سوریا:دابەشبوونێكی نوێ‌ و گۆڕانێكی چاوەڕواننەكراو
سوریا:دابەشبوونێكی نوێ‌ و گۆڕانێكی چاوەڕواننەكراو ‌ سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ 10/1/2017
«مەرج نییە ئەوەی نزیك بێت لە شارۆچكەی باب بیگرێت، یان ئەوەی یەكەمجار كۆنترۆڵی كرد بۆ ئەو بێت، بەڵكو بۆ ئەوكەسەیە كەدواجار كۆنترۆڵی دەكات» 
هێدی هێدی رێككەوتنەكەی نێوان توركیاو روسیا دەردەكەوێت، رووداوەكانی دوای ئەو رێككەوتنە گۆڕانی نوێ‌ لەسوریا بەدوایخۆیدا دێنێت، لەوانەیە گۆڕان بەسەر هاوپەیمانێتییەكان و دابەشبونی جوگرافیای ئەو ووڵاتە بێنێت، لێدوان و جموجۆڵەكانی روسیاو توركیا لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ئاماژەی نوێمان دەخاتە بەردەست، كە رەنگە كۆی بارودۆخی سوریا بەلایەكی دیكە ئاراستەبكرێت.
توركیا هەوڵدەدات لەدروستكردنی بارودۆخی نوێی سوریا، رۆڵێكی گرنگ ببینێت، هەموو هەوڵێك دەدات ئەو ئیدارەیەی لەرۆژئاوای كوردستان دروستبوە نەتوانێت لەسەرقاچ بوەستێت، چونكە پێیانوایە هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی توركیاو یەكپارچەیی خاكەكەی، بۆیە لەئێستادا هەوڵدەدەن ئامانج بپێكن.
 یەكەمیان: رێگری بكەن لەكۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی باب لەلایەن پەیەدەو سوریای دیموكرات، چونكە خاڵی بەیەكگەیشتنی هەردوو لەتی رۆژئاوای كوردستانە، (جەزیرەو كۆبانی لەگەڵ عەفرین)، كاربەدەستانی تورك پێیانوایە ئەگەر رۆژئاوای كوردستان بووە یەكپارچە ئیدی دۆخەكە لەدەست دەردەچێت و كورد لەخەونی گەیشتن بەدەریای ناوەڕاست نزیك دەبێتەوە.
دووەم : ئەگەر تورك توانیان لەژێرناوی ئۆپۆزسیۆن باب كۆنترۆڵ بكەن، ئەوا هەوڵدەدەن لەژێر گوشاری روسیا كورد لەداواكردنی فیدرالی دوربخەنەوەو لەم قۆناغە لەگەڵ رژێمی ئەسەد بخەنە گفتوگۆو بەچەند مافێكی سەرەتایی كلتوریی و ئیداریی رازی بكەن. 
روسیا لەو نێوانەدا بەسازشكردنی توركیا بۆ كۆمەڵێك داواكاریی لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی، دەیانەوێ‌ جڵەوی گفتوگۆیەك بگرنە دەست كوردو رژێمی سوریاو توركیا لەسەر یەك مێز كۆبكەنەوەو هەوڵی گەیشتنە رێككەوتنێك بدەن، ئەمەش لەسەربنەمای دروستكردنی گوشاری زیاتر لەسەر كوردو رازیكردنیان بەمانەوە لەچوارچێوەیەكی دیاریكراو بەداواو خواستی سنوردار، واتە رازیكردنی كورد بەدەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەدو رازیكردنیان بەچەند داواو مافێكی سەرەتایی و رازیكردنی تورك بەمانەوەیان لەناوچەیەكی دیاریكراو لەنێوان هەردوو بەشی رۆژئاوای كوردستان وەك گرەنتیەك بۆ دروستنەبونی هەرێمێكی كوردستانیی بەهێز لە رۆژئاوای كوردستان، ئەسەدیش رازیبكەن بەمانەوەیان لەدەسەڵات بەپشتیوانیی توركیاو ئێران.
ئەم هەنگاوەی روسیا گۆڕانێكی نوێیە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو ووڵاتە بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، هەوڵێكیشە بۆ راكێشانی یەكجارەكیی كورد بۆ ناوبازنەی بەرژەوەندییەكانی روسیاو دورخستنەوەی ئەمریكایە لەگۆڕەپانیی ململانێی سوریا، ئەمەش ئەمریكا ناچاردەكات بیر پلانێكی دیكەبكاتەوە بۆ هێشتنەوەو فراوانكردنی هەوژمی بەسەر سوریادا.
ئەو پاشەكشێیەی روسیا بەرامبەر مافەكانی كورد لەسوریا، هێزە سەرەكییەكەی رۆژئاوا (پەیەدە)ی توشی دڕدۆنگیی كردووە بەرامبەر نیازی روسیا، لەكۆبونەوەی یەكەمی حمێمین لە 19 ئابی 2016 لێپرسراوانی روسیا بەپەیەدەو نوێنەری چەند حزبێكی كوردی رۆژئاوایان ووتبو بۆ ئایندەی خۆتان لەسوریا، ئێوە لەفیدرالی كەمتر داوامەكەن! بەڵام لەكۆبونەوەی 15ی كانونی دووەمی 2016 واتە دوای تەنها چوارمانگ هەر لەحمێمین، ئەمجارە بەنوێنەرانی كوردیان ووتبو ئێمە ناتوانین گوشاری زۆربكەین و بارودۆخ گۆڕاوەو پێویستە بەچەند داواو مافێكی سەرەتایی وەك مافی زمان و كلتوریی و چەند دەسەڵاتێكی زۆر سنورداری ئیداریی رازیی بن! ئەمەش نوێنەرانی كوردی توشی شۆككردبو.
ئەمریكییەكان لەراستیی پاشەكشێی روسەكان تێگەیشتون، لەوە تێدەگەن روسیا ناتوانێت لەیەككاتدا كوردو تورك و ئەسەد بەیەكەوە لەسەر مێزێك كۆبكاتەوەو بیانگەیەنێتە یەك، لەكاتێكدا هەریەكەیان خواست و ئەجێندای تایبەتیی خۆی هەیە، نەخاسمە كوردو تورك كە لەم قۆناغەدا بەهیچ شێوەیەك مومكین نییە بگەنە رێككەوتن، بەتایبەت توركیا لەوە گەیشتوە كە پەیەدە جگە لەوەی هێزێكی كوردییە، هاوكات درێژكراوەی پەكەكەیە لەباكورو راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر باكور هەیە، ئەمە وایكردووە هەم كورد بخەنە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا چونكە ئەمریكا هەڤڕكی سەرەكیی روسیاو توركیایە لە سوریا، هەمیش ئەمریكییەكان لەكورد نزیك بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكان لەماوەی دوو مانگی رابردوو ئەمریكییەكان جیاواز لە رابردوو ژمارەیەكی ئێجگار زۆر چەك و پێداویستی جۆراوجۆری پێشكەوتویان گواستۆتەوە رۆژئاوا، هاوكات ژمارەی راوێژكارانی سەربازیشیان لەوێ‌ زیاتركردووە.
ئەم ناسەقامگیرییەی هەڵوێستی روسەكان كوردەكانی توشی جۆرێك لەگومان و دڵەراوكێ‌ كردووە، بۆیە بەدوای ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕێن، لەونێوانەشدا ئەمریكا باشترین ئەلتەرناتیڤە، هەم بۆ گرتنی شارۆچكەی باب و بەیەكگەیاندنی هەردوو پارچەی رۆژئاوا، هەمیش بۆ مسۆگەركردنی لانیكەم فیدرالیی لە رۆژئاوا.
لەبەرامبەر ئەو هەوڵەی روسیا بەهاوكاری توركیاو رژێمی ئەسەد بۆ پەراوێزخستنی ئەمریكا، ئەوان زۆر بەگەرمیی كەوتونەتەخۆو پشتیوانییەكانیان بۆ پەیەدە زۆر زیاتر كردووە، بەپێی زانیارییەكان لەیەكێك لەكۆبونەوەكان لەگەڵ هێزەكانی یەپەگەو سوریای دیموكرات لەمەنبەج، برێت ماگكۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی لەناوبردنی داعش و جۆزیف ڤۆتێل فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا بەنوێنەرانی كوردیان ووتبو: مەرج نییە ئەوەی نزیك بێت لە شارۆچكەی باب بیگرێت، یان ئەوەی یەكەمجار كۆنترۆڵی كرد بۆ ئەو بێت، بەڵكو بۆ ئەوكەسەیە كەدواجار كۆنترۆڵی دەكات؟! ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت خەونی توركیا بۆ لەتكردنی رۆژئاوای كوردستان لەبارببات و جۆرێك لەپەیماندانە بە كورد كە شارۆچكەی باب دەكەوێتە دەست كورد.
خۆ ئەگەر تەماشایەكی ئەو گۆڕانكارییە بكەین كە لەلایەن پەیەدەوە لەدەستوری رۆژئاواداكرا ، بەتایبەت لابردنی ووشەی رۆژئاوا ئەوا خوێندنەوەی نوێ‌ بۆ دۆخەكە دەكرێت، ئەوەی لەلایەن پەیەدەوە كرا واتە لابردنی ووشەی رۆژئاوا، سەرباری ناڕەزایی زۆر لەرۆژئاوای كوردستان لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیی، بەڵام پێدەچێت پلانێكی نوێی لەپشت بێت كەپەیوەندی بەكۆنترۆڵكردنی زیاتری خاكەوە هەیە لەلایەن پەیەدەوە، پێدەچێت ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ پەیەدە هەڵكردبێت وەك بەدیل بەرامبەر پلانی روسیا كە بریتییە لەگێڕانەوەی ناوچەكانی حەلەب و دەوروبەری بۆ رژێمی سوریا، هاوكات داگیركردنی جەرابلس و دەوروبەری لەلایەن توركیا، ئەوا ئەمریكا دەیەوێت سنورێكی جوگرافی فراوان لەلایەن پەیەدەوە كۆنترۆڵ بكرێت كە رۆژئاوای رەققەو تەبقەو ئەو سنورە لەخۆدەگرێت بەرەو باشور تا دەگاتە دێرزۆر كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی سوریا كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایەو ناوی بنێت باكوری سوریا.
گرنگی ئەو پلانە لەدوو خاڵدا خۆی دەبینێتەوە، یەكەمیان لەبەرامبەر ئەو سنورە فراوانەی روسەكان بۆ رژێمیان گێڕایەوە كە سەرەنجام دەكاتە سنوری نفوزی خۆیان لە رۆژئاوای سوریا، ئەمریكا پاڵپشتی كورد دەكات تا ناوچەیەكی جوگرافی فراوان كۆنترۆڵ بكات كە دەكاتە ناوچەی نفوزی خۆی هاوتا لەگەڵ ناوچەكانی روسیا بەناوچەی نفوزی خۆی دەزانێت، واتە ئەگەر ناوچەكانی دیمەشق و (شام) حەلەب كە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی سوریای لێیە ببێتە سنوری یەكلابۆوەی نفوزی روسیا، ئەوا ئەمریكا ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا دەكاتە ناوچەی نفوزی خۆی، دووەم ئەو ناوچانەی ئەمریكا دەیەوێت لەلایەن پەیەدەوە كۆنترۆڵی بكات زۆرترین سامانی سروشتیی سوریای لێیە، هەم نەوت و سامانی كانزایی دیكە، هەمیش چەند پرۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەی لێیە كە سەرچاوەی گرنگن بۆ ووزە، وەك بەنداوی تشرین و بەنداوی فورات كە گەورەترین بەنداوی ئاوە لەسوریاو كارەبایەكی ئێجگار زۆری لێ بەرهەمدەهێنرێت. 
بەكورتی پێدەچێت رێككەوتنی روسیاو توركیا، گۆڕانی نوێ‌ لەسوریا بەدوایخۆیدا بێنێت، لەم گۆڕانكارییە نوێیە توركیا زیاتر خۆی لەئەمریكا دوور دەخاتەوە، ئەمریكاش لەپێناو مسۆگەركردنی بەرژەوەندییەكانی پلانی بەدیلی هەیەو لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا باشتر دەردەكەوێت، گۆڕانكارییەك بەدوایخۆیدا دێنێت بێگومان چاوەڕواننەكراو دەبێت، بەكورتی دابەشبونێكی نوێ‌ لەكۆی بارودۆخ دروستدەبێت، هەم ریزبەندیی هاوپەیمانەكان و هەمیش جوگرافیاكە بەجۆرێكی دیكە دابەشدەكرێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7344
18/8/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ له‌ نێو لیستی باشترین 10 یاریزانی ئه‌وروپادا ناوی نه‌یمار نییه‌ 17/8/2017
‌ یاریزانانی سلێمانی پێشه‌نگ بوون 17/8/2017
زانست
‌ لەسەر زمانی ئێمەیە‌و لەسەر پەنجەی كەڕولاڵەكانیشە 18/8/2017
‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئاره‌زوو ده‌كه‌ن ببن به‌ دایك ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێننه‌وه‌ 18/8/2017
‌ منداڵ هه‌ستی‌ حه‌وته‌میشی‌ هه‌یه‌ 18/8/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP