بریتانییه‌كان حه‌زناكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان
بریتانییه‌كان حه‌زناكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان ‌ 6/1/2017
الزمان
دوای‌ رووداوه‌ گه‌وره‌كه‌، دوای‌ بریكزێت، واته‌ ده‌نگدانی‌ زۆرینه‌ی‌ بریتانییه‌كان بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و هاووڵاتییه‌ بریتانیانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بریتانیا ده‌ژین، بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان، هه‌ندێكیشیان هه‌ر نایانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌یانه‌وێ هه‌مان ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان هه‌بێت كه‌ هاووڵاتییه‌كی‌ وڵاتانی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا هه‌یانه‌. ئه‌و بریتانیانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان‌و له‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپادا ده‌ژین كه‌م نین‌و ژماره‌یان ده‌گاته‌ ملیۆنێك‌و 200 هه‌زار كه‌س.
جه‌یسن نایت ته‌مه‌نی‌ 37 ساڵه‌‌و خه‌ڵكی‌ شاری‌ برایتۆن-ی‌ باشووری‌ ئینگلته‌ره‌یه‌، ئێستا له‌ سوید ده‌ژی‌‌و وه‌ك یاریده‌ده‌ری‌ مامۆستا كار ده‌كات. جه‌یسن ماوه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ جیابۆته‌وه‌‌و بیری‌ خێزان‌و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌كات، بیری‌ له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بریتانیا، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بڕیاری‌ جیابوونه‌وه‌یان دا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، بڕیاری‌ دا له‌ سوید بمێنێته‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ: تووشی‌ بێهیوایی بووم له‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌م‌و ده‌نگدانیان به‌ جیابوونه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستا زۆر حه‌ز ده‌كه‌م دوور بم له‌ وڵاته‌كه‌م‌و سوود له‌و ده‌ستكه‌وت‌و مافانه‌ وه‌ربگرم كه‌ هاووڵاتییه‌كی‌ ئاسایی له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپادا هه‌یه‌. جه‌یسن ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌و پێی‌ وایه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ داوه‌، ژیانی‌ ناو یه‌كێتیی ئه‌وروپایان تاقی‌ نه‌كردۆته‌وه‌.
له‌ دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌وه‌ بۆ بریكزێت، زۆر كه‌س له‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ تووشی‌ شۆك بوون‌و بیریان له‌وه‌ كرده‌وه‌ بریتانیا جێ بهێڵن، سه‌ردانی‌ ماڵپه‌ڕه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ كۆچ بۆ كه‌نه‌دا‌و نیوزلاند به‌ شێوه‌یه‌كی‌ شێتانه‌ زیادی‌ كرد. له‌ لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌و ملیۆن‌و 200 هه‌زار بریتانییه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یان‌و له‌ ناو وڵاتانی‌ تری‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌ژین نیگه‌ران بوون، له‌ نێوان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان‌و مانه‌وه‌یان له‌ تاراوگه‌كه‌ی‌ خۆیان، چونكه‌ مانه‌وه‌یان مافی‌ هه‌ر هاووڵاتییه‌كی‌ تری‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ ئه‌وانیش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، وه‌ك سه‌فه‌ری‌ بێ ڤیزه‌‌و كار كردن له‌ هه‌ر وڵاتێك بیانه‌وێ‌و چاودێری‌ ته‌ندروستی‌. له‌ رووی‌ یاساییشه‌وه‌ پسپۆڕان ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بریتانیانه‌ ده‌ر بكرێن كه‌مه‌. جه‌یسن بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ داوای‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ سویدی‌ بكات‌و یه‌كه‌م كه‌سیش نییه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، چونكه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ ده‌ری‌ خستووه‌، له‌ 18 وڵاتی‌ ئه‌ندامی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا رێژه‌ی‌ داواكارانی‌ ره‌گه‌زنامه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ رابردوو 250% زیادی‌ كردووه‌.
فیكی‌ هامبتن كچێكی‌ ته‌مه‌ن 36 ساڵی‌ بریتانییه‌‌و 11 ساڵه‌ له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژی‌، له‌ دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌ی‌ بریتانیا بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، فیكی‌ بڕیاری‌ دا شو بكات به‌ هاوڕێ ئه‌مریكاییه‌كه‌ی‌ كه‌ هه‌ر له‌ هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵی‌ ده‌ژی‌‌و  له‌و وڵاته‌دا ژیانێكی‌ نوێ پێك بهێنن. فیكی‌ ده‌ڵێ: من له‌و كه‌سانه‌م كه‌ به‌رگری‌ له‌ مافی‌ ژنان ده‌كه‌م، هه‌رگیز نه‌مده‌ویست شو بكه‌م، چونكه‌ سڵ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ نه‌ریتی‌ ژن‌و مێردایه‌تی‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ باوكسالاری‌ به‌سه‌ریدا زاڵه‌، به‌ڵام بۆ ئێستای‌ ژیانمان‌و مانه‌وه‌مان له‌ هۆڵه‌ندا، شو كردنم به‌ هاوڕێكه‌م، كه‌ بێگومان خۆشیشم ده‌وێ، چاره‌سه‌رێكی‌ گونجاوه‌.
چی‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌ت له‌ وڵاتێكدا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو كه‌ بتوانی‌ داوای‌ ره‌گه‌زنامه‌ بكه‌یت؟ چی‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر بته‌وێ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت حه‌ز بكه‌یت بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ بریتانیا؟ چی‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وێ هه‌رگیز بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ بریتانیا، به‌ڵام حه‌ز بكه‌یت له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ت هه‌ر بریتانی‌ بیت؟ ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ رۆژانه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ نێوان بریتانییه‌كاندا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێن‌و هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ش نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ بریتانییه‌كان له‌ دوای‌ بریكزێت نیگه‌رانن.
كاترین هیگینسن بریتانییه‌‌و له‌ شاری‌ بیاریتزی‌ باشووری‌ فه‌ره‌نسا ده‌ژی‌‌و ده‌ڵێ: ئه‌و بریتانیانه‌ی‌ له‌ تاراوگه‌ ده‌ژین زۆر نیگه‌رانن، ئه‌وه‌ش كه‌ خه‌ڵكی‌ زیاتر نیگه‌ران كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌رچوونی‌ بریتانیا نرخی‌ پاوه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ یۆرۆ دابه‌زیوه‌، چونكه‌ ئه‌و دابه‌زینه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ مووچه‌‌و خانه‌نشینییه‌كه‌یان به‌ پاوه‌ن وه‌رده‌گرن. كاترین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ داهاتیان سنوورداره‌، بارودۆخه‌كه‌ 10 هێنده‌ خراپتر بووه‌، كه‌سانێك ده‌ناسم كه‌ ئه‌م زستانه‌ توانای‌ نییه‌ ژووره‌كه‌ی‌ گه‌رم دابێنێت.
ریچارد بارنێل هاووڵاتییه‌كی‌ بریتانییه‌‌و ته‌مه‌نی‌ 45 ساڵه‌ له‌ ئیسپانیا ده‌ژی‌، ریچارد خولی‌ فێربوونی‌ زمانی‌ ئیسپانی‌ بۆ ئه‌و بریتانیانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ داوای‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئیسپانی‌ بكه‌ن‌و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێ: زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناوی‌ خۆیان نووسیوه‌ بۆ به‌شداری‌ له‌م خوله‌دا، ئه‌و بریتانیانه‌ن كه‌ خانه‌نشینن‌و له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌و چاودێرییه‌ ته‌ندروستییه‌ی‌ وه‌ك هاووڵاتییه‌كی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا بێبه‌رامبه‌ر هه‌یانه‌، له‌ ده‌ستی‌ بده‌ن.
ئه‌و بریتانیانه‌ی‌ 15 ساڵ یان زیاتره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژین مافی‌ ده‌نگدانیان نه‌بووه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆریشیان دژی‌ ده‌رچوونی‌ بریتانیا بوون له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له‌به‌رامبه‌ریشدا كه‌سانێكی‌ كه‌میش هه‌ن كه‌ له‌ تاراوگه‌ ده‌ژین‌و ده‌نگیشیان بۆ جیابوونه‌وه‌ داوه‌. نادیه‌ كان ته‌مه‌نی‌ 40 ساڵه‌‌و له‌ پورتوگال ده‌ژی‌، ده‌نگی‌ بۆ جیابوونه‌وه‌ی‌ بریتانیا داوه‌‌و ده‌ڵێ: من به‌داخم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ زیانی‌ ماددیان لێ كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ژیانه‌‌و هیچ شتێك مسۆگه‌ر نییه‌ تیایدا، زۆر جار پلان داده‌نێین‌و بارودۆخه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بن پلانه‌كانمان سه‌ر ناگرن.
كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ بریكزێت ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و بریتانیانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی‌ بیانیدا ژنی‌ هێناوه‌، یان شوی‌ كردووه‌، ناوێرن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بریتانیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێژی‌ تاوان به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زی‌ جیاواز له‌ دوای‌ ده‌نگدانه‌كه‌وه‌ 60% زیادی‌ كردووه‌. خانمێك كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ناوی‌ خۆی‌ بڵێ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌، له‌ بۆخارست كار ده‌كات‌و ده‌ژی‌، ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی‌ زۆر نیگه‌رانی‌ كردووم ئه‌وه‌یه‌ بریتانییه‌كان به‌ره‌و ده‌مارگیریی ده‌چن، ده‌ترسم ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بریتانیا‌و هاوسه‌ره‌كه‌م خۆی‌ ئاشكرا بكات كه‌ خه‌ڵكی‌ رۆمانیایه‌، هێرش بكه‌نه‌ سه‌ری‌. ئه‌و ژنه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ره‌شبین بێت، به‌ڵام له‌ راستیدا هیچ هیوایه‌ك به‌ره‌و باشبوون نابینێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7199
20/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ دوای یاریی بارسێلۆناو پاریسییه‌كان ده‌چێته‌ سعودیه‌ 20/2/2017
‌ بۆندێكی خه‌یاڵیی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ریاڵ مه‌درید 20/2/2017
زانست
‌ 500 پارچه‌ ئاسه‌وای‌ نایاب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ ئێران 17/2/2017
‌ ره‌نگه‌ گه‌نمه‌شامیی كۆتایی بێت‌و نه‌مێنێت 14/2/2017
‌ مادده‌یه‌كی به‌هێزتر له‌ پۆڵا له‌ زه‌یتی چێشتلێنان 14/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP