ململانێی دەسەڵات لە عیراقدا
ململانێی دەسەڵات لە عیراقدا ‌ 11/1/2017
بەگوێرەی راپۆرتێك كە  لە گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانییەوە وەرگیراوە‌و تێیدا ئاماژە بە بوونی ململانێیەكی سەخت لەنێوان پێكهاتە سیاسییەكانی عیراقدا دەكات‌و ئاماژەی بەوە كردووە كە لەكاتێكدا عیراق سەرقاڵی گێڕانەوەو دەرهێنانی موسڵە لەبن دەستی داعش، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێیەوە هێشتا پێدەچێت كەوتنی ئەو شارە سەخت‌و قورس بێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی عیراق بەڵێنی دابوو كە لەسەروبەندی سەری ساڵی نوێدا شارەكە بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، كەچی تازە بەتازە سەرۆك وەزیران ئاماژە بەوە دەكات كە پێدەچێت جەنگی موسڵ تا سەروبەندی جەژنی قیامەت بخایەنێت، واتە تا مانگی نیسانی داهاتوو.
هێشتا ناوچە ئاسانەكەی جەنگەكەیە
ئەو جەنگە ماوەی نزیكەی مانگێك  لە بەری خۆرهەڵاتی ئەو شارەدا لەشوێنی خویدا وەستا، كە بەگوێرەی ئەو گۆڤارە بەریتانییە ئەو بەشەی موسڵ شوێنە ئاسانەكەی جەنگەكەیە‌و ئاماژەی بەوەش كردووە كە جەنگی گرتنەوەی  ئەو شارە زۆر لەسەر عیراق كەوت، كە تێیدا پێنج یەكەی بەهێزی سوپای بژاردەی عیراق هەرەسی هێنا.
ئەگەرچی بەپشتیوانیی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا، عەبادی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەی راگەیاند كە بەوەش هێزەكانی عیراق توانیان ناوچەی پیشەسازیی شارەكە كۆنترۆڵ بكەن.
بەوتەی راپۆرتەی گۆڤارەكە، ئەو شوێنانەی كە بەرۆژ سەربازەكانی سوپای عیراق كۆنترۆڵی دەكەن، هەر بۆشەوەكەی چەكدارانی گروپی داعش دەیگرنەوە، بەهۆی ئەو تۆڕی تونیلانەی لە هێڵەكانی روبەڕوبونەوەدا لێیانداوە. 
ئەم هێرشانەی سوپای عیراقیش بەپێی راپۆرتەكەی ئیكۆنۆمیست، مەودای یاخیبوونەكانی فراوان كردۆتەوە‌و لەماوەی رابردوودا ئاستی تەقینەوە‌و كردەوە خۆكوژییەكان لەگەڕەكە شیعە نشینەكانی بەغدا‌و باشووری عیراق رووی لەزیادبوون كردووەو تەنانەت لەهەردوو پارێزگای ئەنبارو سەڵاحەدینیش كە ماوەیەكی زۆرە سوپای عیراق گێڕاوێتییەوە ژێر ركێڤی خۆی، ئێستا دووبارە بوونەتەوە مەیدانی عەرزی عەزەڵاتی تیرۆریستانی داعش.
نەیارەكانی عەبادی لەبۆسەدان
ئەم پرۆسە سەربازییە لەناواخنیدا لێكەوتەی سیاسیی لەدژی عەبادی بەخۆوە گرتووە، بەتایبەتی كە بەدرێژایی ئەو ماوەیە ویستوێتی وەك فەرماندەی فریادڕەس خۆی بنوێنێت‌و  بەرگی سەربازیی  دەپۆشێت، كەچی لەولاوە بەختێكی خراپ رووبەڕووی بۆتەوە كاتێك تێبینی دەكرێت نەیارە سیاسییەكانی لە بەغدادا خۆیان بۆ لەبۆسە ناوە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا.
لەنێو ئەوانەشدا نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێش خۆی‌و میلیشیاكەی «حەشدی شەعبـی» كە ئەو بۆخۆی لەپشت دروستكردنییەوە بوو ئەوكاتەی سەرۆك وەزیران بوو، بەوتەی ئەو گۆڤارە بەریتانییە، «ئێستا لەگەڵ خاوبوونەوەی پێشڕەویی هێزەكانی عیراق بەرەو موسڵ، مالكی‌و لایەنگرەكانی داوای ئەوە دەكەن كە چەند لیوایەكی سەربازیی بەپشتیوانیی ئێران لەو ناوچەیە بڵاوبكرێتەوە».
كاتێكیش كە هێزەكانی سوپا‌و پۆلیس بەدەست كەمیی سەرباز‌و پۆلیسەوە دەیان ناڵاند، هەندێك لەفەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكاش خۆشحاڵیی خۆیان بە هاریكاریی ئەو یەكانە دەربڕیی.
900 هەزار سوننە دەبن بەداعش
بەڵام گۆڤارەكە پێی وایە ئەگەر رێگە بدرێت بەوەی ئەو گرووپە شیعانە بێن بۆ هاوكاریی، ئەوا بێگومان كوشتوكوشتارێكی زۆری تایفی روودەدات، كە ئەوەش هانی ئەو نزیكەی 900 هەزار سوننە مەزهەبە دەدات كە لەشارەكەدا ماون، بە داعشەوە پەیوەست بن‌و ئەمەش دواجار ببێتە هۆی بەهێزكردنی زیاتری رۆڵی گرووپە شیعەكان‌و ئەوەش دەوڵەتی عیراق لاواز‌و حەشدی شەعبی بەهێز دەكات.  
بە بۆچوونی ئامادەكارانی راپۆرتەكەی ئیكۆنۆمیست، «لای خۆیەوە مالیكی بەنیازە سوپایەكی پاسدارانی هاوشێوەی ئەوە دروست بكات، كە لەئێراندا كۆنترۆڵی هەموو وردو درشتێكی كردووە»، لەبەرامبەریشدا دەنووسێت: «حەیدەر عەبادی یاسای حەشدی شەعبـی قۆستۆتەوە بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستیی ئەو میلیشیا سوننانەی كە كاتی خۆی مالكی كە سەرۆك وەزیران بوو، نەیهێشتن».
موغازەلەی سوننە
لەو رووەشەوە عەبادی هەزاران ئەفسەرو سەربازی سوننەی سەردەمی سەدام حسێنی هێنایەوە پێشەوەو خستنییە ژێر فەرماندەیی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەواوە، هەروەك بەبێدەنگیش تۆمەتی تیرۆری لەسەر خەمیس خەنجەر لابرد كە سیاسەتمەدارێكی سوننەیەو بەوتەی گۆڤارەكە هاوكاریی‌و دەستگیرۆیی لە وڵاتانی كەنداو وەردەگرێت.
لەلایەكی دیكەشەوە بە پشتیوانیی خودی عەبادی، عەمار حەكیم كە سەركردایەتیی گەورەترین فراكسیۆنی شیعە دەكات لە پەرلەمان، سەردانی هەریەكە لە عەممان‌و بەیروتی كرد بۆ دانوستان سەبارەت بە مەرجەكانی ئاشتەوایی نیشتمانی، لەنێویاندا دەركردنی لێبوردن لەو كەسایەتییە سوننە مەزهەبانەی كە ئاوارەی تاراوگە بوون. 
بەوتەی ئەو گۆڤارە تاكە هیوایەك كە لەسەر ئەوە هەڵبچنرێت، ئەوەیە كە بەعسییەكان‌و گروپە ئیسلامییە سوننەكانی دیكە پەیوەست بن بەجەنگی دژی داعشەوە، ئەویش بەرامبەر بەوەی كە بەڵێنێك وەربگرن سەبارەت بە دۆخی ئایندەیان لەعیراقدا.
ئەنجامی پشتگوێخستنی كورد‌و سوننە
لەوبارەیەشەوە دیپلۆماتكارێك بەو گۆڤارەی راگەیاندووە كە هەندێك شیعە خەریكە لەوە تێدەگەن كە ئەگەر بێت‌و سوننەو كورد لەخۆ نەگرن، ئەوا ئەو بەشەی لەعیراق دەمێنێتەوە جگە لە شارێك یان ویلایەتێكی سەربە ئێران، هیچی دیكە نابێت.
سەرباری هەموو ئەو شكستانەی رووبەڕووی بۆتەوە، عەبادی توانیوێتی بەشێك لەو زەوییانە بگرێتەوە كە مالكی لەدەستی دان، هەروەك توانیی پشتگیرییەكی نوێی ئەمریكا مسۆگەر بكات، كە كاریگەریی هەبوو بەسەر ئەو هێزە ئەمریكاییانەی كە لەعیراقدا جێگیركرابوون تا ببێتە چوار هێندەی ئەوەی ساڵی رابردوو. لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە، هەنوكە بەغدا بەشێك لە سیما سروشتییەكەی خۆی بۆ گەڕاوەتەوە‌و هەرچی ئابووریی عیراقیشە كەوتۆتە سەر رێگەی دەربازبوون لەو تەنگژەیەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و زیادبوونی تێچووەكانی جەنگەوە بەرۆكی گرتبوو.
ئامادەكردنی: یەكەی هەواڵ‌و راپۆرت


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7200
21/2/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ داستن جۆنسۆن پێشه‌نگی ریزبه‌ندی جیهانی گرت 21/2/2017
‌ مێژووی بارسێلۆنای بریندار كرد 21/2/2017
زانست
‌ 500 پارچه‌ ئاسه‌وای‌ نایاب گه‌ڕێندرانه‌وه‌ ئێران 17/2/2017
‌ ره‌نگه‌ گه‌نمه‌شامیی كۆتایی بێت‌و نه‌مێنێت 14/2/2017
‌ مادده‌یه‌كی به‌هێزتر له‌ پۆڵا له‌ زه‌یتی چێشتلێنان 14/2/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP