ئه‌رگیومێنتی‌ دژه‌كان
ئه‌رگیومێنتی‌ دژه‌كان ‌ 16/2/2017
ئه‌رگیومێنتی‌ دژه‌كان نوێترین به‌رهه‌می‌ لێكۆڵه‌ر و شاعیر دانا عه‌سكه‌ره‌، ئه‌م كتێبه‌ دواهه‌مین به‌رهه‌می‌ چاپكراوی‌ نووسه‌ره‌ و یه‌كه‌مین به‌رهه‌می‌ چاپكراوی‌ ناوه‌ندی‌ دیالۆگه‌، ده‌بێ‌ سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی‌ له‌ به‌ڕێوبه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی‌ ئه‌م ده‌زگا رۆشنبیرییه‌ نوێیه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ رۆشنبیریی‌ و دنیای‌ رۆشنگه‌ری‌ كه‌ركوكدا دروست بووه‌ و ورده‌ ورده‌ ده‌ستی‌ به‌ كاره‌كانی‌ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ كۆڕ و سیمیناره‌ به‌رده‌وامه‌كانیدا بوێرانه‌ بڕیاری‌ چاپكردنی‌ كتێبی‌ داوه‌ له‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌دا، یه‌كه‌م چاپكراویشیان ئه‌م كتێبه‌ی نووسه‌ر دانا عه‌سكه‌ره‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و فیكری‌ و ڕه‌خنه‌یی‌ پێكدێ‌، نووسه‌ر به‌ده‌ر له‌م كتێبه‌ خاوه‌نی‌ كۆمه‌ڵێك كتێبی‌ دیكه‌یه‌ له‌وانه‌: ململانێ‌ له‌گه‌ڵ پرسیاردا، ره‌هه‌نده‌ فینۆمینۆلۆجی‌ و ئاراسته‌ ناوه‌كییه‌كانی‌ ده‌ق، مانا و ده‌لاله‌ته‌ شاراوه‌كانی‌ ده‌ق و چه‌ندین به‌رهه‌می‌ دیكه‌.  
با بێینه‌ سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ نوێیه‌ی‌ نووسه‌ر كه‌ له‌ دووتوێی‌ 391 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه‌، و وه‌ك وتمان له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ ناوه‌ندی‌ دیالۆگه‌ و هه‌رێم عوسمان دیزاینی‌ كردووه‌ و له‌ چاپخانه‌ی‌ كارۆ چاپ كراوه‌، نووسه‌ری‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌ پێشه‌كییه‌كه‌یدا ده‌ڵێ‌ : ... جه‌وهه‌ری‌ باسه‌كه‌ی‌ من له‌م كتێبه‌دا وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی‌ فیكری‌ و ره‌خنه‌یی‌ به‌ ناونیشانی‌ ئه‌رگیومێنتی‌ دژه‌كان، له‌ سێ‌ ئه‌رگیومێنتی‌ جیاواز ده‌خه‌مه‌ ڕوو. ئه‌وانیش به‌شی‌ یه‌كه‌م لێدان له‌ دیسكۆرسی‌ شیعری‌ باو به‌شی‌ دووه‌م كۆنسێپتی‌ هزری‌ ئازاد. به‌شی‌ سێیه‌م ره‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌. لێدان له‌ دیسكۆرسی‌ شیعری‌ باو.. له‌ناو كۆی‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌م كتێبه‌دا شوێنێكی‌ تایبه‌تی‌ لای‌ من هه‌یه‌. ئه‌ویش به‌ مه‌به‌ستی‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی‌ دیسكۆرسی‌ ئه‌ده‌بی‌ كوردی‌ و رزگاركردنی‌ له‌م دونیا به‌سه‌رچووه‌ی‌ كه‌ كۆی‌ دیده‌كانی‌ تێدا له‌ شوێنێك دوورتر له‌م دنیا مۆدێرنه‌ به‌جێماوه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ چاڵێكه‌وه‌ ئێمه‌ خۆمان نه‌بین كه‌سی‌ تر نایبینێ‌، كه‌سی‌ تر نه‌ له‌ زمانی‌ ده‌گات و نه‌ گوێی‌ له‌و ده‌نگه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ هه‌ژاریدا خه‌ریكه‌ سێ‌ گۆشه‌ی‌ به‌رمۆدا قووتی‌ ده‌دات.
بۆ نێوه‌ندی‌ ئه‌ده‌بیات و فیكر ره‌خنه‌ و دنیای‌ ڕه‌خنه‌سازی‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ گرنگترین شتێكه‌، كاتێ‌ تێكستی‌ جوان و داهێنه‌رانمان هه‌یه‌ ده‌بێ‌ تێكستی‌ ره‌خنه‌ییشمان هه‌بێ‌، چون ره‌خنه‌ خاڵی گرنگی‌ نووسینه‌ بۆ پێشخستنی‌ ئه‌ده‌بیات و فیكر. له‌ نێوه‌ندی‌ فیكر و ئه‌ده‌بیاتی‌ كوردیدا ره‌خنه‌ی‌ جیدی‌ حزوری‌ كه‌مه‌ و به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نووسن زۆر به‌كه‌م به‌لای‌ ره‌خنه‌دا ده‌چن و زۆرتر نووسینه‌كان جۆرێك له‌ وه‌سف و مه‌تح، یان جوینه‌وه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و تێكسته‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر له‌سه‌ری‌ ده‌نووسێ‌. زۆر به‌كه‌می‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌كادیمی‌ به‌پێوه‌ری‌ رێگه‌ و رێچكه‌ی‌ ره‌خنه‌ساز دا ده‌ڕوات. ده‌شێ‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ تێكستی‌ داهێنه‌ران و تازه‌گه‌ر لای‌ ئێمه‌ كه‌مه‌ن، چون بواری‌ ره‌خنه‌سازیمان لاوازه‌ و كه‌مترین ره‌خنه‌ی‌ فیكری‌ و ئه‌ده‌بی‌ مان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی‌ ده‌نووسرێ‌ به‌ناوی‌ ره‌خنه‌وه‌ زۆرتر خوێندنه‌وه‌، یان رانانی‌ كتێبه‌، یان مه‌تح و زه‌مه‌.  ئه‌م كتێبه‌ی‌ دانا عه‌سكه‌ر ئه‌رگیومێنتی‌ دژه‌كان، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی‌ ره‌خنه‌یییه‌، نووسه‌ر په‌نجه‌ی‌ خستوه‌ته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك باسی‌ ئه‌ده‌بی‌ و فیكری‌ و ره‌خنه‌یی‌، شه‌رح و ته‌فسیری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ بۆ ئه‌و تێكستانه‌ كردووه‌ كه‌ خوێندویه‌تێوه‌ و له‌باره‌یانه‌وه‌ شیكاری‌ كردوه‌. به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌ پێشتر له‌ بڵاوكراوه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7226
28/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵاوتنی مۆندیال ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ 28/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ راماڵینی ركابه‌ره‌كانی به‌رده‌وامه‌ 28/3/2017
زانست
‌ دۆزینه‌وه‌ی دوو په‌یكه‌ری پاشا‌ له‌ پایته‌ختی میسر 28/3/2017
‌ ته‌ندروستی جیهانی: پیسبوونی ژینگه‌ هۆكاری مردنی مناڵانه‌ 28/3/2017
‌ ته‌لەسكۆبی هابل دوو وێنه‌ی ناوازه‌ی گه‌ردوون ده‌گرێت 28/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP