ئـۆپیك بە نرخی نـەوت گـەشبینە
«نەوتی بەردینی ئەمریكا بۆ ئۆپیك بووە بە خوم» ئـۆپیك بە نرخی نـەوت گـەشبینە ‌ 16/2/2017
یەکەی ئابووری

وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپیك، پابەندن بە رێكەوتنەكەیان سەبارەت بە كەمكردنەوەی نەوتی فرۆشراو و (90%)ی رێكەوتنەكەیان جێبەجێكردووە. بەڕێوەبەری یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت‌و غازیش دەڵێ: «بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریكاوە».

(55 - 60) دۆلار
بەڕێوەبەری‌ جێبەجێكاری‌ كۆمپانیای‌ (بی پی) بەریتانی‌ بواری‌ نەوت‌و غاز ئاماژە بەوە دەكات، پێدەچێت نرخی‌ نەوتی‌ خاو لە نێوان (55 - 60) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، نرخێكی‌ باش بێت.
لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا، بوب دادلی‌ بەڕێوەبەری‌ جێبەجێكاری‌ كۆمپانیای‌ (بی پی) بەریتانی‌ بواری‌ نەوت‌و غاز ئاشكرایكرد، هەر بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی بەرهەمهێنانی‌ نەوتی‌ بەردینی‌ ئەمریكی، راستەوخۆ دابەزینی نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهان لێدەكەوێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا، نرخی‌ نەوت بەشێكی‌ كەم لە بەهاكەی‌ پێشووی‌ بۆ گەڕاوەتەوە، دوای‌ ئەوەی‌ لە ساڵی‌ 2014دا نیوەی‌ زیاتری‌ نرخەكەی‌ لەدەستدا.

ئێران گەشبینە
پێشتریش وەزیری نەوتی ئیران ئاشكرایكرد، سەرجەم ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك رێككەوتوون لەسەر ئەوەی نرخی یەك بەرمیل نزیكەی 60 دۆلار بێت.
بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە، رێكخراوی ئۆپیك بەردەوام دەبێت لەكەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەنیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٧دا. وتیشی: «ئەندامانی رێكخراوەكە رێككەوتوون لەسەر ئەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت، نزیكەی 60 دۆلار بێت.

عیراقیش پابەندە
لای خۆیەوە، وەزارەتی نەوتی عیراق پابەندبوونی خۆی بە رێكەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دووپاتكردەوەو ئاشكرایكرد، عیراق بەرهەمی نەوتی خۆی رۆژانە بە بڕی ١٨٠ هەزار بەرمیل كەمكردۆتەوە.
جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندووە، لەپێناوی پشتگیریكردنی نرخی نەوت‌و بە دەنگەوەچوونی رێكەوتنەكەی ئۆپیك، كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، عیراق رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە بڕی ١٨٠ هەزار بەرمیل كەمكردۆتەوە.
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی: «لەم مانگەدا عیراق كەمكردنەوەی بەرهەمێنانی بڕی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی تر جێبەجێ دەكات».
ئاشكراشیكردووە، پێش رێكەوتنەكەی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەرهەمی نەوتی عیراق چوار ملیۆن‌و ٧٥٠ هەزار بەرمیل بووە لەڕۆژێكدا.

سەرەتایەكی بەهێزە
لە ئێستادا بازاڕی‌ نەوت چاوی‌ لە جێبەجێكردنی‌ تەواوەتی‌ رێككەوتنەكەی‌ ئۆپیك‌و وڵاتانی‌ دەرەوەی‌ ئەو رێكخراوەیە، بۆ كەمكردنەوەی‌ بەرهەمهێنان‌و بەرزبوونەوەی‌ زیاتری‌ نرخەكەی‌.
كۆتایی تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە رێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەكەمین رێكەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانەیە لە دوای ساڵی 2008ەوە.
هەروەها رۆژی 10ی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ رابردوو، بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك‌و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیك كە 11 وڵاتن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001ەوە رێكەوتن بە هاوبەشی بەرهەمهێنان‌و هەناردەی‌ نەوت سنوردار بكەن ئەوەش بۆ كەمكردنەوەو نەهێشتنی كەڵەكەبوونی نەوتی خاو.
بەپێی ئەو داتایانەی رێكخراوی ئۆپیك بەكاریدەهێنێت بۆ چاودێریكردنی رێكەوتنەكەو دەست ئاژانسی رۆیتەرز كەوتووە، وڵاتانی رێكخراوی ئۆپیك لەمانگی كانوونی دووەمدا (90%)ی رێكەوتنەكەیان خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەوەش سەرەتایەكی بەهێزە بۆ یەكەمین كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان‌و هەناردەی‌ نەوت لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا.

عەرەبستانی سعودی هاتە ژێر بار
بەپێی رێكەوتنی 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك، رۆژانە بڕی (1.2) ملیۆن بەرمیل هەناردەی‌ نەوت كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی هەناردەی‌ رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەم دەبێتەوە بۆ بڕی (32.5) ملیۆن بەرمیل. رێكەوتنەكە دوای ئەوە هات كە عەرەبستانی سعودی سازشی بۆ ئێرانی ركابەری كرد.
رێكەوتنەكانی وڵاتانی ئۆپیك‌و دەرەوەی ئۆپیك، رۆژانە ملیۆنێك‌و 800 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانە كەم دەكاتەوە، بە جۆرێك دەرەوەی ئۆپیك 600 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە كەم دەكەنەوەو وڵاتانی ئۆپیكیش بڕی ملیۆنێك‌و 200 هەزار كەم دەكەنەوە.
بەپێی رێكەوتنەكە كە لەكانوونی‌ دووەمی‌ ئەمساڵەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، عیراق رازیبووە بە كەمكردنەوەی بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP