كالڤینۆ چۆنچۆنی ده‌ینووسی؟
كالڤینۆ چۆنچۆنی ده‌ینووسی؟ ‌ 16/2/2017
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم
ئه‌گه‌ر چیرۆكنووسین به‌ پیشه‌یه‌ك بزانین، به‌ ناچاری ده‌بێت به‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی له‌ كار و هونه‌ر بزانین. نووسه‌ر به‌ده‌ر له‌ داهێنان و هونه‌ره‌كه‌ی چه‌ندین سه‌عاتی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك وه‌كو كارمه‌ندێك سه‌رقاڵی نووسین ده‌بێت. هه‌ر نووسه‌رێك له‌ كاتی نووسیندا خوو و خده‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. باسكردن له‌ شێوازه‌كانی نووسین هه‌وڵێكه‌ بۆ نیشاندانی خوو و نه‌ریتی نووسه‌رانی به‌ناوبانگ له‌ كاتی نووسیندا. ئیتالۆ كالڤینۆ (15ی ئۆكتۆبه‌ری 1923- 19ی سێپته‌مبه‌ری 1985) یه‌كێكه‌ له‌ نووسه‌ره‌ گه‌وره‌ ئیتالیاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. له‌ به‌رهه‌مه‌كانی: (بارونی سه‌رداره‌كان-رۆمان)، (ڤیكۆنتی دوو له‌ت بوو-رۆمان)، (ئه‌فسانه‌ ئیتالییه‌كان-چیرۆك و ئه‌فسانه‌)، (ئه‌گه‌ر شه‌وێك له‌ شه‌وانی زستان رێبوار بی- رۆمان)، (شا گوێ ده‌گرێت-كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك) هتد. كالڤینۆ تیۆرسین و نووسه‌ر و په‌یامنێر بوو، فه‌زای ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێك له‌ رۆماننووس و چیرۆكنووسه‌ گه‌وره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌می ئیتالیای له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن. كالڤینۆ له‌ گفتوگۆیه‌كدا كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڤاری سه‌نگینی (پاریس ریڤیو) كردوێتی به‌م شێوه‌یه‌ باسی شێوازی نووسینی خۆی ده‌كات:

(به‌ قه‌ڵه‌م جاف ده‌نووسم و زۆر زۆر ده‌سكاری ده‌كه‌م. پێویسته‌ بڵێم زیاتر له‌وه‌ی بنووسم خه‌تی به‌سه‌ردا ده‌هێنم. له‌ كاتی قسه‌كردندا بۆ په‌یداكردنی وشه‌ له‌ناو زیهنمدا راوی وشه‌ ده‌كه‌م، له‌ كاتی نووسینشیدا هه‌مان كێشه‌م هه‌یه‌. گه‌لێ وشه‌ زیاد ده‌كه‌م و به‌رده‌وام برۆم به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌و له‌ وشه‌كان ورد ده‌بمه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ به‌ وردی ده‌نووسم كه‌ جاریوایه‌ خۆشم ناتوانم ده‌ستوخه‌تی خۆم بخوێنمه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ زه‌ڕه‌بین به‌كارده‌هێنم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم چیم نووسیوه‌؟ دوو ده‌ستوخه‌تی جیاوازم هه‌یه‌. یه‌كێكیان گه‌وره‌یه‌ به‌ پیتی گه‌وره‌ و نێوانی وشه‌كان بۆشایی تێدایه‌، له‌ كاتی نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسی یه‌كه‌مدا یان له‌ كاتێكدا دڵنیام له‌وه‌ی نووسیومه‌، ئه‌م ده‌ستوخه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌كارده‌هێنم. ده‌ستوخه‌ته‌كه‌ی تر په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ زینهی نا دڵنیامه‌وه‌ هه‌یه‌و زۆر ورده‌ و پیته‌كان هێنده‌ی خاڵێك ده‌بن. تێگه‌یشتن و كه‌شفكردنی ده‌ستوخه‌تێكی ئاوا بۆ خۆشم دژواره‌. 
لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ستنووسی من هه‌میشه‌ پڕن له‌ خه‌ت و ده‌سكاریكردن و چاكردن. سه‌روه‌ختێ چه‌ندان نوسخه‌ ده‌ستنووسم هه‌بوو. ئێستا دوای نووسینی نوسخه‌ی یه‌كه‌م، كه‌ وه‌كو شه‌ڕه‌پشیله‌ وایه‌، ده‌ست ده‌كه‌م به‌ تایپكردن و كه‌شفكردنی ئه‌وه‌ی نووسیومه‌.
كاتێ نوسخه‌ تایپكراوه‌كه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، ده‌قێكی ته‌واو جیاواز له‌ ده‌ستنووسه‌كه‌ كه‌شف ده‌كه‌م كه‌ به‌ویشدا ده‌چمه‌وه‌. دوایی دیسان ده‌سكاری ده‌كه‌م. سه‌ره‌تا له‌ هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كدا هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌ تابیعه‌كه‌ ده‌سكاریكردنه‌كانم چاك بكه‌م، پاشان به‌ ده‌ست هه‌ندێ ده‌سكاری نوسخه‌ تایپكراوه‌كه‌ ده‌كه‌م. جاریوایه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌سكاری ده‌كه‌م هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌ ناخوێنرێته‌وه‌، دیسان تایپی ده‌كه‌مه‌وه‌. ئیره‌یی به‌و نووسه‌رانه‌ ده‌به‌م كه‌ به‌بێ ده‌سكاریكردنی بابه‌ته‌كانیان ده‌نووسن. 
وام داناوه‌ كه‌ هه‌موو رۆژێك بنووسم، به‌ڵام به‌یانی كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌سم، هه‌ر بیانوویه‌ك ده‌هێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نووسین رابكه‌م: ده‌بێت بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌، شت بكڕم و رۆژنامه‌ش بكڕم. وه‌كو پره‌نسیپ و رێسایه‌ك، سه‌رله‌به‌یانی نووسین له‌ خۆم حه‌رام ده‌كه‌م، هه‌ر بۆیه‌ پاشنیوه‌ڕوان داده‌نیشم و ده‌نووسم. به‌خێرێ من نووسه‌رێكم كه‌ رۆژانه‌ ده‌نووسم، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانی نووسین له‌ خۆم حه‌رام ده‌كه‌م، ده‌بمه‌ نووسه‌رێك كه‌ عه‌سران ده‌نووسێت. شه‌وانیش ده‌توانم بنووسم، به‌ڵام كه‌ وا ده‌كه‌م ئیتر خه‌وم لێناكه‌وێ، بۆیه‌ به‌ شه‌و نانووسم.
هه‌میشه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كم هه‌یه‌. لیستێكی بیست كتێبیم هه‌یه‌ كه‌ ده‌مه‌وێ بیاننووسم، به‌ڵام سه‌روه‌ختێ كه‌ ده‌ڵێم ده‌مه‌وێ ئه‌م كتێبه‌ بنووسم. ته‌نیا هه‌ندێ جار رۆماننووسم. زۆرجار كتێبه‌كانی من له‌ ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌دانانی چه‌ند ده‌قێكی كورت و كورته‌ چیرۆك و شتی تریان لێده‌رچووه‌، كتێبه‌كانی من فۆرمێكی گشتییان هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌قی جیاواز له‌ خۆیان ده‌گرن.
به‌لای منه‌وه‌ پلانی كتێبێك له‌ چوارچێوه‌ی بیرۆكه‌یه‌كدا مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه‌. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ پلانی كتێبێكه‌وه‌ خه‌ریك ده‌بم، وه‌كو تایتڵێك فۆرمی چیرۆك داده‌نێم كه‌ دواتر بینووسم، دیاره‌ سوودی نییه‌ بۆم، ده‌یخه‌مه‌ لاوه‌، ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ فۆرمه‌ڵه‌ ده‌كات خودی نووسراوه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كان جێی خۆی گرتووه‌.
له‌ سه‌ره‌تای كاره‌كه‌مدا زۆر خاوم. ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌ی رۆمانێكم هه‌بێت هه‌موو بیانوویه‌كی قه‌ناعه‌ت پێهێنه‌ر ده‌هێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ینووسم. ئه‌گه‌ر كتێبێك بنووسم چه‌ند كورته‌ چیرۆكێك و چه‌ند ده‌قێكی كورت له‌ خۆی بگرێت، هه‌ریه‌كه‌ له‌وانه‌ خاڵی ده‌ستپێكی خۆی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ستپێكی وتاریشدا زۆر خاوم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وتارێك بۆ رۆژنامه‌یه‌كش بێت هه‌مان كێشه‌ی ده‌ستپێكم هه‌یه‌. به‌ڵام كاتێ ده‌ستمپێكرد ئیتر خێرام. به‌ ده‌ربڕینێكی تر من به‌خێرایی ده‌نووسم. به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی زۆر له‌ نێوان نووسینه‌كانمدا هه‌یه‌. وه‌كو حیكایه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌ چینییه‌ وایه‌، کە ئیمپراتۆر داوای لێكرد وێنه‌ی قرژاڵێكی بۆ بكێشێت. هونه‌رمه‌نده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ كه‌ پێویستی به‌ ده‌ ساڵ و خانوویه‌كی گه‌وره‌و بیست خزمه‌تكار هه‌یه‌. ده‌ ساڵ تێپه‌ڕی و ئیمپراتۆر سۆراخی وێنه‌ی قرژاڵه‌كه‌ی كرد. هونه‌رمه‌نده‌كه‌ وتی پێویستی به‌ دوو ساڵی تر هه‌یه‌. پاشان وتی پێویستی به‌ یه‌ك حه‌فته‌ هه‌یه‌. ئاخری قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ یه‌ك ده‌قه‌ وێنه‌ی قرژاڵه‌كه‌ی كێشا.
هه‌میشه‌ به‌ بیرۆكه‌یه‌كی بچووك، یان به‌ وێنه‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كه‌م و گه‌وره‌ی ده‌كه‌م. راسته‌ كه‌ له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا پلانی به‌رهه‌مه‌كانم رۆڵێكی زۆر گرنگی هه‌بوو، له‌وانه‌یه‌ رۆڵێكی زۆر گرنگی هه‌بووبێ. به‌ڵام ته‌نیا كاتێ هه‌ست ده‌كه‌م پلانێكی پته‌وم هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێ له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ، دڵنیا ده‌بم به‌رهه‌مه‌كه‌م گه‌یشتۆته‌ كۆتایی. بۆ نموونه‌ كاتێ ده‌ستم به‌ نووسینی رۆمانی (شاره‌ نه‌بینراوه‌كان) كرد، وێناكردنێكی سه‌ره‌كیم سه‌باره‌ت به‌ چوارچێوه‌و پلانی رۆمانه‌كه‌ هه‌بوو. به‌ڵام ورده‌ ورده‌ پلانی رۆمانه‌كه‌ وه‌ها گرنگ بوو كه‌ خه‌می هه‌موو كتێبه‌كه‌ی له‌ كۆڵ كرد. پلانی كتێبه‌كه‌ بوو به‌ پلانی كتێبێك كه‌ له‌ بێخه‌وه‌ پلانی رۆمان نه‌بوو. سه‌باره‌ت به‌ كتێبی (كۆشكی چاره‌نووسه‌ پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌كان)یش ده‌توانین هه‌مان شت بڵێین. پلانی كتێب خودی كتێبه‌كه‌یه‌.
به‌ڵام پاشان سه‌باره‌ت به‌ پلانی كتێب وه‌ها تووشی دوودڵیی بووم  كه‌ خه‌ریك بوو شێت ده‌بووم. بۆ نموونه‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆمانی (ئه‌گه‌ر شه‌وێك له‌ شه‌وانی زستان رێبوار بی) ده‌توانم بڵێم ئه‌م رۆمانه‌ به‌بێ پلانێكی زۆر ورد و حساب بۆ كراو له‌ بێخه‌وه‌ فۆرمه‌ڵه‌ نه‌ده‌بوو.
پێموایه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ستی چێژێكی تایبه‌تم پێ ده‌به‌خشێ. هه‌ڵبه‌ته‌ نابێ ئه‌م شتانه‌ به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌ گرنگ بن. مه‌سه‌له‌ی گرنگ چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ كتێبه‌كانی من، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی من له‌ كاتی نووسیندا چی ده‌كه‌م.
ئه‌زموونی ژیانی رۆژانه‌ كار له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ینووسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كاتی نووسیندا له‌ كوێی زۆر كاریگه‌ریی نییه‌. بۆ نموونه‌ حاڵی حازر كتێبێك ده‌نووسم كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ (توسكانی)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستی نووسینه‌كه‌دا بڕۆم بۆ جێگایه‌كی دیكه‌ نووسینه‌كه‌م گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت.)
سه‌رچاوه‌: http://www.bartarinha.ir


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7226
28/3/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ پاڵاوتنی مۆندیال ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ 28/3/2017
‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ راماڵینی ركابه‌ره‌كانی به‌رده‌وامه‌ 28/3/2017
زانست
‌ دۆزینه‌وه‌ی دوو په‌یكه‌ری پاشا‌ له‌ پایته‌ختی میسر 28/3/2017
‌ ته‌ندروستی جیهانی: پیسبوونی ژینگه‌ هۆكاری مردنی مناڵانه‌ 28/3/2017
‌ ته‌لەسكۆبی هابل دوو وێنه‌ی ناوازه‌ی گه‌ردوون ده‌گرێت 28/3/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP