خاوبوونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكـردنی موسڵ...هۆكار‌و ده‌ره‌نجامه‌كان
خاوبوونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكـردنی موسڵ...هۆكار‌و ده‌ره‌نجامه‌كان ‌ 3/1/2017
سه‌لاح ره‌نجده‌ر
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق له‌ڕووباری دیجله‌، چاودێران‌و ناوه‌نده‌ جیاجیاكان له‌ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ ده‌كه‌نه‌وه‌و تا دێ گومانه‌كان له‌باره‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی پرۆسه‌كه‌وه‌ له‌كاتێكی نزیكدا‌و به‌پێی ئه‌و وادانه‌ی سه‌ركرده‌كانی عیراق رایانگه‌یاندووه‌، زیاتر ده‌بێت.
خاوبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ سه‌بازییه‌كان
هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا سوپا‌و هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا لێبڕاوانه‌ ده‌جه‌نگن‌و تائێستاش له‌كۆی 65 گه‌ڕه‌كی ئه‌و شاره‌ توانیویانه‌ 40 گه‌ڕه‌ك ئازادبكه‌ن‌و له‌ڕووباری دیجله‌ نزیكببنه‌وه‌، به‌ڵام خاوبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ سه‌بازییه‌كان گه‌یشتۆته‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك، كه‌ به‌(گیرخواردوو) ناوده‌برێت‌و كه‌س ناتوانێت چاوی له‌ئاستدا بنوقێنێت، ده‌كرێت خاو به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و پرۆسانه‌ بۆ ئه‌م فاكته‌رانه‌ بگێڕینه‌وه‌:
-تاكتیكی به‌رگریی داعش به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رێگا له‌ڕاماڵینی هێزه‌ به‌رگریكاره‌كانی ناو موسڵ ده‌گرێت به‌پشتبه‌ستن به‌ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو یان بۆمبڕێژكردنی ماڵان‌و به‌كارهێنانی تیپه‌ تایبه‌ته‌كانی نیشانگره‌كان، كه‌ داعش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دروستی كردوون، هه‌موو ئه‌مانه‌ كاتی زۆری ده‌وێت بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌و ریشه‌كێشكردن یان لابردنیان.
-بوونی خه‌ڵكانی سڤیل یان گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی دانیشتووانی سڤیل بۆ گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كان، كه‌ كێشه‌ی هه‌مه‌جۆر بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دروستده‌كه‌ن.
-كه‌متوانایی هێزه‌كانی سوپا له‌شه‌ڕی ناوشاردا له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، كه‌ ئه‌زموونی زۆریان له‌مڕووه‌وه‌ لا كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌شداریی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سنووردار كراوه‌‌و سوپاش له‌ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانیدا ماندووبوونی پێوه‌دیاره‌.
زیاتر له‌ (1700) سه‌ربازی ئه‌مریكی
له‌م سه‌ر‌وبه‌نده‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له‌ڕۆژی 26/12/2016 راگه‌یاند‌و عیراقییه‌كانی له‌سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كان له‌كاتی نه‌خشه‌ بۆ كێشراوی خۆیدا دڵنیاكرده‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سستی له‌به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ جه‌نگییه‌كاندا ترس‌و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌وه‌یان لای ناوه‌نده‌ ئه‌مریكی‌و عیراقییه‌كان هێناوه‌ته‌ئاراوه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌كاتی پلان بۆ دانراوو چاوه‌ڕوانكراوی خۆیدا به‌ئه‌نجام نه‌گات‌و ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراوی لێ بكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ له‌ئێستادا زیاتر له‌ (1700) سه‌ربازی له‌نزیك موسڵ هه‌یه‌، خۆی بۆ به‌شداریكردن له‌شه‌ڕی ئازادی موسڵ ئاماده‌ده‌كات، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی تۆپخانه‌ی ئه‌مریكا هاریكاریی مه‌یدانیی هێزه‌كانی عیراقیان ده‌ستپێكردووه‌.
تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپای عیراق
هه‌روه‌ك فه‌رمانده‌ی ئه‌مریكی كۆڵۆنێل بریت. جی. سیلڤیا له‌مڕووه‌وه‌ رۆژی 24/12/2016 خۆئاماده‌كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكای بۆ تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپای عیراق به‌مه‌به‌ستی خێراكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ جه‌نگییه‌كانی موسڵ راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو چۆنێتی یه‌كگرتن یان تێكه‌ڵكردنه‌كه‌ی رووننه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزی جه‌نگاوه‌ری ئه‌مریكا بۆ به‌شداریی راسته‌وخۆ له‌شه‌ڕه‌كان زیاتر له‌پرسیارێك ده‌وروژێنێت‌و ده‌رگا له‌سه‌ر چه‌ندین ئه‌گه‌ری ئاینده‌یی ده‌كاته‌وه‌.
نه‌خشه‌كێشانی چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌
زۆر لایه‌نی عیراقی‌و ئێرانیش ترسی خۆیان سه‌باره‌ت به‌لێكه‌وته‌كانی هاتنی زیاتری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌موسڵ‌و رۆڵی پاشه‌ڕۆژی ئه‌م هێزانه‌ له‌نه‌خشه‌كێشانی چاره‌نووسی ناوچه‌كه‌ ناشارنه‌وه‌، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا فه‌رمانده‌و وته‌بێژه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی‌و فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق به‌وریاییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی پرسی خاوبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌شداریی هێزی پیاده‌و تۆپخانه‌‌و زرێپۆشی ئه‌مریكا له‌شه‌ڕه‌كاندا لێدوان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هێزی داعشدا له‌شارێكی گه‌وره‌ی وه‌ك موسڵ‌و دابینكردنی ئه‌من‌و ئاسایش تیایدا زۆر له‌توانای سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق گه‌وره‌تره‌، ئه‌مه‌ش ده‌رگای ده‌ستتێوه‌ردان بۆ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خاته‌ سه‌رپشت، كه‌ تاكه‌ هێزی نێوده‌وڵه‌تیی فریادڕه‌سه‌ بتوانێت به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منیی ساڵی 2008ی نێوانیان، هاوكاریی عیراق بكات بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی جه‌نگ له‌موسڵ‌و پارێزگاری كردن له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپای عیراق له‌شاره‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كاندا.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7320
21/7/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ نه‌یمار هه‌رگیز ناچێته‌ پاریس سانجێرمان 20/7/2017
‌ جۆ هارت چووه‌ وێستهام 20/7/2017
زانست
‌ دەریا: من و فۆتۆ و کامێرا هاوڕێی هەمیشەیین 21/7/2017
‌ لە بارەی ڕێکخراوی ״کوردستان فۆتۆ״ 21/7/2017
‌ رەسوڵ خوڕڕەم: ده‌مه‌وێ به‌ فۆتۆ جوانییەکانی کوردستانێکی ئارام پێشانی ئه‌وروپیەکان بدەم 21/7/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP