ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا
ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا ‌ 10/2/2017
فه‌تحوڵڵا حسێنی‌
كتێبی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا، كه‌ مامۆستا عه‌بدولباقی‌ ئه‌لیوسف نووسیویه‌تی‌، به‌ روونی‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی‌ رژێمی‌ سوریا له‌ گه‌لانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كردووه‌، له‌گه‌ڵ شكسته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ بواری‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازیدا، تا كار گه‌یشته‌ شه‌ڕی‌ چه‌كداریی‌و شكانه‌وه‌ی‌ زمانی‌ عه‌سكه‌رتاری‌‌و پێویستبوونی‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ سیاسی‌ له‌و وڵاته‌دا، به‌ تایبه‌ت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ری‌ شاره‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ وێران بوون، له‌ هه‌مووی‌ گرنگتر به‌رپرسیارێتی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ كاتی‌ زیادبوونی‌ باڵاده‌ستیی‌و خه‌فه‌بوونی‌ سیاسی‌‌و قۆرغكاریی ئابووری‌، كه‌ بوونه‌ هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌، كه‌ ده‌كرێ ناوی‌ بنێین «خوێنبه‌ربوونی‌ سوریا بۆ خه‌ونی‌ ناسنامه‌یه‌كی‌ نوێ» به‌ هۆی‌ گه‌ڵاڵه‌ نه‌بوونی‌ بیرۆكه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ چه‌مكی‌ نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بدا، هه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ سوریا، سه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان ئایینێك، یاخود مه‌زهه‌بێك، یان سیاسی‌ باسی‌ ئازاره‌كانی‌ خۆی‌ بكردایه‌‌و داوای‌ رژێمێكی‌ بكردایه‌ كه‌ لانی‌ كه‌می‌ ئازادی‌ ده‌سته‌به‌ر بكردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌تی‌ به‌شداری‌ كردنی‌ هه‌بێت له‌ بنیاتنانی‌ نیشتمانه‌كه‌یدا‌و پلانی‌ داهاتوودا، یه‌كسه‌ر دامه‌زراوه‌ جیاجیاكانی‌ رژێم ده‌كه‌وتن خۆ بۆ له‌ناوبردنی‌‌و واشیان پیشان ده‌دا، كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌ فیتی‌ ده‌ره‌كی‌ هه‌وڵ ده‌دات سوریا تێك بدات، رژێمه‌كه‌ تێك ده‌دات كه‌ رێگریی له‌ ئیمپریالیزم ده‌كات، ئه‌مه‌ش بیانووی‌ رژێم بوو بۆ سه‌ركوت كردنی‌ هه‌ر كه‌س‌و رێكخراو‌و حزب‌و سه‌ندیكایه‌ك یان هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی‌ سوریا.
به‌شێكی‌ زۆری‌ گه‌لی‌ سوریا، به‌ هاتنی‌ به‌شار ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، گه‌شبین بوون، راگه‌یاندنیش هه‌وڵی‌ دا وای‌ ده‌ر بخات كه‌ چاره‌سه‌رێكی‌ باش بۆ بارودۆخی‌ ئابووری‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌شار ئه‌سه‌د پزیشكێكی‌ گه‌نج بوو له‌ ئه‌وروپا گه‌ڕابۆوه‌، ئه‌و گه‌شبینییه‌ ته‌نانه‌ت كورده‌كانیشی‌ گرتبۆوه‌، له‌ راستیشدا به‌شار له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نه‌هاتبوو، به‌ڵكو پێشتر ئاماده‌كاریی بۆ هاتنه‌كه‌ی‌ كرابوو، بێ ئه‌وه‌ی‌ راپرسی‌ گه‌ل وه‌ربگیرێت، كه‌واته‌ زاڵبوون هه‌ر به‌رده‌وام بوو، ترساندن‌و تۆقاندن له‌ زه‌ینی‌ گه‌لدا هه‌ر به‌رده‌وام بوو، بیانووی‌ جۆراوجۆریش بۆ ترساندن‌و تۆقاندن ناوبه‌ناو دزه‌ی‌ پێ ده‌كرا، گوایه‌ پاسه‌وانانی‌ نوێ كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ركرده‌یانه‌، هێشتا خۆی‌ نه‌گرتووه‌‌و پاسه‌وانانی‌ كۆنی‌ سه‌ر به‌ حوكمی‌ به‌رته‌سكی‌ حافز ئه‌سه‌د، هێشتا زاڵه‌ به‌سه‌ر جومگه‌كانی‌ ژیاندا.
رژێمی‌ سوریای‌ نوێ، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كار بوونیدا كۆتایی به‌ حزبایه‌تی‌ هێنا‌و رژێمی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌ ته‌نها خۆی‌ مایه‌وه‌، دواتریش فره‌ڕه‌نگی‌ سیاسی‌ له‌ناو برا، حزبی‌ به‌عس وتارێكی‌ پۆپۆلیستانه‌ی‌ به‌كار ده‌هێنا بۆ جوڵاندنی‌ هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی كوێرانه‌ لای‌ عه‌ره‌بی‌ سوریا. هه‌روه‌ها وشه‌ی‌ خیانه‌تی‌ ده‌دایه‌ پاڵ هه‌ر ره‌وتێكی‌ فیكری‌، یان سیاسی‌، یان ئایدیۆلۆژیایه‌ك جیاواز بێت له‌ ئایدیۆلۆژیاكه‌ی‌ ئه‌و‌و هاوبه‌شی‌ بۆچوونه‌كانی‌ نه‌بێت. هه‌موو راستییه‌كان له‌ دروشمه‌كانی‌ به‌عسدا كورت كرابوونه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتیش له‌ یاسه‌ی‌ دروشمه‌ تایه‌فی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا رۆژ به‌ رۆژ زیاتر خۆی‌ ده‌سه‌پاند، تا وای‌ لێ هاتبوو به‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وترا سوریای‌ به‌عس‌و هیچ هێز‌و رێكخراو‌و حزبێكی‌ تر نه‌بوو جگه‌ له‌ به‌عس.
كتێبی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا كه‌ ده‌زگای‌ (دار الزمان / سه‌نته‌ری‌ ئاشتی‌ بۆ توێژینه‌وه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌) چاپی‌ كردووه‌، لێوان لێوه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی‌ شۆڕش‌و قه‌یرانه‌كان‌و راپه‌ڕین، پێش ئه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ سوریا له‌ شاری‌ ده‌رعا-وه‌ ده‌ست پێ بكات، هه‌ندێك هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ ناڕه‌زایی له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌خت رووی‌ دا، به‌ڵام وه‌زیری‌ ناوخۆ چووه‌ سه‌ر خه‌ت‌و كێشه‌كه‌ی‌ كۆنترۆڵ كرد، پاشان ئاگری‌ راپه‌ڕین له‌ 18/3/2011دا له‌ ده‌رعا هه‌ڵگیرسا، ئه‌ویش دوای‌ ده‌ستگیر كردنی‌ هه‌ندێك له‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی‌ كه‌وتبوونه‌ ژێر كاریگه‌ری‌ ئه‌و رووداوانی‌ پێی‌ ده‌وترێ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌‌و له‌سه‌ر دیواره‌كان نووسیبوویان (نۆره‌ی‌ تۆش هات دكتۆر) كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ دكتۆر به‌شار ئه‌سه‌د بوو، به‌ پێویستیان ده‌زانی‌ له‌سه‌ر كار لابچێت، ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ سوریا به‌توندی‌‌و سه‌ركوتگه‌رانه‌ وه‌ڵامی‌ دانه‌وه‌‌و له‌ زیندانه‌كاندا زۆر دڕندانه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ئه‌و هه‌رزه‌كانی‌ دا.
رووداوه‌كان به‌ داواكاریی بچووك ده‌ستیان پێ كرد، به‌ڵام رژێم نه‌چوو به‌ده‌نگیانه‌وه‌، وتاره‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ 30/3/2011دا ئومێدبڕ بوو بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی‌ سوریا، وتارێك له‌وه‌ش نزمتر بوو كه‌ پێی‌ بوترێ سوكایه‌تی‌ به‌ داواكاری‌ گه‌ل ده‌كات، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی رووداوه‌كان شاره‌كانی‌ سوریای‌ ته‌نییه‌وه‌‌و له‌ راگه‌یادنه‌كانه‌وه‌ رۆژانی‌ هه‌ینی‌ ناوی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوو، هه‌ندێك هه‌ماهه‌نگی‌‌و ریكخستنی‌ تازه‌ی‌ لاوان له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ شاره‌كانی‌ سوریا ده‌ركه‌وت، تا كار گه‌یشته‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ پشێوی‌ له‌و شێوازی‌ دامه‌زراندنه‌ی‌ رێكخراوه‌كاندا، هه‌ر زوو حزبه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات توانیان ئه‌و هێز‌و توانایانه‌ بقۆزنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت حزبه‌ ئیسلامییه‌كان، ئیتر وای‌ لێهات هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵگری‌ ئه‌جێندای‌ ده‌ره‌كی‌ بوو، به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌جێندای‌ ئیخوان موسلمین‌و به‌چكه‌كه‌ی‌ له‌ توركیا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ شۆڕش بدزێت‌و قه‌یرانه‌كه‌ش وا لێ بكات چاره‌سه‌ری‌ نه‌بێت.
یه‌كه‌م خۆپیشاندانی‌ كورده‌كان یه‌كی‌ نیسانی‌ 2011 له‌ قامیشلو-وه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد، وه‌ك پشتیونییه‌ك له‌ خه‌ڵكی‌ ده‌رعا، پاشان حزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان به‌ خێرایی كۆبوونه‌وه‌‌و چوارچێوه‌یه‌كی‌ سیاسییان بۆخۆیان داڕشت‌و به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد، كه‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ كوردی‌ تێدا بوو بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ سوریا، له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرابۆوه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ توندوتیژی‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ جا ئه‌و توندوتیژییه‌ له‌ ژێر هه‌ر بیانوویه‌كدا، هه‌روه‌ها پێویسته‌ رێگه‌ به‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی ئاشتیانه‌ بدرێت‌و باری‌ نائاسایی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ش هه‌ڵبگیرێت‌و كۆتایی به‌ كاكردن به‌ یاسا تایبه‌ته‌كان بهێنرێت‌و زیندانه‌ سیاسییه‌كانیش ئازاد بكرێن. هه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ بانگهێشتێكی‌ تێدا بوو بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ری‌‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌ شێوه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌رانه‌‌و دیموكراسیانه‌.
عه‌بدولباقی‌ ئه‌لیوسف، نووسه‌ری‌ كتێبی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا، نووسه‌رێكی‌ سیاسی‌ كورده‌‌و ئه‌م كتێبه‌ی‌ سه‌رڕێژه‌ له‌ بیروبۆچوون‌و شیكردنه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كان له‌ سه‌ره‌تای‌ دروست بوونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوریاوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ حزبی‌ به‌عس ده‌سه‌ڵاتی‌ گرته‌ ده‌ست‌و دواتریش قه‌یرانه‌كه‌ی‌ ئێستای‌ كه‌ چاسه‌ر كردنی‌ ئه‌سته‌مه‌، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ پڕه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌‌و پاشكۆ كه‌ خزمه‌ت به‌ نووسه‌ران‌و رووداوه‌كانیش ده‌كات، چونكه‌ بابه‌تی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ رژێم له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن‌و ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان ئۆپۆزسیۆنی‌ عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ كورد‌و ناكۆكی‌ نێوان كورد‌و كورد، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ناكۆكییه‌ تایه‌فیانه‌ی‌ رژێم له‌ نێوان پێكهاته‌كانی‌ گه‌لی‌ سوریادا دروستی‌ كردووه‌، له‌خۆ ده‌گرێت. ره‌نگه‌ كتێبی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ سوریا گرنگترین كتێب بێت كه‌ رووداوه‌كانی‌ سوریا به‌ چاوی‌ توێژه‌رێكی‌ سیاسی‌ لێهاتوو تۆمار ده‌كات. 


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP