چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ كاری رۆژنامه‌وانی
چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ كاری رۆژنامه‌وانی ‌ ئەردەڵان عەبدوڵڵا ‌ 12/1/2017
هه‌روه‌ك چۆن ته‌مه‌نی مرۆڤه‌كان كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ژیان‌و كه‌سایه‌تیی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ته‌مه‌نی ده‌زگاو رۆژنامه‌كانیش كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ناوبانگ‌و پێگه‌یان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێنێت‌و ڕۆژانه‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، زانیاری هه‌مه‌جۆری « سیاسی، ئه‌ده‌بی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری، ته‌ندروستی، وه‌رزشی» به‌ خوێنه‌رانی ده‌به‌خشێت.
دیاره‌ كاری رۆژنامه‌وانیی كارێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌تایبه‌تی كاتێكیش رۆژنامه‌كه‌ رۆژانه‌ بێت هێنده‌ی تر زه‌حمه‌تر ده‌بێت. كوردستانی نوێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ ته‌مه‌نییه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ رێچكه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی دابنێت‌و خۆی له‌ رۆژنامه‌كانی تر جیابكاته‌وه‌، لێره‌شدا حزبی بوونی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌و ستافی رۆژنامه‌كه‌ش رۆڵیان هه‌بووه‌.
له‌پاش ڕاپه‌رین یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ كه‌ ده‌رچوو، كوردستانی نوێ بوو، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ره‌وه‌رییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داده‌نرێت، چونكه‌ هه‌میشه‌ كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا، به‌شێكی سه‌ره‌كی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان، خه‌باتی فه‌رهه‌نگیی بووه‌و، هه‌میشه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وشه‌ی كوردی، به‌شێك بووه‌ له‌ خه‌باتی رزگاریخوازی كورد.
كاتێك بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان یه‌كه‌مین كاری سیاسیان، بڵاوكردنه‌وه‌و چاپكردنی رۆژنامه‌ی « كوردستان» بوو، خۆی له‌ خۆیدا گرنگی رۆژنامه‌مان بۆ ‌ ده‌رده‌خات له‌ناو خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان، كاتێكیش رۆژنامه‌ی « كوردستانی نوێ» ده‌رچوێنرا، هه‌وڵیداوه‌ هه‌مان رێچكه‌ی رۆژنامه‌ی « كوردستان»   بگرێته‌ به‌ر، كه‌ «كوردایه‌تی» كاری سه‌ره‌كی بووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌‌، زمانحاڵی حزبێكی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ سنووری كارو چالاكییه‌كانی دیاریكراوبێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ توانیویه‌تی كۆمه‌ڵێك كادرو رۆژنامه‌وانی باش به‌رهه‌م بهێنێت، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌شێكی زۆری ده‌زگا ئیعلامییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، كادرێك یان رۆژنامه‌وانێكی كوردستانی نوێی تێدایه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا سه‌ركه‌وتنێكی تری ئه‌م رۆژنامه‌یه‌.
كوردستانی نوێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌مه‌جۆره‌، پێده‌چێت له‌ به‌شێكی زۆری هه‌واڵ‌و سیاسته‌ گشتییه‌كه‌یدا، به‌دڵی خه‌ڵكانێك نه‌بووبێت، به‌تایبه‌تی نه‌یارانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ توانیویه‌تی به‌رهه‌می به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان  بڵاوبكاته‌وه‌و زۆرجاریش بووه‌ته‌ سه‌كۆیه‌كی ئازاد بۆیان.
له‌م بۆنه‌ مه‌زنه‌دا ئێمه‌ هیوادارین كوردستانی نوی، هه‌وڵبدات ئه‌زموونه‌ باشه‌كانی به‌هێزتر بكات‌و خاڵه‌ لاوازو خه‌وشه‌كانیشی چاكبكاته‌وه‌، له‌ئێستادا كوردستانی نوێ جگه‌ له‌ كاره‌ حزبیه‌كه‌ی، ئه‌ركێكی‌ نیشتمانیشی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌كانی هه‌رێم به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ داخراون، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ هه‌وڵ بدات‌ سنووری ئازادییه‌كانی فراوانتر بكات‌و هێنده‌ی به‌ته‌نگ ئه‌ركه‌ نیشمانییه‌كانه‌وه‌ بێت، هێنده‌ به‌ ته‌نگ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی فه‌رمی لێپرسراوانه‌وه‌ نه‌بێت، دیاره‌ له‌گه‌ڵ رێزمان بۆ هه‌موو لایه‌ك.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بوترێت كه‌ له‌ئێستادا رۆژنامه‌ له‌ جیهاندا زیاتر خه‌ریكی شرۆڤه‌كردن‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرتی گرنگه‌ تاوه‌كو هه‌واڵ، چونكه‌ ته‌له‌فزیۆن‌و رادیۆكان‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ رۆژنامه‌ زووتر هه‌واڵه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
لێره‌شدا جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ته‌واوی هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندو رۆژنامه‌وانانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ماوه‌ی 25 ساڵی پێشوودا، به‌شداربوون له‌ به‌رده‌وامبوون‌و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌، جارێكی تریش یۆبڵی زیوین له‌ هه‌موو لایه‌كمان پیرۆز بێت.


ناو:  
ئیمه‌یل:    
سه‌رنج:  

#7173
20/1/2017
ئه‌رشیف
وه‌رزش
‌ خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 19/1/2017
‌ گراند سلامی ئوستورالیا 19/1/2017
زانست
‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خوێنه‌رانی‌ كتێب ساڵی‌ 1960 زیاتر بووه‌ له‌ ئێستا 19/1/2017
‌ زیانه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی خوێ 19/1/2017
‌ تێچووی جگه‌ره‌كێشان له‌سه‌ر ئابوری جیهان گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك تریلیۆن دۆلار 19/1/2017

© 2009 KURDISTANY NWE, All RIGHTS RESERVED. | CREATED BY AVESTA GROUP