ده‌سه‌ڵاتی زمانی شیعر له‌ودیو زوومی كامێراكه‌ی ڤینۆس فایه‌قه‌وه‌
ده‌سه‌ڵاتی زمانی شیعر له‌ودیو زوومی كامێراكه‌ی ڤینۆس فایه‌قه‌وه‌ ‌ 16/2/2017
‌سۆران محه‌مه‌د

تا چه‌ند زمان له‌ ناو ده‌قدا زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر بابه‌تدا و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئیلهام و گیانی شاعیریشدا؟ ساته‌وه‌ختی تایبه‌تی ئه‌فراندنی شاعیر تا چه‌ندێك له‌ ناو ساته‌ وه‌خته‌ ئاساییه‌كاندا جێی ده‌بێته‌وه‌؟ ئایا جارانێك بابه‌ت زمان ناخاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌و به‌و جۆره‌ به‌كاریناهێنێت كه‌ بیه‌وێت؟ ئه‌ی تا چه‌ند زمان سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌یه‌ و جیاو به‌ ده‌ر له‌ هه‌موو بابه‌ت و مه‌وزعیبوونێك ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌كان ده‌كات، رۆڵی فاكته‌ری گه‌شه‌و وه‌رگرتنی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونه‌كانی ژیان و هه‌گبه‌ی ڕۆشنبێرێتی چه‌نده‌ له‌سه‌ر زمان؟! ئایا زمان توانای ده‌شكێت به‌سه‌ر ده‌ربڕینێكی ته‌واو و پڕاوپڕ بۆ حاڵه‌ت و دنیا نه‌زانراوه‌كان، له‌وانه‌ش نهێنییه‌كانی ده‌روون و قووڵایی و په‌ناكانی و ساته‌ وه‌خته‌ تایبه‌ت و جیاوازه‌كانی؟ ئه‌ی گوایه‌ هزر تا چه‌ندێك پێكاوێتی له‌ داڕشتنی زاراوه‌كان بۆ شته‌كان و له‌سه‌ر چ بنمایه‌ك بوون؟! ئایا زمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كان، یان ده‌سته‌واژه‌كان ده‌سه‌وسانن له‌ به‌باڵابڕینی زاراوه‌ی پێویست تا یارمه‌تی دروستی ده‌ربڕین بدات؟ ئه‌مانه‌ چه‌ند پرسیارێك له‌ دنیای تیۆرو ئه‌گه‌ره‌كان و وه‌رگرتن و به‌رپه‌چدانه‌وه‌دا مشتومڕێكی قووڵ و جه‌وهه‌ری له‌ دنیای ئه‌فراندنی شیعردا به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
ره‌نگه‌ له‌ سه‌روده‌ری ئه‌م چه‌مكه‌ هه‌سته‌وه‌رو باڵایانه‌دا بێت نه‌جات حه‌میدی ره‌خنه‌گر ده‌ڵێت:
زمان هه‌ڵگری هه‌موو نه‌مرییه‌كانی مانا نییه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری توانای خوڵقاندنی ماناش نییه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئیتر سنوورێك بۆ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی مانا دابنێت، به‌ڵكو زمان له‌ ته‌واوكردنی وه‌زیفه‌ی به‌ده‌قبووندا كۆتایی به‌ ده‌وره‌كانی دێنێ و ئیتر ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئازادییه‌كی بێ سنووردا مانای نوێ ده‌خوڵقێنێ.
له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ هه‌موو ده‌قێكی ئه‌م بوونه‌ به‌ بێ زمان له‌ دایك نابێت، گه‌ر بڕیار وا بێت ته‌نیا له‌ زماندا مانا بدۆزینه‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ زمان هه‌موو شێوازه‌كانی دروستكردنی مانایه‌. 
ئاخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئاماژه‌كانیدا شتێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ سیسته‌مێك له‌مانای كۆتایی بنوێنێ، واته‌ سیسته‌مێك له‌ زمانێكی دیكه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی زمانێكی دیكه‌ی ده‌قه‌و له‌ پێكهاتی ماناو تاكه‌كانی وشه‌دا له‌ زمانی نووسین جیا ده‌بێته‌وه‌؟! (1)
له‌ كاتی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا بیری وته‌یه‌كی هاوڕێیه‌كم كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا گوتی: «دڵنیام ده‌قێكی زۆر ناوازه‌ ده‌نووسم له‌ داهاتوودا، به‌ڵام نازانم كه‌ی..» ئه‌و له‌مه‌دا باشی پێكابوو كه‌ مانایه‌كی دروست بكات له‌ ده‌سه‌ڵاتی زمان و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ساته‌ وه‌ختی ره‌هابوون و سه‌روه‌ریی زمان و هاوشان و ته‌با له‌گه‌ڵ ئیلهام و بابه‌تدا، چونكه‌ ده‌یزانی چه‌ندان جار ده‌سه‌ڵاتی زمان له‌ناوه‌ندی ده‌قدا بزر ده‌بێت و ده‌قیش ڕووگه‌یه‌كی تر وه‌رده‌گرێت، دوور له‌ بیرۆكه‌ی پێشینه‌و ته‌نانه‌ت توانا به‌هره‌ییه‌كانی شاعیر، لێره‌وه‌ هه‌ستی به‌و خاڵه‌ كردبوو، كه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ تا ئێستا ئه‌و زمان و مانا باڵایانه‌ی له‌ ناو گیانمدا گێنگڵ ده‌ده‌ن توانیبێتم به‌ دڵی خۆم خستبێتمه‌ سه‌ر كاغه‌زو لێی ڕازی بم.
گۆران ١٩٠٤-١٩٦٢ی شاعیریش له‌ مێژه‌ نه‌ك ته‌نیا دركی به‌م خاڵه‌ گرنگه‌ كردبوو، به‌ڵكو له‌ شیعرێكیشدا ئاشكرا ده‌ربڕینی لێ ده‌كات، كاتێك ده‌ڵێت:
هه‌رچه‌ند ئه‌كه‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌ستم
بۆم ناخرێته‌ ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵبه‌ســــــــتم
 به‌ڵێ راسته‌ هه‌ست وسۆزو خه‌یاڵ و  زمانی ناخ جارانێك ئه‌سته‌مه‌ وه‌ك پێویست بخرێته‌ سه‌ر كاغه‌ز، لێره‌وه‌یه‌ پرسیاری ده‌سه‌ڵاته‌كانی زمانمان لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن، به‌وه‌ی تا چه‌ندێك ته‌باو ناكۆك، هاوبه‌ش و جیایه‌ له‌ هه‌ست و گیان، ئایا زمانی حاڵ ده‌بێته‌ زمانی گوتار؟ ئه‌ی ئایا زمانی هه‌ست و گیان، یاخود به‌رفراوانتر بڵێین میتافیزیك هه‌ر هه‌مان ئه‌و زمانه‌ ماتریاله‌یه‌ رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین و به‌كاریده‌هێنین؟ یان زمانێكی زۆر تایبه‌ت و شاراوه‌یه‌و له‌ پشت زمانی ئاساییه‌وه‌ خۆی مه‌ڵاس داوه‌؟ یان وه‌ك میوانێكی زۆر ده‌گمه‌ن جار جار ده‌كه‌وێته‌ وتوێژ له‌گه‌ڵ گیاندا؟ ئه‌ی كاری داهێنه‌رانه‌و به‌كارهێنانی گه‌مه‌و ته‌كنیكه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ كوێی زمانی ده‌قه‌ ناوازه‌كاندان، چه‌ندێك شاعیر شه‌ونخونی ده‌كێشێت و ماندوو ده‌بێت بۆ كاركردن له‌ ناو بونیاته‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌قدا؟
ڕه‌نگه‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بێت عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵلا بڵێت:
زمان هه‌ر ته‌نیا كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندییه‌، هه‌ر ته‌نیا خوێنه‌ران و فه‌رهه‌نگسازان به‌ بونیاتنان و دروستكردنی خه‌ریك نین، به‌ڵكو بۆ خۆی قه‌واره‌یه‌كی زیندووی گه‌شه‌كردووه‌ له‌ ناو كۆییه‌كانی ژیان و سه‌رده‌م و كارو بیركردنه‌وه‌و ژینگه‌و شه‌قام و پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رنج و به‌دواداچوون و مه‌رگه‌سات و خه‌ونه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ش شه‌ڕی زمان شه‌ڕی خوده‌كان نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك رولان بارت ده‌ڵێت: شه‌ڕی ناو كۆییه‌كانی زمانه‌. واتا ئه‌وه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ ناو كۆییه‌كانی زمانه‌، تاكه‌كان نین، زاراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، نه‌ك تاك. (2)
له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌كرێت بڵێین رێی تێده‌چێت ئه‌و زمانه‌ تایبه‌ته‌ی تاك، كه‌ تاك خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌رگرتن وپێدان جوڵه‌ ده‌كات، رۆڵی هه‌بێت له‌ ناو ره‌وتی بزاوتی زماندا، وه‌ك به‌شێك له‌ كۆو له‌ هه‌مان كاتیشدا جیا له‌ هه‌مووان.
هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا له‌ نه‌جات حه‌مید ده‌كات به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بداته‌وه‌و بڵێت:
شیعر  گه‌وهه‌ری هیچ بوونێكی دیكه‌ جگه‌ له‌ بوونی بنیاته‌ زمانه‌وانییه‌كان ناگرێته‌ خۆی و له‌مه‌شدا ئازادی هاتنه‌ گۆو داڕشتن بناغه‌ی نووسینی شیعره‌. 
من له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچ یه‌كێك له‌ نووسینه‌ تیۆریی و بنیاتگه‌رییه‌ نوێیه‌كان له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵدا بگونجێت.(3)
گه‌ر بێینه‌ سه‌ر شیعرو ئه‌ده‌بی جیهانیش ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ هۆكانی ‌سه‌رهه‌ڵدانی قوتابخانه‌ی زمانی شیعریی له‌ ساڵی 1970 له‌ ئه‌مریكا بریتی بوو له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی شیعری ئه‌مریكی باو و ترادیشنه‌ڵ و هه‌روه‌ها فۆرمه‌كه‌ی، له‌وانه‌ بزوتنه‌وه‌كانی قوتابخانه‌ی نیویۆرك و چیای ره‌ش. هه‌و‌ڵیاندا جه‌ختی ته‌واو بكه‌نه‌ سه‌ر زمانی شیعرو ڕێگه‌یه‌كی نوێ به‌رهه‌م بێنن تا خوێنه‌ر كاریگه‌ری له‌گه‌ڵ ده‌قدا دروست بكات.(4)
لای ئه‌مان یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زمانی شیعر كه‌ له‌ خۆی ده‌گرێت بریتییه‌ له‌ بیرۆكه‌و بابه‌ت، به‌وه‌ی زمان ماناكان هه‌ڵده‌بژێرێت و وه‌رده‌گرێت نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، لێره‌وه‌یه‌ زمانی شیعر هه‌وڵده‌دات خوێنه‌ر به‌شدار پێ بكات له‌ ده‌قدا، بایه‌خدان به‌ خوێنه‌ر به‌وه‌ی جێی بكرێته‌وه‌ له‌ ده‌قدا و ته‌نانه‌ت به‌شدار بێت له‌ بونیاتنانی ماناش تیایدا، له‌ ڕێی تێكشكاندنی زمانی شیعره‌وه‌، لێره‌وه‌ شاعیر ده‌خوازێت له‌ خوێنه‌ر ڕێگه‌یه‌كی نوێ بدۆزیته‌وه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆ ناو ده‌ق.
زمانیش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ئاماژه‌كانی مانا، ماناش بریتییه‌ له‌ رێكخستنی زاراوه‌كان، به‌ جۆرێك ده‌گمه‌نییان پێوه‌ دیار بێت له‌ دروستكردنی وێنه‌ لێیان، ده‌گمه‌نیش ده‌چنه‌ ناو چوارچێوه‌ی زاراوه‌وه‌، تا كار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی به‌ جۆرێك ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بێ كۆتایه‌ درێژ بێته‌وه‌ له‌ نێوان ده‌لاله‌ت و زاراوه‌كاندا.
هاوشانی (رۆن سیلییمان) و (هیجینجان)، زۆرێكی تر  به‌شداریان له‌م بزوتنه‌وه‌ شیعریه‌دا كرد، وه‌ك چارڵس بێرنشتاین، باریت واتن، هه‌روه‌ها بۆب پیریلیمان.(4)

كینیت كۆچ له‌ گۆڤاری ره‌خنه‌ی نیویۆركدا ده‌ڵێت:
ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر روونكردنه‌وه‌مان پێ بدات له‌مباره‌وه‌، ئه‌و وته‌و پێشنیاره‌ به‌ به‌هایه‌ بوو كه ‌(پۆڵ ڤالێری) پێیدام كاتێك گوتی: بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ چی له‌ناو ده‌قی شیعردا ده‌گوزه‌رێ و له‌ شوێنه‌كانی تردا نابینرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعر خۆی له‌ خۆیدا زمانێكی جیایه‌، یان زۆر تایبه‌تمه‌ندتر بڵێین « زمانه‌ له‌ ناو زماندا» (5)

كامێراكه‌ی ڤینۆس فایه‌ق
ئه‌مانه‌ی باسمان كردن وه‌ك پێشه‌كییه‌ك وابوون بۆ چوونه‌ ناو كرۆكی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان له‌سه‌ر شیعری (كامێرا)ی شاعیر ڤێنۆس فایه‌ق(6)، كه‌ من به‌ هه‌وڵێكی جیاوازی ده‌بینم له‌ ناو خودی شیعره‌كانی شاعیرداو كار له‌سه‌ركردنی زمان و بونیاتنانی فۆرمێكی نوێ و ته‌كنیكی زمانه‌وانی جیام تیا خوێندنه‌وه‌ كه‌ شه‌ونخونی شاعیر ده‌رئه‌خات بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قێكی له‌م شێوه‌یه‌.
ئه‌م ده‌قه‌ به‌ ده‌قێكی كراوه‌ی فره‌ ره‌هه‌ند دێته‌ ئه‌ژماركردن، خوێنه‌ریش ئازاده‌ لێكدانه‌وه‌ی خۆی بۆ بكات و به‌ دیوێك له‌ دیوه‌كاندا چه‌شه‌و چێژی خۆی لێ ببینێت. یان خۆی له‌ نێو دێڕه‌كانیدا بدۆزێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌قێكی كراوه‌ داده‌نرێت ئه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، نه‌ك به‌ هۆی ئاڵۆزیی زمانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌هۆی ته‌كنیكی تێهه‌ڵكێشكردنی دنیا جیاوازه‌كان و گه‌مه‌كردن به‌ زمان و هێنانه‌دی گه‌لێ وێنه‌ی شیعری نوێ كه‌ ته‌عبیر له‌ پارادۆكسه‌كانی ئاماده‌ ده‌كه‌ن هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌وه‌ تا كۆتایی، هه‌ر له‌ .. ژیان و مردن، خه‌یاڵ و واقیع، ڕابردوو و ئێستا.. تاد
  به‌ زمانێكی نا راسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت ئه‌م ژیانه‌ له‌ خه‌ونێك به‌ده‌ر نییه‌، خه‌ونێك كه‌ زۆر جار ناخۆش بووه‌و كاتێكیش ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین رووبه‌رووی سێبه‌ره‌كانمان ده‌بینه‌وه‌، به‌ مانای دنیای خه‌یاڵ، هه‌ر زووش پێش كۆتایی هێنانی ده‌قه‌كه‌ شاعیر له‌م خه‌ونه‌ی ژیانه‌دا كاتێك شێوازی فلاش باك به‌كاردێنێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ له‌ ڕێی زوومی كامێراوه‌‌، جوانی و پاكی و به‌رائه‌تی منداڵی ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا هه‌ر به‌شێكه‌ له‌ زنجیره‌ی حه‌كایه‌ته‌كانی ژیانی.
فه‌لسه‌فه‌ی ده‌رچوون له‌ شوێنكات هه‌ر له‌سه‌ره‌تا كۆپله‌وه‌ سه‌رنجی خوێنه‌رانی زیره‌ك به‌لای به‌ها شاردراوه‌كانی نێو ئه‌م ده‌قه‌دا راده‌كێشێت. ئه‌وه‌ زمانی تایبه‌تی گیانه‌ كه‌ ده‌توانێت بچێته‌ نێو ئه‌و جیهانه‌ سیحراویه‌ی خه‌ونه‌كان و رابردووه‌وه‌ كه‌ ئێستایه‌كی شادومانی لێ فه‌راهه‌م بێنێت. ‌ 
له‌یه‌كه‌م كۆپله‌دا دوو كۆمه‌ڵه‌ پارادۆكس هه‌ن كه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یان ته‌عبیر له‌ مه‌به‌ستێكی جیاوازی شاعیر ده‌كات.
ره‌ش و سپی --> فلیمی كۆن    X ره‌نگاوره‌نگ -> فلیمی تازه‌
بێده‌نگی X  دووان
بێ شوێنی  X  شوێنداریی
ئه‌مانه‌ی یه‌كه‌م ئه‌و باره‌ ناسروشتییه‌ن بۆ ده‌رچوون له‌ به‌شێكی حیكایه‌ت و خه‌ونه‌كه‌و له‌ پێناو هاتنه‌وه‌ ناو دنیای واقیع و بونیاتنانی دنیای یۆتۆپیا به‌ :
- ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌موچاو (به‌و شێوه‌ی شاعیر ویستی لێیه‌، چ به‌ باره‌ خوازه‌كه‌یدا بێت یان ده‌موچاوی حه‌قیقی بێت).‌
- هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی ژیان (بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ڕێره‌وی راسته‌قینه‌و جوانه‌كه‌ی خۆی- وه‌ك له‌ كۆتایی شیعره‌كه‌دا له‌ جریوه‌ی چۆله‌كه‌و به‌رائه‌تی منداڵیدا ده‌یدۆزێته‌وه‌).
- دوورینه‌وه‌ی كه‌لێن و قه‌ڵبه‌كانی ته‌مه‌ن، كه‌ وێنه‌یه‌كی نوێ و جوانی شیعریه‌، چونكه‌ له‌ باره‌ واقیعیه‌كه‌یدا جلوبه‌رگ ده‌دورێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ باره‌ مه‌جازیه‌كه‌یدا نوشوستیه‌كانی ژیانیش هه‌ر وه‌ك به‌رگێكی دڕاون پێویسته‌ بۆ ساڕێژكردنه‌وه‌یان بدورێنه‌وه‌.
لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شاعیر زیاتر كاری له‌سه‌ر شێوه‌كان كردووه‌، وه‌ك ده‌موچاو دوورینه‌وه‌، فیلم.
به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا جه‌وهه‌ر فه‌رامۆش نه‌كراوه‌و كارامانه‌ تێهه‌ڵكێشی ئه‌م دیمه‌نانه‌ی كردوون به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیه‌وه‌و ده‌رچوون له‌ سنوورو پێوه‌ره‌كانی ئه‌م جیهانه‌و فڕینی مه‌لی خه‌یاڵ له‌ زوومی كامێرایه‌كه‌وه‌ كه‌ حیكایه‌تی تاكێكی نامۆمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌.
له‌ كۆپله‌ی دووه‌مدا كامێراكه‌ ده‌بێته‌ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی و دوو دیمه‌ن له‌یه‌ك ده‌دات، دیمه‌نی ڕابردوو كه‌ خودی شاعیر تیایدا غائیبه‌و هه‌نگاوه‌كانی دێنو ده‌چن، هه‌ناسه‌كانی دێن و ده‌چن، له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌كانی ئێستای كه‌ خۆی له‌ كامێراكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام سه‌رڕێژ له‌ تابلۆی سوریالی قه‌شه‌نگ كه‌ لێوردبوونه‌وه‌و ستایشكردنیان پێویسته‌. وا ده‌رده‌كه‌وێت باسی سیمفۆنیای سه‌یرانێكی ئاڵوواڵای ئاوه‌ژوو ده‌كات، به‌ گێڕانه‌وه‌ی تابلۆكان بۆ واقیع لێی تێده‌گه‌ین و به‌م جۆره‌ ده‌توانین پارچه‌ په‌رتبووه‌‌كان له‌یه‌ك بده‌ین:
ره‌نگێك هه‌ڵده‌ده‌م  (ده‌ق)  X چه‌ترێك یان خێوه‌تێك هه‌ڵده‌ده‌م (واقیع)
ده‌نگێك ده‌پرژێنم (ده‌ق)   X  عه‌ترێك (بۆن) ده‌پرژێنم  (واقیع)
هه‌نگاوێك داده‌نێم (ده‌ق)  X (بۆ هه‌ڵبژارنی جۆراوجۆری خوێنه‌ر) ----- داده‌نێم
به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ره‌نگ شێوه‌و فۆرمه‌، ده‌نگ یان زمان:  ناواخن و هه‌سته‌، هه‌نگاویش (جوڵه‌) یه‌، كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین كردنه‌وه‌ی گیانه‌ به‌ به‌ری ژیانێكی نوێدا. هه‌رچه‌نده‌ وێنه‌گرتنی ئه‌مانه‌ش له‌ داهاتوودا ده‌بن به‌ حیكایه‌ت و كۆن ده‌بن، له‌ گۆشه‌یه‌كی بچووكی ئه‌م ژیانه‌وه‌ ون ده‌بن و كه‌سێك یادیان ناكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بووبن.
جێی خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌ین  میتافۆری سێبه‌ر زۆر به‌هێز به‌ چه‌ند مانایه‌كی جیا له‌م ده‌قه‌دا به‌كارهێنراون، له‌وانه‌:
سێبه‌رێك واقی وڕماوه‌.. لێم نابێته‌وه‌ = منی ئێستای بزر
پیربوونی سێبه‌ره‌كان و نه‌مردنیان = گیان
ره‌سمی سێبه‌رێك ده‌گرم: هه‌ڵماقۆ/ په‌تپه‌تێن .. تاد = منداڵیی
هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌ی سێبه‌ره‌كان له‌ كاتی په‌تپه‌تێندا (سێبه‌ره‌كان له‌ حاڵه‌تی كۆدان) = هاوڕێكانی منداڵی یاخود هاوه‌ڵ و ئازیزانی كۆچكردوو.
ململانێی به‌رده‌وام له‌ ده‌قه‌كه‌دا
به‌ گشتی له‌م ده‌قه‌دا كێشه‌و ململانێیه‌كی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌ نێوان بابه‌ت و زماندا، زمان جارانێك ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها وه‌رده‌گرێت و زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر فۆرمدا، پاشتر بابه‌ت و بیرۆكه‌ ده‌یه‌وێت زمان ژێربار بخات و ته‌نانه‌ت له‌ ساده‌بوونه‌وی زمان‌دا له‌ گه‌لێ جێگادا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هیچ گوێ به‌ زمانی شیعر نه‌دات و له‌ به‌رانبه‌ریشدا له‌ داو و گرێی شیعره‌كه‌وه‌ ده‌گلێ و بۆیه‌ یان به‌ هێندی وه‌رناگرێ یاخود له‌ ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعره‌كه‌دا‌ ئه‌و ره‌گه‌زه‌ بزرده‌بێت، بۆ نموونه‌ ئه‌و بێ په‌نا بردن به‌ هونه‌ره‌كانی ره‌وانبێژی راسته‌وخۆ و به‌ زمانێكی بێ گرێ و گۆڵ ده‌ڵێت: 
كامێراكه‌م به‌رانبه‌ر كه‌لاوه‌یه‌ك رێده‌خه‌م
یان
به‌رانبه‌ر به‌ دیمه‌نێك كامێراكه‌م داده‌نێم
له‌ كۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌م هه‌وڵه‌ جیاوازه‌ی شاعیر ده‌كه‌م و هیواداریشم له‌ هه‌موو شاعیره‌ جیاوازو ئه‌فرێنه‌ره‌كان هه‌وڵی جیدی نیشان بده‌ن و ئومێده‌وارم نووسینی شیعری له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ بدات و به‌ ڕه‌نگو بۆیه‌كی داهێنه‌رانه‌وه‌ شاعیره‌كان ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن  و شه‌یدایانی ده‌قی باش ئاسووده‌ ‌بكه‌ن و ره‌خنه‌گرانی ئه‌كادیمی و زانستی بهێننه‌ جۆش و خرۆش.

په‌راوێزو سه‌رچاوه‌كان‌:
1- زمان و فیكر له‌ نێوان تێۆرو پراكتیكدا، نه‌جات حه‌مید  . 2013   .ل 10 و 22.
2- شه‌ڕی زمان له‌ پێناو ته‌ئویلكردنی ده‌قدا، عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا. 2010. ل 178
3- - زمان و فیكر له‌ نێوان تێۆرو پراكتیكدا، نه‌جات حه‌مید  . 2013   ڵ21،40
4- poets.org/poetsorg/text/brief-guide-language-poetry
5- The Language of Poetry. Kenneth Koch ، May 14, 1998 Issue.The New York Review
6- پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ، ژماره‌ 941، لاپه‌ڕه‌ 1، شیعری كامێرا، ڤینۆس فایه‌ق.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7300
22/6/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ یۆرۆی لاوان 22/6/2017
‌ رۆناڵدۆ كه‌ی ده‌چێته‌ دادگا؟ 22/6/2017
زانست
‌ دروستبوونی ورگ و هۆكار و چاره‌سه‌ر 22/6/2017
‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌ پیرۆ 22/6/2017
‌ ناسا : له‌ خۆر نزیك ده‌بێته‌وه‌ 22/6/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP