پێنج تایبەتمەندیی هاوبەشی وڵاتانی گەشەكردوو
پێنج تایبەتمەندیی هاوبەشی وڵاتانی گەشەكردوو ‌ 13/2/2017
یەکەی ئابووری
پرسیاری سەرەكی لە پڕۆسەی گەشەی ئابوورییدا ئەوەیە، ئەزموونە ئابوورییە سەركەوتووەكان چ هەنگاوێكیان ئەنجامدا كە بووە هۆی ئەوەی بتوانن دەستیان بەگەشەی بەرزو بەردەوام بگات؟. وەڵامەكەی، هەموو ئەو ئابوورییانە خاوەنی ستراتیژ‌و سیاسەتی تۆكمەی گەشەی ئابووریی بوون.
لەساڵی 1950ەوە تا ئێستا، ئابووری 13 وڵات كە توانیویانە گەشەی بەرزو بەردەوامیان هەبێت بریتین لە: (بەرازیل، چین، هۆنگ كۆنگ، ئەندەنوسیا، ژاپۆن، كۆریای باشوور، مالیزیا، مالتا، عەمان‌، سەنگافورە، تایوان‌، تایلەند‌و بۆتسوانا). گەشەی زۆربەی ئەو وڵاتانە بەهۆی بوونی سامانە سروشتییەكانی وەك (نەوت، غازی سروشتی، كانزاكانەوە) بەدینەهاتووە‌و نەیانتوانیوە پشت بە وەبەرهێنان لەو سەرچاوە سروشتییانەدا ببەستن‌و میكانیزمی گەشەی خۆیان دەستەبەر بكەن.
هاوكات ئەو وڵاتانەشی داهاتی هەنارەكردنی ئەم سامانە سروشتییانەیان هەبووە، تووشی نەخۆشی هۆڵەندی نەبوون‌و ئەمە فرەجۆریی لە هەناردەی كاڵای ئەواندا كەمنەكردوەتەوە. 

وڵاتانی دەرامەت بەرزەكان
زۆرێك لە وڵاتانی دەوڵەمەند بەم سامانە سروشتییانە، داهاتی بەدەستهاتووی هەناردەكردنی ئەم سەرچاوانەیان بەپێی ستراتیژی گەشەی خۆیان لە ئەولەیەتییەكانی گەشەدا وەبەرهێنان كردوەو گەشەی بەرزو بەردەوامیان پێ مسۆگەرو ئەزموون كردووە.
ئەو وڵاتانە بەپلەی یەكەم خاوەنی سیاسەت‌و ستراتیژ‌و روانینێكی روون بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریكراویان كە گەشەی ئابووریی بووە، دەوڵەت زەمینەی ژێرخانی ئابووری بۆ گەشە رەخساندوە‌و بەشێوەیەكی سەرەكی وەبەرهێنانی تیاكردوون، بەبێ دابینكردنی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز، گەشەی خێرا‌و بەردەوامیان ئەستەم بوو.
(پۆل رومەی) ئابووریناسی ناودار دەڵێت: «كاتێك كە ژاپۆن گەشەی خێرا‌و بەردەوامی ئەزموون كرد، وتیان ئەمە حاڵەتی تایبەتە‌و بەهۆی هەڵسانەوە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوەیە. كاتێك چوار بەورەكەی رۆژهەڵاتی ئاسیا (هۆنگ كۆنگ، تایوان، سەنگافورەو كۆریای باشوور) گەشەی خێراو بەردەوامیان بەدیهێنا، وتیان بەهۆی ئەوەیە كە ئەم وڵاتانە زۆر بچووكن، كاتێك كە چین گەشەی بەردەوام‌و خێرای ئەزموون كرد، وتیان هۆكەی ئەوەیە كە چین زۆر گەورەیە».
شەش وڵات لەو سیانزە وڵاتەی خاوەن گەشەی خێرا‌و بەردەوامن (بەرازیل، مالیزیا، عەمان، تایلەند، بۆتسوانا‌و ئەندەنوسیا) خاوەنی سەرچاوەی سروشتی زۆرو زەبەندن، ئەو دوای وڵاتەكان لەڕووی سامانی سروشتییەوە دەوڵەمەند نین. چین خاوەنی دانیشتووانێكی زیاتر لە ملیارێكەو وڵاتیشی تیایە دانیشتووانەكەی كەمتر لەملیۆنێكە (مالتا ژمارەی دانیشتوانی 911 هەزار كەسە). كەواتە ئەوانەی كە گەشە دەكەن جیاواز‌و فرەجۆرن. شەش وڵات (هۆنگ كۆنگ، ژاپۆن، كۆریای باشوور، مالتا، سەنگافورەو تایوان) توانییان لەڕێگەی گەشەی بەردەوام‌و خێرایانەوە بگەنە وڵاتانی دەرامەت بەرزەكان، بەڵام بەرازیل نەیتوانی درێژە بەگەشەی بەرزو بەردەوامی خۆی بدات‌و نەگەیشتە ئاستی ئەو وڵاتانە.

پێنج تایبەتمەندییان
1- سوود وەرگرتنی تەواو لەتوانای تەكنیكی، زانست‌و كارو خواستی ئابووریی جیهانی
هەر سیانزەیان كەڵكیان لە توانای ئابووریی جیهانیی تا ئەوپەڕی وەرگرتووە، دەستگەیشتن بەگەشەی بەردەوام‌و بەڕێژەی (7%‌)و بەشێوەی بەردەوام بەبێ سودوەرگرتن لە ئابووریی جیهانی، بۆ ئابوورییە بچوكەكان زۆر قورس‌و زەحمەت بوو. لەبەرئەوەی توانای ئابوورییان سنووردارە.
ئەو وڵاتانە لەدوو رێگەوە سوودیان لە ئابووریی جیهانی وەرگرت: یەكەمیان، بیرۆكەو تەكنیكیان لەهەمو جیهانەوە هاوردە كرد. دووەم، سوودیان لەخواستی جیهانی وەرگرت كە بازاڕێكی گەورەیە بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان. بایەخدانیان بەزانست‌و تەكنیك، توانا‌و كارامەیی ئابوورییانی تەواو بەرز كردەوە. ئەوەیان هەناردە كرد كە بازاڕی جیهانی دەیخواست.

2- دەرگاكردنەوە بەڕووی 
وەبەرهێنانی دەرەكی
یەكێك لەو هەنگاوە گرنگانەی ئەو وڵاتانە بۆ دەستەبەركردنی گەشەی ئابووریی هاندانی وەبەرهێنانی دەرەكی بوو لەڕێگەی ئەو ئاسانكارییە یاساییانەوە كە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامیاندا، ئەمە وایكرد سەرمایەی دەرەكی رویان تێكات‌و رۆڵی هەبێت لەگەشەی ئابوورییاندا.
3- پاراستنی سەقامگیریی ئابووری
خاڵی هاوبەشی ئەم ئەزموونە گەشەكردووانە ئەوەیە كە هەمویان ساڵانێكی درێژخایەن لەسەر گەشەی خۆیان بەردەوام بوون، خۆیان لەكورتهێنانی بودجە، شۆكی بازاڕە داراییەكان، سیاسەتی هەڵەی دراو بەدوور گرتووەو رێژەی سوودی بانكییان بەرز بووە.
ئەم ئەزموونانە خاوەنی حكومەتی بەرپرسیار بوون، بەو پێیەی گەشەی ئابووری خۆی لەخۆیەوە روونادات، بەڵكو پێویستە دەوڵەت بیكاتە ئامانج‌و لەڕێگەی سیاسەتەكانی خۆیەوە بەدواداچوونی بۆ بكات، بۆ نمونە سەنگافورە، ماوەی چل ساڵە بەدواداچوونی گەشەی ئابووریی پرەنسیپێكی سەرەكی سیاسەتی ئەم وڵاتەیە، بەردەوام خەریكی بەهێزكردن‌و پێشخستن‌و پاراستنی ژێرخانی ئابووری، شەقام‌و رێگەوبانەكان، بەندەرو فڕۆكەخانەكان، كۆمینیكەیشن‌و تۆڕی دابەشكردنی كارەبایە.

4- پاشەكەوتكردن بە ئەندازەیەكی زۆر
دووربینیی، تایبەتمەندییەكی دیكەی ئەم ئابوورییانەیە، كە خۆشگوزەرانی ئەمڕۆیان كرد بەقوربانی ئایندەیان، ئەم وڵاتانە بەو داهاتەی دەستیان كەوت وەبەرهێنیان كرد تا لەئایندەدا خێر‌و بێریی بچننەوە. سەقامگیریی ئابووری زەمینەی بۆ بەدیهێنانی رێژەی بەرزی پاشەكەوت كردن‌و وەبەرهێنانی درێژخایەنیان رەخساند. بەتایبەتی وەبەرهێنانی كەرتی گشتی لەژێرخانی ئابوورییدا، چین ساڵانە یەك لەسێی داهاتی نیشتمانیی خۆی بۆ ماوەی 25 ساڵا پاشەكەوت دەكات. لەساڵی 1955ەوە سەنگافورە سندوقی ئیجباریی پاشەكەوت كردنی دامەزراند، كە هەموو هاووڵاتییەك بڕێك لەكرێ‌و داهاتی هەر لەسەرەتای كاركردنییەوە تا كاتی خانەنشین كردنی كۆدەكردەوە‌و تەنها بۆ خەرجكردنی دەرمانی‌و خانووبەرە رێگەی بەهێنانەدەرەوەی دەدرا. سەنگافورەو مالیزیا‌و ژاپۆن‌و كۆریای باشووریش هەمان سیستمیان پەیڕەو كرد.

5- كاركردن بە میكانیزمەكانی بازاڕ
ئەم ئەزموونانە بەشێوەیەكی رێكخراو و بەرنامەڕێژكراو پشتیان بە میكانیزمەكانی بازاڕی ئازاد بەستووە‌و چاكسازییەكی ریشەیییان لەسیستمی ئابووریی خۆیاندا پەیڕەو كردووە. 
وێڕای ئەوەی كە هێزی كار، سەرچاوەی سروشتی، سەرمایە، تایبەتمەندی هەریەك لەم ئابووری‌و ئەزموونانە دیاری دەكات، بەڵام ئەم هەموو ئەم خاڵە هاوبەشانە گەشەی ئابووری بەڕێژەی (7% تا 10%) بۆ دەستەبەر كردون، كە چەند دەیەیەك درێژەی كێشاوە.
سەرچاوە: گۆڤاری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7392
17/10/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ رۆجێر فێدره‌ر بۆ جاری چواره‌م له‌م وه‌رزه‌دا له‌ نادالی برده‌وه‌ 17/10/2017
‌ دۆڤیزیسیۆ قۆناغی ژاپۆنی مۆتۆ جی پی برده‌وه‌ 17/10/2017
زانست
‌ ته‌كنیكی نوێ بۆ نووسینی نامه‌ بێ ده‌ستدان له‌ كیبۆرد 17/10/2017
‌ ئه‌ندۆنیزیا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵپژانی گڕكانێكه‌ 17/10/2017
‌ زرێبار هه‌ورامی: ژیان جه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ت 16/10/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP