/5/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ به‌كورتی 25/5/2017
‌ ته‌نیا هه‌نگاوی كۆتایی ماوه‌ 25/5/2017
زانست
‌ بیری یاقوب چاڵێكی ده‌م كراوه‌ له‌ ته‌كساس 25/5/2017
‌ هۆكاری سێیه‌كی مردنی مرۆڤ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا 25/5/2017
‌ دایكێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ ٣٨ منداڵی هه‌یه‌ 25/5/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP